گۆشهی خێزان
گەشتیاران بە هۆی کەشوهەوا و دیمەنی سەرنجڕاکێشەوە روو لە باکوری عێراق دەکەن. [ئازاد لەشکری/ رۆیتەرز](11/8/31) -- موەفەق هەمەوەندی لە هەولێر
گەشتیارانی عێراق لە پارێزگا جیاجیاکانەوە روو له هاوینەهەوارەکانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دەکەن بۆ چێژوەرگرتن لە دیمەنی سروشتی ناوچهکه و کەشوهەوا خۆشهکهی لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا.
ئەم گەشتە بهکۆمهڵه گەورەیهی سەردانکەران پاش چهندین ههفته له ئامادەکاری دێت، که لەو ماوەیەدا دەزگا حکومیەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت هاوینەهەوار و رێستۆرانتەکانیان نۆژەنکردەوە بۆ گەشتیاران.
بەڕێوەبەری گشتی دەزگای برهودان به گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردی مەولەوی عەبدولجەبار وتی دەزگاکەی هاوکاری لەگەڵ فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکانی نزیك ئەو هاوینەهەوارانەدا کرد بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران.
هەزارەها پۆستەر له شارەکانی هەرێمدا دابەشکران کە رێنماییان تێدایە سەبارەت بە ناوچە گەشتیارییەکان و چۆنێتی پەیوەندیکردن بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە لە کاتی تهنگانهدا.
مەولەوی عهبدولجهبار بە مەوتنی وت "ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە ژمارەی روولەزیادبووی گەشتیاران و تهنانهت لهسهروو ژمارەی پێشبینیکراویشهوه. چادری تایبەت لە ناوچە گەشتیارییەکان و شوێنە گشتیەکاندا دامەزرێنراوە بۆ حەوانەوەی گەشتیاران."
ژمارەیەکی زۆر هاوینەهەوار لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی باکوری عێراقدا هەن کە بە درێژایی ساڵ پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن. ژمارەیەکی زۆر لەم هاوینەهەوار و ئوتێلانه بە نرخێکی گونجاو لهبهردەستدان، بۆ نمونە شەقڵاوە لە هەولێر، سەرسهنگ لە دهۆك، سەرچنار لە سلێمانی.
مەولەوی عهبدولجهبار وتیشی کە حکومەتی هەرێم رێوشوێنی پێویستی گرتۆتەبەر بۆ دابینکردنی ئاسایشی گەشتیاران لە کاتی مانەوەیان لە هەرێمدا.
هەروەها وتی "لیژنەکانی هەماهەنگی لە فەرمانگەکانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و تەندروستی و ئاگرکوژانەوە پێکهێنراون بۆ دابینکردنی کەشێکی ئارام و تەنانەت بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی روولەزیادبووی خواردەمەنی و کەلوپەلی تریش."
حکومەتی هەرێم چەند ژمارە تەلەفۆنێکی تەرخانکردووە بۆ گەشتیاران بۆ پەیوەندیکردن لە حاڵەتەکانی تهنگانهدا کە بریتین لە ژمارەکانی – 07507779788 و 07707779788. ئەمە جگە لەوەی کە دەتوانن ئەم ژمارانە بۆ پرسیارکردن دەربارەی ناوچە گەشتیارییەکان و ئاراستەکان و ئەو دامەزراوانەی تایبەتن بە گەشتیاران و زانیاری تر دەربارەی هەرێم بەکاربهێنن.
نازم سۆران، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەلئهخهوهین بۆ گەشتوگوزار و گواستنەوە لە هەولێر، وتی ژمارەیەكی زۆر لە کۆمپانیاکان لە پارێزگاکانی عێراقەوە سەفەری گەشتیاری بۆ هەرێم ریکدەخەن و وتیشی کە پێشبینی دەکرێت بە هەزاران گەشتیار لە ماوەی رۆژانی جەژنی رەمەزاندا بگەنە هەرێم.
نازم سۆران بە مەوتنی وت "حیجزکردنی گەشت بۆ هەرێم پێشبینیەکانی تێپەڕاندوه. ئەمە سەرەڕای ئەو گەشتیارانەی بڕیاریانداوە بە ئوتومبێلەکانی خۆیان سەردانی هەرێم بکەن، ئەمەش بە سوود وەرگرتن لە رەوشی ئاسایشی لەبار پاش چەندین ساڵ ناسەقامگیری ئاسایشی نێوان پارێزگاکان."
رامز بەهنام، بەڕێوەبەری ئوتێڵی ئاڤەشین لە هەولێر، وتی "زۆربەی ژوورەکانی ئوتێلهکە دوو مانگ پێش جەژن گیراون."
هەروەها وتی "رکابەرییەکی سەخت هەیە تەنانەت لە نێوان رێستۆرانتەکانیشدا. لەبەرئەوە خاوەنەکانیان ناتوانن نرخەکان بەرزبکەنەوە چونکە دەیانەوێت سەرنجی ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران بۆ لای خۆیان راکێشن. تەنانەت هەندێك لەوانە داشکاندن بە رێژەی 10% پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن."
زوهێر ئەیوب، 30 ساڵ، کە دانیشتوی بەغدایە، وتی ئەو لەگەڵ پێنج هاوڕێیدا هاتووە بۆ هەولێر بۆ ئەوەی پشووی جەژنی رەمەزان لەوێ بەسەرببهن.
زوهێر ئهیوب وتیشی "چوار رۆژ لەمەوبەر گەیشتینە هەولێر. ئەمە یەکەم جارە سەردانی هەرێم بکەین و سەرنجی ئەوەمان داوە کە پێشکەوتنێکی گەورە لە کەرتی گەشتیاریدا بەدیدەکرێت."
هەروەها وتی "رۆژەکانی خۆمان بە چێژوەرگرتن لە دیمەنە دڵگیرەکان و بازاڕەکان بەسەر دەبەین کە پڕن لە جۆرەها کەلوپەلی جیاواز."
فەرەح لەیس، 26 ساڵ، کە دانیشتوی بەغدایە، وتی ئەو لەگەڵ خێزانەکەیدا هاتووە بۆ بەسەربردنی به لایهنی کهمهوه یەك مانگ لە هەرێم.
هەروەها وتی "ئێمە هەموو پشوییەکی هاوین دێین بۆ باکور بۆ چێژوەرگرتن لە هاوینەهەوار و چیاکان و دارستانە دڵگیرەکان. سروشتی ئێرە دڵگیرە و مانەوەی چەند رۆژێك بەس نیە بۆ چێژوەرگرتن لە ناوچەکە."
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه












