
بنیاتنا‌ن له عێراقدا
عه‌بدوڵڵا قاسم
بۆ سایتی مه‌وتنی
ئێستاکه عێراق ده‌ستی کردووه به خۆئاماده‌کاریی بۆ میواندارێتیی جامی که‌نداوی عه‌ره‌بی 2013، که پارێزگای به‌سرا شوێنی سه‌ره‌کیی یارییه‌کانی ئه‌و پاڵه‌وانێتییه ده‌بێت به هۆی نزیکیی جوگرافییه‌وه له وڵاتانی که‌نداو و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو پێداویستییه‌کانی ئه‌نجامدانی ئه‌و بۆنه وه‌رزشییه‌ی تێدایه. هه‌ر بۆیه مانگی ڕابردوو حکومه‌تی عێراق بڕیارێکی ده‌رکرد بۆ بنیاتنانی شارێکی وه‌رزشیی له‌سه‌ر ڕووبه‌ری 580 دۆنم، که ئه‌وه گه‌وره‌ترین ڕووبه‌ره له هه‌موو ناوچه‌ی که‌نداودا که بۆ دروستکردنی شارێکی وه‌رزشیی ته‌رخان کرابێت.
له‌وباره‌یه‌وه له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانی که له ئه‌م دواییانه‌دا له باره‌گای وه‌زاره‌ت له به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو و ماڵپه‌ڕی 'مه‌وتنی' ئاماده‌ی بوو، وه‌زیری وه‌رزش و لاوان جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر ڕوونی کرده‌وه که ئه‌و شوێنه‌یان هه‌ڵبژاردوه دوای ئه‌وه‌ی گڵ و خاکی ناوچه‌که‌یان پشکنیووه بۆ دڵنیایکردن له‌وه‌ی که گونجاو و له‌باره بۆ بنیاتنانی خانووبه‌ره و یاریگا له‌سه‌ری و هه‌روه‌ها شیاویی له ڕووی کشتوکاڵییه‌وه بۆ چاندن و ڕواندنی دار و دره‌خت.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که وه‌زاره‌ت بانگهێشتی کۆمپانیا جیهانییه پسپۆڕه‌کانی نه‌خشه‌کێشان ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی تایبه‌ت به ئه‌م شاره وه‌رزشییه دابڕێژن و بکێشن.
به‌ڵام له دیدارێکی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی 'مه‌وتنی'، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی ئه‌ندازیاریی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان کامیل بریهی ڕوونی کرده‌وه که یاریگای سه‌ره‌کیی تۆپی پێ که له شاره وه‌رزشییه‌که‌دا بنیات ده‌نرێت جێگه‌ی 60000 هه‌تا 80000 ته‌ماشاکه‌ری تیدا ده‌بێته‌وه و، هه‌روه‌ها یاریگایه‌کی تریش به مه‌به‌ستی مه‌شق و خۆئاماده‌کردن له ته‌نیشت ئه‌م یاریگایه‌وه بنیات ده‌نرێت که به تونێلێك به یه‌کتره‌وه ده‌به‌سترێنه‌وه و له ناوجه‌رگه‌ی شاره وه‌رزشییه‌که‌دا ده‌بن و له چوارده‌وریشیان شوێنی ڕاوه‌ستانی ئۆتۆمبێل (پاڕك) بۆ نزیکه‌ی 10000 ئۆتۆمبێل، بنیات ده‌نرێت.
هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵێك هۆڵ و بینای وه‌رزشیی تر بنیات ده‌نرێن، له‌وانه یاریگای باسکه و باله و تۆپی ده‌ست و، بریتی ده‌بن له هۆڵی وه‌رزشیی گه‌وره‌ی جۆراوجۆر که جێگه‌ی 5000 هه‌تا 8000 ته‌ماشاکه‌ریان تێدا ده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك مه‌له‌وانگه‌ی سه‌رداخراو و سه‌رکراوه‌ش دروست ده‌کرێن.
بێگومان بنیاتنانی شارێکی وه‌رزشیی له‌م چه‌شنه که ده‌بێته هۆی هاتنی ژماره‌یه‌کی ئێجگار زۆر له هاوڵاتیانی که‌نداو و عه‌ره‌ب و ته‌نانه‌ت که‌سانی بیانیی، پێویستی به شۆڕشێکه له ڕووی کاروباره‌کانی بیناسازیی و دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کان له پارێزگاکه‌دا.
له‌وباره‌یه‌وه محه‌مه‌د میسبه‌ح وائیلی پارێزگاری به‌سرا ڕوونی کرده‌وه که ئه‌وان ڕه‌چاوی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان کردووه، هه‌ر بۆیه‌ش له ته‌نیشت شاره وه‌رزشییه‌که‌وه شارۆچکه‌یه‌کی تر به ناوی 'ئه‌لبه‌سرا ئه‌لجدیده' (به‌سرای نوێ)، بنیات ده‌نێن.
محه‌مه‌د میسبه‌ح وائیلی ئاواته‌خواز بوو که به‌شێکی شاره وه‌رزشییه‌که بۆ وه‌رزشه ئاوییه‌کان و سه‌وڵلێدان و یاریگای یاری گۆڵف ته‌رخان بکرێت. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که داموده‌زگاکانی ئاسایشی پارێزگاکه پلانێکی چڕوپڕی ته‌واویان داڕشتووه، که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی بریتیه له پاراستنی شوێنی بنیاتنانی شاره وه‌رزشییه‌که هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنییه‌وه و، دواتر قۆناغی دووه‌می پلانه‌که بریتیه له پاراستنی به‌شداربووان له پاڵه‌وانێتیی که‌نداوی 21 که له ئه‌م شاره‌دا به‌ڕێوه ده‌چێت.
بێگومان ده‌ستپێکردنی حکومه‌تی عێراقی له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوانه‌وه به بنیاتنانی شارێکی وه‌رزشیی له‌م چه‌شنه، که هه‌ندێك که‌س به گه‌وره‌ترین شاری وه‌رزشیی له ناوچه‌ی عه‌ره‌بییدا داده‌نێن، ده‌بێته مایه‌ی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی وه‌رزش له عێراقدا به‌ره‌و ئاستێکی به‌رزتر، نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌که به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش، چونکه ئه‌م شاره وه‌رزشییه ده‌رفه‌تێکی چاك بۆ په‌یوه‌ندیی و ئاشنابوون به بواره وه‌رزشییه جۆراوجۆره‌کان له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڕه‌خسێنێت، له‌وانه یاریی تۆپی پێ که هه‌ڵبژارده‌ی نیشتمانییمان له‌و بواره‌دا ده‌ستکه‌وتی چاکی به‌ده‌ستهێناوه و دواترین ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه بریتیبووه له بردنه‌وه‌ی جامی میلله‌تانی ئاسیا.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران