
ئێواره کۆڕێك له یادی جه‌واهیریدا
ئه‌نبار
بۆ سایتی مه‌وتنی
یانه‌ی هیتی وێژه‌یی له پارێزگای ئه‌نبارادا (110 كم له ڕۆژئاوای به‌غدا) ئێواره كۆڕێكی بۆ یاده‌وه‌ری شاعیری عێراقی كۆچكردوو محه‌مه‌د مه‌هدی جه‌واهیری له ڕۆژی پێنجشه‌م ڕێكه‌وتی 31 ته‌مموزی ڕابردوو ڕێكخست، تیایدا ژماره‌یه‌ك له په‌یوه‌ستداران گفتوگۆیان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی جه‌واهیری كرد سه‌باره‌ت به داهێنانی شێوازێکی تازه‌ی هه‌ڵبه‌ست له‌سه‌ر بناغه‌ی وه‌زنه عه‌ره‌بیه ترادیسیۆنێڵه‌كان و ڕۆڵی ئه‌و له به‌دۆكۆمێنتكردنی مێژووی عێراق به‌درێژایی نزیکه‌ی یه‌ك سه‌ده.
ئێواره كۆڕه‌كه به ژماره‌یه‌ك هۆنراوه و وتار ڕازێنرایه‌وه، ژماره‌یه‌ك وێستگه‌ی ژیانی جه‌واهیریان له‌خۆ ده‌گرت وه‌كو شاعیرێكی دانیشتووی وڵات و تاراوگه‌ش. ئه‌مه‌ش له یانزه‌هه‌مین یاده‌وه‌ری كۆچكردنیدا، كه له 27ی ته‌مموزی 1997دا له دیمه‌شق ماڵئاوایی كرد.
جه‌واهیری، كه به شۆره‌تی موته‌نه‌بی سه‌ده‌ی بیسته‌م و گه‌وره‌ترین شاعیری عه‌ره‌ب ناسراوه، له نه‌جه‌ف له 26ی ته‌مموزی ساڵی 1899 له باوه‌شی خێزانێكی ئاینی ئه‌وشاره‌دا له‌دایك بووه، باوكیشی یه‌كێك بوو له زانایانی نه‌جه‌ف.
جه‌واهیری له‌ساڵی 1961دا، دوایی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وساوه ته‌نگی پێ هه‌ڵچنرا، عێراقی به‌جێهێشت و به‌ره‌و لوبنان به‌ڕێكه‌وت. بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ له چیكۆسلۆفاكیا ژیانی به‌سه‌ر برد. شیعره‌كانی جه‌واهیری ناسراون به به‌هێزی ده‌سته‌واژه، بیناسازیه‌كی ڕازاوه و جوانی دیمه‌نه‌كانی. ژیانی شیعری ئه‌و شان به‌شانی مێژووی سیاسی عێراق هه‌نگاوی ناوه، ژماره‌یه‌ك ڕووداوی گێڕاونه‌ته‌وه كه شوێنه‌واری زۆر دیاری هه‌بوون له پێكهێنانه‌وه‌ی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگای عێراقی له سیه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا.
ئه‌ندامی یانه‌ی هیتی وێژه‌یی كازم محه‌مه‌د به‌یاتی له وته‌كه‌یدا گوتی، "جه‌واهیری مه‌زنێكه و پایه‌یه‌که له پایه‌کانی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی و عێراقی، به هه‌مان پله‌وپایه‌ی موته‌نه‌بی گۆڕه‌پانی وێژه‌یی داگیركردبوو"، ئاماژه‌شی به‌وه كرد كه، "ئێواره‌كۆڕی یاده‌وه‌ریه‌كه دداننانێكه به سیمبۆڵێك له سیمبۆڵه‌كانی شیعری عه‌ره‌بی و له هه‌مان پله‌دا ده‌وه‌ستێت كه شاعیرانی سه‌رده‌می عه‌باسی وه‌كو موته‌نه‌بی و ئه‌بو ته‌ممام و بوحته‌ری تێدا وه‌ستاون".
حه‌یانی به‌رده‌وام بوو و گوتی، "جه‌واهیری به‌درێژایی ژیانی خۆی كه بۆ ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ك درێژ ده‌بێته‌وه هه‌موو گۆڕان و ئاڵوگۆڕه‌كانی عێراقی تۆمار كردوون. ئه‌و وێنه‌یه‌كی ڕاستگۆی ژیانی وڵاته‌كه‌ی بوو، هه‌ر له پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی عێراقی له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا تا كۆچكردنی".
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه سكرتێری یانه‌ی هیتی وێژه‌یی حافیز خه‌لیل هیتی گوتی، "جه‌واهیری له یاده‌وه‌ری عێراقیه‌كاندا ده‌رناچێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له یاده‌وه‌ری كۆچی دواییدا جێگای داخه، ماڵئاوایی کۆتایی بوو دوور له نیشتمانه‌كه‌ی، هه‌ر ئه‌مه‌ش حاڵی شاعیران عه‌بدولوه‌هاب به‌یاتی، بڵند حه‌یده‌ری، به‌در شاكر سه‌یاب بوو که به‌داخه‌وه هه‌موویان له‌تاراوگه‌دا سه‌ریان نایه‌وه".
ئه‌ندامی یانه‌ی هیتی وێژه‌یی سه‌ڵاح موحێسنی شاعیر پێی وابوو، "جه‌واهیری یاده‌وه‌ری شیعر و خه‌ڵكه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێك هه‌بێت شانازی به موعه‌له‌قاته‌وه بكات من شانازی به جه‌واهیریه‌وه ده‌كه‌م كه به‌درێژایی ژیانی له یاده‌وه‌ری مندا ده‌رنه‌چووه".
ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی هیت بۆ كه‌له‌پور و ڕۆشنبیری جه‌مال داود پێی وابوو، "ئه‌و شاعیره‌مان كه‌به‌سه‌ر هه‌ردوو فوراته‌كاندا شیعری هه‌ڵداوه، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌میشه یادی بكه‌ینه‌وه، چونكه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه لێشیان دووربوو، ئه‌و هه‌رده‌م ئه‌و که‌سه‌بوو که خه‌موپه‌ژاره‌ی عێراقیه‌كانی ده‌گواسته‌وه، بۆیه هه‌ر به زیندووی له ویژدانی عێراقیه‌كاندا مایه‌وه".
به‌ڵام ئه‌ندامی یانه‌ی هیتی وێژه‌یی ئه‌یاد عه‌بدوڕه‌حمان هیتی گوتی، "جه‌واهیری چاوی له عێراقێك بوو بگه‌یشتبایه‌ته كاروانی شارستانیه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ساڵانێكی وشك دووركه‌وتبوه‌وه له فیكر و ڕۆشنبیری، بۆیه كۆڵه‌كه‌ی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی ته‌ها حوسێن ڕاستی فه‌رموو كه به گه‌وره‌ترین شاعیری عه‌ره‌ب ناوی بردووه".
غه‌زوان غازی، كه یه‌كێكه له‌وانه‌ی گرنگی به ئه‌ده‌بی عێراقی ده‌ده‌ن پێی وابوو كۆڕه‌كه، "بۆنه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی جه‌واهیری بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ عێراق، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تێكیشه بۆ وه‌چه‌ی نوێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و شاعیره گه‌وره‌یه نا‌یزانن، به‌هۆی ساڵانێكی نه‌فامی ڕێكخراو، پێویسته ئه‌مڕۆ بیزانن". هیواشی خواست كه، "پێویسته هه‌ر یادی مردوه‌كان نه‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵكوو یادی ئه‌و زیندوانه‌ش بكه‌ینه‌وه كه له تاراوگه‌دا ده‌ناڵێنن له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستیشیان بۆ عێراق له‌نموونه‌ی سه‌عدی یوسف و چه‌ندین که‌ڵه ڕۆشنبیری تریش".
خالید سلێمان هیتی گوتی، "جه‌واهیری شیعری خۆی بۆ مرۆڤایه‌تی ته‌رخان كردوون، زمانی شمشێرێك بوو به‌ڕووی سته‌مكاران، بۆیه باجی داهێنه‌رانی دا و زۆربه‌ی ژیانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌سه‌ر برد دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی لێ سه‌ندرایه‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌رچه‌رخانێكی جێگای پێكه‌نین و گریانیش بوو له هه‌مان كاتدا".
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه هیندی حامید كه یه‌كێكه له‌وانه‌ی گرنگی به بزاڤی ئه‌ده‌بی ده‌ده‌ن گوتی، "ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت تایبه‌تمه‌ندیه‌ك بده‌ین به‌جه‌واهیری ئه‌وا تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌و ئه‌وه‌یه که هه‌ر له ته‌مه‌نی لاوێتیه‌وه تا ماڵئاوایی كردنی هاوخه‌می جه‌ماوه‌ر و ئێشوئازاره‌كانی بوو، دوور له دیجله‌ی خێر و به‌غدا و شاعیره‌كانیدا".
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه















سه‌رنجی خوێنه‌ران