
گه‌ڕیده‌یه‌کی سوپای عێراقی به‌نێو یه‌کێك له شه‌قامه‌کاندا
ئه‌یمه‌ن ئه‌مین
بۆ سایتی مه‌وتنی
له‌کاتێکدا که پێته‌ختی عێراق به‌رزبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رچاوی له ڕێژه‌ی هێرشه تیرۆریستییه‌کاندا له ماوه‌ی مانگی نیسانی ڕابردوودا به‌خۆوه بینی، ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ری په‌رله‌مان سه‌رسامی خۆیان بۆ ئه‌و هێرشانه پیشان دا به‌تایبه‌تیش که بارودۆخی ئاسایش له وڵات باشبوونێکی به‌رچاوی به‌خۆوه بینی، دوای پیاده‌کردنی پلانی سه‌پاندنی یاسا.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌شه‌وه په‌رله‌مان له دوا دانیشتنی‌دا بڕیاری له‌سه‌ر گرنگی میوانداریکردنی فه‌رمانده‌کانی ئاسایش دا بۆ وه‌ستان له‌سه‌ر هۆکاره‌کانی به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هێرشه تیرۆرییستیه‌کان، و دیسان ده‌ستکردنه‌وه به چالاکییه چه‌کداریه‌کانی قاعیده ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌کی سنوورداریش بێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا په‌رله‌مانتار عادل به‌رواری، که ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانه، له ڕاگیاندنێکیدا بۆ (مه‌وتنی) ڕوونیکرده‌وه که "په‌رله‌مان داوه‌تێکی فه‌رمی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکی پلانی سه‌پاندنی یاسا و فه‌رمانده‌کانی ئاسایش له وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆ کردووه، بۆ ئاماده‌بوون له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به مه‌به‌ستی زانینی باری ئێستای ئاسایش له نزیکه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌ی ورده‌کاریه‌کانی ئه‌و ڕێوشوێنه نوێیانه‌ی ئاسایش که ده‌کرێت بۆ سنووردارکردنی ئه‌و هێرشانه بگیرێنه به‌ر".
به‌رواری گوتیشی"ئێمه وه‌کو ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری، ڕژدین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ته‌رخانکراوه داراییه پێویسته‌کان به تێکڕای وه‌زاره‌ته ئه‌منیه‌کان ببه‌خشین، جه‌ختیشمان له‌سه‌ر ئه‌وه کردۆته‌وه که ئاسایش له کاره بنه‌ڕه‌تی و پیشینه‌ییه‌کانی هاوڵاتیان و ده‌وڵه‌ته وه‌کو یه‌کتر، هه‌ر ئاسایشه که بوژانه‌وه‌ی ژیان له وڵات‌دا له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه مسۆگه‌ر ده‌کات، به‌بێ ئه‌وه هیچ یه‌ك له‌و بوارانه ناکرێت پێشکه‌وتنێکی ئه‌وتۆ به‌خۆوه ببینن، بۆیه به‌رزترین ڕێژه‌مان له بودجه‌ی ساڵی 2009 به وه‌زاره‌تی ناوخۆ داوه.
په‌رله‌مانتار عادل به‌رواری جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه که ئه‌و ڕاپۆرته به‌رده‌ستانه‌ی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی دۆسیی ئاسایش ئاماده‌کران، به‌ڕۆشنی ئاماژه به‌وه‌ده‌که‌ن که ڕێکخراوی قاعیده و گروپه چه‌کداره له یاسا لاده‌ره‌کان به‌به‌رده‌وامی هه‌وڵ ده‌ده‌ن فیتنه و ئاشوبی له نێوان عێراقیه‌کاندا بچێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که پلانی بۆ داده‌نێنن لای ئه‌وان ئاشکرایه و ئاکامه‌که‌ی ده‌زانرێت، ده‌ستگیرکردنیان و کوشتنی تاوانکاره‌کان ته‌نها له‌سه‌ر کات وه‌ستاوه و چیتر نا، گوتیشی "له‌ڕێگای ئه‌و ڕاپۆرته هاواڵگریانه‌ی که له‌به‌رده‌ستمان دان ڕێکخراوی قاعیده و چه‌ته تاوانکاره‌کان چیتر شوێنی ئارامیان له‌به‌رده‌ستدا نیه که پێشان هه‌یانبوو، بۆیه ده‌ست پێگه‌یشتنیان کارێکی ئه‌سته‌م و سه‌خت نیه له‌به‌رده‌م هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقدا".
پێشتریش په‌رله‌مانتار عه‌بدولکه‌ریم سامه‌رایی که ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگرییه له په‌رله‌ماندا، له ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ند ڕاگه‌یادنێکی ڕۆژنامه‌گه‌ری بۆ که‌ناڵی حوره دان و ئاماژه‌ی به‌وه کرد که له‌گه‌ڵ ئه‌و دابه‌زینه‌ی نرخی بودجه‌ی دارایی‌ش که په‌رله‌مان له 2009دا په‌سندی کردبوو، له ده‌ره‌نجامی ئه‌و دابه‌زینه زۆره‌ی که له نرخی نه‌وت و قه‌یرانی دارایی جیهانیدا دروست بوو، به‌ڵام ئه‌وان هیچ بودجه‌ی هیچ وه‌زاره‌تێکی بواری ئاسایشیان که‌م نه‌کردۆته‌وه یا بیخه‌نه ژێر فشار، به‌هۆی باوه‌ڕبوونیان به‌وه‌ی که وڵات پێویستیه‌کی زۆری هه‌یه به ته‌واوکردنی بیناکردنه‌وه‌ی سوپا و چه‌کدارکردنی سوپا و پۆلیسی عێراقی، چونکه ئه‌و قۆناغه قۆناغی بیناکردن و ڕکابه‌رییه.
سامه‌رایی ڕوونی کرده‌وه که لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری، پێشتریش ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانده مه‌یدانیه‌کانی بانگ کردبوو به مه‌به‌ستی زانینی ئه‌و کێشانه‌ی که دێنه ڕێگایان و هه‌وڵدانی نه‌هێشتنیان به‌پێی توانا له ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندنی فه‌رمانده‌کانی ئاسایش پێویستی به زیادکردنی ژماره‌ی هێزه سه‌ربازیه‌کانی ناو شه‌قامه‌کانی به‌غدا و شاره‌کانی دی نیه،، به‌ڵام ئه‌وان پێویستیان به چرکردنه‌وه‌ی هه‌وڵه هه‌واڵگریه‌کان هه‌یه به شێوه‌یه‌ك که توناداریان بکات بگه‌نه خانه‌کانی قاعیده و گروپه چه‌کداره‌کان له‌ناو ماڵی خۆیان، و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان به‌ر له ده‌ستکردن به هه‌ر هێرشێکی چه‌کداری له دژی هاوڵاتیانه‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که مانگی نیسان هه‌ڵکشانێکی به‌رچاوی له ڕێژه‌ی هێرشه چه‌کداریه‌کان به‌خۆوه بینی، به‌ڵام بارودۆخی ئاسایش به‌شێوه‌یه‌کی گشتی به‌ره‌و باشی ده‌ڕوات، ئه‌مه‌ش بێگومان به دڵی ڕێکخراوی قاعیده و له‌یاسالاده‌ران نیه، ئه‌وانه‌ی که نایانه‌وێت عێراق چێژ له ئاسایش و سه‌قامگیری ببینێت به مه‌به‌ستی جێبه‌جێکردنی نه‌خشه تاوانکاریه قێزوه‌نه‌کانیانه‌وه.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران