
ئافره‌تێکی عێراقی ته‌ماشای تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی سه‌رۆکی پێشوتری عێراق عه‌بدول که‌ریم قاسم ده‌کات که له مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی عێراقی نمایش کراون
بان مه‌عن
بۆ سایتی مه‌وتنی
وه‌کو هه‌وڵێك بۆ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ عێراقیه‌کان بۆ بینین و ئاشنابوون به هه‌ندێك له لایه‌نه‌کانی سه‌رده‌می ژیانی پێشه‌وا عه‌بدولکه‌ریم قاسم، ده‌سته‌ی گشتیی شوێنه‌وار و كه‌له‌پووری عێراقی پێشانگه‌یه‌کی له یه‌کێك له هۆڵه‌کانی مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی کرده‌وه بۆ نمایش‌کردنی که‌لوپه‌له تایبه‌ته‌کانی عه‌بدولکه‌ریم قاسم به بۆنه‌ی په‌نجا و یه‌که‌مین ساڵیادی هه‌ڵگیرسانی ئه‌و شۆڕشه‌ی که بووه چه‌سپاندنی یه‌که‌مین پایه‌کانی سیسته‌می کۆماریی له عێراق له ساڵی 1958.
هه‌ندێك له بابه‌ته‌کانی ناو پێشانگه‌که بریتین له ئه‌و دیاریانه‌ی که ده‌زگا حکومیه‌کان و باڵوێزه بیانیه‌کان له ماوه‌ی حوکمڕانیه‌که‌یدا له نێوان ساڵانی 1958 هه‌تا 1963 پێشکه‌شیان کردووه و، هه‌روه‌ها هه‌ندیك له ئه‌و چه‌کانه‌ی که عه‌بدولکه‌ریم قاسم به‌کاری هێناون.
له‌وباره‌یه‌وه وه‌زیری گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار قه‌حتان جبوری له میانه‌ی کردنه‌وه‌ی پێشانگه‌که‌دا گووتی "ساڵیادی شۆڕشی 14 ته‌موزی 1958 که به پێشڕه‌ویی پێشه‌وا عه‌بدولکه‌ریم قاسم هه‌ڵگیرسا، بۆنه‌یه‌کی نیشتمانیی خۆشه‌ویسته و ماناکانی ئازادیی و دیموکراسیی له خۆگرتووه و، ئه‌م پێشانگه‌یه وه‌کو شانازیی و ڕێزلێنانێکه له ئه‌م بۆنه‌یه و پێگه‌ی مێژوویی ئه‌و".
هه‌روه‌ها گووتی "ئه‌م که‌لوپه‌له تایبه‌تانه و دیارییه‌کان و سه‌رجه‌م شتومه‌که نمایشکراوه‌کانی تر له ناو مۆزه‌خانه‌که‌دا هه‌ڵگیرابوون و، گرنگ ئه‌وه‌یه که له پێشانگه‌یه‌کدا نمایش بکرێن که ڕه‌نگدانه‌وه و شایسته‌ی ئاستی یادکردنه‌وه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌بن".
ئه‌ڵبه‌ته به گوێره‌ی لێدوانێکی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گه‌شتوگوزار عه‌بدولزه‌هره تاڵه‌قانی بۆ 'مه‌وتنی'، پێشانگه‌که بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌ی گه‌شیار بتوانن چاویان به که‌لوپه‌له‌کانی ناوی بکه‌وێت.
به‌ڵام جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری مۆزه‌خانه‌کانی ده‌سته‌ی شوێنه‌وار موحسین حه‌سه‌ن گووتی که که‌لوپه‌له تایبه‌ته‌کانی عه‌بدولکه‌ریم قاسم بریتین له جلوبه‌رگی سه‌بازیی و 16 کتێبی قورئان که وه‌کو دیاری پێشکه‌شی کراون و نیشان و مه‌دالیای سه‌ربازیی و هه‌روه‌ها ئه‌و پاندانانه‌ی به‌کاری هێناون و ئه‌و ده‌مانچه و تفه‌نگانه‌ی که له ماوه‌ی ژیانی سه‌ربازییدا به‌کاری هێناون و، هه‌روه‌ها كارتی ناسنامه‌که‌ی که له به‌رواری 20 ئابی/ئۆگه‌ستی 1961 ده‌رهێنراوه و تێیدا به‌روار و شوێنی له‌دایکبوونی نووسراوه 12ی کانونی یه‌که‌م/دیسه‌مبه‌ر 1914 له به‌غدا.
هه‌روه‌ها دوو قاته‌جلی سه‌ربازیی له پێشانگه‌که‌دا نیشان دراون، که یه‌کێکیان ڕه‌نگی خاکیه و له هاویندا به‌کاری هێناوه و ئه‌وی تریان خورییه و ڕه‌نگی تاریك تره که کارمه‌ندانی سوپا له ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا له زستاندا به‌کاریان هێناوه و هه‌ردوو قاته‌که پله سه‌ربازییه‌که‌ی له‌سه‌ره و، هه‌روه‌ها جانتایه‌کی بچووکیش نیشان دراوه که که‌لوپه‌لی ڕیشتاشینی تێدایه.
هه‌روه‌ها له ئه‌و کارانه‌ی که نمایشکراون بریتین له په‌یکه‌رێکی گه‌وره‌ی برۆنز که له ساڵی 1945 له لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی کۆچکردوو خالید ڕه‌حال له ئیتالیا دروستکراوه و هه‌روه‌ها دانه‌یه‌کی تر که مه‌ڕمه‌ڕی سپیه و هه‌ر کاری ئه‌وه و ئه‌ویش هه‌ر له ئیتالیا دروست کراوه.
هه‌روه‌ها له پشت شووشه‌یه‌کی ئه‌ستووره‌وه کۆمه‌ڵێك دیاری دانراوه که له ڕوسیاوه پێشکه‌شی کراون، له‌وانه جانتایه‌کی بچووك که ژماره‌یه‌ك خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکهولیی جۆراوجۆری تێدایه و هه‌روه‌ها چه‌ند فیلمێکی سینه‌مایی بچووك.
هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك وێنه‌ی فۆتۆگرافی له پێشانگه‌که‌دا نیشان دراون، له‌وانه که عه‌بدولکه‌ریم قاسم له ته‌نیشت باڵوێزی وڵاتانی تره‌وه ڕاوه‌ستاوه و هه‌ندێکی تریان وێنه‌ی سه‌ردانه‌کانی ئه‌ون بۆ یه‌کێك له نه‌خۆشخانه سه‌ربازییه‌کان.
بێگومان به بۆچوونی زۆربه‌ی ئه‌و عێراقیانه‌ی سه‌ردانی پێشانگه‌که‌یان کرد ئه‌و شتانه‌ی له ناو ئه‌م پێشانگه‌یه‌دا نمایش کراون و یادکردنه‌وه‌ی به ئه‌م شێوه‌یه که‌مترین کاره که بتوانرێت بکرێت بۆ ڕێزلێنان له ساڵیادی شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958 که پێشه‌وا عه‌بدولکه‌ریم قاسم ده‌ستپێکردنی ڕاگه‌یاند، هه‌ربۆیه حکومه‌تی عێراق بڕیاری دا که بیکات به بۆنه‌یه‌کی نیشتمانی که ماناکانی ئازادیی و دیموکراسی له‌خۆده‌گرێت.
شایه‌نی باسه عه‌بدولکه‌ریم قاسم (1914-1963) داده‌نرێت به یه‌که‌مین سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌کداره‌کان و وه‌زیری به‌رگریی له عێراق له 14ی ته‌موزی 1958 هه‌تا 9ی شوباتی 1963 و یه‌که‌مین فه‌رمانڕه‌وای عێراقه پاش حوکمی پادشایی. عه‌بدولکه‌ریم قاسم یه‌کێك بوو له ئه‌ندامانی ڕێکخراوی ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز و ئه‌مجا له ساڵی 1957 پاڵێوراوه بۆ پۆستی سه‌رۆکی لیژنه‌ی باڵای ڕێکخراوه‌که که عه‌قید ڕه‌فعه‌ت حاج سه‌ری دایمه‌زراندوه و، پێکه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌کانی ڕێکخراوه‌که پلانی شۆڕشی 14ی ته‌موزی 1958 داڕشت و پێکه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌بدولسه‌لام موحه‌مه‌د عارف شۆڕشه‌که‌یان ئه‌نجام دا و کۆتای‌یان به حوکمی پادشایی هێنا و له‌دایکبوونی کۆماری عێراقیان ڕاگه‌یاند.
ئه‌ڵبه‌ته عه‌بدولکه‌ریم قاسم له ناو توێژه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا که‌سێکی خۆشه‌ویست بووه و، ناسراوه به‌وه‌ی که که‌سایه‌تیه‌کی سه‌ربازیی عێراقیی نیشتمانپه‌روه‌ر بووه و چینه هه‌ژاره‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆشویستوه چونکه خۆی له ئه‌و چینه بووه. هه‌روه‌ها یه‌کێکه له ئه‌و حوکمڕانانه‌ی عێراق که جێگه‌ی زۆرترین مشت‌ومڕ بووه، چونکه ناسراوه به‌وه‌ی که ده‌رفه‌ت و بوار‌ی به که‌سانی تر نه‌داوه که له فه‌رمانڕه‌واییدا هاوبه‌شی بکه‌ن و هه‌روه‌ها له لایه‌ن ڕکابه‌ره سیاسیه‌کانیه‌وه تۆمه‌تبار کراوه که له حوکمڕانیدا تاکڕه‌ویی پیاده کردووه و که‌سانی نزیکی له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندندا به 'پێشه‌وای تاقانه' ناویان بردووه. هه‌روه‌ها بیروڕای جیاواز له‌سه‌ر کاریگه‌ریی و ئاسه‌واره مێژووییه‌کانی ئه‌و هه‌ن، چونکه به بۆچوونی زۆر که‌س که‌سێکی پاك و دڵسۆزی گه‌لی عێراق بووه که خزم و که‌سوکار و ناسیاوه‌کانی خۆی له پێشتر دانه‌ناوه و به‌رپرسیاریی نیشتمانیی له سه‌رو هه‌موو شتێکه‌وه داناوه و، په‌یڕه‌وی سیاسه‌تی لێبوردن و چاوپۆشینی له ئه‌وانه کردووه که پیلانیان له دژی ئه‌و و شۆڕش گێڕاوه و به سیاسه‌تی "خوا له ڕابردوو خۆشبیت" ناسراوه و، چه‌ندین بڕیاری ده‌رکردووه بۆ لێبوردن له‌وانه‌ی که حوکمی له‌سێداره‌دانیان له‌سه‌ر بووه و هه‌رگیز فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی ئیمزا نه‌کردووه.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه















سه‌رنجی خوێنه‌ران