
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیکی
بان مه‌عن
بۆ سایتی مه‌وتنی
وتارێکی نوێی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیکی ڕاشکاوانه ده‌وڵه‌تانی دراوسێی عێراقی به پشتگیری‌کردن له ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌م دواییانه تۆمه‌تبار کرد.
ئه‌گه‌رچی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری مالیکی به ناو ناوی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی دراوسێی نه‌برد، به‌ڵام به‌یاننامه‌یه‌کی حکومه‌ته‌که‌ی به ڕه‌سمی داوای له سوریا کرد که سه‌رکرده به‌عسیه‌کان ڕاده‌ستی عێراق بکات، و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش باڵوێزی عێراقی له دیمه‌شق بانگهێشت کرده‌وه. هه‌روه‌ها مالیکی ئاماژه‌ی کرد به هه‌وڵی به‌رده‌وامیان بۆ شکستهێنان به پرۆسه‌ی سیاسی هاوکات له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان و هۆشیاری دا که ئه‌و تێرۆره‌ی له عێراق ده‌دات ناتوانرێت سه‌رکوت بکرێت.
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌کی فه‌رمیی ده‌رچوو له لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه، که 'مه‌وتنی' کۆپیه‌کی به‌ده‌ستکه‌وتووه، مالیکی ئه‌و قسانه‌ی کردووه له میانه‌ی سه‌ردانی بۆ بینای پارێزگای به‌غدا به‌مه‌بستی دابه‌شکردنی قه‌ره‌بووی ده‌ستوبرد به‌سه‌ر خێزانه‌کانی دانیشتووی کۆمه‌ڵگای سالحیه، که به هۆی ته‌قینه‌وه‌که‌ی ئه‌م دواییانه زیانیان لێکه‌وتووه، و بڕی قه‌ره‌بووه‌که پێنج ملیۆن دیناره بۆ هه‌ر خێزانێك.
مالیکی له‌وباره‌یه‌وه گووتی "پێویسته له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی دراوسێ که ڕێز له ئه‌رکی دراوسێتی بگرن، ئه‌وه‌ش کارێکی سه‌خت و گران نیه که ئێمه‌ش هه‌مان ئه‌و شته‌ی ئه‌وان به‌رامبه‌ریان بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕێگره له ئێمه کاری له‌وجۆره بکه‌ین بریتیه له خسڵه‌تی ئێمه و سووربوون و ئاره‌زوومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا بگه‌ینه ڕێکه‌وتنامه‌یه‌ك بۆ ڕزگاربوون له‌و که‌سانه‌ی که ئه‌وان داڵده‌یان داون، و سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه ئێمه چه‌ندین بانگه‌وازمان ئاڕاسته کردووه"، له‌هه‌مان کاتدا داوای کرد که په‌نا و داڵده‌ی ئه‌و تاقمه تاوانکاره نه‌درێت.
مالیکی دووپاتی کرده‌وه که دانپێنانه‌کانی ئه‌وانه‌ی که ئه‌م کرده‌وه تێرۆریستیه‌یان ئه‌نجام داوه ده‌ریخستووه که "ئه‌مه کرده‌وه‌یه‌کی ناوخۆ نیه، به‌ڵکو ده‌وڵه‌تانی دراوسێ ئه‌نجامیان داوه".
هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بوو و گووتی "پرسیار ده‌که‌م ئایا ئه‌و کاره‌ی کراوه شێوازێکه له کاری به‌رهه‌ڵستکارانه و ئایا لێدانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و کۆمه‌ڵگای خه‌ڵکنشینی ساڵحیه جۆرێکه له به‌رگریی؟ به دڵنیایه‌وه وه‌ڵامه‌که نه‌خێره چونکه ئێمه چاك ده‌زانین ئه‌وه‌ی به‌م کاره هه‌ستاوه بریتیه له حیزبی به‌عس که به درێژایی مێژوو به تاوانکاریه دڕنده‌کانی به‌ناوبانگه، چونکه ئه‌وانن خاوه‌نی له‌سێداره‌دان و تاوانکاریه گه‌وره‌کانی تر و گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کان، و ڕێکخراوی قاعیده له‌م کاره‌دا هاوکاریی ئه‌وانیان کردووه، و گله‌ییمان له‌و مرۆڤکوژانه نیه به‌ڵکو گله‌یی له ئه‌وانه ده‌که‌ین که ئه‌م تاوانه‌یان قۆسته‌وه بۆ پاککردنه‌وه و یه‌کلایکردنه‌وه‌ی ئه‌ژماره‌کانیان".
مالیکی دووپاتی کرده‌وه که "حکومه‌ت داوا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیوده‌وڵه‌تی ده‌کات که ئه‌و تاوانه وه‌کو تاوانێکی جه‌نگ له قه‌ڵه‌م بدات"، و داوای له کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش کرد که "دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به ئه‌م مه‌سه‌له‌یه پێکبهێنن".
هه‌روه‌ها گووتی "ئه‌م کرده‌وه‌یه به ئاسانی به‌سه‌ر ئێمه‌دا تێپه‌ڕ نابێت، له هه‌موو بواره‌کانی پێداچوونه‌وه به پلانه‌کان و به‌رپرسیارییه‌کان و سزادانی که‌مته‌رخه‌مان".
مالیکی به‌ڵێنی دا که وڵاته‌که‌ی دووچاری جه‌نگێکی کراوه و درێژخایه‌ن بووه، گووتی "ئێمه له شه‌ڕێکی کراوه‌داین، که زۆر به داخه‌وه ده‌وڵه‌تانی هاوسێ پشتگیری‌یان لێده‌که‌ن و هه‌ر ئه‌وه‌ش وه‌های کرد که ئه‌وه ڕووبدات و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌وه خراپتریش بکه‌ن، به تایبه‌تی که واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان نزیك بۆ‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها گووتی حکومه‌ته‌که‌ی کۆمه‌ڵێك بڕیار ده‌رده‌کات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌ختیه‌کان، هه‌روه‌ها بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی شوقه‌کان و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی زیانلێکه‌وتووان.
به گووته‌ی مالیکی، نه‌رمی نواندن له سزاکان و جێبه‌جێنه‌کردنی بڕیاره‌کانی له سێداره‌دان کاریگه‌ریی هه‌بووه له زیادبوونی ڕه‌وشی تیرۆر، و داوای له ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی باڵا کرد بڕیاره‌کانی له‌سێده‌ران په‌سه‌ند بکات و داوای کرد که ئه‌نجامدانی له‌سێداره‌دانه‌کان به ئاشکرا و له شوێنه گشتیه‌کاندا بێت، و له‌وباره‌یه‌وه گووتی "بۆچی ئه‌وانه‌ی کرده‌وه‌ی تێرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن له شوێنی تاوانه‌که‌یاندا له سێداره نه‌درێن؟ من هاوڕای ئه‌م داخوازیه‌ی میلله‌تم، و بۆچی هه‌ر ده‌بێت تاوانکاره گه‌وره‌کانی وه‌کو عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید و سوڵتان هاشم که ناسراون به به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی فه‌رمانی له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌ربچێت، و ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش ئه‌گه‌رچی فه‌رمانی له‌سێداره‌دانیان ده‌رچووه به‌ڵام هێشتا فه‌رمانه‌که جێبه‌جێ نه‌کراوه، و که‌سانێك هه‌ن داکۆکی ده‌که‌ن له ئه‌وانه‌ی به ماده‌ی 4ی تێرۆر حوکم دراون که گوایه له‌به‌ر هۆکار و پێشینه‌ی سیاسی حوکم دراون، و من داوا له ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی ده‌که‌م که ئه‌و بڕیار و حوکمانه په‌سه‌ند بکه‌ن و دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه کاروباری پێویست له‌وباره‌یه‌وه ئه‌نجام بدات".
مالیکی هه‌روه‌ها داوای له هاوڵاتیان کرد که هاوکاریی زیاتری ده‌زگاکانی ئاسایش بکه‌ن، و گووتی "هاوکاریی هاوڵاتیان له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانی ئاسایش هۆکارێکی سه‌ره‌کی بووه له ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی به‌ده‌ستهاتوون و، کاتێك باسی سه‌رکه‌وتنه‌کان ده‌که‌ین ده‌بێت ئه‌وه بیهێنینه‌وه یادمان که ساڵ و نیوێك له‌مه‌وبه‌ر به‌غدا چۆن بووه، شه‌قامه‌کان داخرابوون و ڕۆژانه خه‌ریکی ژماردنی لاشه بووین و بازاڕه‌کان قوفڵ درابوون، هه‌ربۆیه کاری ئه‌مڕۆمان به چه‌ك و تانك نیه، به‌ڵکو پشت ده‌به‌ستێت به ده‌زگا هه‌واڵگریه‌کان و هاوکاریی هاوڵاتیان له‌گه‌ڵیاندا".
بێگومان گووته‌که‌ی مالیکی جه‌ختکردنه له‌سه‌ر مکوڕیی بڕیاره ده‌رچوه‌کان له لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه له پاش کۆبوونه‌وه‌ی خۆی بۆ تاووتوێکردنی ئاکامه‌کانی ڕووداوه‌کانی چوارشه‌ممه‌ی ڕه‌ش له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی، له‌وانه ئاڕاسته‌کردنی په‌یامێك بۆ سوریا که داڵده‌ی پلانداڕێژه‌رانی کرده‌وه‌که‌ی داوه و ئه‌نجامده‌رانی له‌وێوه هاتوونه‌ته ناو عێراق، به گووته‌ی مالیکی، و داواکاریی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که دادگایه‌کی نێوده‌وڵه‌تی پێکبهێنن چونکه ئه‌وه‌ی که ڕووده‌دات تاوانێکی جه‌نگه.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه















سه‌رنجی خوێنه‌ران