
[زیکرا تۆفیق] سه‌ڵاح عه‌بدولغه‌فور باسی سه‌ره‌تاکانی پیشه‌که‌ی و به‌رهه‌مه‌کانی ئاینده‌ی ده‌کات.
زیکرا تۆفیق له به‌غداد – 26/12/2009
بۆ سایتی مه‌وتنی
گۆرانیبێژی عێراقی سه‌ڵاح عه‌بدول غه‌فور له تشرینی دووه‌مدا گه‌ڕایه‌وه بۆ عێراق به‌په‌یامێکه‌وه که وڵات پێویستی به گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆشنبیران و هونه‌رمدانه.
سه‌ڵاح عه‌بدولغه‌فور، که له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵکی سه‌عدییه‌ی پارێزگای دیاله‌یه، له ساڵی 1963 بۆ یه‌که‌م جار گۆرانی وت، له به‌رنامه‌ی رادیۆیی گۆشه‌ی ئاره‌زوومه‌نداندا، به گۆرانی "ماریده ماریده ئه‌لغه‌لوبی" ی خوالێخۆشبوو نازم غه‌زالی ده‌ستی پێ‌کرد. دوای ئه‌وه، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌عدون جابر و فازڵ عه‌وواد دا چووه ناو کۆرسی ئیزگه‌ی ڕادیۆوه. سه‌ڵاح عه‌بدول غه‌فور ده‌رچووی په‌یمانگه‌ی خوێندنی میوزیکه، تایبه‌تمه‌نده له شێوازی مه‌قامی عێراقی و که‌مانچه‌دا.
له‌میانه‌ی ژیانی هونه‌ریدا، سه‌ڵاح له فیستیڤاڵ و کۆنسێرته‌کانی زیاتر له 63 وڵات‌دا نوێنه‌رایه‌تی عێراقی کردووه.
مه‌وتنی له به‌غداد چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆرانیبێژه‌دا ساز کرد.
مه‌وتنی: چۆن بڕیارت دا دوای ئه‌م ماوه درێژه له دووریی، بگه‌ڕێیته‌وه بۆ عێراق؟
سه‌ڵاح: من له 11 ی تشرینی دووه‌مدا گه‌ڕامه‌وه. ئه‌وسا، بریارمدا به وشکانیدا بگه‌ڕێمه‌وه و له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێبوارانه‌ی ده‌هاتنه‌وه به‌شداری خۆشییه‌که‌یان بکه‌م. زۆر که‌س هه‌وڵیاندا قه‌ناعه‌تم پێبکه‌ن که نه‌گه‌ڕێمه‌وه، به‌ڵام من سوور بووم له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه، له ڕاستیدا به وشکانیدا گه‌ڕامه‌وه به پاسێك که 40 نه‌فه‌ر هه‌ڵده‌گرێت. سه‌رنشینه‌کان له‌گه‌ڵ مندا هه‌ر له دیمه‌شقه‌وه تا به‌غداد گۆرانی‌یان وت. من ویستم په‌یامێک بگه‌یه‌نم، به‌و مانایه‌ی که زێدی ئێمه پێویستی به گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌موو هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیرانه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له داڕشتنی ئاینده‌یدا بکه‌ین. له ڕاستیدا سه‌رکه‌وتوو بووم له هاندانی خه‌ڵکی تر بۆ گه‌ڕانه‌وه. دوای من، هونه‌رمه‌ند موحسین عه‌ززاوی، حه‌سه‌ن به‌رسیم، و سرور مه‌جید گه‌ڕانه‌وه، و پێشبینی ده‌که‌م هونه‌رمه‌ندی تریش له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی داهاتوودا بگه‌ڕێنه‌وه.
وه‌زیری رۆشنبیری پێشتر له کۆبوونه‌وه‌که‌ماندا له سوریا بانگهێشتی کردم بۆ هاتنه‌وه بۆ عێراق، به‌ڵام من پێویستم به بانگهێشت نییه - من کوڕی عێراقم و میوان نیم.
مه‌وتنی: له‌و کاته‌وه‌ی گه‌ڕاویته‌ته‌وه تا ئێستا هیچت ئه‌نجام داوه؟
سه‌ڵاح: مانگی پێشوو پڕ بوو له چالاکی، بۆم ده‌رکه‌وت گه‌ڕانه‌وه‌که‌م کاریگه‌رێکی باشی هه‌بوو، ئه‌مه‌ش زۆر شادمانی کردم. من سوپاسی خوا ده‌که‌م که کاریگه‌رێکی باشم له‌سه‌ر ئاره‌زوومه‌ندانی هونه‌ره‌که‌م دروست کرد. له به‌رنامه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆی رادیۆییدا له ئیزگه‌ی ره‌شید، شۆفێرێکی تاکسی به ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردم، بڕوای نه‌ده‌کرد من له به‌غدادم. ئه‌و ڕێک وتی: "ئاماده‌ییت لێره وام لێده‌کات زیاتر هه‌ست به ئه‌منییه‌ت بکه‌م، و له جیاتی ئه‌وه‌ی ڕۆژی دوو سه‌عات کار بکه‌م، ئیتر ده سه‌عات کار ده‌که‌م!"
مه‌وتنی: با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تاکانت، ئه‌و گۆرانییه کامه بوو که تۆی به جه‌ماوه‌ره‌که‌ت ناساند؟ و که‌ی پێشکه‌شت کرد؟
سه‌ڵاح: من به مۆسیقای میللی ده‌ستم به گۆرانی کرد. ژماره‌یه‌کی زۆر ئاهه‌نگم پێشکه‌ش کرد و به‌شداریم له ژماره‌یه‌کی زۆر فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیدا کردووه. من ده‌مویست گۆرانی خۆمم هه‌بێت. بۆ نموونه گۆرانیبێژ نازم غه‌زالی، به شێوازی مه‌قامی عیراقی و که‌له‌پوورییش گۆرانی وتوه، به‌ڵام هاوکات، گۆرانی خۆیشی وتووه. بۆیه، من له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکاندا گۆرانی "حلوه ئه‌لبه‌غدادییه"م وت. ئه‌و کاته گۆرانییه‌کی سه‌رکه‌وتوو بوو و کاریگه‌رێکی زۆری هه‌بوو، و به جه‌ماوه‌ره‌که‌می ناساندم. ئه‌مه گۆرانییه‌کی خێرا بوو و جیاواز بوو له گۆرانییه‌کانی ساڵانی 70. من به سه‌ره‌تای پیشه‌ی گۆرانیبێژی خۆمی داده‌نێم. میوزیکی ئه‌و گۆرانییه له لایه‌ن نازم نه‌عیمه‌وه داڕێژراوه، شیعری گۆرانییه‌که هی عه‌لی هه‌لیل بوو.
مه‌وتنی: گۆرانی "شلۆنه‌ک عێنی شلۆنه‌ك" له ساڵانی 1980 زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو و هه‌ندێك گۆرانیبێژی تریش وتویانه‌ته‌وه - ئایا ده‌توانیت بۆمان باس بکه‌یت، و بۆچی ئاوا سه‌رکه‌وتوو بوو؟
سه‌ڵاح: چیرۆکێکی سه‌یر له پشت ئه‌م گۆرانییه‌وه‌یه. رۆژێکیان، که‌سێكی کوێتی په‌یوه‌ندی پێوه کردم و داوای گۆرانی ئه‌وتۆی ده‌کرد که وته‌ی نه‌سته‌ق و په‌ندی تێدا بێت. بۆیه، له‌گه‌ل شاعیر فه‌لاح عه‌سکه‌ر له‌و کاته دا له‌و باره‌یه‌وه قسه‌م کرد. ئه‌م پێی وتم که شیعرێکی هه‌یه "شلۆنه‌ك عێنی شلۆنه‌ک"، و من پێم وت ئه‌مه ئه‌و شیعره‌یه که پێویستمان پێیه‌تی. به هه‌رحاڵ، فه‌لاح پێی وتم که له‌و کاته‌دا شیعره‌که‌ی پێ نییه، و ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ی له به‌ره، فه‌لاح وتی ناردوویه‌تی بۆ قوتابخانه‌یه‌ک له پارێزگای بابل بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ پێشکه‌ش بکرێت. منیش ئه‌وه‌ی پێم کرا ئه‌وه بوو ته‌له‌فۆنم بۆ که‌سانێك کرد که له‌وێ ده‌مناسین و داوام لێکردن بچن بۆ قوتابخانه‌که و بۆ شیعره‌که بگه‌ڕێن.
به‌ڵام شتێکی سه‌یر روویدا: کارگێڕی قوتابخانه‌که ئه‌و پارچه کاغه‌زه‌ی شیعره‌که‌ی له‌سه‌ره فڕێی دابووه ناو زبڵه‌وه. بۆیه، ئێمه چه‌ند قوتابییه‌کمان به کرێ گرت بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و کاغه‌زانه‌ی که کارگێڕی قوتابخانه‌که فڕێی دابووه ناو زبڵه‌وه، و له به‌رامبه‌ر دا په‌یمانمان پێیاندا خه‌ڵاتیان بکه‌ین. ئا به‌م شێوه‌یه ئه‌م گۆرانییه‌مان دۆزییه‌وه. ئه‌مه‌یه سه‌رگوزه‌شته‌ی "شلۆنه‌ك عێنی شلۆنه‌ک"، میوزیکه‌که‌ی له لایه‌ن هاوڕێم نه‌جاح عه‌بدولغه‌فوره‌وه داڕێژراوه. من له سه‌ره‌تای ساڵی 1980 دا وتم، و به چه‌ند زمانێک پێشکه‌شم کرد. به‌شێکی به عه‌ره‌بی، به‌شێکی به کوردی، و به‌شێکی به سریانی. تا ئێستاش له هه‌موو ئاهه‌نگێكدا ئاره‌زوومه‌ندان داوای ئه‌م گۆرانییه ده‌که‌نه‌وه. له تورکیا، ته‌نانه‌ت گۆرانیبێژ ئیبراهیم تاتڵیسازم فێر کرد چۆن بیڵێت.
مه‌وتنی: ئه‌و هه‌ڵوێسته سه‌رسوڕهێنه‌ره کامه‌یه که هه‌رگیز له بواری گۆرانیدا له‌بیرت ناچێته‌وه؟
سه‌ڵاح: من ده‌قی 5000 گۆرانیم هه‌یه که به چه‌ندین ساڵ له زبڵخانه‌ی بینای ته‌له‌فیزیۆن و رادیۆوه کۆم کردۆته‌وه. داوام له به‌رده‌سته‌کانی بینایه‌که ده‌کرد ئه‌و کاغه‌زانه‌ی فڕێ ده‌درانه ناو زبڵه‌که بۆم کۆبکه‌نه‌وه. دیاره سه‌دان شاعیر و نوسه‌ر له پارێزگاکانه‌وه شیعری خۆیان به پۆسته بۆ بینایه‌ی ته‌له‌فیزیۆن و ڕادیۆ ده‌نارد، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و پۆسته‌یه به‌ره‌و سه‌به‌ته‌ی خۆڵه‌کان ملیان ده‌نا به بێ ئه‌وه‌ی که‌س سه‌یریان بکات.
له یه‌كێك له گه‌شته‌کانمدا بۆ ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان، هه‌ندێك له‌و گۆرانی و شیعرانه‌م ده‌خوێنده‌وه که له به‌غداده‌وه له‌گه‌ڵ خۆم بردبوون، نزیکه‌ی 20 گۆرانی "ته‌نه‌که‌ی خۆڵ'م هه‌یه، و به تایبه‌تی یه‌كێکیانم پێ خۆشه، شیعره‌که‌ی ئاوایه:
ئه‌و ئه‌سمه‌رییه‌ت له کوێوه هێناوه ئه‌و فیرده‌وسی تیشک و گڕه
له زه‌رده‌خه‌ی سه‌ر لێوت، ئای ئه‌زیزم هه‌موو گوڵه‌کان پشکۆیان کرد
هه‌رچی له‌به‌ر ده‌که‌یت بکه، جله‌که به تۆوه جوانه
به‌سه! ئه‌ڤینت ئه‌شکه‌نجه‌ی دام چیتر خۆم پێ راناگیرێت
من میوزیکم بۆ ئه‌م شیعره دانا و له چاوپێکه‌وتنێکی ته‌له‌فیزیۆنیدا پێشکه‌شم کرد. بۆ رۆژی دوایی، گوێم لێ بوو به‌یانییه‌کی زوو که‌سێك له ده‌رگاکه‌م ده‌دات، ده‌رگام کرده‌وه، بینیم پیاوێکی پیر له‌وێیه، لێی پرسیم "تۆ سه‌ڵاح عه‌بدولغه‌فوریت؟" وتم، به‌ڵی، ئه‌و وتی "دوێنێ وات لێکردم له خۆشی‌دا بگریم. ئه‌و شیعرانه من نوسیومن و ماوه‌یه‌ک له‌موه پێش ناردبووم بۆ ئیزگه." ئنجا ده‌ستی کرد به ماچکردنم.
مه‌وتنی: گرنگرتین فیستیڤاڵی جیهانی کامه‌یه که تۆ به‌شدارییت تێدا کردبێت؟
سه‌ڵاح: ڕه‌نگه به‌شداریم له ژاپۆن گرنگترین به‌شداریم بێت له فیستڤاڵێكدا که تایبه‌ت بێت به که‌له‌پووری عێراق. هه‌روه‌ها به‌شداریم له چه‌ند فیستڤاڵێکی تردا کردووه له هند، چین و ژاپۆن. من ده‌مویست شتێکی تایبه‌تی پێشکه‌ش بکه‌م و جێی سه‌رسامیی جه‌ماوه‌ر بێت. کاتێك له فرۆکه‌که دا له ته‌نیشت سه‌رنشینێکی ژاپۆنییه‌وه دانیشتبووم، داوام لێکرد گۆرانییه‌کی به‌ناوبانگی وڵاته‌که‌یم فێر بکات. من له ڕاستیدا توانیم به باشی فێری ببم. جه‌ماوه‌ره ژاپۆنێه‌که‌م سه‌رسام کرد کاتێک ئه‌و گۆرانییه‌م له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ وت. ده‌ستیان کرد به وتنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مندا، وه‌ك ده‌رکه‌وت ئه‌وه به‌ڕاستی گۆرانییه‌کی به‌ناوبانگ بوو له‌وێ.
مه‌وتنی: تا ئێستا چه‌ند گۆرانییت پێشکه‌ش کردووه؟ و له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌ر و ئاوازدانه‌ر کارت کردووه؟
سه‌ڵاح: زیاتر له 300 گۆرانیم هه‌یه. له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو فه‌لاح عه‌سکه‌ر، و ئاوازدانه‌ر جه‌عفه‌ر خه‌له‌ف کارم کردووه. به هه‌رحاڵ، له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ئاوه‌زدانه‌ری تری به‌ناوبانگیش کارم کردووه، وه‌ك هونه‌رمه‌ند تاڵیب قه‌ره‌غوه‌لی، که موزیکی گۆرانی "لێل و مه‌حه‌ته"ی داناوه، شیعره‌کانی له لایه‌ن شاعیر کازم ئیسماعیل قه‌تی داڕێژراون.
مه‌وتنی: تۆ پێت وتم زیاتر له 3700 نوکته ده‌زانیت. تازه‌ترین نوکته چییه؟
سه‌ڵاح: ڕۆژێکیان مامۆستایه‌ك له قوتابییه‌کانی ده‌پرسێت ناوی سێ خشۆکی پێ بڵێن. قوتابییه‌ک هه‌ڵده‌ستێت و ده‌ڵێت: تیمساح، مار، و حه‌سونی. مامۆستا هاوار ده‌کات: حه‌سونی چییه؟ قوتابییه‌که ده‌ڵێت: برا بچکۆله‌که‌مه - ناتوانێت بڕوات و له‌سه‌ر سک ده‌خشێت.
وێنه: [زیکرا تۆفیق] سه‌ڵاح عه‌بدولغه‌فور باسی سه‌ره‌تاکانی پیشه‌که‌ی و به‌رهه‌مه‌کانی ئاینده‌ی ده‌کات.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران