
[زیکرا تۆفیق/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] حاته‌م عۆده به‌ڕێوه‌به‌رێكی به‌ناوبانگی عێراقیه.
زیکرا تۆفیق له به‌غداد – 4/1/2010
بۆ سایتی مه‌وتنی
حاته‌م عۆده ژیانی هونه‌ریی خۆی به ئه‌کته‌ری ده‌ست پێ‌کرد له بنکه‌ی لاوان له ساڵانی 1980. ئنجا له ئه‌کادیمیای هونه‌ره جوانه‌کانی به‌غداد شانۆی خوێند، و پاش ته‌واوکردنی ئه‌کادیما له 1993، چووه ناو ریزه‌کانی "تیپی نمایشی نیشتمانی".
ئه‌گه‌رچی ئه‌وه زه‌مه‌نێكی سه‌خت بوو بۆ ده‌ستکردن به پیشه‌ی شانۆگه‌ری، سه‌روه‌ختی سزا ئابورییه‌کان و بێ‌کاری له عێراق، به‌ڵام حاته‌م عۆده ئاسته‌نگه‌کانی پێش پیشه‌که‌یی به‌زاند.
له ساڵی 2003، ده‌رهێنانی یه‌که‌مین شانۆگه‌ری خۆی به‌ناوی "ماڵئاوایی له گۆدۆ" له فیستیڤاڵی شانۆ له به‌غدا ئه‌نجامدا. له ساڵی 2004 به‌شداری له فیستیڤاڵی دیمه‌شق کرد، هه‌روه‌ها له 2006 و 2007 به‌شداری له فیستیڤاڵی مه‌کان له ئه‌ستانبوڵ کرد. له ساڵی 2007 وه‌ك ده‌رهێنه‌ر کاری له‌سه‌ر "رۆمیلیۆس" کرد له به‌غدا، و "خه‌ڵاتی "پردی په‌یوه‌ندی" له فیستیڤاڵی مه‌کان برده‌وه بۆ به‌شداری به‌رده‌وامی.
له‌م دواییه‌دا بوو به به‌ڕێوه‌به‌ری تیپی نمایشی نیشتمانی.
له فیستیڤاڵی ئه‌زموونگه‌ریی نێوده‌وڵه‌تی قاهیره له 2009 دا دوایین شانۆگه‌رییه‌که‌ی "سه‌دا" خه‌ڵاتی باشترین کچه ئه‌کته‌ری برده‌وه وهه‌روه‌ها بۆ باشترین شانۆگه‌ریش پاڵێورا.
مه‌وتنی له‌گه‌ڵ حاته‌م عۆده چاوپێکه‌وتنێکی ساز کرد و باسی پیشه‌که‌ی و نوێترین شانۆگه‌رییه‌که‌ی کرد.
مه‌وتنی: ئایا جارێكی تر له به‌غدا "سه‌دا" پێشکه‌ش ده‌که‌یت، پاش ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی له قاهیره به‌ده‌ستی هێنا؟
حاته‌م عۆده: پێم وایه کارێكی گرنگه له به‌غدا پێشکه‌ش بکرێت، به تایبه‌تی چونکه بابه‌ته‌که‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه ئایینیه هه‌ڵانه‌یه که ئێمه هه‌مانه.
شانۆگه‌رییه‌که باسی ئه‌وه ده‌کات چۆن مرۆڤ ناتوانێت قه‌ره‌بووی شته‌کانی ناوه‌وه‌ی خۆی بکاته‌وه چه‌ند په‌شیمانیش بێت، و چۆن هه‌موو پاره‌ی دنیا ناتوانێت له‌ده‌ستدانی مرۆڤایه‌تی بگه‌ڕێنێته‌وه دوای یه‌ک چرکه‌سات له چاوچنۆکی یان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه. ئه‌م هزره له‌لایه‌ن کوڕێکه‌وه پێشکه‌ش ده‌کرێت که براکان و ئامۆزاکانی خۆی ده‌کوژێت، ماڵ و موڵکیان ده‌دزێت و هه‌ڵدێت. ئه‌و له بازنه‌یه‌کی به‌رده‌وامی نیگه‌رانیدا ده‌ژی، چونکه ناتوانێت لای دایکی دان به تاوانه‌کاندا بنێت و داوای لێبووردنی لێ بکات. به درێژایی شانۆگه‌رییه‌که، کوڕه‌که له‌گه‌ڵ دایکی قسه ده‌کات، به‌ڵام له کۆتاییدا، دایکه‌که که‌ڕ و کوێر ده‌بێت، و ده‌توانێت به‌س قسه بۆ خۆی بکات.
به هه‌رحاڵ، بۆ ئه‌وه‌ی شانۆگه‌رییه‌که له به‌غدا به‌و شێوه‌یه پێشکه‌ش بکرێت که من نیازم هه‌یه، پێویسته ئاماده‌کاری نوێی بۆ بکرێت و چاو به بابه‌ته‌که‌دا بخشێنرێته‌وه. شانۆگه‌ری وه‌ك فیلم نییه و ناتوانرێت جارێكی تر لێبدرێته‌وه. هه‌ر جارێک پێشکه‌ش ده‌کرێت، ته‌نانه‌ت که دووباره‌ش بکرێته‌وه، ساته‌وه‌خت و که‌شی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. قورسترین شت لای من ئاماده‌کارییه بۆ شانۆگه‌رییه‌کی نوێ، بۆیه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت جارێکی تر "سه‌دا" به‌رهه‌م بهێنینه‌وه کۆششه‌کانم دوو هێنده لێده‌که‌م.
مه‌وتنی: چۆن ئه‌م ده‌قه‌ت هه‌ڵبژارد؟ ئایا ده‌سکاریت کردووه؟ ئایا هه‌مان ئه‌و ناونیشانه‌ت به‌کارهێناوه که نوسه‌ره‌که‌ی بۆی داناوه، یان گۆڕیت؟
حاته‌م عۆده: له سه‌ره‌تادا، بیرۆکه‌یه‌ک له مێشکمدا ده‌هات و ده‌چوو، بۆ ده‌قێك گه‌ڕام ئه‌و بیرۆکه‌یه به‌رجه‌سته بکات. وه‌ك خولیایه‌کی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی شانۆگه‌ری، ده‌ستم برد بۆ ده‌قێکی دکتۆر مه‌جید حه‌مید ره‌بیعی [پرۆفیسۆر له کۆلیژی هونه‌ره جوانه‌کانی به‌غداد]. هه‌ستم کرد ئه‌وه‌ی بۆی ده‌گه‌ڕام، دۆزیمه‌وه، هه‌ندێك ده‌ستکاریم کرد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌که نزیکتر بخه‌مه‌وه له‌وه‌ی له هزرمدا هه‌بوو. له بنه‌ڕه‌ته‌وه ناونیشانی ده‌قه‌که بریتی بوو له "ئه‌لسه‌دا"، به‌ڵام من گۆڕیم بۆ "سه‌دا".
مه‌وتنی: وه‌ك ده‌رهێنه‌رێك، چۆن ئه‌کته‌ره‌کانت هه‌ڵبژارد، به تایبه‌تی بوشرا ئیسماعیل که لای جه‌ماوه‌ر وه‌ك ئه‌کته‌ری کۆمیدی ناسراوه؟
حاته‌م عۆده: وه‌ك تیپێك، ئێمه پابه‌ندین به هه‌ڵبژاردنی ئه‌کته‌ره‌کان له دووتوێی ئه‌ندامانی تیپه‌که‌دا، که چه‌ندین ناو و ئه‌کته‌ری به‌ناوبانگی له‌خۆگرتووه. سه‌باره‌ت به بوشرا ئیسماعیل، چه‌ند ئه‌زمونێكی پێشترم له‌گه‌ڵی هه‌یه، بۆیه ئێمه له یه‌کتری تێده‌گه‌ین و ده‌توانین به هاوئاوازی پێکه‌وه کار بکه‌ین. ئه‌و به‌هرداره و 25 ساڵ ئه‌زمونی هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌کته‌رێكی زۆر جدی و پابه‌نده. ئه‌و که‌سایه‌تییه کۆمیدییه‌ی لای جه‌ماوه‌ر پێی ناسراوه وه‌ك ئه‌کته‌رێکی ته‌له‌فیزیۆنی حه‌قی خۆی نه‌داوه‌تێ وه‌ك که‌سێكی به‌هره‌دار بۆ بینینی رۆڵی جۆراوجۆر.
محه‌مه‌د هاشم، که به خۆبه‌خشین و پابه‌ندی بۆ شانۆ به‌ناوبانگه، بۆ رۆڵی ره‌قیبه‌که هه‌ڵبێژدرا. دوای چه‌ند راهێنانێك، له پێش لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه‌ی به‌غدا ئه‌زموونی رۆڵه‌که‌ی کرد، ئه‌مانیش له 2007 دا ویستیان ره‌تی بکه‌نه‌وه. من بڕوام وایه ئه‌و کاته لیژنه‌که هه‌ڵه بوو له راڤه‌کردنی بابه‌تی شانۆگه‌رییه‌که‌دا چونکه بابه‌ته‌که زۆر هه‌ستیاره، و جه‌خت ده‌خاته سه‌ر ره‌خنه‌گرتن له تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌کانمان بۆ ئایین. هه‌روه‌ها زۆر هه‌ستیار بوون له ئاستی شانۆگه‌رییه‌ک که جه‌خت ده‌خاته سه‌ر بابه‌تی له‌و جۆره له کاتێکدا هێشتا جۆش و خرۆشی تایفه‌گه‌ری له لوتکه‌یدا بوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، من بڕوام به‌وه بوو کاره‌که‌م شایانی له‌وه زیاتره که به‌س هه‌وڵی بۆ بده‌م. له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه‌دا ده‌ستم به تاوتوێ کرده‌وه و هه‌ندێك ده‌ستکاری زیاترم کرد، و داوام له ئه‌کته‌ره‌کان کرد ده‌ست بکه‌نه‌وه به راهێنان، به‌ڵام محه‌مه‌د هاشم ئه‌و کاته به پرۆژه‌ی تره‌وه خه‌ریک بوو. بۆیه، رۆڵه‌که‌م دا به سه‌مه‌ر قه‌حتان، ئه‌ویش رازی بوو به‌شداری بکات.
مه‌وتنی: ئایا سه‌مه‌ر قه‌حتان دوودڵ بوو له وه‌رگرتنی رۆڵه‌که، به تایبه‌تی ئه‌و ده‌یزانی لیژنه‌ی پێداچوونه‌وه ئه‌و رۆڵه‌یان ره‌ت کردبۆوه؟
حاته‌م: سه‌مه‌ر قه‌حتان وردبینه و به باشی کاره‌کانی هه‌ڵده‌بژێرێت. ئه‌و ده‌ست ناکات به کارێك یان رۆڵێک په‌سه‌ند ناکات که خۆی بڕوای پێی نه‌بێت. ماوه‌ی 15 رۆژ ئێمه خه‌ریکی تاوتوێ و مشت‌ومڕ بووین تا گه‌یشتینه ده‌ره‌نجامی ئه‌وه‌ی به‌شداری له‌م شانۆگه‌رییه‌دا بکات. ئێمه پێکه‌وه له هه‌موو ئه‌و بوارانه ورد بووینه‌وه که خزمه‌تی کاره‌کته‌ره‌که و ورده‌کارییه لاوه‌کانییه‌کان و خه‌سڵه‌ته تایبه‌تییه‌کانی کاره‌کته‌ره‌که ده‌کات. من په‌یڕه‌وی کۆستانتین ستانسلاڤسکی ده‌که‌م، که ده‌ڵێت پێویسته ئه‌کته‌ر خۆی بخاته ناو کاره‌کته‌ری ئه‌و که‌سه‌ی رۆڵی ده‌بینێت، نه‌وه‌ك پێچه‌وانه‌که‌ی.
مه‌وتنی: چۆن شانۆگه‌رییه‌که گه‌یشته فیستیڤاڵی قاهیره، به تایبه‌تی که له به‌غدا ره‌ت کراوه‌ته‌وه، و چۆن به‌شی سینه‌ما و شانۆ ئه‌رکی به‌رهه‌مهێنانی له ئه‌ستۆ گرتووه؟
حاته‌م: چه‌ند لایه‌نێك بواریان بۆ به‌شداریی شانۆگه‌رییه‌که له فیستیڤاله‌که خۆش کرد. یه‌که‌میان بریتی بوو له‌و ده‌سکارییانه‌ی له ده‌قه‌که‌دا کردمان. دووه‌میان بریتی بوو له گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی به‌شی سینه‌ما و شانۆ. پاشان ئێمه شانۆگه‌رییه‌که‌مان له پێش به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه نوێیه‌که پێشکه‌ش کرد که رۆڵێکی به‌رچاویان هه‌بوو له پێشکه‌شکردنی شانۆگه‌رییه‌که له به‌غداد بۆ یه‌که‌مجار له هاوینی 2008. ئه‌مه هه‌لی بۆ شانۆگه‌رییه‌که ره‌خساند بپاڵێورێت بۆ فیستیڤاڵی قاهیره، سه‌ره‌ڕای شانۆگه‌رییه‌کی تری تیپه‌که. هه‌ر تیپێك بۆی هه‌یه به ته‌نها یه‌ك شانۆگه‌ری له فیستیڤاڵه‌که به‌شداری بکات، بۆیه به‌شداریی ئێمه [به "سه‌دا"] تا 2009 دوا خرا.
من هه‌روه‌ها حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه بڵێم که شانۆگه‌رییه‌که‌ی قاهیره نزیکه‌ی 80% جیاواز بوو له‌وه‌ی له به‌غدا پێشکه‌ش کرا. ئێمه زۆر ماندوو بووین له‌سه‌ر راهێنانه‌کان تا ئه‌و راده‌یه‌ی ئه‌کته‌ره‌کان شه‌که‌ت ببوون. من کارێکی زۆرم له‌سه‌ر راهێنانه‌کان کرد و گونجاندم. ده‌توانم به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بمه‌وێت ڕێکیان بخه‌م و بیانگونجێنم، به پێچه‌وانه‌ی نمایشی راسته‌قینه که بۆم نییه هیچ شتێك بگۆڕم. نمایشه‌که به‌رهه‌می چه‌ندین راهێنانه و وه‌ك تیمێک له یه‌کتری نزیکمان ده‌خاته‌وه.
مه‌وتنی: بۆچی شانۆگه‌رییه‌که خه‌ڵاتی باشترین شانۆگه‌ری نه‌برده‌وه، ئه‌گه‌رچی لێی نزیک بوو؟
حاته‌م: پێم وایه هۆی سه‌ره‌کی بریتییه له‌و ته‌کنه‌لۆجیا نوێیه‌ی تیپه به‌شداره‌کانی تری براوه‌ی خه‌ڵاته‌که به‌کاریان هێنا. ئێمه ته‌کنه‌لۆجیای له‌و جۆره‌مان نییه، و ئه‌مه بۆته ڕێگر له پێش داهێنانی ده‌رهێنه‌ره‌کان، نه‌بوونی ته‌کنه‌لۆجیا بوارم نادات ده‌ستکاری هه‌ندێک زیاده بکه‌م یان هه‌ڵیبوه‌شێنمه‌وه، که سودێکی زۆر به ده‌قه‌که ده‌گه‌یه‌نن. ئێمه به ته‌واوه‌تی و ته‌نها پشت به توانای ئه‌کته‌ره‌کان ده‌به‌ستین، به‌ڵام زۆر شانۆگه‌ری له وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو به شێوه‌یه‌کی زۆر پشت به ته‌کنه‌لۆجیای پێشکه‌وتوو ده‌به‌ستن
مه‌وتنی: گرنگترین ستایش یان ره‌خنه به‌ر گوێت که‌وتبێت؟
حاته‌م: من هه‌میشه سه‌ربه‌رز و خۆشحاڵم به‌و شتانه‌ی فازڵ خه‌لیل پێم ده‌ڵێت. وتی "ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت له بواری شانۆدا کار بکه‌یت، پێویسته بڕوات به‌وه بێت شانۆ بریتییه له ماتریکسێک له سه‌رسامی. کاتێك ئه‌م سه‌رسامییانه له شانۆگه‌رییه‌کدا نه‌بێت، پێویسته شانۆگه‌رییه‌که رابگریت."من له کاره‌که‌مدا زۆر بڕوام به‌م وته‌یه هه‌بووه. بڕوام وایه من گیانم کرد به وشه‌کانیدا.
وێنه: [زیکرا تۆفیق/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] حاته‌م عۆده به‌ڕێوه‌به‌رێكی به‌ناوبانگی عێراقیه.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران