print thisemail this
photo

[ زیکرا تۆفیق] پاش زیاتر لە 20 ساڵ وانەوتنەوە و دەرهێنان، سامى عەبدولحەمید دەگەڕێتەوە سەر نواندن.

هونەرمەند سامى عەبدولحەمید دەگەڕێتەوە بۆ سینەما

زیکرا تۆفیق دیداره‌که‌ی ئه‌نجامداوه‌ – 10/1/2010

بۆ سایتی مه‌وتنی

لە ماوەى دورودرێژى کارى هونەریدا، سامى عەبدولحەمید توانى لەیەک کاتدا لە سێ بواردا جێده‌ستی دیاربێت.

سەرەڕاى ئەوەى کە ئەکتەرە، دەرهێنەر و مامۆستاشه‌. دەیان کتێبى نوسیوە و وەرگێڕاوە و به‌شێک له‌ مه‌نهه‌جی خوێندنی به‌شی شانۆی پەیمانگەى هونەرە جوانەکانی نوسیوه‌ .

سامی عەبدولحەمید لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مەوتنى باس لە گەڕانەوەى ئەم دواییانەى خۆى ده‌کات بۆ سینەما .

مەوتنى: گرنگترین کارە سینه‌ماییەکانت کامانه‌ن؟

سامى عەبدولحەمید: یەکەمین فیلم کە من تیایدا بەشداربووم "من المسئوول" بوو، کە لە سینەمای غەرناتە لە 1956 پیشاندرا. له‌گه‌ڵ هونەرمەند ناهیدە ئەلڕەماح دا رۆڵی سه‌ره‌کیمان بینی‌

سەیر لەوەدا بوو کاتێک بۆ یەکەم جار فیلمەکەم بینى، فیله‌که‌م به‌دڵ نه‌بوو. تا ئەو رادەیەى وتارێکیشم لە دژی نوسى، کە لە رۆژى دواییدا لە رۆژنامەى ئەلخەبەردا بڵاوبۆوە.

لە پاش ئەمە، له‌ " نەبوخوزنەسر" دا به‌شداریم کرد و لەمەشدا رۆڵى سەرەکیم بینی. ئەمە یەکەمین فیلمى رەنگاورەِنگى عێراقى بوو و لە ساڵی 1962 پیشاندرا. پاشان لە ساڵى 1975لە "المنعطف" دا لەگەڵ هونەرمەندان یوسف ئەلعانى و خوالێخۆشبوو توعمە ئەلتەمیمى بەشداریم کرد؛ "الاسوار" لە 1979 ، "المسألة الكبرى" لە ساڵى 1982، کە بەوە جیادەکرێتەوە هونەرمەندان و ئەکتەرانى بێگانەش تیایدا بەشداربون لە هەمویان بەناوبانگتر ئۆلیڤەر رید. لە کۆتایشدا لە ساڵى 1987 دا لە فیلمى " الفارس و الجبل" بەشداربووم.

پاش دابڕانێک که‌ زیاتر لە 20 ساڵی خایاند، بەم دواییانە لە "کارانتینە" دا کارى نواندنم کردووە، کە فیلمێکە لە دەرهێنانى عودەى رەشید. چەند مانگێک پێش ئێستا وێنەگرتنەکەمان تەواو کردوە و هیواداریشین بەم زووانە نمایش بکرێت. من تیایدا ده‌وری که‌سێکم بینیوه‌ که‌ کە لە به‌ر ده‌رگای زانکۆیه‌ک چا دەفرۆشێت، که‌ ده‌ورێکی بچوکه‌.

هاندەرى سەرەکى بۆ بەشداریکردنم لەم فیلمەدا ناساندنى فیلمى عێراقى بوو بە جیهان و شکاندنى ئەو بەربەستى ته‌ریکبونه‌ بوو کە بە دەستیه‌وە دەماناڵاند. یەکەمین فیلم که‌ له‌ ده‌رهێنانی عودەى رەشید بوو، له‌ ساڵی 2003 دا، له‌ زۆر فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیدا نمایش کرا. ئەو توانى ئه‌و بەربەستە بشکێنێت. سەرەڕاى ئەمەش، ئەو دەرهێنەرێکى زیرەک و بەتوانایە.

بەڕاستى ئەمە ئازارم دەدات کاتێک رۆڵى ئێمە وەکو هونەرمەندانى عێراقى لە فیستیڤاڵە نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا فەرامۆش دەکرێت. بۆ نمونە لە فیستیڤاڵى دوبەى هونەرمەندانى سەرتاسەرى جیهانى بانگهێشت کران، بەڵام نەمبینى کەسێک نوێنەرایەتى عێراق بکات.

مەوتنى: تۆ یاسات خوێند، بەڵام حەزت کرد کارى هونەرى بکەى. دەکرێت باسی ئەمەمان بۆ بکەیت؟

عەبدولحەمید: لە ساڵى 1946 دا چومە کۆلیژى یاسا. هونەرمەند یوسف ئەلعانیش لەوێ قوتابى بوو، هەر لەوێ گروپێکى نواندی دامەزراند. ناوى لەم گروپە نا "جبر الخواطر". لەو کاتەدا حەزم دەکرد لێى نزیک ببمەوە چونکە من حەزم لە نواندن بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، هەمیشە دوودڵ بووم.

یەکێک لە هاوه‌ڵه‌کانم بەوەى زانى کە من حەزم لە نواندنە. یارمەتیدام لە پێشکەشکردنى " بازرگانى ڤێنیسیا" دا لە سەر شانۆى پەیمانگاى هونەرە جوانەکان. هونەرمەند ئیبراهیم جەلال ده‌رهێنه‌ری ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ بوو. هەر جەلالیش بوو کە هانیدام بچمە پەیمانگا. لەبەرئەوە پاش ئه‌وه‌ی که‌ لە ساڵى 1950 دا یاسام تەواو کرد، چومە ئەوێ.

پاش ئەوەى خوێندنى پەیمانگەم تەواو کرد، لە ساڵى 1959 دا چوم بۆ ئینگلتەرا و دوو ساڵ دواتر گەڕامەوە. لە بەشى شانۆ و سینەما وەکو بەڕێوەبەرى شانۆ دامەزرام. لە کۆتایى شەستەکان دا ئەکادیمیاى هونەرە جوانەکان دامەزرا، لەوێ بووم بە مامۆستا. لەپاشان چووم بۆ ولایەتە یەکگرتووەکان بۆ تەواوکردنى خوێندن و بڕوانامەى ماستەرم له‌ هونه‌ردا بەدەستهێنا. به‌ درێژایی ئەم ساڵانە وەکو مامۆستا لە ئەکادیمیا خزمەتم کردووە تا لە ساڵى 2008 دا خانەنشین بووم.

بڕوانامەى دکتۆراکەشم لە زانکۆى بەغدا لە ساڵى 2004 وەرگرت.

مەوتنى: وەکو ئەکتەرو دەرهێنەر، گرنگترین ده‌ستکه‌وته‌کانت کامانه‌ن؟

عەبدولحەمید: یەکەمین شانۆ کە من دەرمهێنابێ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1955، بە ناوى " المقاتلون". پاشان شانۆگەریەکى ترم دەرهێنا بە ناوى " ئەو پیاوەى ئافرەتە لاڵەکەى خواست".

وەکو ئەکتەرو دەرهێنەریش، پاش گەڕانەوەم لە ئینگلتەرا "ئەنتیگۆنا" م وەکو ئەکتەر پێشکەش کرد و دەورى سەرەکیم بینى لە " گۆرانى قازەکان" دا لە ساڵى 1965دا. لە ساڵانى 1970 و 1980 و 1990 کاندا دیسان رۆڵى سەرەکیم تیایدا بینیەوە. هەروەها لە " المتنبى" و " شا لیر" و گەلێ شانۆگەرى تریش رۆلى سەرەکیم بینیوە، دواهەمینیان " سێوی دڵ" بوو کە لە ئەلمانیا پێشکەش کرا.

زۆربەى ئەم شانۆگەریانە لەلایەن گروپى هونەرى شانۆیى مۆدێرنه‌وه‌ پێشکەش کران. هەندێک لەم نمایشانه‌ زۆر بەکاریگەر بوون و ئێستاش جەماوەر لەبیریان ماون. لەوانەیە بەناوبانگترینیان شانۆگەرى "دارخورما و دراوسێ" بێ، کە لەلایەن هونەرمەندى خوالێخۆشبوو قاسم موحەمەد دەرهێنرابوو و سیناریۆى بۆ دانربوو، کە لە رۆمانێکى رۆماننوس غائب توعمە فەرحانه‌وه‌ سەرچاوەى گرتبوو. لەم شانۆگەریەدا من لەگه‌ڵ خوالێخۆشبوو زەینەب و ئەفراح عەباس و زەکیە خەلیفە و خوالێخۆشبوو فاروق فەیاز رۆلێکى کورتم بینى.

مەوتنى: لە رەمەزانى رابردودا بەشداریت لە زنجیرەیەکى تەلەفزیۆنى بەناوى "دارخورما و دراوسێ" کرد. چۆن بەراوردى ئەم زنجیرەیە و ئەو شانۆگەریە دەکەی کە هەمان چیڕۆکیان هەیەو شانۆگەریەکە 40 ساڵ پێش ئێستا نمایش کراوە؟

عەبدولحەمید: من بە مەبەستى ئەوە بەشداریم لە زنجیرە تەلەفزیۆنیەکە کرد بە هیواى ئەوەى هەروەکو شانۆگەریەکە سەرنجى بینەران رابکێشێت. بەڵام پاش ئەوەى زنجیرەکەم بینى توشى بێئومێدى بووم. زنجیرەکە نەیتوانى تامى ژیانى بەغداى ساڵانى 1940 بگوێزێته‌وه‌، کە کاتى روداوه‌کانی چیرۆکەکەیە. سەرەڕاى ئەوەى لە نمایشى هەندێک لە ئەکتەرەکاندا جۆرێک لە زۆرلەخۆکردن هەبوو. هەروەها پێموایە ئەو شتانه‌شی زیادکرابون بۆ تێکستەکە کاریگەرییه‌کی نه‌رێنیان هەبوو. لەبەر ئەوە زنجیرەکە ئەوەى بەدەست نەهێنا کە من ئاواتم بۆ ده‌خواست.

مەوتنى: لە کوێ زیاتر خۆت دەبینیەوە؟ لە نواندن، دەرهێنان یان وانەوتنەوە؟

عەبدواحەمید: لە هەر قۆناغێکى ژیانمدا، گرنگیم بە یەکێک لەم بوارانە داوە. لە سەرەتاى ژیانى گەنجیم، نواندن بە پلەى یەکەم دەهات. لەپاش ئەمە، هەوڵەکانى دەرهێنان لەلاى من دەستى پێکرد. بەڵام دەرهێنان پێویستى بە توانایه‌کی زۆرى مێشکى و جەستەیى هەیە. کاتێک چاودێرى پڕۆڤه‌کان دەکەم به‌ ده‌گمه‌ن داده‌نیشم. ئێستا کە پیر بووم، توانا جەستەییەکانم رێگەى ئەوەم پێنادەن. لەبەرئەوە ئێستا پێموایە زیاتر لە بوارى وانەوتنەوە و نوسین و وەرگێڕان دەتوانم خزمەت بکەم. ئەزمونێکی ده‌وڵه‌مه‌ندم هه‌یه‌ کە دەتوانم زۆر شتی لێ ببه‌خشم به‌ قوتابیەکانم.

مەوتنى: لەم رۆژانەدا بەچىه‌وه‌ خەریکى؟

عەبدواحەمید: کتێبێکم بەناوى "مێژوى شانۆى عێراقى" تەواوکردوە. بەهیوام لە ئیمارات چاپى بکەم. هەروەها کتێبێکى تریشم بە ناوى " شانۆى نوێ بۆ شانۆیەکى کۆن" تەواو کردووە. کتێبێکیشم لە بارەى هونه‌ری ماکیاجەوە وەرگێڕاوە. دواهەمین کتێب کە نوسیم بریتى بوو لە "هونەرى وێکچون نەک هونەرى نواندن". هەروەها بەم دواییانە لە وەرگێڕانى کتێبێکى تریش بومەوە بە ناوى " لاهوت و کۆمیدیا".

لە ئێستادا دەمەوێ چالاکیەکانى ناوەندى عێراقى پەیمانگەى جیهانى شانۆ زیندوو بکەمەوە، کە لەلایەن یونسکۆوە پشتگیرى دەکرێ. بەشداریکردنى عێراقمان نوێ کردۆتەوە پاش ئەوەى لە سەرەتاکانى 1990 وە هه‌ڵپه‌سێردرابوو..

وێنە: [ زیکرا تۆفیق] پاش زیاتر لە 20 ساڵ وانەوتنەوە و دەرهێنان، سامى عەبدولحەمید دەگەڕێتەوە سەر نواندن.

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌  4.3/5 (3   ده‌نگه‌کان)

بیخه‌ لیستی خوازراوه‌کان
print thisemail this

سه‌رنجی خوێنه‌ران

عێراق ئه‌مڕۆ | زانیاری/پاداشت | گۆشه‌ی خێزان | وه‌رزش | هه‌مه‌ڕه‌نگ | ئه‌رشیف | ه‌رباره‌ی ئێمه‌ | ه‌یوه‌ندیمان پێوه ‌بکه‌ | خشته‌ی ماڵپه‌ر




verification image, type it in the box
ژماره‌کان داخڵ بکه‌

ليس بامكانك روية الارقام أعلاه؟

*بامكانك الأرسال بالبريد الالكتروني لخمسة أشخاص فقط في آن واحد