
[فایل] ده‌کرێت جارێکی تر فاتن حه‌مامه و عومه‌ر شه‌ریف به‌یه‌که‌وه بێنه‌وه سه‌ر شاشه؟
نوهاد تۆپالیان له به‌یروت - 4/2/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
پاش چه‌ندین ساڵ دابڕان له ته‌له‌فزیۆن، هونه‌رمه‌ند فاتن حه‌مامه بۆ جارێکی تر له درامایه‌کی ته‌له‌فزیۆنیدا به‌ناوی "دار‌ت الا‌یام" (رۆژان به‌سه‌رچوو) دێته‌وه سه‌ر شاشه. ئه‌م درامایه که 13 ئه‌ڵقه‌یه وله‌نوسینی یوسری ئه‌لفه‌خه‌رانی و ده‌رهێنانی غاده سه‌لیمه، سێ نه‌وه‌ی ژن ده‌به‌ستێته‌وه به‌یه‌که‌وه.
فاتن حه‌مامه له‌م درامایه‌دا رۆڵی نه‌وه‌ی یه‌که‌م ده‌بینێت، که باس له‌نوسه‌رێك ده‌کات که له گۆشه‌گیرییه‌کی سه‌ختدا ده‌ژی، مه‌لی خه‌یاڵی ده‌فڕێت به‌ره‌و "یاده‌وه‌رییه خۆشه‌کانی رۆژانی رابردوو".
هونه‌رمه‌ند یسرا رۆڵی نه‌وه‌ی دووه‌می ناو ئه‌م دراما ته‌له‌فزیۆنییه ده‌بینێت که ژنێکه له‌نێو دژوارییه‌کانی رابردوو و ئێستادا تێدا ماوه. مونا شه‌له‌بی رۆڵی نه‌وه‌ی سێهه‌م ده‌بینێت، که کچێکه له داب‌و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگا یاخی ده‌بێت.
درامای "دار‌ت الا‌یام" که دیمه‌نه‌کانی له غه‌رده‌قه و ئه‌سکه‌نده‌ریه و پاریس تۆمارکراوه، جارێکی تر فاتن حه‌مامه ده‌هێنێته‌وه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن پاش دوایین ده‌رکه‌وتنی له درامای "و‌جه القمر" (رووی مانگ) له ساڵی 2000 دا.
ده‌کرێت ئه‌م دراما ته‌له‌فزیۆنییه دووباره فاتن حه‌مامه کۆبکاته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ی هونه‌ری به‌ناوبانگ عومه‌ر شه‌ریف که‌مێردی پێشووی فاتن حه‌مامه‌یه و له‌وانه‌یه به‌شداریبکات له دراماکه. درامای "دار‌ت الا‌یام" ده‌بێت به‌یه‌که‌م به‌رهه‌م که جارێکی تر ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده به‌یه‌که‌وه کۆبکاته‌وه پاش دوایین کاری هاوبه‌شیان که فیلمی سینه‌مایی "نه‌هر الحب" (روباری خۆشه‌ویستی) بوو و له‌ساڵی 1961 دا نمایشکراوه، به ماوه‌یه‌کی که‌م دوای یه‌که‌م ده‌رکه‌وتنی عومه‌ر شه‌ریف له سینه‌مای جیهانیدا.
رۆڵی فاتن حه‌مامه له‌م دراما نوێیه‌دا به‌قۆناغێکی تری کاری هونه‌ری ده‌ژمێررێت. "خانمی شاشه‌ی عه‌ره‌بی" ته‌مه‌ن 77 ساڵ له‌م دوایییه‌دا خه‌ڵاتی رێزلێنانی پێدرا له‌لایه‌ن شه‌شه‌مین ڤیستیڤاڵی دوبه‌ی سینه‌مایی نێوده‌وڵه‌تی که له 9-16 کانونی یه‌که‌م به‌ڕیوه‌چوو.
به‌پێچه‌وانه‌ی رێوڕه‌سمی ڤیستیڤاڵه‌که‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ی له دوبه‌ی خه‌ڵات بکرێت، خه‌ڵاته‌که نێررا بۆ ماڵی فاتن حه‌مامه له قاهیره. ئه‌م خه‌ڵاته بریتی بوو له هێمای پێزانینی ڤیستیڤاڵه‌که بۆ به‌شداریکردنی به‌هاداری هونه‌رمه‌ند له‌سینه‌مای میسری و هه‌وڵ و ته‌قه‌لای بێ وچانی له‌پته‌وکردنی پێگه‌ی ئافره‌تان له سینه‌مای عه‌ره‌بیدا.
به‌درێژایی رێڕه‌وی هونه‌ری فاتن حه‌مامه له‌سینه‌مادا، چه‌نده‌ها ڕۆڵی به‌رچاوی بینیوه له ژۆنره‌ی میلۆدراما و مێژوویی و کۆمێدی. هونه‌رمه‌ند به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تیش به رۆڵه رۆمانسییه به‌ناوبانگه‌کانی ده‌ناسرێته‌وه.
له‌هه‌گبه‌ی هونه‌رمه‌ند فاتن حه‌مامه‌دا نزیکه‌ی 100 فیلمی سینه‌مایی و درامای ته‌له‌فزیۆنی و چه‌ندین خه‌ڵاتی هونه‌ری هه‌یه. یه‌که‌م ده‌رکه‌وتنی له‌سه‌ر شاشه‌ی سینه‌ما له فیلمی "یوم سعید" (رۆژێکی خۆش) دا بوو، ئه‌وکاته ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵان بوو و دواترین فیلمیشی له‌ساڵی 1993 دا به‌رهه‌مهێنرا به ناو‌ی "ارض الاحلام" (خاکی خه‌ونه‌کان).
به‌درێژایی ساڵانی ته‌مه‌نی هونه‌ری وه‌ك ئه‌کته‌رێك، فاتن حه‌مامه ستایشکراوه له‌سه‌ر ئه‌دای بێهاوتای له زۆرێك له فیلمه‌کاندا. یه‌کێك له رۆڵه هه‌ره‌گرنگه‌کانی له فیلمی "دعاء الکروان" که له‌ساڵی 1959 دا به‌رهه‌مهێنراوه و هونه‌رمه‌ند تێیدا رۆڵی ئافره‌تێکی گه‌نج ده‌بینێت ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی براکه‌ی بسێنێت که‌به‌ده‌ستی مامی کوژراوه. ئه‌م فیلمه به یه‌کێك له فیلمه هه‌ره نایابه‌کانی فاتن حه‌مامه ده‌ژمێررێت له‌مێژووی سینه‌مای میسریدا.
فیلمی "نه‌هر الحب" یش بیرۆکه‌ی چیرۆکه‌که له "ئانا کارنینا" وه وه‌رگیراوه که‌شاکاری نوسه‌ر لیۆ تۆڵستۆییه، ئه‌مه‌ش به‌رهه‌مێکی له‌بیرنه‌کراوی فاتن حه‌مامه‌یه که بینه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانیشی وه‌ك یه‌ك سه‌رسام کردووه.
ساڵی 1954، فاتن حه‌مامه له‌گه‌ڵ میشێل شه‌لهوب، که‌ئه‌کته‌رێکی لوبنانی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك میسرییه یه‌که‌م فیلمی سینه‌مایی هاوبه‌شیان ده‌رکرد به‌ناوی "صراع فی الوادی" (ململانێیه‌ك له دۆڵه‌که‌دا). ئه‌م فیلمه له ده‌رهێنانی یوسف شاهین بوو. به‌ماوه‌یه‌کی کورت پاش ئه‌م کاره هونه‌رییه ئه‌کته‌ری گه‌نج میشێل شه‌لهوب ناو‌ی خۆی گۆڕی بۆ عومه‌ر شه‌ریف و له‌ساڵی 1955 دا بوو به موسڵمان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌ستێره‌ی تازه پێگه‌یشتوو بخوازێت پاش ئه‌وه‌ی له‌کاتی وێنه‌گرتنی فیلمه‌که‌دا خۆشه‌ویستی له‌نێوانیاندا دروستبوو.
عومه‌ر شه‌ریف له‌ساڵی 1962 دا له سینه‌مای جیهانیدا ده‌رکه‌وت و له‌ساڵی 1974 دا له فاتن حه‌مامه جیا بۆوه.
به‌درێژایی ساڵانی حه‌فتاکان و هه‌شتاکان، فاتن حه‌مامه باشترین رۆڵی سینه‌مایی گێڕا، بۆ نمونه فیلمی "ا‌لخیط ا‌لر‌فیع" (ده‌زوویه‌کی باریك) ساڵی 1971، "امبراطوریة میم" له ساڵی 1972، "ا‌فواه و ا‌رانب" ساڵی 1977، هه‌روه‌ها "یوم مر و یوم حلو" (رۆژانی تاڵ و شیرین) ساڵی 1988.
وێنه: [فایل] ده‌کرێت جارێکی تر فاتن حه‌مامه و عومه‌ر شه‌ریف به‌یه‌که‌وه بێنه‌وه سه‌ر شاشه؟
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه















سه‌رنجی خوێنه‌ران