
مێلیسا دڵنیا نییه له‌وه‌ی جارێکی تر له‌گه‌ڵ عه‌مرو دیاب یه‌کبکه‌ون.
نوهاد تۆپالیان له به‌یروت – 8/2/2010
بۆ سایتی مه‌وتنی
له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی ناوبانگ به یه‌که‌مین دوو ئه‌لبومی، "بدي منک" و "مفکر حالک من"، و سێیه‌م ئه‌لبومی که به‌م زوانه بڵاوده‌بێته‌وه، گۆرانیبێژی لوبنانی مێلیسا له‌سه‌ر رێچکه‌ی به‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانێتی. حه‌وت کلیپ و چه‌ند گۆرانییه‌کی دوو که‌سی (دوێت)ی هه‌یه له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژانی نێوده‌وڵه‌تی، وه‌ك دکتۆر ئاڵبان و ئاکۆن. ئێستا، داواکاریی بۆ چه‌ند گۆرانیه‌کی دوو که‌سی راگرتووه و ته‌رکیزده‌کاته سه‌ر کاره سۆڵۆکانی خۆی.
مێلیسا باسی پلانه‌کانی ئێستای و ئاینده‌ی کرد بۆ مه‌وتنی.
مه‌وتنی: باسی پڕۆژه‌که‌ی ئێستاتمان بۆ بکه.
مێلیسا: ئێستا کار له‌سه‌ر سێیه‌م ئه‌لبومم ده‌که‌م، که له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د یه‌حیا و محه‌ممه‌د رافیعی و ئه‌حمه‌د ره‌زا کارم له‌سه‌ر کردوه. هه‌روه‌ها، ئه‌لبومه نوێیه‌که چه‌ند ئاوازێکی شێوه تورکی و یۆنانی تێدایه. به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌لبومه‌که کاری گۆرانینوس و ئاوازدانه‌ر محه‌ممه‌د رافیعییه .
تا ئێستا، ئه‌لبومه‌که هه‌شت گۆرانی به شێوه‌زاری لوبنانی و میسری له‌خۆده‌گرێت. دڵنیانییم له‌وه‌ی ئاخۆ گۆرانی تری ده‌خه‌مه سه‌ر. بێگومان ئه‌گه‌ر شتێكی جوان بێته پێش، ده‌یخه‌مه ناو ئه‌لبومه‌که‌وه.
مه‌وتنی: که‌ی ئه‌لبومه‌که بڵاوده‌کرێته‌وه؟ ئایا پێش ئه‌وه به شێوه‌ی تاک گۆرانی بڵاوده‌که‌یته‌وه؟
مێلیسا: دوایین ده‌سکارییه‌کانی گۆرانی " أنا عشقاك،"م ته‌واو کردوه، که جان سه‌لیبا ئاوازی بۆ داناوه و جان-ماری ریاشی دابه‌شیکردوه. به‌ڵام تا ئێستا ده‌رهێنه‌رێکم هه‌ڵنه‌بژاردوه بۆ وێنه‌گرتنی کلیپه‌که.
مه‌وتنی: پلانت هه‌یه بۆ وتنی گۆرانی دوو که‌سی تر؟
مێلیسا: چه‌ند داواکارییه‌م پێگه‌یشتوه بۆ گۆرانی دوانی له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا، به‌ڵام من په‌له‌م نیه چونکه به راستی ده‌مه‌وێت له‌م کاته‌دا گۆرانی به ته‌نها بڵاوبکه‌مه‌وه. خۆم ئاماده‌ده‌کرد بۆ گۆرانیه‌کی دوانی که وا بڕیار بوو له ئایاری ئه‌مساڵدا بڵاوبکرێته‌وه، به‌ڵام دوام خست تا کۆتایی ساڵ تا ته‌رکیزبکه‌مه سه‌ر ئه‌لبومه‌که‌م.
مه‌وتنی: دیاره حه‌زت لێیه گۆرانی دوانی له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بڵێیت، ئه‌ی عه‌ره‌به‌کان؟
مێلیسا: به راستی رێگرییم نییه. به‌ڵام هه‌موو جارێک هه‌ر وا رێک ده‌که‌وێت له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژی جیهانی گۆرانی بڵێم. پێده‌چێت له چاره‌م نوسرا بێت له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان گۆرانی بڵێم.
مه‌وتنی: ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه زیاتر حه‌زت له ئاستی نێوده‌وڵه‌تییه؟
مێلیسا: به نێوده‌وڵه‌تیبون ده‌بێته مایه‌ی زیادکردنی ناوبانگم. گۆرانی وتن له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌رگاکان به روومدا ده‌کاته‌وه.
مه‌وتنی؛ بۆ نمونه، ده‌رگای نواندن؟
مێلیسا: ئه‌مه هیوای منه. پێموایه من ئه‌و خه‌ونه به‌دیده‌هێنم، بۆیه هه‌ر به خه‌ونی نامێنێته‌وه.
مه‌وتنی: پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له سازکردنی ئاهه‌نگه‌که‌ت له‌گه‌ڵ عه‌مرو دییاب له به‌یروت له سه‌ری ساڵی نوێ‌دا، هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه. ئه‌مه چۆن کاری تێکردیت؟
مێلیسا: نهێنی تێدا نییه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌که کاری تێ‌کردم، به‌ڵام چیم له‌ده‌ستدێت؟ پێموایه ئه‌وه هه‌مووی خۆوبه‌خته. هه‌واڵه‌که دڵته‌نگی کردم، به تایبه‌تی که ئاهه‌نگ گێڕان بوو به بۆنه‌ی ساڵی نوێوه. هه‌رچۆنێک بێت، شتی وا روده‌دات. له سه‌ره‌تادا دڵته‌نگ ده‌بیت، به‌ڵام دوایی به‌رده‌وام ده‌بیت و شته‌کان وه‌ك خۆیان لێ دێته‌وه.
مه‌وتنی: ئایا جارێکی تر هه‌وڵ ده‌ده‌یت له‌گه‌ڵ عه‌مرو دیاب پێکه‌وه گۆرانی بڵێن؟
مێلیسا: نازانم. کات بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌دات. ئاشکرایه عه‌مرو دیاب هونه‌رمه‌ندی ژماره یه‌که له جیهانی عه‌ره‌بدا.
وێنه: مێلیسا دڵنیا نییه له‌وه‌ی جارێکی تر له‌گه‌ڵ عه‌مرو دیاب یه‌کبکه‌ون.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه















سه‌رنجی خوێنه‌ران