
[سه‌یف ئه‌حمه‌د] منداڵانی ئه‌نبار به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی ده‌ستپێکردنی یه‌که‌م نمایش ده‌که‌ن.
سه‌یف ئه‌حمه‌د له ئه‌نبار – 13/2/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
منداڵانی فه‌لوجه به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی کردنه‌وه‌ی یه‌که‌م شانۆی بوکه‌ڵه ده‌که‌ن له ئه‌نبار.
به هاوکاری کۆڕبه‌ندی شانۆی جدی، هونه‌رمه‌ند مه‌لاز ئیسماعیل به پاره‌ی خۆی شانۆیه‌کی دروستکرد.
له چاوپێکه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ مه‌وتنی، مه‌لاز وتی بنیاتنانی شانۆی بوکه‌ڵه له‌و کاته‌وه‌ی منداڵ بووه له خولیایدا بووه، کاتێك له ته‌له‌فزیۆندا به‌رنامه‌ی بوکه‌ڵه و ئه‌وانه‌ی ده‌بینی که ده‌یانجوڵاندن.
مه‌لاز وتی " له‌به‌رئه‌وه‌ی ساڵانی 1980هیچ بایه‌خێك نه‌ده‌درا به بواری په‌روه‌رده‌یی یان فه‌رهه‌نگی له پارێزگاکاندا له‌روی هێنانی هۆیه‌کانی کات به‌سه‌ربردن بۆ منداڵان، بۆیه، شانۆی بوکه‌ڵه‌مان نه‌بوو. به‌ڵام، ئه‌م شتانه هه‌ر له مێشکمدا مابونه‌وه و تا ئێستاش له‌بیرمن."
دوای ئه‌وه‌ی چووه ریزه‌کانی کۆڕبه‌ندی شانۆی جدییه‌وه له فه‌لوجه، مه‌لاز سه‌رنجیدا که شانۆی بوکه‌ڵه له عێراق له‌بیرکراوه. بۆیه بڕیاریدا ده‌ستپێشخه‌ریه‌ک بکات و یه‌که‌م شانۆی بوکه‌ڵه له پارێزگای ئه‌نبار دروستبکات.
مه‌لاز وتی "بڕیارمدا بیرۆکه‌که به شێوه‌یه‌کی مۆدێرن و خۆش و به چێژی ئه‌وتۆ دروست بکه‌مه‌وه که به گوێره‌ی ته‌مه‌نی منداڵه‌کان، له‌گه‌ڵیان قسه‌بکات."
مه‌لاز، که کارمه‌ندێکی وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی عێراقه، چاوه‌ڕێی کرد تا موچه‌که‌ی وه‌رگرت، ئینجا ده‌ستبه‌جێ خۆی گه‌یانده لای برایه‌کی که ئاسنگه‌ره.
داوای له براکه‌ی کرد ته‌خته‌یه‌کی شانۆی بچوکی بۆ دروست بکات، 2.2 مه‌تر به‌رز و 1.75 مه‌تر پان. 130,000 دیناری تێچوو.
مه‌لاز وتی "ئه‌مه خه‌ونی خۆمه و ده‌مه‌وێت خۆم بیهێنمه دی."
هه‌ر که ته‌خته‌ی شانۆکه ته‌واو بوو، مه‌لاز خۆی گه‌یانده بازاڕ و 30 بوکه‌ڵه‌ی کۆنی کڕی.
"هه‌رچه‌نده براده‌ره‌کانم به بیرۆکه‌که سه‌رسام بوون، به‌ڵام پێموتن رۆژێك دێت له پارێزگاکه‌دا شانۆی بوکه‌ڵه‌ی لێ ده‌بێت."
مه‌لاز شانۆکه‌ی گواسته‌وه بۆ باخچه‌یه‌کی ساوایان له فه‌لوجه.
مه‌لاز وتی "ئێمه ئاهه‌نگێك له باخچه‌که ده‌گێڕین و چه‌ند شانۆگه‌رییه‌کی منداڵان پێشکه‌شده‌که‌ین که له نوسینی به‌ڕێز عه‌بدولحه‌مید ئه‌لجبوری و خۆمه، هه‌روه‌ها چه‌ند چیرۆکێكی منداڵان پێشکه‌شده‌که‌ین."
هونه‌رمه‌ند عه‌قاب حه‌مدی، سه‌رۆکی کۆڕبه‌ندی شانۆی جدی له فه‌لوجه، وتی پڕۆژه‌که هۆیه‌کی ته‌رفیهی بۆ منداڵانی پارێزگاکه جێبه‌جێده‌کات که زۆر پێویستیان پێیه‌تی.
عه‌قاب وتی "ئه‌وه‌ی له شاره‌که‌دا پێشکه‌ش به منداڵان ده‌کرێت زۆر که‌متره له‌وه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بی تر و بیانی پێشکه‌ش به منداڵان ده‌کرێت له روی چاودێری و بایه‌خپێدانه‌وه، به‌تایبه‌تی له بواره‌کانی په‌یوه‌ست به کات به‌سه‌ربردن و دۆزینه‌وه‌ی به‌هره‌ی منداڵاندا."
هه‌روه‌ها وتی "داهێنانی هونه‌رمه‌ندانی عێراق رانه‌وه‌ستاوه. بۆیه، ئیسماعیل ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ی شانۆی بوکه‌ڵه‌ی بۆ هات، که یه‌کێكه له شته گرنگه‌کان بۆ رۆشنبیریی منداڵان."
مه‌لاز وتی ده‌یه‌وێت شانۆیه‌کی تری گه‌ڕۆک دروست بکات "تا له قوتابخانه‌ی گوند و دێهاته نزیکه‌کانی شاره‌که‌م نمایش پێشکه‌ش بکه‌م. هیوادارم خه‌ڵکانی رۆشنبیر و هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێده‌ده‌ن به سه‌رده‌می منداڵیی پشت به تواناکانی خۆیان ببه‌ستن بۆ پێشکه‌شکردنی شتێک به منداڵان که دڵیان خۆشبکات."
مامۆستایانی فه‌لوجه وتیان شانۆکه ده‌رفه‌تێکی باش و دڵخۆشکه‌ره بۆ منداڵان.
غانم ره‌جه‌ب، مامۆستایه‌ک له فه‌لوجه، وتی "ئه‌گه‌رچی بیرۆکه‌ی شانۆی بوکه‌ڵه بیرۆکه‌یه‌کی ساده‌یه، به‌ڵام مانایه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه و منداڵان کاتێکی خۆش به‌سه‌رده‌به‌ن به هۆیه‌وه. هه‌روه‌ها ئامرازێکی فێرکارییه بۆ رونکردنه‌وه و ناسینه‌وه‌ی ناوی ئه‌و ئاژه‌ڵ و که‌سایه‌تییانه‌ی رۆڵ له‌و دیمه‌نانه‌دا ده‌بینن که هونه‌رمه‌ندان پێشکه‌شی ده‌که‌ن."
نه‌هله سه‌لام، مامۆستایه‌کی باخچه‌ی ساوایان له ره‌مادی، وتی منداڵان به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی ده‌ستپێکردنی شانۆگه‌رییه‌کانی بوكه‌ڵه‌کانیان ده‌کرد "وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌رگیز پێشتر فیلم کارتۆنیان نه‌دیبێت."
وێنه: [سه‌یف ئه‌حمه‌د] منداڵانی ئه‌نبار به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی ده‌ستپێکردنی یه‌که‌م نمایش ده‌که‌ن.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران