
[زیکرا تۆفیق] حه‌یده‌ر مونعه‌سر کار له‌سه‌ر ئۆپرای سنمار ده‌کات له‌گه‌ڵ رائید جۆرج.
چاوپێکه‌وتن له لایه‌ن زیکرا تۆفیق له به‌غدا – 14/3/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
له 2009، له یه‌که‌م به‌رهه‌مهێنانی سینه‌ماییدا ده‌رکه‌وت، "کارانتینا" له ده‌رهێنانی عوده‌ی ره‌شید.
مه‌وتنی چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر مونعه‌سر کرد سه‌باره‌ت به کارنامه‌ی پیشه‌یی.
مه‌وتنی: چۆن هونه‌رت وه‌ک پیشه‌یه‌ک هه‌ڵبژارد؟
حه‌یده‌ر مونعه‌سر: ناتوانم بڵێم به‌هره‌دار بووم و له شانۆگه‌رییه‌کانی قوتابخانه‌دا به‌شداریم ده‌کرد. به پێچه‌وانه‌وه، ره‌نگه بڕوا نه‌که‌یت، به‌ڵام من زۆر شه‌رمن بووم، و ئێستاش هه‌ر وام، خۆم له چاوی میوانه‌کانمان ده‌شارده‌وه - ته‌نانه‌ت له خزمه‌کانیشمان.
بۆیه، بڕیارمدا بچمه په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌کان، و به تایبه‌تیش به‌شی شانۆ، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌و به‌شه‌ی خۆم بکه‌مه‌وه. کاتێک داواکاریم بۆ په‌یمانگه پێشکه‌ش کرد و باوکم پێی زانی، دڵی بۆم لێده‌دا - دڵنیا بوو شکست ده‌هێنم و دڵنیا بوو له‌وه‌ی شتێکم هه‌ڵبژاردووه که به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ سروشتی مندا ناگونجێت. بڕوای نه‌ده‌کرد من بچمه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و له‌به‌رچاوی جه‌ماوه‌ر نمایش بکه‌م. بۆیه، سه‌رسام بوو به سه‌رکه‌وتنم.
مه‌وتنی: ماوه‌یه‌که له ته‌له‌فزیۆن ده‌رناکه‌ویت، بۆچی؟
حه‌یده‌ر: زنجیره‌یه‌کی ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌وتۆم نه‌خراوه‌ته پێش که جێ په‌نجه له‌سه‌ر بینه‌ران جێهێڵێت. سه‌یری ئه‌و ژماره زۆره‌ی زنجیره‌کان بکه که له که‌ناڵه سه‌ته‌لایته‌کان لێده‌درێن و ده‌بینیت ته‌نها یه‌کێکیان یان دوانیان به‌رهه‌می نایابن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، حه‌زم له‌و بیرۆکه‌یه نییه چه‌ند مانگێك سه‌رف بکه‌یت له سوریا بۆ وێنه‌گرتنی زنجیره‌یه‌ک، وه‌ک زۆربه‌ی زنجیره عێراقییه‌کان له‌وێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێن.
مه‌وتنی: گرنگترین روداوه‌کانی ژیانت کامانه‌ن؟
حه‌یده‌ر: ده‌سپێکم له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌کان گرنگ بوو. به‌شداریم له شانۆگه‌رییه‌کدا کرد به ناوی "لمن الزهور" له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عه‌واتف نه‌عیم. شانۆگه‌رییه‌که به‌شداری له فیستیڤاڵی شانۆی به‌غدا کرد له 1985.
بۆ نامه‌ی ده‌رچوونی په‌یمانگه‌که، شانۆگه‌ری "سور الصین" م له 1986 ده‌رهێنا، که ته‌نها بۆ یه‌ک رۆژ پێشکه‌ش کرا و ئنجا قه‌ده‌غه کرا چونکه باسی دیکاتۆریه‌تی ده‌کرد له چه‌ند سه‌رده‌مێکدا. ئه‌وسا، خوالێخۆشبوو هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم جه‌لال سه‌باره‌ت به شانۆگه‌رییه‌که وتی، "من دڵنیام له ئایینده‌ی شانۆی عێراقی چونکه حه‌یده‌ر مونعه‌سری تیایه
له 1996، وه‌ک ده‌رهێنه‌ر و ئه‌کته‌ر له "ملک زمان" کارم کرد. جێی سه‌رسامی بوو بۆ جه‌ماوه‌ری عێراقی که رۆڵێکی کۆمێدی ببینم. ئه‌و شانۆگه‌رییه وه‌رچه‌رخانێکی دروستکرد له شانۆی عێراقیدا له‌و سه‌رده‌مه‌دا، و بۆ ماوه‌ی زیاتر له یه‌ک ساڵ به‌رده‌وام پێشکه‌شکرا.
یه‌که‌م که‌س بووم به‌رنامه‌ی ئێواران بگه‌ڕێنمه‌وه بۆ شانۆی نیشتمانی دوای 2003، کاتێك "جیب الملک جیبه"مان له 2008 پێشکه‌ش کرد. ئه‌گه‌رچی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو له نزیک شانۆکه ته‌قێندرایه‌وه له یه‌که‌م رۆژی پێشکه‌شکردنیدا، و بووه مایه‌ی ڕمانی بنمیچی دووه‌مین، به‌ڵام به‌رده‌وام بووین له شانۆگه‌رییه‌که و جه‌ماوه‌ره‌که‌ش به‌رده‌وام بوون له هاتن بۆ بینینی.
مه‌وتنی: له ئێستادا کار له‌سه‌ر چ پرۆژه‌یه‌ک ده‌که‌یت؟
حه‌یده‌ر: به‌رده‌وامین له راهێنان له‌سه‌ر شانۆگه‌رییه‌ک به ناوی "ارتجال اربوکاکی" له ده‌رهێنانی مه‌یمون ئه‌لخالیدی. شانۆگه‌رییه‌که وه‌ك به‌شێک له فیستیڤاڵی کۆڕبه‌ندی شانۆ له به‌غدا له کۆتایی ئه‌م مانگه‌دا پێشکه‌ش ده‌کرێت.
هه‌روه‌ها له پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌دا به‌شدارم بۆ به‌رهه‌مهێنانی یه‌که‌م ئۆپرای عێراقی که هونه‌رمه‌ندی داهێنه‌ر رائید جۆرج موزیکه‌که‌ی داده‌نێت. بابه‌تی ئۆپراکه له چیرۆکێک له مێژووی شارستانییه‌تی عێراقه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، که بریتییه له سه‌رگوزه‌شته‌ی سنمار، ئه‌و ته‌لارسازه‌ی کۆشکی پاشا نو‌عمان ئیبن ئه‌لمونزیری بنیات ناوه. دوای ئه‌وه‌ی کۆشکه‌که‌ی ته‌واو کرد، نهێنی خشتێکی نهێنی بۆ پاشا درکاند که ئه‌گه‌ر بێتوو له شوێنی خۆی لاببرێت ئه‌وسا بینایه‌که ده‌ڕمێت. بۆیه، پاشا له کۆشکه‌که‌وه فڕێی دایه خواره‌وه و کوشتی دوای ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێت نهێنی لای دوو که‌س پارێزگاری لێناکرێت.
ئه‌و شته‌ی دوامان ده‌خات له ده‌ستکردن به به‌رهه‌مهێنانه‌کییه بریته له بودجه‌ی پێویست بۆ ئۆپراکه، که ده‌گاته 200,000 دۆلار. ئێمه له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێکدا په‌یوه‌ندیمان کردووه بۆ پشتگیریکردنی نمایشه‌که.
وێنه: [زیکرا تۆفیق] حه‌یده‌ر مونعه‌سر کار له‌سه‌ر ئۆپرای سنمار ده‌کات له‌گه‌ڵ رائید جۆرج.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران