
[فایل] ره‌نده ئه‌سمه‌ر به یه‌کێك له باشترین ژنه ئه‌کته‌ره‌کانی لوبنان ناوده‌برێت.
نوهاد تۆپالیان له به‌یروت – 19/3/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
ره‌خنه‌گران له لوبنان و سه‌رانسه‌ری وڵاتانی عه‌ره‌بی ژنه ئه‌کته‌ری لوبنانی ره‌نده ئه‌سمه‌ر به یه‌کێك له باشترین دۆزینه‌وه‌کانی سه‌ر شانۆی لوبنانی وه‌سف ده‌که‌ن. ئه‌م ئه‌کته‌ره چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ست هێناوه، له‌وانه خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری ژن ساڵی 1986 له به‌غدا؛ هه‌روه‌ها له چه‌ندین شانۆگه‌ری و درامای ته‌له‌فزیۆنی و فیلم‌دا ده‌وری بینیوه.
ئه‌مڕۆ، ره‌نده له سه‌ر شانۆی بابل "ڤیڤا لا دیڤا" نمایش ده‌کات، ئه‌مه‌ش شانۆگه‌رییه‌که باس له ژنه ئه‌کته‌رێك ده‌کات. ئه‌م کاره له نوسینی هودا به‌ره‌کات و ده‌رهێنانی نه‌بیل ئه‌لئه‌زه‌نه.
مه‌وتنی: ده‌توانیت ده‌رباره‌ی "ڤیڤا لا دیڤا" بۆمان بدوێیت و رۆڵت له‌م شانۆگه‌رییه‌دا چیه؟
ره‌نده ئه‌سمه‌ر: له‌راستیدا، من له "ڤیڤا لا دیڤا" دا دوو رۆڵ ده‌بینم له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شه جیاوازه‌کانی ده‌قه‌که تێهه‌ڵکێشی یه‌کترین. شانۆگه‌ریه‌که له بارودخێکه‌وه ده‌ڕوات بۆ بارودۆخێکی تر؛ له ئه‌ندێشه‌وه بۆ بیره‌وه‌ری و هیواو سۆزه‌کانی ناو ئه‌م جیهانه شێواوه‌ی که تێیدا ده‌ژین.
مه‌وتنی: تۆ له‌م شانۆگه‌رییه‌دا رۆڵی ژنه ئه‌کته‌رێك ده‌بینیت که سه‌رده‌مێك به‌ناوبانگ بووه. ئایا ئه‌م رۆڵه ئاسان بوو به‌لاته‌وه؟
ره‌نده ئه‌سمه‌ر: هه‌رگیز ئاسان نه‌بوو. ئه‌مه رۆڵێکی قورسه له‌به‌رئه‌وه‌ی من ژنه ئه‌کته‌رێکم رۆڵی ژنه ئه‌کته‌رێکی تر ده‌بینم. ده‌بێت رۆڵ و پیشه‌که‌ی ئه‌و به‌رجه‌سته بکه‌م. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ته‌مه‌نمان جیاوازه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و له سه‌رده‌مێکی تردا ژیاوه و واقیعه‌که‌ی له‌وه‌ی من جیاوازه. به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که ئێمه‌ی ئه‌کته‌ر به‌هه‌مان ئه‌و پشێویه‌دا تێپه‌ڕنه‌بووبین که ئه‌و ئه‌کته‌ره‌ی پێدا تێپه‌ڕیوه. ئه‌م ئه‌کته‌ره مرۆڤێكه له‌نێوان دوو حاڵه‌تدا ونبووه؛ خودی راسته‌قینه‌ی خۆی و خوده ناراسته‌قینه‌که‌ی. به‌کورتی، من رۆڵی ژنه ئه‌کته‌رێك ده‌بینم له وڕێنه‌دا ده‌ژی.
مه‌وتنی: ساڵانی دوایی ژیانی ئه‌م کاره‌کته‌ره گوزارشته له هه‌مومان، به ئه‌کته‌ره‌کانیشه‌وه. ئایا هیچ هه‌ستێکی له جۆری ئه‌م کاره‌کته‌ره، له‌و قۆناغه‌ی ژیاندا و له قۆناغی داهاتوی کاره‌کانتدا وه‌ك ژنه ئه‌کته‌رێك له‌ناختدا دروست نه‌بووه؟
ره‌نده ئه‌سمه‌ر: ته‌مه‌ن کاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو که‌سێك هه‌یه. کات گرنگه به‌لامه‌وه. له‌گه‌ڵ چوونه ته‌مه‌ندا، ترس و دڵه‌ڕاوکێمان زیادده‌کات. ئیتر هه‌وڵی راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌کانی ژیانمان ده‌ده‌ین و به‌دوای ئارامی ناخماندا ده‌گه‌ڕێین. ئه‌مه ترسێکه له ناخی هه‌موو مرۆڤێکدا هه‌یه و ده‌یخاته به‌رده‌م پرسیارگه‌لێکه‌وه سه‌باره‌ت به ژیان، بۆ نمونه ئایا به‌ره‌و کوێ ده‌ڕۆین، به تایبه‌تی له وڵاتێکی وه‌ك لوبناندا.
مه‌وتنی: ئه‌م شانۆگه‌رییه روبه‌روی واقیعی پڕ له ناسۆری ژیانی له‌بیرکراو و پشتگوێخراوی ئه‌کته‌ری لوبنانی ده‌بێته‌وه.
ره‌نده ئه‌سمه‌ر: ژنه لوبنانی ناودار رینیه دیك که شانۆگه‌ریه‌که‌ی بینی ده‌ستیکرد به گریان. فرمێسکه‌کانی رینیه به‌ڵگه بوون له‌سه‌ر ئه‌و واقیعه‌ی ئه‌کته‌ره لوبنانیه‌کانی پێدا تێپه‌ڕده‌بن.
مه‌وتنی: ئایا له‌و رۆژه ناترسیت که که‌سێك نه‌بێت بتناسێته‌وه؟
ره‌نده ئه‌سمه‌ر: ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش پێویست ناکات خه‌ڵك بمانناسێته‌وه. به‌نیسبه‌ت خۆمه‌وه، هیچ ترسم له‌وه نیه بکه‌ومه خانه‌ی له‌بیرکراوانه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌رشیفێکی ده‌وڵه‌مه‌ند له فیلمی سینه‌مایی و زنجیره دراما و وێنه و وتارم له‌دوای خۆم به‌جێهێشتوه. ئاسان نیه بۆ که‌سێك منی ناسیبێت له‌بیرم بکات.
مه‌وتنی: له‌دوای "ڤیڤا لا دیڤا"، به‌رهه‌می داهاتوت چی ده‌بێت؟
ره‌نده ئه‌سمه‌ر: حاڵی حازر، من به قوڵی ئاوێته‌ی "ڤیڤا لا دیڤا" بووم. ئه‌مه گرنگترین پڕۆژه‌یه به‌لامه‌وه. پاش ئه‌وه‌ی نمایشه‌کانی لوبنان ته‌واوده‌که‌ین، گه‌شتێك ده‌که‌ین به وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان و فه‌ڕه‌نسادا بۆ نمایش‌کردنی ئه‌م شانۆگه‌رییه. ئێستا به ته‌واوی له شانۆگه‌ریه‌که‌دا قاڵ بووم. هه‌ر دوو ساڵ جارێك به‌رهه‌مێك ئاماده‌ده‌که‌م، هۆی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ئاماده‌کارییه‌کان کاتێکی زۆری پێویسته و ده‌شیت ساڵێکی ره‌به‌ق بخایه‌نێت.
مه‌وتنی: ئایا به بارودۆخی ئه‌کته‌ره لوبنانیه‌کان رازیت؟
مه‌وتنی: نه‌خێر، به تایبه‌تی له‌بواری به‌رهه‌می ناوخۆدا. ده‌بوایه له بواری نواندندا ئاماده‌بونێکی زیاتریان هه‌بوایه. ئه‌م ئه‌کته‌رانه شایانی ژیانێکی پایه‌داری پڕ له رێز و ستانداردێکی شایسته‌ن. کاتێك بیر له‌و ئه‌کته‌رانه‌ی پێش خۆمان ده‌که‌مه‌وه و ئه‌و شاکارانه دێنمه‌وه به‌رچاو که پێشکه‌شیان کردوه و دوور بوون له کاری بازرگانی، بۆم ده‌رده‌که‌وێت که به پارسه‌نگی کاره‌کانیان پاداشت نه‌کراون. ئه‌وانه که‌سانێکی گرنگ و مه‌زن بوون و پێویسته په‌یکه‌ریان بۆ دروست بکه‌ین.
وێنه: [فایل] ره‌نده ئه‌سمه‌ر به یه‌کێك له باشترین ژنه ئه‌کته‌ره‌کانی لوبنان ناوده‌برێت.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران