
[ئه‌رشیف] ژنه ئه‌کته‌ر مه‌ی حه‌ریری ده‌بێته روخساری نوێی پێشبڕکێی فۆرمیوله وه‌ن که مانگی نیسان له پورتوگال ئه‌نجام ده‌درێت.
نوهاد تۆپالیان له به‌یروت – 2/4/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
پاش ئه‌وه‌ی جارێکی تر چاودێری سارای کچی به‌ده‌ستهێنایه‌وه و زه‌مانه‌تی وه‌رگرت سه‌باره‌ت به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری دادگا بۆ به‌ندکردنی، مه‌ی حه‌ریری گه‌ڕایه‌وه بۆ لوبنان. ئه‌مجاره مه‌ی روخسارێکی نوێ ده‌بێت له ریکلامی پێشبڕکێی ئوتومبیلی ناسراو به فۆرمیوله وه‌ن و به‌م پێیه مانگی نیسان ده‌چیت بۆ پورتوگال بۆ به‌شداریکردن له‌و بۆنه‌یه‌دا.
له یه‌که‌م چاوپێکه‌وتنیدا له‌گه‌ڵ مه‌وتنی، مه‌ی حه‌ریری دواترین هه‌واڵی خۆی و ئه‌و ساته سه‌ختانه‌ی پێیدا تێپه‌ڕیوه به هۆی کێشه‌یه‌وه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری پێشویدا خسته‌ڕو.
مه‌وتنی: مه‌ی حه‌ریری ئێستا بووه به روخساری ریکلامی فۆرمیوله وه‌ن. ده‌کرێت له‌م باره‌یه‌وه بۆمان بدوێیت؟
مه‌ی حه‌ریری: ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر وه‌ك روخساری ریکلامی فۆرمیوله وه‌ن له جیهانی عه‌ره‌بیدا هه‌ڵبژێردرام. پاش به‌حره‌ین و قه‌ته‌ر، ئێستا له خۆئاماده‌کردندام بۆ به‌شداریکردنی ئه‌و بۆنه‌یه له مانگی نیساندا له پورتوگال. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گۆرانیه‌کی زۆر تایبه‌تم ئاماده‌کردوه به ناوی "سايبني لمين" که هۆنراوه‌ی ئه‌حمه‌د مازی و ئاواز و دابه‌شکردنی مۆسیقای له‌لایه‌ن ئو‌سینه‌وه ئه‌نجامدراوه. بڕیاره ئه‌م ڤیدیۆ کلیپه له پورتوگال له گۆڕه‌پانی پێشبڕکێکه‌دا و له کاتی بۆنه‌که‌دا تۆماربکرێت.
مه‌وتنی: پاش هه‌شت مانگ دورکه‌وتنه‌وه‌ت له لوبنان، کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیت به‌ست به‌ڵام زۆربه‌ی بابه‌ته‌کانت شه‌خسی بون زیاتر له‌وه‌ی هه‌واڵی هونه‌ری بن. مه‌به‌ست له به‌ستنی ئه‌م کۆنگره‌یه چی بوو؟
مه‌ی حه‌ریری: پێش هه‌موو شتێك، ناچاربوم بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ لوبنان به‌جێبهێڵم. من ئه‌و کۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌م به مه‌به‌ستی ستایشکردنی دادگای شه‌رعی به‌ست که چاودێرییه‌کی کاتی بۆ مسۆگه‌رکردم بۆ سارای کچم - که ته‌مه‌نی سێ ساڵ و نیوه، هه‌روه‌ها بۆ ستایشکردنی دادگای مه‌ده‌نی بوو له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌که‌ی دادگا به به‌ندکردنم بۆ ماوه‌ی دوو مانگ. هه‌رله‌و کۆنگره‌یه‌شدا، ئاماژه‌مدا به هه‌واڵه هونه‌ریه نوێکانم.
مه‌وتنی: کاتێك هه‌واڵی بڕیاری به‌ندکردنت بیست له‌کوێ بویت؟
مه‌ی حه‌ریری: چه‌ند کاتژمێرێك پێش ده‌رچونی بڕیاره‌که‌ی دادگا، من لوبنانم به‌جێهێشت و به‌ره‌وه دوبه‌ی به‌ڕێکه‌وتم. هه‌ر که گه‌یشتمه ئیمارات، له‌رێی مۆبایله‌که‌مه‌وه کورته‌نامه‌یه‌کم به‌ده‌ست گه‌یشت، نوسرابوو "ده‌ستگیرکردنی مه‌ی حه‌ریری". به‌راستی ئه‌و هه‌واڵه حه‌په‌ساندمی، بۆیه ته‌له‌فونم کرد بۆ چه‌ند که‌سێک، له‌وانه پارێزه‌ره‌که‌م. پارێزه‌ره‌که‌م دوپاتیکرده‌وه که فه‌رمانی ده‌ستگیرکردنم ده‌رچوه. له‌به‌رئه‌وه بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ له دوبه‌ی مامه‌وه، تا ئه‌و کاته‌ی کێشه‌که چاره‌سه‌رکرا.
مه‌وتنی: ئایا ئه‌و کێشه‌یه په‌یوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی چاودێری سارای کچته‌وه هه‌بوو، واته کێشه‌که‌ی نێوان ئێوه و ئوسامه شه‌عبانی هاوسه‌ری پێشوتان؟
مه‌ی حه‌ریری: به‌ڵێ. من هه‌رده‌م به‌هیوای چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه‌ی ئه‌و کێشه‌یه بووم. هه‌روه‌ك چۆن به ئاشتیانه هاوسه‌رگیریمان کرد، به ئاشتیانه‌ش جیابوینه‌وه. من هیچ هۆیه‌ك نابینم بۆ وه‌رنه‌گرتنه‌وه‌ی چاودێریکردنی کچه‌که‌م. سه‌رجه‌م یاسا ئاسمانیه‌کان، هه‌روه‌ك له قورئان و ئینجیل‌دا ها‌تون، هه‌روه‌ها یاسا مه‌ده‌نیه‌کانیش، ئه‌مانه هه‌مووی مافی دایك بۆ گرتنه‌ده‌ستی چاودێری منداڵ دوپات ده‌که‌نه‌وه. به‌ڵام کێشه‌که ململانێی تێکه‌وت. منیش وه‌ك دایكێك، ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌که‌م له‌پێش هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌که‌وه بێت.
مه‌وتنی: کێشه‌که‌ت به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر بووه؟
مه‌ی حه‌ریری: نه‌خێر، به‌ڵام من هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌هیوای چاره‌سه‌رێکی ئاشتیانه بووم.
مه‌وتنی: ده‌ڵێن وتوتانه له‌پێناوی وه‌رگرتنه‌وه‌ی چاودێری منداڵه‌که‌تدا، ئاماده‌یت ته‌نانه‌ت قوربانی بده‌یت به کاروانی هونه‌ریشت؟
مه‌ی حه‌ریری: ئه‌گه‌ر ناچاربم، ئه‌وا به‌ڵێ. هه‌رچه‌نده کاروانی هونه‌ریم رێگر نیه له‌به‌رده‌م مافی چاودێری منداڵه‌که‌مدا. به‌ڵام منداڵ ژیانه و ده‌بێت دایك هێنده ژیربێت بزانێت چێ ده‌ڵێت و چی ده‌کات. له‌کۆتاییدا ده‌بێت بیر له‌به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌که‌م بکه‌مه‌وه نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی خۆم.
مه‌وتنی: تا چ ئاستێك ئه‌مه کاریگه‌ری هه‌بوه له‌سه‌ر کاروانی هونه‌ریت؟
مه‌ی حه‌ریری: بێگومان ئه‌م کێشه‌یه کاریگه‌ری هه‌بووه به‌ڵام راینه‌گرتم له‌وه‌ی که کۆنسێرت سازبده‌م. له‌به‌رئه‌وه له وڵاتانی قه‌ته‌ر و به‌حره‌ین کۆنسێرتم سازکرد و له چه‌ند فیستیڤاڵێکی فیلمیشدا له قاهیره و قه‌ته‌ر به‌شداریم کرد. به‌ڵام دووربووم له لوبنان که به دیدی من وڵاتی هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكه. له‌هه‌مان کاتیش‌دا دووربووم له‌چاوی میدیا و رۆژنامه‌کان. له‌به‌رئه‌وه بوو یه‌که‌م کار ئه‌نجاممدا پاش گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ لوبنان به‌ستنی کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌نوسی بوو تا له‌باره‌ی هه‌موو شتێکه‌وه بدوێم. ئه‌وه‌ی له‌من رویدا له هه‌موو جیهانی عه‌ره‌بیدا پێشهاتێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو بوو کاتێك ژنێك له‌سه‌ر داوای چاودێریکردنی کچه‌که‌ی بڕیاری به‌ندکردنی بدرێت.
وێنه: [ئه‌رشیف] ژنه ئه‌کته‌ر مه‌ی حه‌ریری ده‌بێته روخساری نوێی پێشبڕکێی فۆرمیوله وه‌ن که مانگی نیسان له پورتوگال ئه‌نجام ده‌درێت.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران