
[زیکرا سەرسام/ مەوتنی] ئالاء نەجم لە فیسیتڤاڵی شانۆی منداڵاندا لە تونس خەڵاتی باشترین ئەکتەری وەرگرت.
(10/8/22) -- زیکرا سەرسام چاوپێکەوتنەکەی سازداوە لە بەغدا
بۆ سایتی مهوتنی
ئالاء نەجم ژنە ئەکتەرێکی خاوەن داهاتویەکی گەشە. پار لە فیستیڤاڵی شانۆی منداڵاندا لە تونس، خەڵاتی باشترین ژنە ئەکتەری پێ بەخشرا. بە هەمان شێوەش لە فیلمی "کارانتینا"دا رۆڵی سەرەکی مێینەی بینیوە، کە لە دەرهێنانی عودەی رەشیدە و پێشبینی دەکرێت بەم زووانە لە بەغدا نمایشبکرێت.
ئالاء نەجم بڕوانامەی ماستەری بە پلەی نایاب لە بواری شانۆدا بەدەستهێناوە و لە ماوەی 10 ساڵی رابردودا مامۆستا بووە.
مەوتنی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئالاء نەجم دا سازکرد لە بەغدا.
مەوتنی: چی وای لێکردیت لە بواری شانۆ و نواندندا بخوێنیت؟
ئالاء جاسم: ئەمە تەنها بە رێکەوت بوو. پاش ئەوەی خوێندنی ناوەندیم تەواوکرد، دایکم فۆڕمەکەمی نارد بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بەو هیوایەی خوێندن تەواوبکەم و وەك مامۆستایەك دابمەزرێم. بەڵام باوکم فۆڕمەکەمی نارد بۆ ئامادەیی بازرگانی. ئەو کاتە زۆر خود-هۆشیار نەبووم و من ئەم بڕیارانەم نەدەدا.
لە کۆتایشدا ئیرادەی دایکم زاڵ بوو و چوومە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و پسپۆڕیم لە بواری شانۆدا وەرگرت. مامۆستاکانم ئەو کاتە رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە بڕیارمدا بۆ نواندن و پەرەپێدانی تواناکانم لەم بوارەدا. هێشتا لە پەیمانگا بووم کە بەشداریمکرد لە ژمارەیەك بەرهەمی شانۆییدا و باشترین هەوڵمدا بۆ ئەوەی بۆچونی خێزانەکەم بگۆڕم سەبارەت بە هونەری نواندن.
مەوتنی: ئایا خوێندنی ئەکادیمی تاچ رادەیەك یارمەتیدەر بووە لە پەرەپێدانی تواناکانت بۆ نواندن؟
ئالاء نەجم: خوێندنی ئەکادیمی بوێری پێ بەخشیم روبەڕوی جەماوەر ببمەوە و جوڵەکانم بە شێوەیەکی دروست ئەنجام بدەم. بەڵام لەکاتی نواندندا، بیر لەوە ناکەمەوە کە خوێندومە و هیچ مەرج و سنورێك لە خەیاڵمدا نیە. بەڵام هێشتا لەو بڕوایەدام کە خوێندنی ئەکادیمی بۆ هونەرمەندان گرنگە.
مەوتنی: بۆچی دوودڵیت لە بەشداریکردن لە بەرهەمە تەلەفزیۆنیەکاندا؟
ئالاء نەجم: چەند پێشنیارێکم خراوەتە بەردەست بۆ بەشداریکردن لە بەرهەمە تەلەفزیۆنیەکاندا. بەڵام کارکردن لە زنجیرە درامیانەدا پێویستی بە پابەندبوونە بە کاتژمێری زۆرەوە، ئەمەش لەگەڵ بەرپرسیارێتی خێزانیمدا ناگونجێت. سەرەڕای ئەمانە، لە هەوڵی ئەوەدام کاروباری خێزانیم بە جۆرێك رێکبخەم کە یارمەتیدەرم بێت بۆ بەشداریکردن لە بەرهەمە تەلەفزیۆنیەکاندا لە داهاتودا. بێگومان ئەمەش کاتێك روودەدات کە دەقێکی هونەری بدۆزمەوە بەدڵی خۆم بێت.
مەوتنی: ئەی سەبارەت بە ئەزمونت لە بواری شانۆدا؟
ئالاء نەجم: شانۆگەریەکم بۆ منداڵان پێشکەشکرد بەناوی "لنبتسم"، کە لە نوسینی محەمەد موختار و دەرهێنانی بەکر نایفە. من لەو شانۆگەریەدا رۆڵی ساندرێلام بینی. شانۆگەریەکە لە فیستیڤاڵی شانۆیی منداڵان ساڵی 2009 لە تونس بەشداریکرد و چەندین خەڵاتی وەرگرت، لەوانە خەڵاتی باشترین ژنە ئەکتەر کە بە من بەخشرا.
هەروەها بەشداریمکرد لە شانۆگەریەکی تردا بە ناوی "قلب الحدث"، کە لە نوسین و دەرهێنانی موهەنەد هادیە. ئەم شانۆگەریە چەند مانگێك لەمەوبەر لە سەر تەختەی شانۆی نیشتیمانی پێشکەشکرا. هیواداریشین لە فیستیڤاڵی شانۆیی بەغدا بەشداری پێ بکرێت، کە مانگی داهاتو سازدەکرێت.
مەوتنی: ئایا لە وەرگرتنی رۆڵی سەرەکی لە "کارانتینا" دا تووشی دڵەراوکێ نەبوویت، کە ئەمە یەکەم جارت بوو لە سینەمادا رۆڵ ببینیت؟
ئالاء نەجم: من هەتا ئەم ساتەش لە دڵەڕاوکێدام و بێوچان چاوەڕێی کاردانەوەی جەماوەرم پاش ئەوەی فیلمەکە نمایشدەکرێت. بەڵام من پێشتریش لەگەڵ دەرهێنەر عودەی رەشید لە بواری کورتە فیلمدا کارمکردووە. ئێمە زووتر دەستمانکرد بە ئامادەکاری پێش ئەوەی دەستبکەین بە وێنەگرتن، بۆیە هەتا بە یەکتر ئاشنابووین ماوەیەکی خایاند.
مەوتنی: چ ژانرێکی هونەری یەکەمە لای تۆ؟
ئالاء نەجم: من سینەما بە پلەی یەکەم دادەنێم پاشان شانۆ. ئەمەش لەبەرئەوەیە کە کارکردن لەسەر تەختەی شانۆ و روبەڕوبوونەوەی جەماوەر تووشی جۆرە نیگەرانیەکم دەکات، بە تایبەتی کاتێك دەبینم جەماوەر سەرقاڵی شتی ترن، یاخود هەندێکیان حەزیان لە نمایشەکە نیە. لە سینەمادا هەلی ئەوەشم بۆ دەڕەخسێت کە زیاد لە جارێك وێنەی دیمەنەکان بگرمەوە هەتا ئەنجامێکی باشترم دەستدەکەوێت.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران