
[فایل] رەندەلە قەدیح لە نمایشی رادیۆیی "مۆمە رەشەکان" دا رۆڵی دایکی نادین ئەلراسی دەبینێت.
(10/8/24) – نوهاد تۆپالیان لە بەیروت
بۆ سایتی مهوتنی
پیشەی رەندەلە قەدیح لەنێوان هەردوو جیهانی نواندن و دەرهێناندا دابەش بووە.
ئەو بەهۆی رۆڵەکانی لە تەلەفزیۆندا ناوبانگی پەیداکردووە، بەڵام لەبواری دەرهێنانی ڤیدیۆ کلیپ و زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی و فیلمی سینەمایشدا کاردەکات.
رەندەلە قەدیح لەم رۆژانەدا گرنگیەکی سهرهکی دەدات بە دەرهێنانی فلیمێكی سینهمایی.
مەوتنی رەندەلەی دواند سەبارەت بە دوایین پلانەکانی کاری هونەری.
مەوتنی: لەکاتی ئێستادا چ کارێك ئەنجام دەدەیت؟
رەندەلە قەدیح: پڕۆژە گەلێکی زۆرم هەن لەبەردەمدا. من لەکاتی ئێستادا دوایین دەستکاری ڤیدیۆ کلیپێك دەکەم بۆ هونەرمەند نورهان. پاش ئەمەش لەگەڵ کارەکانی ترمدا، هەڵدەستم بە بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ کلیپێکی تر بۆ نیللی مەقدەسی. ئەم کارە هونەریە بۆ جەژنی رەمەزان ئامادە دەبێت. هاوکاتیش کار لەسەر دەرهێنانی فلیمێکی لوبنانی–ئیسپانی دەکەم.
مەوتنی: کەی دەستت کرد بە وێنەگرتنی ئەم فلیمە؟
رەندەلە قەدیح: ئێمە لەکاتی ئێستادا لە هەموو لایەنەکانی دەکۆڵینەوە، بەتایبەتی لایەنە داراییەکەی بەشە ئیسپانیەکەی کە وەزارەتی رۆشنبیری ئیسپانیە. شوێنەکانی وێنەگرتن لە ئیسپانیا دیاریکراون و ئێستاش سەرقاڵی هەڵبژاردنی شوێنەکانی لوبنانم.
مەوتنی: ئایا تۆ لەهەمان کاتدا نواندن و دەرهێنانیش دەکەیت؟
رەندەلە قەدیح: من لەمبارەیەوە هێشتا خۆم یەکلا نەکردۆتەوە. بەڵام بیری لێدەکەمەوە، ئەویش لەبەر هەبوونی کەسایەتی مێینەی تەمەن جیاواز لە فلیمەکەدا. ئەم کارەکتەرانە چەندین قوڵایی و مەودای جیاوازیان هەڵگرتووە و فلیمەکەش پێویستی بە ئەکتەری باشە بۆ ئەداکردنی ئەو رۆڵانە. لەبەرئەوە ئەو کاستەی ئێمە ئەنجامی دەدەین ئاسان نیە.
مەوتنی: ئایا سەرقاڵی کاری نواندنی تریشی لەم رۆژانەدا؟
رەندەلە قەدیح: من لە زنجیرە درامایەکی رادیۆییدا بەشداری دەکەم بە ناونیشنی "مۆمە رەشەکان". ئەم زنجیرەیە هەفتەی داهاتوو لە سەر کەناڵی میلۆدی ئێف ئێم پەخش دەکرێت. ئەم زنجیرەیە لە نوسینی فیراس جبرانە، کە زنجیرە درامای "فرمێسکی پەشیمانی" م بۆ دەرهێناوە.
لە "مۆمە رەشەکان" دا رۆڵی دایکی نادین ئەلراسی دەبینم. ئەم زنجیرەیە تیشك دەخاتە سەر حەقیقەتی کۆمەڵگای پیاوسالاری لە جیهانی عەرەبیدا. هەروەها باس لەمەسەلەی بێزارکردنی ژنانی گەنجیش دەکات پێش ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری، بەتایبەتی سەبارەت بە سنورداری سەربەستی و بەستنەوەیان بە چەمکی شەرەفەوە.
مەوتنی: ئایا رۆڵێکی تایبەت هەیە بتەوێت ئەنجامی بدەیت؟
رەندەلە قەدیح: پاش زنجیرەی "دوایین شەو" کە رۆڵی خراپەم تێدا دەبینی، دەمەوێت رۆڵێکی بەهێز و کەسایەتیەکی ئاڵۆز ببینم، بۆنمونە کەسێکی خاوەن مێشکێکی دژوار بۆ ئەوەی یارمەتیدەرم بێت تواناکانی نواندنی خۆمی تێدا بەرجەستە بکەم. ئەمەش لەبەرئەوەیە کە من نواندن بە چارەسەر دادەنێم. هەروەها خولیای ئەوەم هەیە رۆڵی ژنێکی بەناوبانگ ببینم، هەروەها کەسایەتی ژنێکی بیابانی عەرەبی.
مەوتنی: ئایا کامیان بەلاتەوە پەسەندە: نواندن یان دەرهێنان؟
رەندەلە قەدیح: دەرهێنان بواری سەرەکی ئەزمونی خۆمە. پتر لەمەش، من کۆمپانیای بەرهەمهێنانی خۆمم هەیە. من دەستم کرد بەکاری نواندن بۆ ئەوەی یارمەتیدەرم بێت لە بینەران نزیك ببمەوە. یەکەم ئەزمونیشم لەزنجیرەی "با هاوسەرگیری بکەین" دابوو کە شانبەشانی تۆنی خەلیفە ئەنجامدرا. پاشان هەلەکانی تری نواندن هاتنە کایەوە، لەوانە "چیرۆکێکی هیوا"، "پیاوێك لە رابردووەوە"، "لوتبەرزی و پەشیمانی"، هەروەها "دوایین شەو".
من لە هەموو ئەو زنجیرانەدا بەشداریم کردووە، بەڵام دەرهێنان بە پلەی یەکەم دێت بەلامەوە. فیلمەکانیش بریتین لە "ئامۆزاکانم و پورەکانم و من"، بەشی دووەمی زنجیرە درامای "فامیلیا"؛ "فرمێسکی پەشیمانی"، هەروەها "گوڵی پایز" ئەمانە هەمووی جێدەستی منیان پێوەدیارە.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران