
وێنه: [شوان موحه‌مه‌د/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجس] ئافره‌تانى كوردستان ناڕه‌زایى ده‌رده‌بڕن به‌رامبه‌ر توندوتیژى دژى ئافره‌تان.
ئاوات عه‌لى له سلێمانى -22/12/09
بۆ سایتی مه‌وتنی
یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان یادى 57 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى كرده‌وه له ڕۆژى هه‌ینى رێكه‌وتى 11 ى كانونى یه‌كه‌م.
له‌ساڵى 1952 كۆمه‌ڵێك ئافره‌تى سه‌ر به پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بیریان له‌وه كرده‌وه ڕێكخراوێكى سیاسى تایبه‌ت به‌ئافره‌تان دابمه‌زرێنن. ئه‌وه بوو له 11 ى دیسه‌مبه‌رى ئه‌و ساڵه‌دا ڕێكخراوێكییان به‌ناوى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان دامه‌زراند وه ناهیده‌ى شێخ سه‌لام وه‌ك یه‌كه‌م سكرتێرى گشتى ئه‌و ڕێكخراوه هه‌ڵبژێردرا.
یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان له سه‌ره‌تاى دامه‌زراندییه‌وه تا ڕاپه‌رینى ساڵى 1991 به‌نهێنى خه‌باتیان ده‌كرد.
مژده سه‌عید عه‌بدوڵا ـ به‌رپرسى په‌یوه‌ندى و پرۆژه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نى سلێمانى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان وتى "له‌ساتى دامه‌زراندنى ڕێكخراوه‌كه‌وه تا ساڵى 1991 ئه‌ندامانى ڕێكخراوه‌كه به‌نهێنى له‌شاره‌كاندا كارییان كردووه و به‌شێكیشییان له شاخ هاوكارى پێشمه‌رگه‌كانیان كردووه."
مژده ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه ئه‌ندامانى یه‌كێتیه‌كه له‌شاخ خه‌ریكى نان ئاماده‌كردن و جل دورین و تیماركردن بوون بۆ یارمه‌تیدانى هێزى پێشمه‌رگه.
ئێستا هه‌رێمى كوردستان ئازاده و ئه‌م ته‌گه‌ره و رێگریانه نه‌ماوه كه له ڕابردوودا هه‌بوو، كه به‌مه‌ش یه‌كێتى ئافره‌تان له كۆتاییدا ده‌توانێت ته‌نها گرنگى بدات به بابه‌ت و مافه‌كانى ئافره‌تان.
لانه محه‌مه‌د سه‌ید عه‌لى ـ به‌رپرسى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان وتى ئه‌ركى سه‌ره‌كى رێكخراوه‌كه‌یان بریتیه له "پشتگیرى و هاوكاریكردنى ئافره‌تانى هه‌رێمى كوردستان له‌ڕووى ئابورى و رامیارى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕۆشنبیرىیه‌وه، هه‌روه‌ها به‌رگریكردن و هه‌وڵدانه بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى ئافره‌تان له‌ڕێگه‌ى یاساییه‌وه."
باسی له‌وه‌شكرد كه ئه‌وان هه‌وڵده‌ده‌ن په‌ره به مافه‌کانی ئافره‌تان بده‌ن له‌رێی دابینکردنی یارمه‌تی بۆ گه‌یشتنیان به پۆسته سیاسى و حزبییه‌كان.
پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان یارمه‌تى دارایى پێشكه‌ش به‌م رێكخراوه ده‌که‌ن كه له‌م باره‌یه‌وه بودجه‌یه‌كى ساڵانه‌ی بۆ كار و چالاكیه‌كانى ئه‌م رێکخراوه ته‌رخان كردووه.
باره‌گاى سه‌ره‌كى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان له‌شارى هه‌ولێره و هه‌روه‌ها له‌شاره‌كانى سلێمانى و دهۆك و كه‌ركوك و به‌غدا و موسیش ئۆفیسىان هه‌یه، جگه له‌وه‌ی که لیژنه‌ی تایبه‌تیان هه‌یه له زۆربه‌ى قه‌زا و ناحییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.
یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان له‌چه‌ند وڵاتێكى ده‌ره‌وه‌ش ئۆفیس و نوێنه‌رییان هه‌یه.
لانه ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كى باشمان هه‌یه له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانى بوارى مافه‌كانى ئافره‌تان، له‌چه‌ندین كۆنفرانس و سیمینار له ده‌ره‌وه به‌شداریمان كردووه."
یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان زیاتر له چوار هه‌زار ئه‌ندامیان هه‌یه و به‌رگریكه‌ران له مافه‌كانى ئافره‌تان ڕێكخراوه‌که به‌یه‌كێك له ڕێكخراوه چالاكه‌كانى بوارى به‌رگریكردن له مافه‌كانى ئافره‌تان له هه‌رێمى كو‌ردستاندا وه‌سف ده‌كه‌ن.
سنه‌وبه‌ر ئیسماعیل ـ سكرتێرى كۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى كوردستان، له‌باره‌ى رێكخراوى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستانه‌وه وتى "چالاكییه‌كانى ئه‌و رێكخراوه به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى گرنگى ده‌دات به‌بواره‌كانى ئافره‌ت و له زۆربه‌ى شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كو‌ردستاندا ئه‌نجام ده‌درێت، زۆربه‌ى چالاكییه سه‌ره‌كیییه‌كانیشیان له‌شارى هه‌ولێره چونكه باره‌گاى سه‌ره‌كیان له‌وێیه."
كۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى كوردستانیش كه سه‌ر به ڕێكخراوى ئافره‌تانى حزبى شیوعى كوردستانه له ساڵى 1952 دا دامه‌زراوه.
سنه‌وبه‌ر ئیسماعیل وتیشى "یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان چالاك و دیارن له‌نێو رێكخراوه‌كانى ئافره‌تاندا له‌هه‌رێمى كو‌ردستاندا، مێژوویه‌كى دوور و درێژى پڕ له‌خه‌بات و تێكۆشانیان هه‌یه."
وێنه: [شوان موحه‌مه‌د/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجس] ئافره‌تانى كوردستان ناڕه‌زایى ده‌رده‌بڕن به‌رامبه‌ر توندوتیژى دژى ئافره‌تان.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران