
[کریس هۆندرۆس/گێتی ئیمیجز] ژماره‌یه‌کی زۆر گه‌نج په‌نا بۆ نه‌شته‌رگه‌ری جوانکاری ده‌به‌ن بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی شه‌رم له رووخساری شێواویان
محه‌مه‌د ئه‌لقه‌یسی له ئه‌نبار – 5/1/2010
بۆ سایتی مه‌وتنی
له پاییزی 2004 دا، نور له‌ناو ماڵی خۆیان له فه‌لوجه له نزیک په‌نجه‌ره‌که دانیشتبوو کاتێك خۆکوژێک، که په‌لاماری هێزه ئه‌مریکییه‌کانی ده‌دا له‌و نزیکه، خۆی ته‌قانده‌وه. ته‌قینه‌وه‌که ده‌موچاوی نووری بریندار کرد، و برینی قووڵ و دیاری له‌سه‌ر جێهێشت.
بۆ نور، 28 ساڵ، ئه‌و برینانه‌ی ده‌موچاوی ناشرین کرد ته‌نها کاریگه‌ری نه‌کرده سه‌ر روخساری، به‌ڵکو هه‌ر زوو دوای هێرشه‌که، ده‌زگیرانه‌که‌ی ماره‌بڕینه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه. بۆ خۆڕزگارکردن له جێبرینه‌کانی، نور رۆژی 13 کانونی یه‌که‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی جوانکاری ئه‌نجامدا.
ته‌نها نور وای به‌سه‌ر نه‌هاتووه، به گوێره‌ی راپۆرتێكی نوێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروسی ئه‌نبار، مانگانه هه‌زاران عێراقی نه‌شته‌رگه‌ری بنیاتکاری ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی جێبرین، برینداری، و په‌ککه‌وته‌یی. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن ژنن.
به گوێره‌ی راپۆرته‌که‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی، عێراقییه‌کان ساڵانه نزیکه‌ی 250,000 دۆلار له‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاری خه‌رج ده‌که‌ن. نرخی نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ی نور 4,000 دۆلاره.
نور وتی "زه‌بری ته‌قینه‌وه‌که شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ی وردوخاش کرد به‌سه‌ر ده‌موچاومدا، چه‌ندین برینی تێدا دروست کرد، له‌و کاته‌وه ناوبه‌ناو ماڵ به‌جێده‌هێڵم چونکه ده‌ترسم گاڵته‌پێکردن و لاقرتێ یان به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه پارچه پارچه‌م بکات. ئێستا ناشرینم، له ئه‌نجامیشدا، ماره‌بڕینه‌که‌م هه‌ڵوه‌شایه‌وه - له‌به‌ر ئه‌م جێبرینانه‌ی ده‌موچاوم."
کاتێك نور بڕیاریدا نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌نجام بدات، نه‌شته‌رگه‌ره‌که پێی وت نه‌شته‌رگه‌رییه‌که 80% سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت.
نور وتی "دکتۆر پێی وتم وام لێده‌کات له جارانیش جوانتر بم."
دکتۆر وه‌لید ئه‌لعانی، دکتۆرێکی جوانکاری له ئه‌نبار، وتی "پێش 12 ساڵ بووم به نه‌شته‌رگه‌ری جوانکاریی تایبه‌تکار، هه‌رگیز هێنده‌ی ئێستا داواکارییم له‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاری نه‌دیوه."
دکتۆر وه‌لید وتی ئه‌و له نۆرینگه تایبه‌تییه‌که‌ی خۆی له عێراق نه‌شته‌رگه‌ریی ساده ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی زۆر ئاڵۆزن بۆ هاوکارانی له عه‌ممان یان دوبه‌ی ڕه‌وانه ده‌کات، چونکه وڵاته‌که ئامێری پێشکه‌وتووی تێدا نییه.
نمونه‌ی ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه ئاڵۆزانه بریتین له لکاندنه‌وه‌ی لوت و نه‌شته‌رگه‌ری بۆ چاککردنه‌وه‌ی ده‌موچاوی ته‌واو شێواو به چه‌ند قۆناغێك.
هه‌روه‌ها وتی "زۆربه‌ی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه جوانکارییانه‌ی من ده‌یکه‌م بۆ چاککردنه‌وه‌ی ئه‌و برینانه‌یه که به هۆی ساچمه‌ی ته‌قینه‌وه‌وه له‌سه‌ر ده‌موچاو یان به‌شی تری جه‌سته دروست بوون. هه‌روه‌ها لکاندنه‌وه‌ی په‌لی ده‌ستکرد، چاککردنه‌وه‌ی لوت و گوێ، و لابردنی پێستی سووتاو ئه‌نجام ده‌ده‌م".
دکتۆر وه‌لید رۆژی دوو یان سێ نه‌شته‌رگه‌ری ئه‌نجام ده‌دات، و 75% ی ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییانه بۆ چاککردنه‌وه‌ی ئه‌و برینانه‌یه که له ته‌قینه‌وه‌وه دروست بوون. به هه‌رحاڵ، هه‌ندێك که‌سیش نه‌شته‌رگه‌ریی تریان ده‌وێت وه‌ك لابردنی چه‌وری ورگ، گه‌وره‌کردنی لێو و سنگ، بۆتۆکس، لابردنی چرچی ده‌موچاو، و چاندنی موو.
هه‌یسه‌م ته‌ها، 33 ساڵ، به ته‌قینه‌وه‌ی بۆمێك له فه‌لوجه له 2005 بریندار بوو. ته‌قینه‌وه‌که روخساری شێواند و پارچه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له گوێی چه‌پی لێکرده‌وه.
هه‌یسه‌م وتی "نه‌مده‌توانی له ئاوێنه دا سه‌یری ڕووخساری خۆم بکه‌م، ئه‌م چوار ساڵه‌ی دوایی زۆربه‌ی کاته‌که‌م له‌ناو ماڵه‌وه به‌سه‌ر برد، حه‌زم نه‌ده‌کرد هاوڕێکانم ببینم. ناچار بووم واز له کاره‌که‌شم بێنم له سوپه‌رمارکێت چونکه که‌س ئاماده نه‌بوو شت له ده‌ستم وه‌ربگرێت، قێزیان له روخسارم ده‌هاته‌وه."
کاتێک ره‌وشی ئاسایش چاکتر بوو، هه‌یسه‌م ویستی هه‌موو ئه‌و شتانه له بیر خۆی بباته‌وه که هێرشه‌که‌یان ده‌هێنایه‌وه یاد. بڕیاریدا نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاری ئه‌نجام بدات
هه‌روه‌ها وتی "70% ی سیمای جارانی بۆم گه‌ڕانده‌وه، من چاوه‌ڕێی نه‌شته‌رگه‌رییه‌کی تر ده‌که‌م دوای شه‌ش مانگی تر بۆ چاککردنه‌وه‌ی گوێم، ئێستا قژم درێژ کردووه بۆ ئه‌وه‌ی دیار نه‌بێت."
له‌به‌رئه‌وه‌ی داواکارییه‌کی زۆر له‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریی جوانکاری هه‌یه، له خه‌سته‌خانه‌ی گشتیی فه‌لوجه دا به‌شی نه‌شته‌رگه‌ری جوانکاری کراوه‌ته‌وه، که تایبه‌ته به‌م جۆره نه‌شته‌رگه‌رییانه.
وێنه: [کریس هۆندرۆس/گێتی ئیمیجز] ژماره‌یه‌کی زۆر گه‌نج په‌نا بۆ نه‌شته‌رگه‌ری جوانکاری ده‌به‌ن بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی شه‌رم له روخساری شێواویان.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران