
[گێتی ئیمیجز] له‌دایك بوونی چوار منداڵی دوانه حاڵه‌تێکی ده‌گمه‌نه.
ئاوات عه‌لی له سلێمانی – 6/4/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
پێنج شه‌ممه (1 نیسان) له نه‌خۆشخانه‌ی مناڵبوون له سلێمانی، دایكێك چوار منداڵی دوانه‌ی بوو.
باری ته‌ندروستی سیان له منداڵه‌کان جێگیره، به‌ڵام چواره‌م له‌ژێر چاودێری پزیشکیدایه. منداڵه‌کان دوو کچ و دوو کوڕن و ناوه‌کانیان ئایا، ئاڵا، ئاوات و ئه‌ژیره.
د. شلێر فایه‌ق، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی مناڵبوون وتی "رۆژی 1 نیسان، له‌ڕێگه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری قه‌یسه‌ریه‌وه چوار منداڵی دووانه له‌دایك بوون، که‌باری ته‌ندروستیان باشه و پێده‌چێت له دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا ته‌ندروستیان جێگیرتر بێت".
د. شلێر وتیشی "ئه‌مه حاڵه‌تێکی ده‌گمه‌نه و له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا هیچ حاڵه‌تێکی له‌م جۆره رووینه‌داوه. تائێستا حاڵه‌تی له‌دایك بوونی چوار منداڵمان نیه به‌سکێك که هه‌موویان ژیابن". هه‌روه‌ها وتی "حاڵه‌تی ئه‌وتۆمان هه‌بووه که پێنج منداڵ یان حه‌وت منداڵ به سکێك له‌دایك بوون به‌ڵام هیچیان له‌ژیاندا نه‌مانه‌وه".
سازگار که‌ریم 33 ساڵ، دایکی چوار منداڵه دووانه‌که به مه‌وتنی وت "کاتێك ته‌مه‌نی منداڵه‌کان له‌سکمدا گه‌یشته چوار مانگ، له رێگه‌ی سۆناره‌وه پێمان زانی که چوار منداڵن: دوو کوڕ و دوو کچ. زۆر دڵخۆش بووین به‌م چوار ساوایه".
سازگار وتیشی "هه‌رچه‌نده له‌ماوه‌ی نۆ مانگی سکه‌که‌مدا زۆر ناڕه‌حه‌ت بووم، به‌ڵام باری ته‌ندروستیم ئێستا باشه. سوپاس بۆ خوا منداڵه‌کان به سه‌لا‌مه‌تی له‌دایك بوون".
مه‌هدی عومه‌ر سه‌لیم، باوکی منداڵه‌کان وتی "له نه‌خۆشخانه پێیان راگه‌یاندین که ته‌ندروستی دووان له منداڵه‌کان جێگیره و سبه‌ینێ ده‌توانین وه‌ریان بگرینه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت دوانه‌که‌ی تر له نه‌خۆشخانه بمێننه‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی پێویستیان به‌چاودێری ته‌ندروستی زیاتر هه‌یه".
هه‌روه‌ها وتی "منداڵێکیان کیسێك له‌نزیك بڕبڕه‌ی پشتی هه‌یه. بۆیه پێویستی به چاودێری پزیشکی زیاتر هه‌یه".
ئه‌م دوو هاوسه‌ره ماوه‌ی شه‌ش ساڵه ژیانی هاوسه‌ریان پێکهێناوه، منداڵێکی تریشیان هه‌یه ته‌مه‌نی چوار ساڵ و نیوه.
پسپۆران ده‌ڵێن له‌دایكبوونی چوار منداڵ به‌یه‌ک سک ده‌گمه‌نه.
د. سۆران جه‌مال تاهیر له نه‌خۆشخانه‌ی مناڵبوون له سلێمانی وتی "له‌وانه‌یه له‌یه‌ك ملیۆن جاردا یه‌ك حاڵه‌ت رووبدات". هه‌روه‌ها وتی "به‌ڵام له‌دایکبونی سێ منداڵى دوانه، له 5 هه‌زار بۆ 8 هه‌زار حاڵه‌ت، يه‌ك جاره".
ته‌نانه‌ت حاڵه‌تێکی ده‌گمه‌نه بۆ دایکه‌که و هه‌ر چوار منداڵه‌که به‌زیندویی بمێننه‌وه. به‌گوێره‌ی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی له‌دایكبوونی منداڵی دووانه، که گروپێکی توێژینه‌وه‌یه له به‌ریتانیا و مه‌به‌ستی قازانج نیه، ئه‌و منداڵانه‌ی که سیان یان چوارن و به‌سکێك له‌دایك ده‌بن، به‌زۆری کێشیان که‌متره و له‌که‌سانی ئاسایی و زیاتر تووش ده‌بن به که‌مئه‌ندامێتی درێژخایه‌ن.
ساڵی پار، دوو سیانه له سلێمانی له‌دایك بوون.
ئاماره‌کانی نه‌خۆشخانه‌ی مناڵبوون له سلێمانی ئاماژه‌ده‌که‌ن به‌وه‌ی 14,115 منداڵ له‌ساڵی 2009 له‌دایك بوون، ئه‌مه‌ش به‌رزترین رێژه‌ی مناڵبوونه له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا تۆمارکرابێت.
وێنه: [گێتی ئیمیجز] له‌دایك بوونی چوار منداڵی دوانه حاڵه‌تێکی ده‌گمه‌نه.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران