
[زیکرا سەرسهم/ مەوتنی] لەتاقیکردنەوەکانی بهکهلۆریای شەشی ئامادەیی، هەدیر %99.83 ی بەدەستهێنا – کە بەرزترین نمرە بوو لە عێراقدا.
(10/8/27) -- چاوپێکەوتن: زیکرا سەرسهم
بۆ سایتی مهوتنی
هەدیر سەعد دانیال لە پارێزگای نەینەوا بەرزترین نمرەی بەدەستهێنا لەسەر ئاستی خوێندکارانی شەشی ئامادەیی لە عێراقدا، کە بریتی بوو لە %99.83.
هەدیر خوێندکاری خوێندنگای ئامادەیی شەهیدە شیمۆنی کچانە لە بەرتەللا لە نەینەوا. ئەو کچی گەورەی خێزانەکەیەتی کە بە لێهاتوویی ناسراون. باوکی پزیشکە و دایکیشی دەرمانسازە.
مەوتنی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەدیر سازکرد بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە لێهاتوویی و ئامانجەکانی لەژیاندا.
مەوتنی: چۆن زانیت ئەو نمرەیەت هێناوە؟
هەدیر: باوکم بەتەلەفۆن ئاگاداری کردمەوە. باوکم سەیری بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی دەکرد کاتێك وەزیری پەروەردە هاتە سەرشاشەی تەلەفزیۆن و رایگەیاند کە من یەکەمم لەسەر ئاستی عێراق. هەرکە گوێم لە ئەنجامەکە بوو دەستم کرد بە گریان، هەرچەندە دڵنیا بووم لەسەرکەوتنم.
مەوتنی: ئایا مامۆستای تایبەتت بۆگیرابوو؟
هەدیر: نەخێر. من تەنها پشتەستور بووم بەو مەوادانەی مامۆستاکانم لە خوێندنگا دەیان وتەوە کە مامۆستایانی بەتوانا بوون. ئەوان رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە یارمەتیدانم بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامە. ئەوپەڕی هەوڵی خۆیانداوە لەگەڵ خوێندکاران، تەنانەت لەکاتی پشووشدا .
پێشبینی ئەوەم دەکرد پاش ئەوەی ئەم ئەنجامەم بەدەستهێنا، مامۆستاکانی خوێندنگاکەم خەڵاتی رێزلێنانیان پێ ببەخشرێت، بەڵام ئەمە روینەدا.
بەڵام ئێمە بەزۆریش بەشداریمان دەکرد لە خولەکانی بەهێزکردن کە کەنیسە لەکاتی پشووی هاویندا رێکی دەخست.
مەوتنی: ئایا پرسیارەکانی قۆناغی کۆتایی قورس بوون؟
هەدیر: بەپێچەوانەوە، ئەو پرسیارانە بەلای منەوە زۆر ئاسان بوون و هیچ کام لەوانەش لەدەرەوەی مەنهەجهوه نەهێنرابوون. بەڕاستی ئەو پرسیارانە تووشی سەرسامی کردم، لەبەرئەوەی من پێشبینی ئەوەم دەکرد پرسیارگەلێکی ئەوتۆ بهێنرێتەوە کە هەوڵی زیاتری بوێت و منیش خۆم بۆ حاڵەتێکی لەو جۆرە ئامادە کردبوو. بۆ نمونە، من نزیکەی 4,000 پرسیاری بیرکاریم حەل کردبوو وەك خۆئامادەکردنێك بۆ تاقیکردنەوەکان.
مەوتنی: ئایا تووشی هیچ دڵەڕاوکێیەك بوویت پێش ئەوەی ئەنجامەکان ئاشکرابکرێن؟
هەدیر: من هەمیشە بیرم لە ئەنجامەکان دەکردەوە و تەنانەت خەویشم پێوە دەبینین. لەهەرکام لە خەونەکانمدا نمرەیەکی جیاوازم بەدەست دەهێنا. جارێکیان خەونم بینی کە رێژەی %102 م بەدەستهێناوە! بەڵام هەمیشە دڵنیابووم لەوەی کە نمرەیەکی ئەوتۆ بەدەست دەهێنم کە شیاوم بکات بۆ خوێندن لە کۆلیژی پزیشکی.
مەوتنی: رات چیە بەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت خوێندکارە لێهاتووەکان "ئاڵۆزن" و زۆربەی کاتەکانیان بە خوێندنەوە بەسەردەبەن؟
هەدیر: بەپێچەوانەوە، من رۆژانە لە هەشت کاتژمێر زیاتر ناخوێنمەوە. هەتا درەنگانێك نامێنمەوە و پلانێکی رۆژانەشم نیە بۆ ئەو کارانەی ئەنجامیان دەدەم. هەندێك لەکاتەکەشم لەگەڵ هاوڕێکانم و لەسەیراندا بەسەردەبەم.
مەوتنی: بەزۆری حەزت لەکام بابەتانەیە؟
هەدیر: حەزم لە زیندەوەرزانی و بیرکاری و ئینگلیزیە.
مەوتنی: ئایا جگە لە خوێندن خولیای تریشت هەیە؟
هەدیر: حەزم لە دیزانکردنی جلوبەرگە و لەکاتی پشوودا بەزۆری سەرقاڵی دیزاینکردنی جلوبەرگم. حەزم لە خوێندنەوەی رۆمانیشە. سەبارەت بەتەلەفزیۆن، سەیری بەرنامەی "پزیشکەکان" دەکەم کە لەسەر کەناڵی MBC4 پەخش دەکرێت. ئەو کتێبە پزیشکیانەش دەخوێنمەوە کە باوکم هەیەتی. هەر لەو کاتەشەوە کە لەپۆلی چواری سەرەتایی بووم، لەگەڵ دایکم دەچم بۆ دەرمانخانەکەی و یارمەتی دەدەم لەکارەکانیدا.
مەوتنی: بەهادارترین خەڵات چی بوو کە بەبۆنەی دەرچوونتەوە وەرتگرت؟
هەدیر: پارێزگاری نەینەوا "زرێی نەینەوا" ی پێبەخشیم، کە جوانترین دیاری بوو بەلامەوە و زۆریش شانازی پێوەدەکەم.
هەندێك خشڵ و زێڕیشم لەلایەن خزم و هاوڕێکانمەوە پێ بەخشرا. کەناڵی ئەلعێراقیەش میوانداری کردم بەمەبەستی رێزلێنان لە من و کۆمەڵێك خوێندکاری سەرکەوتوو.
مەوتنی: بۆچی لەو باوەڕەدایت یەکەم چوار خوێندکاری سەرکەوتووی ئەمساڵ کچن؟
هەدیر: لەبەرئەوەی کچان کاتێكی زیاتر لەماڵەوە بەسەردەبەن. من لەو باوەڕەدام کچان بەشێوەیەکی گشتی لەکوڕان سەرکەوتووترن. باشترین ئامۆژگاریشم ئەوەیە کە ئەرکی رۆژانە لەکاتی خۆیدا جێبەجێبکرێت، لەبەرئەوەی کاتی پێداچوونەوە بەشی ئەوە ناکات ئامادەکاری بۆ هەر بابەتێك بکەیت.
مەوتنی: بەهیوایت قۆناغی داهاتوو چی بکەیت؟
هەدیر: بەهیوام زەمالەیهک وەربگرم بۆ خوێندنی پزیشکی لەدەرەوەی وڵات. پلانی ئێستاشم تەرکیز دەکاتە سەر ئەم ئامانجە.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران