
[ناسر عەباسی/ مەوتنی] زۆر لە دانیشتوانی نەجەف لە ماڵ دێنەدەرەوە و دەچن بۆ چایخانەکان و هۆڵەکانی یاری و چێشتخانەکان.
(10/9/3) -- ناسرعەباسی لە نەجەف
بۆ سایتی مهوتنی
لەگەڵ بەردەوامبوونی مانگی رەمەزاندا، دانیشتوانی نەجەف بە چەندین شێوازی جیاواز ئەم مانگە پیرۆزە بەسەردەبەن.
یەکێك لە نەریتە هەرە دیارەکان، سەردانی خێزان و هاوڕێیانە لە ئێواراندا و بە یەکەوە بەربانگکردنەوە.
تاهیر عەلی، کە دانیشتوی نەجەفە، لەم دواییانەدا لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێکانیدا دانیشتبوو بۆ بەربانگکردنەوە، وتی "ئێمە کۆمەڵە هاوڕێیەکین و ساڵانە هەر شەوەی لە ماڵی یەکێکمان پێکەوە بەربانگ دەکەینەوە."
تاهیر وتیشی "شادبوونەوە بە دیداری یەکتری بۆ بەربانگکردنەوە لە مانگی رەمەزاندا تامێکی تایبەتی هەیە. ئەمە هەلێکە بۆ یەکتربینین دوور لە قەرەباڵغی کار و نیگەرانی رۆژانە. لەوانەیە هەندێك لەو دانیشتنانە تا کاتی پارشێو بەردەوام بێت".
هەندێك لە هاوڵاتیان لەگەڵ ئەو رایەدا نین کە رەمەزان لەناو ماڵدا بەسەربەرن و لەبری ئەوە دەچن لە چێشتخانەکان بەربانگ دەکەنەوە.
کەریم یاسری وتی "لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و سەختی رەمەزاندا، ئاسان نیە بۆ هاوسەرەکەم رۆژانە لە موبەقەکەدا خوانی بەربانگ ئامادەبکات، لەبەرئەوە پێویستە هەندێك لەو ئەرکانە لەسەرشانی لابەرین. وا بزانم بەربانگکردنەوە لە یەکێك لە چێشتخانەکاندا کاری هاوسەرەکەم و سەرجەم خێزانەکە ئاسان دەکات".
ئیتر بەربانگکردنەوە لە ماڵەوە بێت یان لە چێشتخانە، زۆر کەس دەچنە دەرەوە بۆ باخچە گشتیەکان و چایخانە و هۆڵەکانی یاریکردن بۆ بەسەربردنی شەوانی رەمەزان بە دەمەتەقێ.
ئوم عەلی، کە ژنی ماڵە و خاوەنی سێ منداڵە، وتی کەشی ماڵەوە پاش بەربانگکردنەوە بێزارکەرە "بۆیە دەبێت بچینە دەرەوە و کاتێکی خۆش رابوێرین".
هەروەها وتی "قەیرانی کارەبا و گەرمی کەشوهەوا، وا دەکات ژیانی ناوماڵ - بەتایبەتی بۆ منداڵان - خنکێنەر بێت".
ئوم عەلی بە باشی دەزانێت کە سەردانی باخچە گشتیەکان یان گازینۆکانی لێواری روباری فورات بکات بۆ بەسەربردنی شەوانی رەمەزان.
نزیك لەو شوێنانەی باخچە گشتیەکان کە خێزانەکانی لێ دادەنیشن، زۆر لە گەنجان بەیەکەوە کۆدەبنەوە بۆ یاری محێبس، کە یاریەکی میلیە و یەکێك لە ئەندامانی تیمەکە هەوڵدەدات مستیلەیەك بدۆزێتەوە کە لایەنی بەرانبەر دەیشارێتەوە.
هەرچەندە زۆربەی یاریزانەکان گەنجن، بەڵام هەندێك لە پیاوانی بەساڵاچوش بەشداریدەکەن کە بە زۆری سەرۆکایەتی تیمە رکابەرەکان دەکەن.
ساحیب عەلی ،کە سەرۆکی یەکێك لەو دوو تیمە بوو، وتی "خۆشیەکی زۆر دەبینین لەم یاریە میلیە جوانە. هەرچەندە ئەم یاریە بۆ خۆشیە، بەڵام زۆر بە جدی و سەختیەوە رکابەری یەکتری دەکەین و سورین لەسەر بردنەوەی سینیە پاقلاوە و زلابیەکانی ئەمساڵ".
رکاربەرایەتی لەنێوان تیمەکاندا گەرمتر دەبێت و ئەو کاتەی یاریزانێك مستیلەکە دەدۆزێتەوە، دەنگیان بەرزتر دەکەنەوە.
کۆرنیشی کوفە، کە دەکەوێتە سەر کەنارەکانی روباری فورات، بەزۆری پڕدەبێت لەو خێزانانەی کە بەدوای هەوایەکی خاوێنی دوور لە قەرەباڵغی شاردا دەگەڕێن.
ئەبو قوسەی هەفتانە چەند جارێك خێزانەکەی دەبات بۆ کۆرنیشی کوفە بۆ چێژوەرگرتن لە دیمەنی روباری فورات، کە گڵۆپی چایخانەکان لە قەراغی کەنارەکانیدا دەبریسکێتەوە.
ئەبو قوسەی وتیشی "رەمەزانی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردودا بەهۆی گەرما و کەمی وزەی کارەباوە سەخترینە. لەبەرئەوە پێویستە لەسەرمان هەناسەیەك بدەین. چوون بۆ کۆرنیش هەلێکە بۆ بەسەربردنی کات پاش بەسەربردنی رۆژێکی سەخت و گەرم".
یەکێك لە نەریتەکانی تری شاری نەجەف بەستنی کۆڕە ئەدەبیەکانە، ئەمەش نەریتێکە کە بەتایبەتی نوسەران و شاعیران و بیرمەندان و ئەکادیمیەکان چێژی لێ دەبینن. شەوانە چەندین کۆڕ و کۆبونەوە لە دەزگا و خانە ئەدەبی و رۆشنبیریەکان لە نەجەف دەبەسترێت.
شاعیر و نوسەر عەلی جەنابی وتی "ساڵانێکە ئەم کۆبونەوانە بوون بە نەریتێکی بەردەوامی شەوانی رەمەزان".
دەمەتەقێکانی ناو ئەم کۆڕ و کۆبونەوانە زۆر لە بابەتە ئەدەبی و سیاسی و ئاینیە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت.
عەلی وتیشی "هەندێك لەو کۆڕانە گفتوگۆ و دەمەقاڵێی گەرم بەخۆوە دەبینێت، بەڵام بە شیرینی و شەربەت کۆتاییان دێت".
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران