
[ئەحمەد روبەیعی/ ئەی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] دادگاکانی دیالە زیادبونێکی بەرچاوی هاوسەرگیری نێوان مەزهەبەکانیان تۆمارکردوە.
(10/9/7) -- ئەحمەد شاکر لە دیالە
بۆ سایتی مهوتنی
خالید مەجبل هەفتەی رابردو باڵەخانەی دادگای بەعقوبەی بەجێهێشت و دەستی زەهرای هاوسەرە نوێکەی گرتبو لەناو دەنگی هەلهەلە و هەڵادا.
خالید زەهرای هێنا پاش چەند ساڵێك دابڕان.
خالید وتی "زەهرا ئامۆزامە و یەکتریمان خۆشدەوێت. ئێمە رێکەوتبووین لەسەر ئەوەی پاش ئەوەی زانکۆمان تەواوکرد، هاوسەرگیری بکەین. بەڵام توندوتیژی مەزهەبی کە لە ساڵانی رابردودا باڵی کێشابوو بە سەرعێراقدا، لەیەکتری دابڕاندین لەبەرئەوەی سەر بە دوو مەزهەبی جیاوازین."
سەرەڕای ناڕەزایی هاوڕێیان و دراوسێکان، هەردوو خۆشەویست لە رێگەی کورتەنامە و پەیوەندی تەلەفۆنیەوە بەردەوام بوون لەسەر پەیوەندی نێوانیان.
خالید وتیشی "زۆربەی هاوڕێکانم پێیان دەوتم کە کەسێکی تر بخوازم لەبەرئەوەی فیتنە لە وڵاتدا بەرپابووە و ئەستەمە بتوانین لێی دەربچین."
هەروەها وتی "زۆری نەبرد مەینەتیەکانی ئەم قۆناغەش بەسەرچو و سەقامگیری ئاسایش گەڕایەوە بۆ پارێزگاکە، ئیتر منیش لەگەڵ خێزانەکەمدا چوومە داوای زەهرا. ئەوەتا ئەمڕۆ لێرەین بۆئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی هاوسەرگیری بکەین و هیوامان وایە ژیانێکی خۆشی دوور لە جیابوونەوە بەسەرببەین."
زەهراش وتی "هەتا ئەم دواییەش گرژیەکی زۆر لە نێوان مەزهەبەکاندا لەئارادا بوو. بەڵام رەوشەکە ئێستا جیاوازە و هەموو شتێك گۆڕاوە. سەردەمی رق و کینە بەسەرچو و قۆناغی توندوتیژی کۆتایی پێهات."
خالید و زەهرا تەنها کەسانێك نین کە بە هۆی توندوتیژی مەزهەبیەوە لە عێراقدا لەیەکتری دابڕابن. لە 2006 ەوە زۆر لە هاوڵاتیانی عێراق بە هۆی جیاکاری مەزهەبییەوە، کە گروپە تیرۆرستیەکان نابویانەوە، بۆ چەندین ساڵ لە خێزان و هاوڕی و دراوسێکانیان دابڕابوون.
زۆر لە عێراقیەکان خۆیان بەدوور دەگرت لە هاوسەرگیری نێوان سونە و شیعە، کە نەریتێکی عێراقیە و ساڵەهای ساڵە پەیڕەودەکرێت، لە ترسی ئەوەی نەبنە ئامانجی گروپە تیرۆرستیەکان و بکوژرێن.
شێخ مەحمود عیزی، کە یەکێکە لە کەسایەتیەکانی شاری بەعقوبە، وتی "ئێمە نازانین ئەو دەستانە کێ بوون کە لە ساڵانی رابردودا وڵاتیان بەم دەردە برد و بوونە مایەی فیتنە لە نێوان خزم و خێزانەکاندا. بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەمە لە وڵاتانی دراوسێوە هاتوە کە خۆشی ئێمەیان ناوێت."
شێخ مەحمود وتی کە چەند ساڵێك لەمەوبەر چوە داوای هاوسەرەکەی نەیدەزانی لەچ مەزهەبێکە. وتی "نەمپرسی سەر بە چ مەزهەبێکە."
هەروەها وتی "ئەم مەسەلەیە گرنگیەکی ئەوتۆی نەبوو بەلامەوە. پاش ئەوەی هاوسەرگیریمان کرد بۆم دەرکەوت کە سەر بە مەزهەبێکی جیاوازە. تەنانەت پاشتریش ئەم مەسەلەیە هەر گرنگ نەبوو بە لامەوە".
دادگاکانی باری کەسێتی لە پارێزگای دیالە ژمارەیەکی بەرچاوی هاوسەرگیری نێوان شیعە و سونەیان تۆمارکردوە.
ئەحمەد عیزاوی، قازی لە دادگای بەعقوبە، وتی "لە دوو مانگی رابردودا، دادگا چەندین گرێبەستی هاوسەرگیری نێوان شیعە و سونەی تۆمارکردوە پاش ئەوەی ئەم دیاردەیە ساڵانێك بوو لەبەرچاو ونبوو."
عیزاوی وتیشی "دیالە یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە خەڵکی هیوابڕاو بوون لەوەی سەقامگیری بەخۆوە ببینێت و دۆستایەتی لە نێوان کەسانی سەر بە مەزهەبە جیاوازەکاندا بگەڕێتەوە. هاوسەرگیری نێوان شیعە و سونە یەکێك بوو لەو مەسەلانەی باسی لێوەنەدەکرا. بەڵام سوپاس بۆ خوا، هاوڵاتیانی پارێزگاکە پاش ئەوەی دەست لەناو دەست بوون دژی تیرۆریزم و تیرۆرستان، توانیان ئەم قۆناغە ببڕن."
شێخ عەبدولفەتاح عیزی، ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی خێر لە بەعقوبە، وتی نابێت موسڵمانان دوای فیتنەی مەزهەبگەری بکەون.
شێخ عەبدولفەتاح وتیشی "ئێمەی موسڵمانانی شوێنکەوتەی پێغەمبەر محەمەد، درودی خوای لێ بێت، دەبێت پەیوەندیمان لەگەڵ ئەو کەسانەدا نوێبکەینەوە کە دابڕاون لێمان، یاخود ئەو کەسانەی کە بارودۆخ ناچاریکردوون لێمان دابڕێن."
هەروەها وتی "هاوسەرگیری بەهێزترین پەیوەندی خێزانیە. دەبێت سەرنجیان بۆلای ئەوە رابکێشین کە ئیسلام رێگری نەکردووە لە هاوسەرگیریکردن تەنانەت لەگەڵ ژنانی غەیرەدیندا کە موسڵمان نین. بە راستی زۆر سەیرە بەلامەوە کەسانێك هەبن هاوسەرانی موسڵمان لە یەکتری بکەن، یان رێگری بکەن لە هاوسەرگیری تەنها لەبەر ئەوەی ژن و مێردەکە لە دوو مەزهەبی جیاوازبن. دەبێت ئەو خەڵکانە لە خوا بترسن."
شێخ عەبدولفەتاح ئەوەشی دوپاتکردەوە کە پێویستە سەرجەم عێراقیەکان بەیەکتر شاد ببنەوە.
شێخ عەبدولفەتاح وتی "من زۆر پشتگیری هاوسەرگیری نێوان مەزهەبە جیاوازەکان دەکەم. ئەمە دەبێتە مایەی ئەوەی وڵات سەقامگیری بەخۆوە ببینێت و لە فیتنە رزگارمان بێت. بەم شێوەیەش دەبینە یەك دەست بە رووی هەمو ئەوانەدا کە دەیانەوێت زیان بە وڵاتەکەمان بگەیەنن."
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران