
CAPTION
له‌لایه‌ن موحه‌مه‌د ئه‌لقه‌یسی و ئێدوارد حه‌مید له به‌غدا-19/12/09
بۆ سایتی مه‌وتنی
سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق نوری مالکی وتی حکومه‌تی عێراقی دوابه‌دوای ئه‌و هێرشانه‌ی له‌م ماوه‌یه‌ی دوایی دا له پایته‌خت ئه‌نجام درا چه‌ند ڕێوشوێنێکی ئه‌منی گرتۆته به‌ر، وه‌ك پێکهێنانی ده‌زگایه‌کی نیشتمانی بۆ هه‌واڵگری بۆ چاره‌سه‌رکردنی ڕه‌وشی ئاسایش له وڵات دا.
له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانی دا که مالکی ئێواره‌ی چوارشه‌ممه، 16 ی کانونی یه‌که‌م، له بینایه‌ی سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیران سازی کرد، مالکی وتی ئه‌رکی ده‌زگا نوێیه‌که بریتییه له به‌دواداچوونی چه‌کداران و تۆڕی تیرۆریزم له بواری هه‌واڵگری دا، ئنجا فڕێیان بداته ناو زیندان، و چاودێری جووڵه‌ی ئه‌وانه بکات که له یاسا ده‌رده‌چن.
هاوکات، مالکی هاوپه‌یمانێتی حزبی به‌عسی هه‌ڵوه‌شاوه و ڕێکخراوی قاعده‌ی تاوانبار کرد به تێوه‌گلانیان له ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌م دواییه که کرایه سه‌ر وه‌زاره‌تی حکومی و بینای مه‌ده‌نی له به‌غداد، "له هه‌وڵێکیان دا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عێراق بۆ دیکتاتۆرییه‌ت و توندڕه‌ویی تایفه‌گه‌ری".
به گوێره‌ی قسه‌کانی مالکی، ده‌زگای هه‌واڵگری هه‌ماهه‌نگی له نێوان وه‌زاره‌ته‌کانی ناوخۆ و به‌رگری و ئاسایشی نیشتمانی و ده‌زگای مخابه‌راتی عێراقی ده‌کات، و کار ده‌کات بۆ دۆزینه‌وه‌ی خاڵه‌کانی لاوازی و که‌موکوڕییه‌کانی کاری ده‌زگا ئه‌منییه‌کان.
هه‌ندێك له‌و رێوشوێنه نوێیانه بریتییه له پێکهێنانی یه‌که‌ی لێپێچینه‌وه‌ی مه‌رکه‌زی و باره‌گاکه‌ی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌بێت، لێپێچینه‌وه له کرده‌وه تیرۆریستییه‌کان ده‌کات و سه‌ره‌داوه‌کانی تاوان به شێوه‌یه‌کی زانستی ده‌دۆزێته‌وه، و وتاری ڕاگه‌یاندن سه‌باره‌ت به ئه‌نجامه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی ته‌قینه‌وه‌کان یه‌ک ده‌خات.
مالکی هه‌روه‌ها وتی ده‌زگاکه یه‌که‌مین بڕیاری خۆی ده‌رکرد و بریتی بوو له ته‌رخانکردنی بڕی 100 ملیۆن دنیاری عێراقی وه‌ك خه‌ڵاتێك بۆ هه‌ر که‌سێك زانياری له‌سه‌ر گروپێكی چه‌کدار یان ئۆتۆمبیلی مینڕێژکراوی ئاماده بۆ ته‌قینه‌وه، بدات.
سه‌باره‌ت به ده‌ستی لایه‌نی ده‌ره‌کی له ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق دا، مالکی وتی "ئه‌و به‌ڵگانه‌ی عێراق له‌سه‌ر تێوه‌گلانی سوریا له ته‌قینه‌وه‌کانی عێراق دا پێشکه‌ش به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانی کردووه، به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌رن"، و نکوڵیکردنی سوریای به "کارێکی سروشتی" ناوبرد.
هه‌روه‌ها وتی "ئێمه نامانه‌وێت په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ سوریا خراپ بێت و ناشمانه‌وێت درۆی له‌گه‌ڵ بکه‌ین، چونکه ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه دا نییه، سیاسه‌تی ئێمه ئه‌وه نییه ئه‌و شتانه‌ی به ده‌ستیانه‌وه ده‌نالێنین بخه‌ینه ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی تر، به‌ڵکو ئێمه باسی حه‌قیقه‌ته‌کان ده‌که‌ین."
مالکی تێوه‌گلانی 45 کارمه‌ند له ئه‌ندامانی ئاسایشی عێراقی له‌و ته‌قینه‌وانه دا ئاشکرا کرد که رۆژی سێشه‌ممه، 8 ی کانونی یه‌که‌م، ڕوویان دا، و وتی "تۆڕێکی گه‌وره له پشت هێرشه‌کانه‌وه بوون که که‌متر نین له 45 کارمه‌ند له ئه‌ندامانی ئاسایشی عێراقی و ده‌ستیان هه‌بووه له ته‌قینه‌وه‌کان دا، و ئه‌مانه سه‌ر به چه‌ند پێکهاته‌یه‌کی هێزه‌کانی ناو به‌غدادن،"
سه‌باره‌ت به چاکتربوونی ره‌وشی ئاسایش له‌م ساڵانه‌ی دوایی دا، مالکی وتی "له خۆڕا نه‌بووه و به‌خت نه‌یهێناوه، به‌ڵکو ئه‌وه به‌رهه‌می پلاندانان و ستراتیجی ئه‌منی بووه... شه‌ڕی ئێستای عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ندێك لایه‌ندایه که به‌ها و ئه‌خلاقیان نییه، و ده‌یانه‌وێت له ده‌روازه‌ی خوێنه‌وه جارێکی تر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عێراق."
مالکی دیسان جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که کاتی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق بریتییه له 31 کانونی یه‌که‌می 2011 و ئه‌مه دوایین کاته و به گوێره‌ی خشته‌یه‌کی چه‌سپاوه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی ڕوون کرده‌وه که هه‌ڵبژاردنه‌کان به گوێره‌ی کاته دیاریکراوه‌که‌ی خۆی ئه‌نجام ده‌درێت، "هه‌وڵی تیرۆریسته‌کان بۆ شکستپێهێنانی هه‌ڵبژاردن، سه‌رکه‌وتوو نابێت."
هه‌ر له هه‌مان بوار دا، ئه‌نجومه‌نی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی رۆژی چوارشه‌ممه کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ساز کرد، تێیدا ده‌ره‌نجامه ئه‌منییه‌کانی ئه‌م ماوه‌یه‌ی دوایی تاوتوێ کرد.
سه‌رۆک کۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی و دوو جێگره‌که‌ی، عادل عه‌بدول مه‌هدی و تاڕق هاشمی، و سه‌رۆک وه‌زیران نوری مالکی، و نوێنه‌ری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان رۆژ نوری شاوه‌یس، و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌یاد سامه‌ڕائی، و فه‌رمانده و نوێنه‌رانی قه‌واره سیاسییه عێراقییه‌کان ئاماده‌ی کۆبوونه‌وه‌که بوون.
له لێدوانێک دا که دوابه‌دوای کۆبوونه‌وه‌که له دره‌نگی شه‌و دا ده‌رچووه، هاتووه که ئاماده‌بوان جه‌ختیان کردۆته‌وه له پشتگیری ئاسایشی ده‌وڵه‌ت و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی که ده‌کرێته سه‌ر هاوڵاتیان.
ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراقی، عادل به‌رواری، له ئاخاوتنیك دا بۆ مه‌وتنی وتی، "کۆبوونه‌وه‌ی (ئه‌نجومه‌نی سیاسی ئاسایشی نیشتمانی) له‌م قۆناغه‌دا زۆر گرنگه بۆ یه‌کخستنی ڕیزی نیشتمانی قه‌واره سیاسییه‌کان و یه‌کخستنی بڕیاره‌کانی فه‌رمانده‌ی ئه‌منییه‌کان ."
پێش چه‌ند سه‌عاتێک له کۆبونه‌وه‌یه‌کی ئه‌نجومه‌نی سیاسی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی، تاریق هاشمی، جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق، ره‌خنه‌ی له میکانیزمی حکومه‌ت گرت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و وتی، "به‌پێی ده‌ستوری عێراقی، ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی بۆی هه‌یه به‌شداری له سێ دۆسیه‌ی حکومه‌تدا بکات، ئه‌وانێس دۆسیه‌ی ئه‌منی، ئابووری و په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، به‌ڵام حکومه‌ت به‌ئه‌نقه‌ست رۆڵی ئه‌نجومه‌نی سه‌روکایه‌تی په‌راوێز ده‌خات و رێی لێده‌گرێت به‌شداری بکات له هێچ یه‌کێک له‌م دۆسیانه".
هاشمی هه‌روه‌ها ڕوونی کرده‌وه که "میلیشیاکان خراونه‌ته ناو ده‌زگا ئه‌منییه‌کان، و وای لێهاتووه به ئاسانی ده‌توانرێت به به‌رتیل دزه‌ی تێبکرێت"
]ئه‌حمه‌د ئه‌لروبه‌یعی \/AFP/Getty Images] ئێستا هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌زگای هه‌واڵگری نوێن.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران