
ئێدوار حه‌ميد له به‌غدا -28/12/09
بۆ سایتی مه‌وتنی
سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق نورى ماليكى داواى له ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ری باڵاى عێراقى كرد که رێوشوێنى توند دژى تاوانباران بگرنه‌به‌ر، و هۆشداریدا له مه‌ترسى نواندنى نه‌رمی له‌گه‌ڵیاندا و به‌سیاسه‌تکردنی دامه‌زراوه دادوه‌ريه‌كانى عێراقى..
ماليكى له وته‌يه‌كيدا له كۆنفرانسى به‌ڵگه‌ى تاوان كه له باره‌گه‌ى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى باڵا پێنجشه‌ممه (24 كانونى يه‌كه‌م) له به‌غدا ئه‌نجامدرا، وتى "عێراق ئامانجێكه بۆ كرده‌وه تيرۆرستيه‌كان كه هاندانى سياسى و تايفه‌گه‌رى له پشته‌وه‌یه. ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى تاكه رێگره له به‌رده‌م ئه‌م تاوانبارانه، و هه‌ر به‌زه‌يى بوونێك يان نه‌رمى نواندنێك له كاتى بڕياردان له‌سه‌ر تاوانباران، ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى تاوانباران له‌سه‌ر كاره‌كانى خۆيان به‌رده‌وام بن".
وتيشى "هه‌ر نه‌رمى نواندنێك له كاتى بڕياردان له‌دژی تاوانباران كاريگه‌رى له‌سه‌ر ده‌زگا حكوميه‌كانى تر و كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقيش ده‌بێت. بۆيه پێويسته ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى عێراق پێداگرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تاوانباران سزای خۆیان وه‌ر‌گرن".
هه‌روه‌ها وتيشى ده‌ستورى عێراقى زامنى سه‌ربه‌خۆيى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و بنه‌ماى جياوازى ده‌سه‌ڵاته‌کانی ياسادانان و جێ به‌جێ كردن و دادوه‌رى ده‌کات. "به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى توشى ده‌ستێوه‌ردانى سياسى بووه له‌ماوه‌ى قۆناغه‌كانى بنياتنانى ديموكراسى كه ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌يه‌ك له‌شێوه‌كان كارى كردۆته‌وه سه‌ر بڕياره‌كانى دادگا".
سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه دامه‌زراوه دادوه‌ريه‌كان ئێستا ئازادن له بڕياردان به‌بێ هيچ ده‌ستێوه‌ردانێكى سياسى يان كارى حيزبه‌كان. وتيشى "ماف خوراوه‌كان مافى خۆيان وه‌رده‌گرنه‌وه و تاوانبارانيش سزاى خۆيان وه‌رده‌گرن".
ماليكى داواى له هه‌موو داموده‌زگاكانى عێراق كرد هاوكارى و پاڵپشتى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى بكه‌ن چونكه "ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى بريتيه له ژيانى سروشتى هه‌ر وڵاتێكى ديموكراسى. ژيانى چه‌ندين خه‌ڵك پشت به دادپه‌روه‌رى و يه‌كسانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌به‌ستێت".
ماليكى ئاماژه‌ى به‌وه دا كه رۆڵى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له عێراق ته‌نها بريتيه نيه له لێكۆڵێنه‌وه له‌گه‌ڵ تاوانه‌کانی کوشتن و دزی و تاوانی تر، به‌ڵكو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته "ده‌ستى كردووه به شيكردنه‌وه‌ى پێكهاته‌ى گشتى ده‌وڵه‌تى عێراق، وه له‌وانه‌يه ديارترین نمونه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بريتيه بێت له پێكهێنانى دادگاى فيدڕاڵى عێراقى".
هه‌روه‌ها سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى باڵا كه له كۆنفرانسه‌كه ئاماده بوو، گرنگی ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى دوو‌پاتکرده‌وه.
سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى وتى "ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى باڵا له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوودا هه‌وڵیداوه هه‌موو داموده‌زگاكانى دادوه‌رى له عێراقدا يه‌كبخات. هه‌روه‌ها به‌شدارى كردوه له چه‌سپاندنى ئاسايش و سه‌قامگيرى و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تى ياسا و داموده‌زگان له عێراق".
هه‌روه‌ها وتى هه‌ندێك بابه‌تى وه‌كو زانيارى ياسايى و دادوه‌رى، و زياتر ئاشنا كردنى خه‌ڵك به سيسته‌مى سياسى له‌نێوان ئه‌وه‌لياتى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى باڵادا بوونه. ئه‌نجوومه‌نه‌كه به‌نيازه گۆڤارێكى یاسایی بڵاوبكاته‌وه و ماڵپه‌ڕێك دروستبكات بۆ زياتر به‌رز كردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشيارى هاوڵاتيان سه‌باره‌ت به سيسته‌مى دادوه‌رى.
جێگرى باڵوێزى ئه‌مريكاش له عێراق، ڕۆبه‌رت فۆرد، ئاماده‌ى كۆنفرانسه‌كه بوو.
ڕۆبه‌رت فۆرد وتى "حكومه‌تى ئه‌مريكا يارمه‌تى حكومه‌تى عێراق ده‌دات له په‌ره‌پێدانى شاره‌زاييى پيشه‌گه‌رى هێزه‌كانى پۆليس و سيسته‌مى دادوه‌رى و به‌كارهێنانى نوێترين شێوازه‌كانى لێكۆڵێنينه‌وه و لێپێچینه‌وه، له‌وانه‌ش به‌كارهێنانى به‌ڵگه‌ى شوێنى تاوان، كه شتێكه ده‌رئه‌نجانى ئه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و رێوشوێنانه‌ى دادگاکان له عێراقدا ده‌يگرنه به‌ر".
به‌رپرسانى ئاسايشى عێراقى له به‌غدا وتيان ده‌زگای به‌ڵگه‌ی تاوان چه‌ندین جار یارمه‌تی ده‌زگاكانى ئاسايشی داوه له ئاشکراکردنی ئه‌نجامده‌ری ته‌قينه‌وه‌كان و تاوانی كوشتن و دزين .
قه‌يس ئه‌لعامرى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر ليستى هاوپه‌يمانى عێراقى يه‌كگرتوو، وتى به‌شى به‌ڵگه‌ى تاوان هێشتا پێويستى به په‌ره‌پێدان و پاڵپشتى حكوومه‌ت هه‌يه.
ئه‌لعامرى وتيشى "هه‌موو كه‌س باسى به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وتى سه‌ره‌كى و راسته‌قينه ده‌كات، به‌تايبه‌تى له‌بوارى به‌ڵگه‌ى تاوان و په‌ره‌پێدانى شێوازه‌كانى ئاشكرا كردنى تاوان. هه‌رچه‌ند تاوان هێشتا ئه‌نجام ده‌درێت و تاوانبارانیشیان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه".
حكومه‌تى عێراق، به‌هاوكارى له‌گه‌ڵ ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا "سێ تاقيگه‌ى لێكۆڵينه‌وه‌ى تاوانى دامه‌زراندووه كه ده‌توانێت لێكۆڵينه‌وه له به‌ڵگه‌ى تاوان بكات. هه‌روه‌ها دوو تاقيگه‌ى گه‌ڕۆكيشى دامه‌زراندوه بۆ لێكۆڵينه‌وه له به‌ڵگه‌كان له شوێنى تاوان، له‌گه‌ڵ تاقيگه‌يه‌كى راهێنان و به‌رنامه‌يه‌ك بۆ راهێنانی توێژه‌ره‌وانى نوێى تاوان و په‌ره‌پێدانى سيسته‌مى دادوه‌رى.
وێنه: [خالید ده‌سوکی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] ماليكى ده‌يه‌وێت دادگاى عێراقى تواناى خۆى له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تاوان نيشان بدات.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران