
[محهمهد سهواف/ئهی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] رێوشوێنی ئهمنی توندوتۆڵ دهگیرێتهبهر، لەوانە بەکارهێنانى سەگى پشکنینى تەقەمەنى بۆ پاراستنى سەلامەتى هاوڵاتیان.
محەمەد ئەلقەیسى لە بەغدا – 29/12/2009
بۆ سایتی مهوتنی
عێراقیەکان بە ئامادەباشى ئەمنى توند و بە هیواى عاشورایەکى هێمن بە خێرهاتنى 10 ی موحەرەمیان کرد.
ژورى عەمەلیاتى هاوبەش لە بەغدا پێکهێنرا که بهشی ئاسایش و تەندروستى و خزمەتگوزارى لهخۆدهگرێت، بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەو حەشامەتە زۆرەى گەشتیاران کە سەردانى شارى کازمیە دەکەن بۆ بەژداریکردن لە بۆنەى عاشورا.
حەفتەى رابردوو راگەیەندراوێک لە لایەن پارێزگارى بەغدا، سەلاح عەبدولرەزاق، دەرچوو تیایدا دەڵێت ژورى عەمەلیات پێکدێت لە شارەوانى بەغداو بەرێوەبەرایەتى کەرخ و رەسافە لە بەغدا و پۆلیسى هەرێمى بەغداو بەشى هاتووچۆ و بەرگرى میللى و پۆلیسى روبارەکان و هەروەها هێزەکانى ئاسایش لە فەرماندەى عەمەلیاتى بەغدا.
بە گوێرەى ئەم لێدوانە، ئەم ژورى عەمەلیاتە، 100 ئوتومبێلى فریاگوزارى، تەکنۆلۆجیاى پهیوهندیکردنی مۆدرێن و ئامێرى سۆناری تایبهت به پشکنینی تەقەمەنی بۆ دابینکراوە. سەرەڕاى ئەمەش زیاتر لە 100 ژن دامهزراون بۆ یارمهتیدان له کاری پشکنینى ئەمنى.
راگەیانراوەکە دەڵێ: "دەزگاکانى ئاسایش لە کۆڵانەکانى کازمیەو ناوچەکانى دەوروبەرى دەستیان بە جموجۆل و هەڵمەتى پشکنین کردووە. مەبەستیش ئەوەیە کە هەر پلانێکى تیرۆریستى پوچەل بکەنەوە".
لە هەمانکاتدا یاسین موستەفا ئەلجەنابى، ئەندامى ئەنجومەنى هەرێمى بەغدا، بە مەوتنى راگەیاند کە هاوڵاتیان رێنماییىان پێدراوه چۆن ئاگایان لە تەندروستى و سەلامەتى خۆیان بێت، بەوەى کە خۆ بەدووربگرن لەو خواردن و خواردنەوانەى کە لە شوێنى نادیارەوە دەهێنرێن وهەروەها هاوکارى دەزگاکانى ئاسایش بکەن و پابەند بن به بڕیاری قەدەغەکردنى چەک لە کازمیە.
ئەلجەنابى وتیشى: "ئەمساڵ وەرزى عاشورا جیاواز دەبێت لە ساڵانى پێشوو، چونکە لە کاتێکدا دێت کە هێزەکانى عێراق بەتەواوى ئاسایشى بەغدایان گرتۆتە ئەستۆ. هەروەها هاوکاتە لەگەڵ نەمانى مەترسى شەرى تایفەگەرى و لەناوبردنى رێکخراوە توندرەوەکان وسەرکەوتنى ئاشتبونەوەى نیشتیمانی لە نێوان عێراقیەکاندا".
هەروەها وتى: "سوونە عێراقیەکانیش بە رادەیەکى زۆر لەگەڵ شیعەکان بەشدارى لەم بۆنەیەدا دەکەن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئێمە پێکەوەژیانمان زیندوو کردۆتەوە. شتێکى زۆر چاکە کە لافیتەى نا سیاسى و ساده دەبینین که داواى خۆشەویستى و ئاشتى دەکەن و بەبێ جیاوازى مەزهەبى وئیتنى بە خێرهاتنى عێراقیەکان دەکەن".
فەرماندەى عەمەلیاتى بەغداش بەکارهێنانى دروشمى سیاسى و بانگەشەى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردنى لە رۆژى عاشوورادا قەدەغەکردووە.
لە هەمانکاتدا لە کەربەلاش، لە کاتێکدا کە ملیۆنهها موسڵمان لەم کاتەدا سەردانى مەرقەدى ئیمام حسێن دەکەن، دەزگاکانى ئاسایش 14,000 کەسى بڵاوکردۆتەوە بۆ ئەوەى ئاسایشى شارەکە بپارێزن و رێگە لە هەر هێرشێکى تیرۆریستی بۆ سەر گەشتیاران بگرن
رائید عهلاء عەباس، بەرێوەبەرى پۆلیسى کەربەلا، وتى سەگى پۆلیسیش دابینکراوە بۆ یارمەتیدان له پشکنینى چەک و تەقەمەنى.
رائید عهلاء وتی: " ئەم وەرزە وامان لێدەکات کە گەشبین بین بەتایبەتى کە زوو دەستى پێکردو ژمارەیەکى زۆرى عێراقیش ئامادە بوون. سەرەڕاى ئەمەش فڕۆکەخانەش دەستیکرد بەپێشوازیکردنى ژمارەیەکى زۆرى گەشتیارە عەرەب و بێگانەکان کە هاتبون بۆ بەشداریکردن لە عاشورا".
حسێن ئەلموسەوى، بەرپرسى کاروانەکانى کازمیە بە مەوتنى راگەیاند: "تا ئێستا دەیان هەزار گەشتیار، لە شیعەو سوننە، هاتوونەتە ناو شار. شتێکى زۆر جوانیشە کە ئەوان لە یەک ژوور و یەک ئوتێل دەمێننەوە. ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتیان دەرگاى ماڵەکانیان کردۆتەوە بۆ سوننەکان. ئەمەش وامان لێدەکات بڵێین عاشورا بووە بە رۆژى یەکێتى و خۆشى، رۆژى پووچەڵکردنەوەى پلانەکانى تیرۆریستان بۆ زیندوکردنهوهی ململانێى مەزهەبى لە نێوان عێراقیەکاندا".
لە هەمانکاتدا،هێزەکانى عێراق رایانگەیاند کە توانیویانە هەوڵێکى خۆکوژى پوچەڵ بکەنەوە، کەسێک بەرگێکى تەقەمەنى لە بەرکردبوو لە کاتى رێکردنى گەشتیارە شیعەکان لە رێوڕەسمى یادکردنەوەکەدا لە شارى بەلەد، لە باکوورى بەغدا.
رائید ئەحمەد فازل لە فەوجى 4 ى سوپاى عێراقى وتى هاوڵاتیەک بەرپرسانى ئاگادارکردۆتەوە کە پیاوێکى گومانلێکراو لە کاتى رێپێوان بۆ کەربەلا خەریکە رێگەى خۆى لە نێو حەشامەتەکە دەکاتەوە و لە گەڵ خەلکەکە سروود دەڵێ.
رائید ئهحمهد وتى: "کاتێک سەربازانى سوپا هەوڵیاندا دورەى بگرن، هەوڵیدا رابکات. لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانى پۆلیس توانیان لە کۆڵانیکى تەسکدا دەورەى بدەن و بیگرن".
کابتن حەیدەر ئەلکینانى لە فەرماندەى عەمەلیاتى بەغدا، کە یەکێکیشە لەو ئەفسەرانەى کە بەرپرسیارێتى جێبەجێکردنى پلانى ئەمنى عاشوراى لە ئەستۆدایە، وتى لە ماوەى چەند رۆژى یهکەمى رابردودا 30 عێراقى کوژراون و نزیکەى 120 دیکەش بریندار بوون. "هەموو ئەوانە بوون کە بەشداربوون لە رێوڕهسمهکاندا ".
دووپاتیشیکردەوە کە هێزەکانى ئاسایشى عێراق 11 تیرۆریستیان گرتووە و شهشی دیکەیان کوشتووە و هەروەها ژمارەیەک بۆمبیشیان دەست بەسەرداگرتووە.
وێنه: [محهمهد سهواف/ئهی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] رێوشوێنی ئهمنی توندوتۆڵ دهگیرێتهبهر، لەوانە بەکارهێنانى سەگى پشکنینى تەقەمەنى بۆ پاراستنى سەلامەتى هاوڵاتیان.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران