
[Awat Ali] Sulaimaniyah's governor lays the foundation stone for Sulaimaniyah's biggest educational complex.
ئاوات عه‌لى ـ سلێمانى 31/12/09
بۆ سایتی مه‌وتنی
له‌ماوه‌ى ڕێوڕه‌سمێك كه له‌ڕۆژى چوارشه‌ممه ، 23 كانوونى یه‌كه‌م ، به‌ڕێوه‌چوو، دانا ئه‌حمه‌د مه‌جید پارێزگارى سلێمانى به‌ردى بناغه‌ى گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵگاى په‌روه‌رده‌یى له شارى سلێمانى دانا ، كه به‌مه‌ش هیواى دابین كردنى ده‌رفه‌تى باشتر بۆ منداڵانى شاره‌كه زیاد ده‌بێت.
ئه‌م پرۆژه‌یه كه له‌سه‌ر بودجه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانیدا دروست ده‌كرێت، باخچه‌ى ساوایان و قوتابخانه‌ى بنه‌ڕه‌تى و قوتابخانه‌ى ئاماده‌یى و له‌گه‌ڵ گۆڕه‌پانى وه‌رزشی و شوێنه سه‌ره‌كیه‌كانى تر له‌خۆ ده‌گرێت.
له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ مه‌وتنى پارێزگارى سلێمانى وتى "پارێزگاى سلێمانى له ئێستادا پێویستى به دروستكردنى 3000 قوتابخانه هه‌یه بۆ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه و گونده‌كانى سه‌ر به پارێزگاكه."
وتیشى " ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش گه‌وره‌ترین پێشكه‌وتنى په‌روه‌رده‌ییه له‌پارێزگاى سلێمانى."
ئه‌م پرۆژه‌یه نزیكه‌ى 6 ملیار دینارى عێراقى تێده‌چێت و له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕى 20 دۆنم زه‌وى له گه‌ڕه‌كى قالاوه كه ماوه‌ى زیاتر له ساڵێك ده‌خایه‌نێت دروست ده‌كرێت.
گه‌ڕه‌كى قالاوه گه‌ڕه‌كێكى میللییه و ده‌كه‌وێته ڕۆژئاوای شارى سلێمانى، دانیشتوانه‌كه‌شى گله‌یى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه سه‌رباری ئه‌وه‌ی یه‌كێكه له‌گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانى شار به‌ڵام تا ئێستا كه‌مترین خزمه‌تگوزارییان بۆ دابینكراوه.
كه‌مال نورى ، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى به مه‌وتنى وت " له‌هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تى له پارێزگاى سلێمانى قه‌یرانى نه‌بوونى ژماره‌ى پێویست له قوتابخانه هه‌یه، ئه‌ویش به‌هۆى زۆربونى ژماره‌ى دانیشتوان به تایبه‌تى له گه‌ڕه‌كه هه‌ژاره‌كاندا."
كه‌مال نورى وتیشى "ئه‌م كۆمه‌ڵگا په‌روه‌رده‌ییه زۆر به‌سووده بۆ دانیشتوانى گه‌ڕه‌كى قالاوه، چونكه منداڵه‌كانیان لێره‌دا په‌روه‌رده ده‌بن تا ده‌گه‌نه زانكۆ." ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "ئه‌م پرۆژانه پاڵپشتى و یارمه‌تیده‌رى ئه‌م گۆڕانكارییه مۆدێرنانه‌یه كه له‌سیسته‌مى په‌روه‌رده‌دا ده‌ستمان پێكردووه."
كه‌مال وتیشى "دیاریكردنى ئه‌م شوێنه بۆ دروستكردنى ئه‌م كۆمه‌ڵگا په‌روه‌رده‌ییه له لایه‌ن پارێزگارى سلێمانییه‌وه له‌سه‌ر داواكارى په‌روه‌رده‌ی سلێمانى بووه، چونكه ئه‌م گه‌ڕه‌كه زۆر پێویستییان به قوتابخانه هه‌یه."
پرۆژه‌كه به‌شێوه‌ى ته‌نده‌ر له‌لایه‌ن پارێزگارى سلێمانى یه‌وه دراوه به كۆمپانیاى بره‌و ، كه كۆمپانیایه‌كى به‌ڵێنده‌رایه‌تى بیناسازى خۆماڵى یه.
ئه‌ندازیار هێمن عه‌لى، له كۆمپانیاى بره‌و، به مه‌وتنى وت "كۆمپانیاكه‌مان له ئاستى به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى گه‌وره‌دا ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌كه بێ دواكه‌وتن له‌واده‌ى خۆیدا ته‌واو بكات ، بۆیه له هه‌فته‌ى داهاتوو ده‌ست ده‌كه‌ین به كاركردن له پرۆژه‌كه."
له‌مه‌راسیمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى ئه‌م كۆمه‌ڵگایه، به‌شێك له دانیشتوانى گه‌ڕه‌كه‌كه و پارێزگارى سلێمانى و سه‌رۆك شاره‌وانى و قائمقامى سلێمانى و چه‌ندین به‌ڕێوه‌ر و به‌رپرسى حكومى تر ئاماده‌یبوون.
دانیشتوانى گه‌ڕه‌كى قالاوه خۆشحاڵى خۆیان ده‌ربڕى به دروستكردنى ئه‌و كۆمه‌ڵگا په‌روه‌رده‌ییه، هه‌روه‌ها داواى چاكردنى ڕێگاوبانه‌كان و دروستكردنى باخچه‌یان ده‌كرد. له وه‌ڵامیشدا پارێزگارى سلێمانی به‌ڵێنى جێبه‌جێكردنى داواكاریه‌کانی پێدان.
سادق محه‌مه‌د یه‌كێك له دانیشتوانى گه‌ڕه‌كى قالاوه وتى "زۆر پێویستمان به‌م پرۆژه‌یه هه‌یه، چونكه گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان تا ئێستا یه‌ك قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تى تیادایه."
ئه‌و هاوڵاتییه وتیشى "خۆشحاڵین كه پرۆژه‌یه‌كى له‌و شێوه‌یه له گه‌ڕه‌كه‌كه‌ماندا ده‌كرێته‌وه، كه بێ گومان منداڵه‌كانمان سوودى لێوه‌رده‌گرن."
بێجگه له‌م پرۆژه‌یه ، حکوومه‌تی كۆریاى باشور به‌نیازه كۆمه‌ڵگایه‌كى تری په‌روه‌رده‌یى له ناوچه‌ى قڕگه‌ى شارى سلێمانی دروست بكات ، كه یه‌كێكه له گه‌ڕه‌كه تازه‌كانى شارى سلێمانى.
پارێزگارى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا " له‌به‌رنامه‌ماندایه دوو كۆمه‌ڵگاى په‌روه‌رده‌یى له‌ناو شارى سلێمانیدا دروست بكه‌ین، وه سوپاسى حكومه‌تى كوریاى باشور ده‌كه‌ین كه ئه‌ركى دروستكردنى یه‌كێك له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ى خسته ئه‌ستۆى خۆى."
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت تێچووى دروست کردنی كۆمه‌ڵگای په‌روه‌رده‌یی گه‌ڕه‌كى قڕگه شه‌ش ملیۆن دۆلار بێت ."
وێنه :] ئاوات عه‌لى [ پارێزگارى سلێمانى به‌ردى بناغه‌ى گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵگاى په‌روه‌رده‌یى له سلێمانى داده‌نێت.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران