
[عەلى ئەلسەعدى/ ئهی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] فهریقی یهکهم قاسم عەتا، وتهبێژی فەرماندەى ئۆپەراسیۆنهکانی بەغدا، وەسفى پاداشتەکە دەکات.
موحەمەد ئەلقەیسى لە بەغدا - 4/1/2010
بۆ سایتی مهوتنی
پیاوێکى عێراقى لە بەغدا به بڕى 100 ملیۆن دینارى نهخت پاداشتدهکرێت لهلایهن حکومەتهوه پاش ئەوەى هێزەکانى ئاسایش لە ئامادەکاری بۆ تەقاندنەوەى ئۆتۆمبیلێک لە گەڕەکەکەیاندا ئاگاداردەکاتەوە.
قاسم عەتا، وتهبێژی فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا، لە لێدوانیکدا سێ شەممە (29 کانونى یەکەم)، وتى "فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەغدا بە فەرمى بڕه پاداشتەکەى دایەدەست هاوڵاتیەکە، هەروەها لە لایەن فەرماندەکانى ئاسایشى عێراق بەناوى سەرۆک وەزیران نورى ئەلمالیکیهوه سوپاسنامەو پێزانینیشى ئاراستەکرا بەرامبەر ئەو ئەرکە نیشتیمانیەى بەجێیهێناوە کە بەزووترین کات ئاگادارى بەرپرسانى ئاسایشى کردۆتەوە.
عەتا وتى ئۆتۆمبیلەکە لە گەراجێک لە گەڕەکى ئەلجامیعە دۆزرایەوە، کە پێشتر، پێش ئەوەى لەلایەن هێزەکانى عێراقەوە پاکبکرێتەوە، مۆڵگەى ئەلقاعیدە بووه. ئۆتۆمبیلەکە، کە کەسێکى بە ڕەگەز سورى لێیدەخوڕى، بۆ ئەوە ئامادەکرابوو لە بازاڕێکى ناوچهکهدا بتەقێنرێتەوە.
هاوڵاتیەکە، کە لەبەر هۆکارى ئەمنى نەیویست ناوى خۆى ئاشکرا بکات، بە مەوتنى راگەیاند کە ههست به دڵخۆشیهکی زۆر دهکات که توانیویهتی ئه کاره بۆ وڵاتەکەى ئهنجام بدات، وتى ئەو لە خۆشەویستى گەل و دڵسۆزى بۆ عێراق ئەم هەنگاوەى ناوە، نەک بۆ پاداشت وەرگرتن.
وتى "پاداشتەکە بۆ من زۆر دەگەیەنێت. بەدڵنیایەوە من بەکارى دەهێنێم بۆ باشترکردنى بارى ژیانى خۆم و خێزانەکەم. بەڵام لەمە گرنگتر، ئهو هەستهى کە من توانیومه گیانى بێتاوانى عێراقیهکانم لە کردەوهى تیرۆریستان رزگارکردووە، بێ بەراورده.
ئەم هاوڵاتیە، کە سەربازێکى پێشووى سوپاى عێراقی بووە، باسی ئهو ههلومهرجه دهکات که یارمهتیدا بۆمبەکه بدۆزێتەوە.
وتی "هەستم بەوە کرد کە شتێکى نائاسایى لەو بەرى شەقامەکەوە رودەدات. خەڵکانێک بەشەو دەهاتن و ئۆتۆمبیلیش لە بەردەم ئەو ماڵەى نزیکمان دەوەستا. رۆژێکیان، هاوهن و وایەرى کارەباییم بینی دەیانهێنا بۆ ئەو ماڵە، لەو کاتەوە دوو دڵیهکهم دەستى پێکرد".
پاش ئەمە، پەیوەندى بە فەرماندەى ئۆپەراسیۆنهکانی بەغدا کردووەو پێى راگهیاندوون کە چى ڕودەدات.
پاش تەقینەوەکانى ئەم دوواییهی بەغداو شارەکانى ترى عێراق، ئەلمالیکى رایگهیاند کە پاداشت دەداتە ئەو هاوڵاتیانەى بەرپرسانى ئاسایش ئاگاداردەکەنەوە لە هەر هێرشێکى تیرۆریستى چاوەڕوانکراو یان زانیارى دەربارەى مۆڵگەکانى تیرۆریستان دەستەبەر دەکەن.
ئەو پیاوەى کە زانیارى دەربارەى بۆمبەکە دابوو وتیشى "بە دڵنیاییەوە پاداشتى پارە دەبێتە هاندەرێک بۆ هەموو کەسێک لە داهاتوودا دەسەڵاتداران لە کردەوهى لەم شێوەیە ئاگاداربکەنەوە".
نهقیب محەمەد ئەلسەعدى لە فیرقەى شەشەمى سوپاى عێراقى لە سنورى ناوچهی ئەلجەماعە، وتى ئۆتۆمبێلەکە "زیاتر لە یەک تەن تەقەمەنى و ماددەى تیژى کوشندەى تێدابوو".
محەمەد پێى وایە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵ گیراوە سوریەکە "ئاشکراى دەکات کە سەر بە چ شانەیەک یان گرووپێکە، ئەمەش وادەکات کە ئەوانیش بگیرێن و تاوانى تریش بدۆزرێتەوە کەلەوانەیە تیرۆریستان خۆیان بۆ ئەنجامدانى ئامادە کردبێ".
محەمەد وتیشى "پاداشتەکە هەرگیز ناگاتە گەورەیى یارمەتیدان و هاوکاریکردنەکەى ئەم هاوڵاتیە، هەروەها ئەمە کەمترین شتە کە ئێمە بەرامبەر ئەم پیاوە بیکەین. هێزەکانى ئاسایش لە کارەکانیاندا سەرکەوتوو نابن بەبێ یارمەتى هاوڵاتیان".
وتهبێژی وەزارەتى بەرگرى عێراقى، محەمەد ئەلعەسکەرى، بە مەوتنى راگەیاند کە "سیستەمى پاداشتى پارە بەشێوەیەکى بەرچاو ئەمن و ئاسایش لە بەغداو شارەکانى ترى عێراق دەستەبەر دەکات".
ئەلعەسکەرى وتیشى لە رێگەى هاوکاریکردنى هاوڵاتیانەوە، داتابەیسێکى گەورەى هەواڵگرى بۆ هێزەکانى عێراق دێتە ئاراوە.
" گیانى نیشتیمانى نەک هیواى وەرگرتنى پاداشت، وا لە هاوڵاتیان دەکات کە ئاگادارى دەسەڵاتداران بکەنەوە لە کردەوه تیرۆریستیەکان و حاڵەتە نامۆ و کەسە گوومانلێکراوەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، بە دڵنیایەوە ئەم کارە هەنگاوێکى گرنگ و مەزنە بەرەو چالاککردنى لایەنەکانى هەواڵگرى و ئاسایش لە پەرەپێدانى دەزگاکانى ئاسایشماندا،" ئەمە وتەى ئەلعەسکەرییە. "ئەم کردهوهیە برەو دهدات بە پەیوەندیەکانى هێزەکانى ئاسایش، چ پۆلیس یان سوپا، لە گەڵ هاوڵاتیانى عێراقى".
وتیشى رێنماییەکانى سەرۆک وەزیران ئەوەیە کە بە پەرۆشەوە مامەڵە لەگەڵ هەر زانیاریەک بکرێت کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە دێت، هەروەها یەکسەر رێوشوێنى گونجاو بگردرێتە بەر بۆ ئەوەى رێگە لە هەر کردەوهیەک بگیرێت کە ئاسایشى وڵات دەکاتە ئامانج.
خەڵکى عێراق ناوێکى زۆر جوانیان لەو پیاوە ناوە کە زانیارى دەربارەى ئۆتۆمبێلە بەمین رێژراوهکه داوەتە دەسەڵاتداران، ئێستا پێى دەڵێن " سووپەرمان". هند ئیسماعیلى 43 ساڵان لە گەڕەکى ئەلمەنسور لە بەغدا، وتى "دەکرێ پێى بڵێین "پیاوى ساڵ" چونکە توانى ژیانى خەڵکێکى زۆر لە مردن رزگار بکات، لە نێوانیاندا ژن و منداڵیش. خێزانەکەى دەبێ شانازى پێوە بکەن".
وێنە: [عەلى ئەلسەعدى/ ئهی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] فهریقی یهکهم قاسم عەتا، وتهبێژی فەرماندەى ئۆپەراسیۆنهکانى بەغدا، وەسفى پاداشتەکە دەکات.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران