
[عه‌لی یوست/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] وه‌زیری کاره‌با که‌ریم وه‌حید وتی چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی نوێی وزه له عێراق ئه‌نجام ده‌درێن.
به‌ره‌کات ئه‌حمه‌د له به‌غداد – 5/1/2010
بۆ سایتی مه‌وتنی
رۆژی پێنج شه‌ممه (31 کانونی یه‌که‌م) له گه‌ڕه‌کی تاجی به‌غداد وه‌زاره‌تی کاره‌بای عێراق به‌ردی بناغه‌ی وێسگه‌یه‌کی نوێی گازی دانا. وێستگه نوێیه‌که ده‌توانێت بڕی 160 میگاوات وزه‌ی کاره‌با بخاته سه‌ر تۆڕی کاره‌بای نیشتمانی.
وه‌زیری کاره‌با که‌ریم وه‌حید، که له دانانی به‌ردی بناغه‌ی وێستگه‌که‌دا به‌شدار بوو، له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ مه‌وتنی وتی، "وێستگه نوێیه‌که له چوار یه‌که‌ی دروستکردنی کاره‌با پێك دێت، و هه‌ر یه‌كێکیان توانای 40 میگاوات دابین ده‌کات، که ده‌کاته کۆی 160 میگاوات."
وه‌زاره‌تی کاره‌با گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ کۆمپانیای ئوروکی ئیماراته یه‌کگرتووه‌کانی عه‌ره‌بی له کۆتایی کانونی یه‌که‌مدا ئیمزا کرد بۆ بنیاتنانی وێستگه نوێیه‌که.
که‌ریم وتی "وێستگه نوێیه‌که به‌شێکه له پرۆژه‌یه‌ك بۆ بنیاتنانی سێ وێستگه‌ی به‌په‌له له تاجی، که‌ربه‌لا، و بابل، به کۆی توانای 660 میگاوات."
گوژمه‌ی پرۆژه‌که 84 بلیۆن دیناری عێراقییه، و له به‌رنامه‌دایه به 18 مانگ ته‌واو ببێت، به گوێره‌ی وته‌کانی عه‌بدولکه‌ریم حامید، به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌کانی وێستگه‌ی کاره‌با.
عه‌بدولکه‌ریم حامید به مه‌وتنی وت "کۆمپانیاکه‌ی ئیمارات له نێو 43 کۆمپانیای نێوده‌وڵه‌تی که بۆ جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌که که‌مکردنه‌وه‌یان پێشکه‌ش کردبوو، له لایه‌ن لیژنه‌یه‌کی ته‌کنیکی کاره‌باییه‌وه که وه‌زاره‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێکیهێنابوو، هه‌ڵبژێردرا."
وێستگه نوێیه‌که له‌گه‌ڵ وێستگه هه‌نووکه‌ییه‌که‌ی تاجی کار ده‌کات، و حه‌وت یه‌که‌ی کاره‌با له‌خۆ ده‌گرێت که توانایان 175 میگاواته، به‌م شێوه‌یه کۆی گشتی به‌رهه‌مێنانی کاره‌با له وێستگه‌ی تاجی ده‌گاته 335 میگاوات."
به‌ڕێوه‌به‌ری وێستگه‌ی دووه‌می گازی تاجی، موسه‌ننا موفتن عه‌لی، وتی وێستگه نوێیه‌که به دوو جۆر سووته‌مه‌نی کار ده‌کات.
موسه‌ننا موفتن عه‌لی وتی "یه‌که‌میان گازی سروشتییه، له کێڵگه‌کانی باکووره‌وه به هێڵی بۆری ده‌گاته وێستگه‌که وه‌ك به‌شێک له پلانیک که وه‌زاره‌تی نه‌وت ئاماده‌ی کردووه. جۆری دووه‌م بریتییه له سووته‌مه‌نی سووک (گازئۆیه‌ل)، که به تانکه‌ر بۆ وێستگه‌که ده‌گوازرێته‌وه."
هاوکات، سه‌رۆکی کۆمپانیای ئه‌ندازیاری و گرێبه‌سته‌سازی ئوروکی ئیماراتی، یه‌حیا ناسیف جه‌سام، به مه‌وتنی وت "ئامێره‌کانی وێستگه نوێیه‌که‌ی تاجی له کۆمپانیای جه‌نه‌راڵ ئێلکتریکی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانه‌وه هێنراوه. هه‌موو پارچه‌کانی ئامێره‌کان گه‌یشتوون و عێراقییه‌کان به خۆیان وێستگه‌که بنیات ده‌نێن."
ناوبراو هه‌روه‌ها وتی "کۆمپانیاکه له نێوان چه‌ندین کۆمپانیا که که‌مکردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه پێشکه‌ش کردبوو، گرێبه‌ستی جێبه‌جێکردنی وێستگه‌که‌ی برده‌وه. کۆمپانیای ئێمه پێش دوو ساڵیش پرۆژه‌ی وێستگه‌ی وزه‌ی ئه‌لقودسی جێبه‌جێ کردووه، که له نیسانی 2009 ه‌وه بڕی 250 میگاوات ده‌خاته نا تۆڕی کاره‌بای نیشتمانییه‌وه."
که‌ریم وه‌حید وتی وه‌زاره‌تی کاره‌با گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌کی عێراقی-که‌نه‌دی ئیمزا کردووه بۆ بنیاتنانی وێستگه له که‌ربه‌لا و بابل، هه‌ر یه‌کێکیان به توانای 250 میگاوات، به کۆی گوژمه‌ی 370 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریکی."
ناوبراو وتی "پرۆژه نوێیه‌که به‌شێکه له پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌تر بۆ جێبه‌جێکردنی چه‌ند قۆناغێکی یه‌که‌ی گازی به‌په‌له له ڕێی زیاترکردنی یه‌که‌ی نوێی به‌رهه‌مهێنان بۆ سه‌ر تۆڕی کاره‌با. به‌مه ده‌گوترێت قۆناغی ناوه‌ند."
هه‌روه‌ها وتی وه‌زاره‌ت له کۆتایی 2008 دا گرێبه‌ستێکی له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ ئه‌لیکتریکی ئه‌مریکی و سیمینزی ئه‌ڵمانی ئیمزا کردووه بۆ دابینکردنی ویستگه‌ی کاره‌با به توانای 10،000 میگاوات. ئه‌و پرۆژانه به‌م زووانه له چه‌ند پارێزگایه‌کی عیراقی ده‌ست پێده‌که‌ن.
وه‌زاره‌ت هه‌روه‌ها گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ چه‌ند کۆمپانیایه‌کی تری وه‌به‌رهێنان ئیمزا کردووه بۆ زیاترکردنی یه‌که‌ی کاره‌بای سه‌ره‌کی له وێستگه سه‌ره‌کییه‌کانی کاره‌بای عێراق، وه‌ك وێستگه‌ی رومه‌یله، خۆرهه‌ڵاتی به‌سره، ناسرییه، و دبس.
وێنه: [عه‌لی یوست/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] وه‌زیری کاره‌با که‌ریم وه‌حید وتی چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی نوێی وزه له عێراق ئه‌نجام ده‌درێن.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران