
[سەباح عەرار/ ئهی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] فرۆشیاری سەر شهقامهکان و خاوەن دوکانەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕێى بڕیارەکە دەکەن.
بەرەکات ئەحمەد لە بەغدا – 6/1/2010
بۆ سایتی مهوتنی
فرۆشیارانی سەر شەقامهکان دەبێ مۆڵەتى فەرمى شارەوانى بەغدایان پێ بێت بۆ ئەوەى بتوانن لە پایتەخت شتومەکەکانیان بفرۆشن.
ئەم بڕیارە لە کۆتایى کانونى یەکەمدا لەلایەن شارەوانییهوه دهرکرا وەک هەوڵێک بۆ رێکخستنى فرۆشیارانی سەر شەقامهکان و نەهێشتنى قەرەباڵغى شەقام و شۆستەکان کە لەم پێنج ساڵەى ربردوودا بەشێوەیەکى بەرچاو زیادى کردووه.
حەکیم عەبدولزەهرە، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان لە شارەوانى بەغدا، وتى " شارەوانى بەغدا چەند ڵێژنەیەک پێکدێنێ بۆ پێدانى مۆڵەتەکان و دەسەڵاتیش دەداتە بەڕێوەبەرە گشتیەکان بۆ دەرکردنى ئەم مۆڵەتانە. لێژنەکانیش بەشێوەیەکى وەرزى دەگۆرێن".
ئەم لیژنانە مۆڵهتەکان بۆ ماوەى سێ مانگ دەدەنە فرۆشیارەکانى شەقامەکانى پایتەخت. ئەلزەهرە وتى ئەم مۆڵەتانە یارمەتیدەر دەبن لە "دیاریکردنى ژمارەى فرۆشیارەکان لە پایتەخت و رێکخستنى کارەکانیان".
هەروەها شارەوانى کیسەى زبڵیش بە نرخی گونجاو بەسەر فرۆشیارانی سەرشەقامهکاندا دابەش دەکات بۆ ئەوەى هانیان بدات زبڵهکانیان کۆبکەنەوە نەک بەشێوەیەکى هەڕەمەکى فڕێى بدەنە سەر شەقام و شۆستە و نێو ڕیگاکان.
" ئەم بڕیارە دوای خراپبوون و ئالۆسکانى دیاردەى زیادەڕۆیى فرۆشیارەکان دێت لە سەر شەقام و شۆستەکان بە شێوەیەک کە ببوو بە بەربەستێک لە لەبەردەم جوڵەى هاتوچۆ، هەروەها بۆ دانانى سنورێک لە بەردەم بڵاوبوونەوەى زبڵ لەو شوێنانەى کە ئەم فرۆشیارانە کارى تێدا دەکەن"، ئەلزەهرە وتیشى "سەرەڕاى ئەمەش، ئێمە هەوڵدەدەین کارەکانیان بەشێوەیەک رێکبخەین کە جوانى شێوەى بەغدا تێکنەدات".
ئەحمەد ئەلمەسعودى، ئەندامى لیژنەى کارو خزمەتگوزاریەکان لە پەرلەمانى عێراق، وتى دەرکردنى مۆڵەت بۆ فرۆشیارەکانى سەر شەقام زۆر پێویستە، چونکە ژمارەیان تادێ زۆرتر دەبێ و بۆشاییەکى زۆرتریش لە شەقام و شۆستەکان دەگرن.
هەروەها وتیشى بڕیارى رێکخستنى کارى فرۆشیارەکانى سەر شەقام دەیانپارێزێ لەو "کردەوه توندوتیژیانەى کە له ئاکامی ئەو پاشاگهردانیهی له شێوازی بڵاوبونهوهیان بهناو بەغدادا هاتۆته کایهوه".
ئەندامى ئەنجومەنى شارەوانى بەغدا، محەمەد ئەلروبێعى، وتى ئەم بڕیارە "ئاماژەیەک دەبێت بۆ سەرەتاى دووبارە رێکخستنەوەى کارى فرۆشیارەکانى سەر شەقامەکانى پایتەخت. سەرەڕاى ئەمەش، ئەگەر بڕیارەکە بە سەرکەوتوویى جێبەجێبکرێت، دەبێتە هێزو پشتیوانیەک بۆ شارەوانى بەغدا بۆ جێبەجێکردنى یاساکانى ترى شارەوانى".
عەلى سامى، فرۆشیارێکى سەر شەقام لە کەڕادەى ناوەڕاستى شارى بەغدا، کە یارى منداڵان و پێداویستیەکانى ناوماڵ لە سەر عهرەبانەکەى دەفرۆشێت، وتى رۆژانە نزیکەى 50 یان 70 دۆلارى دەستدەکەوێت، بەڵام بەشێکى زۆرى ئەم پارەیە لە بڕى ئەو شوێنەى بەکارى دێنێ دەداتە خاوەنى ئەو دوکانەى کە عهرهبانهکهی لهپێش رادهگرێت.
عهلی وتى ئەم بڕیارەى شارەوانى بۆ پێدانى مۆڵەت "کاریگەریەکى باشى دەبێت بۆ رێکخستنى کارەکانمان. هەروەها ئەمە ناهێڵێت خاوەن دوکانەکانیش سهرانهمان لێبستێن".
بە گوێرەى عهلی ئەو کرێیەى خاوەن دوکانەکان لە فرۆشیارەکانى پێش دوکانەکانى کەڕادەى وەردگرن بریتیە لە نزیکەى نیو ملێۆن تا ملیۆنێک دینار لە مانگێکدا، ئەمەش بە گوێرەى روبەر و باش وخراپى شوێنەکە.
عەلى وتیشى "سەرپەرشتیکردنى کارەکانمان لەلایەن شارەوانیەوە کارەکانمان جێگیرتر دەکات و رێگەش لە خاوەن دوکانەکان دەگرێت لەوەى ناچارمان بکەن بەبیانوى بەکارهێنانى شۆستەکانى پێش دوکانەکانیان بڕێک پارەمان لێوەربگرن".
ئەحمەد جاسم، خاوهن عەرەبانهیهکی جلوبهرگه لە ناوچهی کازمیە، وتى شوێنى عەرەبانەکەى مانگانە بە یەک ملیۆن دینار گرتوە.
وتى " قازانجى من رۆژانە لە 50,000 دینار کەمتر نیە، بەڵام ئەم کرێى مانگانەیەى کە دەیدەم زۆربەى قازانجەکەم لێ دەبات. کاریگەرى مۆڵەتەکان ئەرێنی دەبێت بۆ کارى ئێمە، ئەگەر لە سەر بنەماى یەکسانى دابنرێن".
خاوەن دوکانەکانیش بە پلانى دەرکردنى مۆڵەت بۆ فرۆشیارەکانى سەرشەقام دڵخۆش بوون.
ستار زوهێر، دوکاندارێکی جلوبەرگ لە کەرادە، وتى "ئەم بڕیارە کارێکى ئەرێنیە. ژمارەى فرۆشیارەکانى سەر شەقامهکان سنوردار دەکات و کارەکانیشیان بە شێوەیەکى جوان رێکدەخات".ریاز نوعمانیش، کە خاوەنى بازاڕگەیەکە لە گەڕەکى شورتە ئەلرابعە، بە باشە باسى بڕیارەکەى کردو وتى "ئەمە کۆتایى بەو بێسەروبەریە دەهێنێ کە فرۆشیارەکانى سەر شەقامهکان دروستیان کردبوو".
وێنە: [سەباح عەرار/ ئهی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] فرۆشیارەکانى سەرشەقام و خاوەن دوکانەکان بە پەرۆشەوە چاوەڕێى بڕیارەکە دەکەن.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران