print thisemail this
photo

[عیسام ئەلسودانى/ ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] سوپاى عێراقى رێزی لێده‌نرێ بەهۆى ئەو دەستکەوتانەى لە ساڵانى رابردوودا بە دەستى هێناون.

له‌ 89 هه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی سوپاى عێراقدا جەخت لەسەر دەستکەوتە گرنگەکان دەکرێنه‌وه‌

موحەمەد ئەلقەیسى لە بەغدا – 7/1/2010

بۆ سایتی مه‌وتنی

بۆ رێزنان لە 89 هەمین ساڵیادى دامەزراندنى سوپاى عێراقى چوارشەممە (6 کانوونى دووەم)، وەزیرى بەرگرى دەستکەوتە زۆرەکانى سوپاى لە ساڵى رابردوودا بەرز نرخاند.

محەمەد ئەلعەسکەرى، وتەبێژى فەرمى وەزارەتى بەرگرى، بە مەوتنى راگەیاند کە سوپاى عێراقى لە ساڵى رابردوودا زیاتر لە 40,000 تیرۆریست و گومانلێکراوى دەستگیرکردووە و 90 شانەى تیرۆر و چوار گروپى میلیشاى چەکدارى تێکداوە و زیاتر لە 1,000 ئەفسەرى پسپۆری دژە-تیرۆر و فریاکه‌وتن و ئەرکى پاراستنى نیزامى پێگەیاندووە.

عه‌سکه‌ری وتى "بە دڵنیاییەوە ئەم ساڵ ساڵیادى دامەزراندنى سوپاى عێراقى جیاوەزە لە ساڵەکانى رابردوو. ئەمڕۆ سوپاى عێراق لەئامادەباشیدایەو هێزێکە بەباشى مەشقى پێکراوە و بە چەک و زرێپۆشى پێشکەوتوو پرچەککراوە".

لە مانگى حوزەیرانى رابردوو، بەرپرسیارێتى پاراستنى شارەکانى عێراق لەلایەن هێزەکانى ئەمریکاوە درایەوە دەست هێزەکانى عێراق. بە گوێرەى عه‌سکه‌ری "سوپا ڕووبەروى هەموو پێشهاتەکان وەستایەوەو سەلماندى توناى پاراستنى ئاسایشى هەیە".

لە سوپاى عێراقیدا نزیکەى 300,000 کەس هەیە، کە دابەش بوون بەسەر 14 فیرقەدا، هەر فیرقەیەکەش چوار لیواى تێدایە. دوو ساڵ لەمەوبەر تەنها 10 فیرقە هەبوو.

بە گوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى بەرگرى، لە رابردوودا فیرقە سەربازیەکان بە رێژەى 40% تا 50% لە تواناى خۆیان کاریان دەکرد. ئەمڕۆ، هەر فیرقەیەک تواناکانى خۆى بە رێژەى 100% بەکار ده‌هێنێ و بە چەکى نوێش پڕچەککراوە.

حکومەت و وەزارەتى بەرگرى کاریان بۆ ئەوەش کردووە کە هێزى پیادە پێشبخەن، ئەمەش بە گۆڕینیان لە سەربازى پیادەوە بۆ هێزى میکانیکى و قەڵغاندار کە ئوتومبێلى سەربازى پێشکەوتووشیان هەبێ.

عه‌سکه‌ری وتیشى کە حکومەتى عێراقى " لە هەوڵى ئەوەدایە سوپا بە پێشکەوتووترین چەکى ویلایەتە یەکگرتووەکان و ووڵاتانى ترى ئەوروپى پڕچەک بکات. هەروەها بە چڕى راهێنانیان لە سەر چەکى پێشکەوتوو پێدەکرێت کە ئەمە لە زۆر لە وولاتانى تردا نیە".

لە هەمانکاتدا، سەرۆکى دەستەى سوپاى عێراقى، فەریقى یەکەم بابەکر زێبارى، بە مەوتنى راگەیاند کە سوپاى عێراقى کاردەکات بۆ ئەوەى ئەمن و ئاسایش بپارێزێ و ئازادى لە عێراق بەرپا بێت.

وتى "بە بڕوا بەخۆبوونەوە دەیڵێم، پاش کشانەوەى هێزەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئێستا سوپاى عێراقى بەتەواوى تواناى پاراستنى ئاسایشى وڵاتى هەیە. سوپاس بۆ ئەو پێشکەوتنە مەزنانەى دوو ساڵى رابردوو، دەتوانێ هەر توندوتیژى و سەرهەڵدانێکى چەکدارى دامرکێنێتەوە".

زێبارى وتیشى "ئەمەش شتێکى چاکە کە بە شێوەیەکى فراوان سوپاى عێراقى لەلایەن گروپە جیاجیاکانى گەلى عێراقى قبوڵ کراوە و لەلایەن دەسەڵاتى ئاینى و کەسایەتیە کۆمەڵایەتیەکانه‌وه‌ هاندەدرێت. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى کە سوپا سوپای زۆردارێک یان دیکتاتۆرێک نیە، بەڵکو سوپایەکى نیشتمانیە و زادەى سەرکردایەتیەکى مەدەنى و پەرلەمانێکى هەڵبژێردراوە".

زێبارى دوپاتیکردەوە ئەرکى سوپاى عێراقى بەرگرى کردنە لە ئاسایشى عێراق و هێرشیش ناکاتە سەر وڵاتانى دراوسێ.

زێبارى وتى "دراوسێکانى عێراق یان هەر وڵاتێکى تر، نابێ وەکو رابردوو، ترسیان لەو پێشڤەچوونانەى سوپاى عێراقى هەبێ، چونکە ئەرکى سوپاى عێراقى تەنها پاراستنى ئاسایشى عێراق دەبێ نەک هێرشکردنە سەر خەڵکانى تر".

لە چەند ساڵى رابردوودا، سوپاى عێراقى چەندین هەلیکۆپتەرى سەربازى بۆ هاتووە بۆ یارمەتیدانى پاراستنى ئاسایش و سەقامگیرى لە شارەکانى عێراق و پشتیوانى کردنى شەڕى دژەتیرۆر. هەروەها عێراق ژمارەیەکى زۆر فرۆکەوانى سەربازى بۆ مەشقکردن لەسەر ئەم فڕۆکانە ناردۆتە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.

زێبارى وتى "هێزى ئاسمانى عێراق دەبێتە دەستێکى هێرشبەر بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر هێرشێک بۆ سەر وڵات".

وەزارەتى بەرگریش کاردەکات بۆ پێشخستنى هێزە دەریاوانیەکان، بەگوێرەى زێبارى "ئەم هێزە ئامادەباشى دەکات بۆ ئەوەى بچێتە لیستى هێزە دەریاوانیە پێشکەوتووەکانى ناوچەکەوه‌".

عەقید عەلى ساڵح لە وەزارەتى بەرگرى وتى سوپاى عێراقى چەکى مۆدرێن و تفاقى پێشکەوتووى هەیە، لەوانە سەدان تانکى ئەبرامسى ئەمریکى، کە بۆ مانگى ئابى 2010 ژمارەیان دەبێتە 700 تانک. ئەمەو سەرەڕاى هەزاران ئۆتۆمبێلى سەربزى و نەفەرهەڵگرو تۆپهاوێژى پێشکەوتوو.

قسەکەرى فەرمى حکومەتى عێراقى، عەلى ئه‌لدەباغ، بە مەوتنى راگەیاند کە حکومەت گرینگیەکى زۆر بە سوپا دەدات "وەکو پارێزەرى نیشتیمان لە دژى خراپەکاران لە دوژمنانى دەرەوەو هەروەها وەکو گه‌ره‌نتی بۆ ئاسایش و سەقامگیرى ناوەوەى ووڵات".

ده‌باغ وتى پاش روخانى رژێمى سەدام حسێن، هێزە چەکدارەکان لە سەر بنەماى نیشتمانى گەشەیان پێدرا بەبێ گوێدانە په‌یوەندیە مەزهەبى و حزبى و ئیتنى و ئاینیەکان.

وتى "سوپا دەبێ موڵکى هەمووکەس بێ. سوپا هى عەرەب و کورد و تورکمان و موسڵمان و مەسیحى و سابیئەکانیشە. نابێ لایەنى هیچ یەکەیەکى مەزهەبى یان ئاینى بگرێت، هەروەها دەبێ بە دووریش بێ لە هەر دەستێوەردانێکى حزبى و تەوژمێکى سیاسى".

حکومەتى عێراقى هەموو رێکخراوە سیاسى و حیزبیەکانى قەدەغەکردووە لە ئەنجامدانى هەر چاڵاکیەکى حیزبى لە ناو هێزە چەکدارەکاندا.

ده‌باغ وتى "هاتنە ناو رێزەکانى هێزەکانى سوپاوە دەبێ لەسەر بنەماى یەکسانى بێ و دوور بێ لە رەگەزپەرستى. سوپاى نوێ دەبێ نموونەیەکى بچووککراوەى کۆمەڵگاى عێراقى بێت بە هەموو یەکە جیاوازیەکانیەوە. ئەم هەمەچەشنیەش هێزو یەکێتیەکەى زامن دەکات".

لە ژێر دەسەڵاتى سەدام حوسێن ،خزمەتى سەربازى لە سوپاى عێراقیدا بە زۆرەملێ بوو. بەڵام ئێستا خزمەتى سەربازى بە شێوەیەکى خۆبەخشانەیە.

فەریقى یەکەم، مورزى ئەلدلێمى لە فەرماندەى ئۆپەراسیۆنى ئەنبار وتى "ئێستا خۆبەخشین و پەیوەندیکردن بە سوپا لە سەر بنەماى بڕواى خۆبەخشەکەیه‌ بە پیرۆزى کارەکە. لەبەرئەوە، دەبینین سەربازەکان گیانیان فیدا دەکەن و بە حەماسەتەوە و بەبێ دوودڵى دەجەنگێن. کاتێک من سەربازەکان بەم شێوەیە دەبینم، من پێدەکەنم و هەست دەکەم داهاتووى عێراق بەهێزو گەشاوە دەبێت".

موقەدەم عەلى ئەلعەزاوى لە کۆلیژى یەکەمى سوپاى عێراقى لە رۆستەمیە، رۆژهەڵاتى بەغدا، وتى ژمارەى خۆبەخشان، ئەوانەى خزمەتى سوپا دەکەن، ئێستا سێ ئەوەندە زیادى کردووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانى رابردوو.

وتى "گەنجانى 18 ساڵى و 19 ساڵى داوایان پێشکەش کردووە بۆ کۆلیژى سوپا، تا واى لێهاتووە ئێمە ناچاربین پۆلى زیاتریان بۆ بکەینەوە". سەربازانیش دەڵێن سوپا رەنگدانەوەى هەمەجۆرى گەلى عێراقە.

سەربازێک بەناوى بەهاء ئەلموسەوى، کە لە تاوەرێکى کۆنترۆلى نزیک شارى فەللوجە وه‌ستابوو، وتى "من شیعەم و ئەو هاوڕێیەشم کە لە بەرامبەرم وەستاوە سونەیە. ئێمە چاوەڕوانى هاوڕێیەکى ترمان دەکەین ،کە کوردە، بێت و شوێنەکەى ئێمە بگرێتەوە. ئێمە هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە دەبێ خزمەتى عێراق بکەین".

هاوڕێکەى ئەلموسەوى، عومەر ئەحمەد، وتى کە گروپەکەى لە فیرقەى شەشەم لە رۆژى شەممە توانیان بە سەرکەوتوویى ئەرکەکانى خۆیان بەجێبگەیەنن لە دەستگیرکردنى ژمارەیەک لە تیرۆریستان.

عومەر وتى "ئێمە هەست دەکەین کە خەلکى فەللوجە و هەموو شارەکانى تر ڕێزمان دەگرن. هەروەها ئێمە شانازى بە کارەکەى خۆمانه‌وه‌ دەکەین چونکە ئێستا ئێمە دڵنیاین کە تیرۆریستان دەست ناگێڕنەوە و جیاوازى ناکەن لە نێوان منداڵان و پیران، هەروەها مەدەنى و سەرباز. لەبەر ئەوە دەبێ رەگ و ریشەیان لە عێراقدا دەربکێشین".

رانیە جەعفەر، تەمەن 22 ساڵانە و قوتابى زانکۆیە، وتى "ئەم ساڵ دەتوانین یادی دامه‌زراندنی سوپای عێراقی بکه‌ین بەبێ ئه‌وه‌ی پێویست بکات زه‌رده‌خه‌نه‌ی درۆ بخه‌ینه‌ سه‌ر لێومان یا بترسین لە هیچ کەسێک، کە پێشان وابوو. چونکە هەست دەکەین ئەم سوپایە سوپایەکى نیشتیمانیە و یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەى بە ئاشتى و ئاسایش بژین".

وێنە: [عیسام ئەلسودانى/ ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] سوپاى عێراقى رێزی لێده‌نرێت بەهۆى ئەو دەستکەوتانەى لە ساڵانى رابردوودا بە دەستى هێناوون.

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌  4.5/5 (2   ده‌نگه‌کان)

بیخه‌ لیستی خوازراوه‌کان
print thisemail this

سه‌رنجی خوێنه‌ران

عێراق ئه‌مڕۆ | زانیاری/پاداشت | گۆشه‌ی خێزان | وه‌رزش | هه‌مه‌ڕه‌نگ | ئه‌رشیف | ه‌رباره‌ی ئێمه‌ | ه‌یوه‌ندیمان پێوه ‌بکه‌ | خشته‌ی ماڵپه‌ر




verification image, type it in the box
ژماره‌کان داخڵ بکه‌

ليس بامكانك روية الارقام أعلاه؟

*بامكانك الأرسال بالبريد الالكتروني لخمسة أشخاص فقط في آن واحد