
[عه‌لی ئه‌لجبوری] شێخ عیفان سه‌عدون ئه‌لعیفان باسی پاراستنی ئاسایشی ئه‌نبار ده‌کات.
چاوپێکه‌وتن له‌لا‌یه‌ن عه‌لی ئه‌لجبوری له ئه‌نبار – 12/1/2010
بۆ سایتی مه‌وتنی
شێخ عیفان سه‌عدون ئه‌لعیفان، سه‌رۆکی لیژنه‌ی به‌رگری و ئاسایش له ئه‌نبار، له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ مه‌وتنی له نوسینگه‌که‌ی خۆی له ناوه‌راستی ره‌مادی به مه‌وتنی وت گروپه تیرۆریستییه‌کانی وه‌ك قاعیده و گروپی تری چه‌کدار به‌م زوانه "ده‌خرێنه ناو کتێبه‌کانی مێژووی ره‌ش."
شێخ عیفان عه‌با و دشداشه‌ی له‌به‌ربوو، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له سه‌ردانێك بۆ پشکنینی هێزه‌کانی ئاسایش له‌ناو پارێزگاکه به‌یانی چوارشه‌ممه (6 کانونی یه‌که‌م).
مه‌وتنی: ره‌وشی ئاسایشی ئێستای ئه‌نبار چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
عیفان: ده‌توانین بڵێین ره‌وشی ئاسایش له پارێزگای ئه‌نبار، که روبه‌ره‌که‌ی ده‌گاته 32% ی روبه‌ری هه‌موو عێراق، به راده‌یه‌کی زۆر ئارامه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وشه‌ی جاران تێیدا ده‌ژیا. ئه‌نبار ببوو به په‌ناگه‌یه‌کی ئارام بۆ قاعیده و گروپه چه‌کداره‌کانی تر. ئه‌مڕۆ ئه‌نبار به‌ره‌ی سه‌ره‌کییه له جه‌نگ دژی ئه‌وانه، له ئاستی حکومی و له ئاستی میللیشدا.
وه‌ك ده‌بینیت شه‌قامی عێراقی، هه‌موو چین و توێژه‌کان، گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌کداره‌کان ره‌ت ده‌که‌نه‌وه و ئه‌و توندڕه‌وانه ده‌رده‌په‌ڕێنن که بێگومان به‌م زوانه له‌به‌ر چاوان نامێنن. ئێمه ناتوانین ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ی دوایی ناوبنێین هه‌ره‌سی ئاسایش. به‌ڵکو، ئێمه ناومان ناوه دوایین په‌له‌قاژه‌ی قاعیده و گروپه چه‌کداره‌کان. سه‌ره‌رای ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ش، پارێزگاکه ئارامه.
مه‌وتنی: ئایا پۆلیس به تاوانبار داده‌نێت له‌م هێرشانه‌ی دوایی ئه‌نبار؟
عیفان: هه‌ندێک هه‌ڵه له ده‌زگای پۆلیسدا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵانه ناگاته ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌مه شکسته. هێزه‌کانی پۆلیس له کاتێکی زۆر سه‌ختدا کاریان ده‌کرد و توانییان ئاسایش دابین بکه‌ن و سه‌دان تیرۆریست ده‌ستگیر بکه‌ن، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌زاران. به هه‌رحاڵ، ئاسایییه بڵێین کاری پۆلیسی ئه‌نبار ده‌خرێته ژێر هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له هه‌ڵه‌ی ئایینده‌یی بپارێزین.
مه‌وتنی: دوای ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌م دواییه، ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار سه‌رۆکی پێشووی پۆلیسی پارێزگاکه‌ی له‌سه‌ر کار لابرد. ئایا کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌ن بۆ دانانی فه‌رمانده‌یه‌کی نوێ بۆ پۆلیس، به کوێ گه‌یشت؟
عیفان: ده‌رکردنی سه‌رۆکی پێشووی پۆلیسی ئه‌نبار لیوا تاریق ئه‌لعه‌سه‌ل له پۆسته‌که‌ی دوای ته‌قینه‌وه‌کان مانای ئه‌وه نییه ئه‌و تاکه که‌سێک بێت که هه‌ڵه‌کان بخرێته ئه‌ستۆی. به ڵام ئه‌وه له‌به‌ر سوربوونمانه له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گۆڕان له‌و پلان و شێوازانه‌ی به‌کارمان ده‌هێنا بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه‌ی چه‌ته‌کانی قاعیده.
له ئێستادا، عه‌مید روکن به‌هاز ئه‌لکه‌رخی به سه‌رۆکی پۆلیس به-وه‌کاله‌ت دامه‌زراوه، به گوێره‌ی ده‌ستور. ده‌رگای پاڵاوتن بۆ پۆسته‌که هێشتا کراوه‌یه، و یه‌ک که‌س هه‌ڵده‌بژێدرێت له‌ناو ئه‌و پێنج کاندیده‌ی بۆ پۆسته‌که پاڵێوراون. کاندید بۆ پێگه‌یه‌کی له‌م جۆره پێویسته خاوه‌نی پله‌ی موقه‌ده‌م و به‌رزتر بێت، پێویسته خاوه‌ن ئه‌زمون بێت له بواری شه‌ڕی قاعیده‌دا، نابێت له‌و که‌سانه بێت که ئازاری عێراقییان دابێت له‌سه‌رده‌می رژێمی پێشوودا، و پێویسته ده‌رچووی کۆلیژی سه‌ربازی به‌رز بێت.
من داوا له عه‌شیره‌ته‌کانی ئه‌نبار و سه‌رکرده‌کانی جارانی هێزه‌کانی رابوون ده‌که‌م ده‌ست نه‌خه‌نه ناو بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ له دامه‌زراندنی سه‌رۆکی نوێی پۆلیسدا و ئه‌م کاره بۆ یاسا و ده‌ستور به‌جێبهێڵن. ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌وان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به نیازی چاکه‌ش بێت، ره‌نگه کاری ئاسایش بشێوێنێت.
مه‌وتنی: پارێزگار قاسم محه‌ممه‌د فه‌هداوی له ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌م دواییه‌دا بریندار بوو. ئێستا ته‌ندروستی چۆنه؟
عیفان: گوازراوه‌ته‌وه بۆ خه‌سته‌خانه‌ی هێزه‌کانی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان له به‌غداد، و ئه‌وان چاودێری باری ته‌ندروستیی ده‌که‌ن. ئێستا، به‌ره‌و چاکبوونه‌وه ده‌چێت. هیوادارین به زوویی بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر کاره‌که‌ی، چونکه زۆربه‌ی برینه‌کانی ساڕ‌ێژ بوون و ده‌توانێت قسه بکات، بڕوات و پێشوازی له میوانان بکات له خه‌سته‌خانه. ئه‌و شتانه‌ی سه‌باره‌ت به تێکچوونی باری ته‌ندروستی ئه‌و ده‌وتران هه‌ر قسه و قسه‌ڵۆک بوون.
مه‌وتنی: پێشتر باسی ده‌ستێوه‌ردانی نه‌رێنی وڵاتانی دراوسێت کردبوو له کاروباری ئاسایشی ناوخۆی عێراق. ده‌توانیت بۆمان روونبکه‌یته‌وه مه‌به‌ستت چی بوو؟
عیفان: ره‌وشی هه‌نوکه وا پێویست ده‌کات به راشکاوی قسه بکه‌ین و ئه‌و شتانه به عیراقییه‌کان بڵێین که په‌یوه‌ندی پێیانه‌وه هه‌یه. بۆیه، ده‌توانم بلێـم ئێران ده‌ست ده‌خاته ناو کاروباری عێراقه‌وه و به تایبه‌تی له ئه‌نبار، به شێوه‌یه‌کی زۆر خراپ و نه‌رێنی.
ئه‌وه ئیرانه که بۆمبی له‌زگه‌یی ره‌وانه ده‌کات که له‌م دواییه‌دا به لێشاو ده‌هات بۆ وڵات و ئه‌نبار له تشرینی یه‌که‌می 2009 وه، 171 بۆمبی له‌زگه‌یی پێشکه‌وتوی به قه‌باره جۆراوجۆری ره‌وانه کردووه، ئه‌مانه بوونه‌ته مایه‌ی کوژرانی 52 سیاسی، زانایانی ئایینی، سه‌رۆک خێڵ و به‌رپرسانی ئاسایشی پارێزگاکه. هه‌موو ئه‌م ته‌قه‌مه‌نییانه له‌سه‌ریان نوسرابوو "له ئیران دروست کراوه" و رۆژی دروستکردنیان هین ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییه، و به تایبه‌تی 2007. ئه‌ندامانی قاعیده له کرده‌وه‌کانیاندا به‌کاریان ده‌هێنن.
کاتێك هێزه‌کانی عێراق هه‌ندێك بواری گرنگی ئاسایشیان کۆنترۆڵ کرد و ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنرا، تاکتیکی نوێیان دۆزییه‌وه که بریتی بوو له بۆمبی له‌زگه‌یی، که به‌ستنی نه کاتی ده‌وێت و نه ماندوو بوون. ئه‌م بۆمبانه هاوڵاتی و سیاسه‌تمه‌دار و خه‌ڵکی ناسراوی ئه‌نبار ده‌کوژن. من خۆم یه‌کێك بووم له ئامانجه‌کانی ئه‌م هه‌وڵانه، سوپاس بۆ خوا، رزگارم بوو.
تاکتیکه نوێیه‌که‌ی ئه‌ندامانی قاعیده و ئه‌و گروپه چه‌کدارانه‌ی به پێی ئه‌جێنده‌ی ئێران کار ده‌که‌ن بریتییه له پاکتاوکردنی که‌سایه‌تییه‌کانی فه‌لوجه، ره‌مادی، هیت، و شاره‌کانی فوراتی سه‌ره‌وه له‌وپه‌ڕی خۆرئاوای عێراق.
ئێران جه‌خت ده‌خاته سه‌ر شێواندنی ئاسایشی ئه‌نبار له رێی پشتگیری قاعیده و گروپه چه‌کداره‌کانی تره‌وه. ئاسایشی عێراق به‌نده به ئه‌نباره‌وه و هه‌ر له‌قکردنێکی ئاسایشه‌که‌ی واته له‌قاندنی ئاسایشی سێ-یه‌کی عێراق و هه‌ڵایسانی کرده‌وه‌ی تیرۆریستی له ناوچه‌کانی تریش.
ئاژانسه‌کانی ئاسایشی عێراق له پارێزگاکه شوێنپێی ده‌روازه‌کانی هاتنه ناوه‌وه‌ی ئه‌و بۆمبانه هه‌ڵده‌گرن و هه‌ندێك له‌وانه‌یان ده‌ستگیرکردووه که دابینی ده‌که‌ن. هه‌ندێکیان دانیشتوانی ئه‌نبارن که بۆ پاره ئه‌م کاره ده‌که‌ن و هه‌ندێكی تریان پاشماوه‌کانی قاعیده‌ن.
مه‌وتنی: هه‌ندێك که‌س بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن تۆ سه‌رنجت هه‌یه له‌سه‌ر ئازادکرانی به‌ندکراوه‌کانی ناو به‌ندینخانه‌ی بوکای ئه‌مریکی..
عیفان: من ئازادکردنی به‌ندکراوه‌کانی ناو زیندانی بوکای له‌شکری ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانم ره‌ت نه‌کردۆته‌وه، به‌ڵام داوام له ئمه‌ریکا کردووه لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌شی عێراقی-ئه‌مریکی پێک بهێنن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی تۆماری ئه‌و به‌ندکراوانه و جه‌خت له‌وه بکرێته‌وه جارێكی تر نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ کرده‌وه‌ی چه‌کداری. په‌سه‌ند نییه تۆ هه‌موویان ئازاد بکه‌یت و بکه‌ونه سه‌ر شه‌قامه‌کان به بێ ساغکردنه‌وه. لایه‌نی ئه‌مریکی له‌م بابه‌ته تێگه‌یشت، و ئێمه له رۆژانی داهاتوودا هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌که‌ین.
مه‌وتنی: هه‌ندێك که‌س له ئه‌نبار له‌وه ده‌ترس سوپای عێراق له‌ناو شارۆچکه‌کانی پارێزگاکه‌دا بڵاوببێته‌وه. بۆچوونت چییه له‌م باره‌یه‌وه؟
عیفان: بڵاوبونه‌وه‌ی به‌رفراوانی هێزه‌کانی سوپای عێراق له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا به سه‌رتاسه‌ری پارێزگاکه‌دا مایه‌ی نیگه‌رانی نییه. به‌ڵام شتێکی سروشتییه که ته‌نها بینینی سوپا ببێته مایه‌ی دوودڵی و دروستکردنی پرسیار له‌سه‌ر هۆ و مه‌به‌سته‌که‌ی. من جه‌خت له‌وه ده‌که‌مه‌وه که ئه‌وه هه‌ندێك رێوشوێنی ئاسایشه به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی ئاسایشی و هه‌واڵگری بۆ تێکدانی دوایین کولانه‌کانی قاعیده. ئۆپه‌راسیۆنه‌که خێرا ده‌بێت و هاوڵاتیان هه‌ستیشی پێناکه‌ن. ئێمه متمانه‌مان هه‌یه به‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که هاوکاری هێزه‌کانی عێراق ده‌که‌ن.
مه‌وتنی: ئایا هێزه‌کانی عێراق پێویستیان به هاوکاری سوپای ئه‌مریکایه پاش ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ی دوایی له ئه‌نبار؟
عیفان: هێزه‌کانی عێراق ده‌توانن له ماوه‌یه‌کی ئێجگار که‌مدا کۆتایی به هه‌ر زه‌بروزه‌نگێك بهێنن. ئێستا ئاستێکی به‌رزیان هه‌یه له بواری ئه‌زمون و توانادا. ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست من بێت، داوا له ئه‌مریکییه‌کان ده‌که‌م بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاتی خۆیان. سوپا و پۆلیسی عێراق ئێستا ئاماده‌ن و هیج مه‌ترسییه‌ک نابێت له لایه‌ن تیرۆریسته‌کانه‌وه ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ئه‌مریکا وڵاته‌که به‌جێبهێڵن. وه‌ک پێم وتی، هێزه‌کانی عێراق ئاماده‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر زه‌بروزه‌نگێک و به‌م زوانه عێراقییه‌کان ده‌بینن فڕۆکه‌ی چاودێری به‌سه‌ر ئاسمانی عێراقدا ده‌فڕن بۆ پاراستنی ئاسایش.
مه‌وتنی: ئایا گه‌شبینیت؟
عیفان: مه‌سه‌له‌که گه‌شبینی و ره‌شبینی نییه، ئێمه ده‌توانین بڵێین متمانه‌مان زۆره به هێزه گه‌نجه‌کانی ئاسایش، و ئه‌مه‌ش دڵنیامان ده‌کاته‌وه له‌وه‌ی ئاینده هی خۆمانه - بۆ دوژمنه‌کانمان نییه.
وێنه: [عه‌لی ئه‌لجبوری] شێخ عیفان سه‌عدون ئه‌لعیفان باسی پاراستنی ئاسایشی ئه‌نبار ده‌کات.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران