
[عه‌لی یوسف/ ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] خاڵێکی پشکنینی سه‌ر به هێزه‌کانی ئاسایش له به‌غدا.
محه‌مه‌د ئه‌لقه‌یسی له به‌غداد – 14/1/2010
بۆ سایتی مه‌وتنی
هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقی له به‌غدا سێشه‌ممه (12 کانونی دووه‌م) ده‌ستیان به ئۆپه‌راسیۆنێکی گه‌وره کرد و 25 گومانلێکراوی تیرۆریستیان ده‌ستگیرکرد. هێزه‌کانی ئاسایش وتیان ئامانجی کرده‌وه‌کان بریتی بوون له وه‌زاره‌ته‌کانی حکومه‌ت و شوێنی گرنگی ئاسایش.
به گوێره‌ی وته‌بێژی حکومه‌تی عێراق، عه‌لی ئه‌لده‌باغ، پلانه‌که به هاوکاری زانيارییه‌کانی هاوڵاتیان پوچه‌ڵ کرایه‌وه.
لیوا قاسم عه‌تا ئه‌لموسه‌وی، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی به‌غدا به مه‌وتنی وت "هێزه‌کانی عێراق زانياری ورد و گرنگیان پێگه‌یشت سه‌باره‌ت به پلانی شانه‌کانی تیرۆریسته چه‌کداره‌کان بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی کوشنده له به‌غدا به به‌کارهێنانی خۆکوژ به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی که مانگی پێشوو روویاندا."
"هێزه‌کانی عێراق 25 که‌سیان گرتووه که ده‌ستیان هه‌بووه له پلاندانان بۆ کرده‌وه‌که و ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر بڕێکی زۆر ته‌قه‌مه‌نی ترسناکدا."
گومان‌لێکراوان له شوێنی جۆراوجۆری به‌غدا ده‌ستگیر کراون، به‌ڵام قاسم ئاماده نه‌بوو ناوی شوێنه‌کان بهێنێت. هێزه‌کانی ئاسایش 200 کیلۆ تی ئێن تی، 200 کیلۆ ته‌قه‌مه‌نی پلاستیکی جۆری سی فۆر، 250 لیتر ته‌قه‌مه‌نی سه‌ختی نیتراتی ئامۆنیا و 60 تۆپی هاوه‌نی قه‌باره جۆراوجۆریان دۆزییوه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی قاسم عه‌تا، بۆ راگرتنی هێرشه‌که، هێزه‌کانی عێراق پلانێکی ناکاویی تۆکمه‌یان داڕشت. هێزه‌کانی ئاسایش له چه‌ند گه‌ڕه‌کێکی به‌غدا قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆیان راگه‌یاند، له هه‌ردوو به‌ری که‌رخ و ره‌سافه، و شاڵاویان برد بۆ چه‌ندین گه‌ڕه‌ک.
هێزه‌کانی ئاسایش هه‌روه‌ها هاتوچۆیان له چه‌ند شه‌قامێكی سه‌ره‌کی به‌غداد راگرت، وه‌ك رێگه‌ی محه‌ممه‌د ئه‌لقاسم، رێی ده‌ره‌کی به‌ره‌و دۆره، پرده‌کانی نێوان هه‌ردوو به‌ری به‌غداد و رێگه‌ی بازنه‌یی ده‌وری به‌غداد. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش، رێگه له هاتنه‌وه ناوه‌وه‌ی ترێله و بارهه‌ڵگری گه‌وره بۆ ناوه‌ندی به‌غدا گیرا.
له کۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رۆژی شه‌ممه، ده‌باغ وتی "بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان، هاتوچۆکردن قه‌ده‌غه کرا. هه‌ندێك رێوشوێنی خۆپارێزی گیرانه به‌ر، و رێگه له پلانی هێرشه تیرۆریسییه‌کان بۆ سه‌ر به‌غدا گیرا."
ده‌باغ وتی "به‌عسییه‌کان ده‌ستیان له‌گه‌ڵ گروپه تیرۆریستییه‌کان تێکه‌ڵ کردووه بۆ ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه و کوشتنی خه‌ڵک."
مقه‌ده‌م عه‌لی حسێن له فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی به‌غدا به مه‌وتنی وت، "سوپاس بۆ ئه‌و زانيارییانه‌ی به‌ده‌ستمان گه‌یشت، هێزه‌کانی عێراق توانیان رێگه بگرن له کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی که ره‌نگه ده‌یان، بگره سه‌دان، هاوڵاتی بکوشتایه."
"په‌لاماره‌که‌ی ئه‌مجاره بۆ سه‌ر چه‌ند وه‌زاره‌تێکی گرنگ ده‌بوو، وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له که‌رخ له به‌غداد، هه‌روه‌ها له چه‌ند شوێنێک له نزیک ناوچه‌ی سه‌وز. ده‌توانین بڵێین سه‌رکه‌وتوو بووین له راگرتنی هێرشه‌که."
ئۆپه‌راسیۆنه‌که چه‌ند کاژێرێك دوای راگه‌یاندنه‌که‌ی پۆلیسی ئه‌نبار دێت سه‌باره‌ت به ده‌ستگیرکردنی دوو که‌س له‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه له ته‌قینه‌وه‌کانی ره‌مادیدا و تێیدا ده‌یان هاوڵاتی کوژران و بریندار بوون، به قاسم ئه‌لفه‌هداوی پارێزگاری ئه‌نباریشه‌وه.
عیفان سه‌عدون عیفان، سه‌رۆکی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له ئه‌نبار، وتی "هێزه‌کانی پۆلیس دوو له‌و 11 تۆمه‌تباره‌یان ده‌ستگیر کردووه که پلانیان بۆ هێرشه خوێناوییه‌کانی ره‌مادی دانابوو."
هه‌روه‌ها وتی ئه‌و زانيارییه به‌راییانه‌ی پۆلیس ده‌ستیان که‌وتووه ده‌بنه مایه‌ی ده‌ستگیرکردنی ئه‌ندامانی تری شانه‌که.
دوای ئه‌وه‌ی زانيارییان پێگه‌یشت سه‌باره‌ت به راگرتنی هێرشه‌که، چه‌ندین دانیشتوی به‌غدا وتیان ئه‌وان بێزار نه‌بوون له‌و رێوشوێنه ئه‌منییه زیادانه‌ی گیرابوونه به‌ر.
سومه‌ییه فازڵ، 43 ساڵ، وتی "ئه‌م به‌یانییه که له خه‌وهه‌ستاین ده‌بینین رێگه‌کان داخراون و پۆلیس هاتوچۆی ئۆتۆمبیلیان قه‌ده‌غه‌کردووه، ته‌نانه‌ت له پیاده‌ش. ئێمه ترسا بووین. به هه‌رحاڵ، دوای چه‌ند کاژێرێک هه‌ستمان به شانازی کرد به ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی ئاسایش و ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌ی به‌خۆیانه‌وه بینیوه له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرش بۆسه‌ر ئاسایشمان."
ئه‌حمه‌د خه‌میس، شۆفێرێکی تاکسی، وتی "زۆر به داخه‌وه‌م بۆ توڕه‌بوونی ئه‌م به‌یانیه‌م له‌و رێوشوێنانه‌ی هێزه‌کانی ئاسایش گرتبوویانه به‌ر، نه‌مده‌زانی له راستیدا ئه‌وانه خه‌ریکی پاراستنی ئێمه‌ن. ئێمه به‌م ده‌سکه‌وته خۆشحاڵین و متمانه‌مان به توانای هێزه‌کانی پۆلیس و سوپا له راگرتنی کرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌و جۆره‌دا ئێجگار زیادی کردووه."
وێنه: [عه‌لی یوسف/ ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] خاڵیكی پشکنینی سه‌ر به هێزه‌کانی ئاسایش له به‌غدا.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران