
[سه‌فین حه‌مید/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] کۆمیسیۆن خه‌ریکی دامه‌زراندنی کارمه‌نده له سه‌رتاسه‌ری عێراقدا.
ئاوات عه‌لی له سلێمانی – 27/1/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌ی 7 ی ئازاردا له پارێزگای سلێمانی شازده قه‌واره‌ی سیاسی کێبڕکێ له‌سه‌ر 17 کورسی ده‌که‌ن. بۆ ئاماده‌کردنی هاوڵاتیان، کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان چه‌ند وێرکشۆپێكی ساز کردووه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری ده‌نگده‌ران سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن.
له پارێزگای سلێمانی 483 بنکه‌ی ده‌نگدان و 2,849 وێستگه‌ی ده‌نگدان هه‌یه بۆ ده‌نگدانی 1.1 ملیۆن ده‌نگده‌ر. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، کۆمیسیۆنی باڵا 21 وێستگه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت ده‌کاته‌وه له نه‌خۆشخانه‌کان و شوێنی تر بۆ ده‌نگدانی هێزه‌کانی ئاسایش و پێشمه‌رگه.
تاهیر محه‌مه‌د, به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی سلێمانیی کۆمیسیۆن، به مه‌وتنی وت "کۆمیسیۆن به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ئاماده‌کارییه‌کان و به پێی خشته‌یه‌کی رێکخراو کارده‌کات، که ئاماده‌کردنی عه‌مبار و کابینه و سندوقه ته‌رخانکراوه‌کانی ده‌نگدان له‌خۆ ده‌گرێت."
تاهیر هه‌روه‌ها وتی "له پارێزگای سلێمانی چه‌ند وێرکشۆپێکمان کردۆه‌وه بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌سه‌ر چۆنێتی ده‌نگدان."
بۆ ئاماده‌کاری بۆ به‌شدارییه‌کی به‌رفراوانی هاوڵاتیان له ده‌نگدان، کۆمیسیۆن له کۆی 500,000 پاڵێوراو چه‌ندین کارمه‌ندی بۆ بنکه‌کانی ده‌نگدان دامه‌زراندووه.
پێشبینی ده‌کرێت ژماره‌یه‌کی زۆر قه‌واره‌ی سیاسی له سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا به‌شداری له کێبڕکێکه‌دا بکه‌ن له‌سه‌ر 325 کورسی په‌رله‌مانی نیشتمانی، که یه‌که‌مین جاره به شێوه‌ی لیستی کراوه ئه‌نجامبدرێت.
سیستمه نوێیه‌که فشاری زیاتر ده‌خاته سه‌ر کاندید له کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا.
په‌خشان زه‌نگه‌نه، کاندیدی حزبی شیوعی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی، وتی "به پێی یاسا و رێنماییه‌کانی کۆمیسیۆن له کاتی ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا هه‌ڵمه‌تی خۆمان ده‌ست پێده‌که‌ین."
په‌خشان، که پێشتر ئه‌ندامی په‌رله‌مان بووه له هه‌رێم، وتی "له رێگه‌ی کۆڕ و سیمیناره‌وه به‌رنامه‌کانی خۆمان به هاوڵاتیان راده‌گه‌یه‌نین، جه‌ختیش ده‌خه‌ینه سه‌ر خواست و داواکارییه‌کانی هاوڵاتیان"
هه‌روه‌ها وتی "گرنگیدان به مافی ئافره‌تان به‌شێکی سه‌ره‌کی ده‌بێت له به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌مان."
هاوپه‌یمانێتی کوردستان، که پێکدێت له یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و چه‌ند حزبێكی تر، یه‌کێکه له گه‌وره‌ترین کێبڕکێکاره‌کانی هه‌رێمه‌که. لیستی گۆڕان، یه‌کگرتووی ئیسلامی، و کۆمه‌ڵی ئیسلامی له کوردستان، که هه‌رسێکیان به لیستی جیا به‌شداری ده‌که‌ن، له لیسته دیاره‌کانن.
ئارام شێخ محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی لیستی گۆڕان، وتی "لیستی گۆڕان بۆ شاری سلێمانی 34 پاڵێوراوی هه‌یه، که نزمترین بڕوانامه تیایدا به‌کالۆریۆسه و زۆرینه‌ی ماسته‌ر و دکتۆرایه."
ناوبراو وتی "به‌رنامه‌یه‌کی تۆکمه و پلانێكی باشمان ئاماده‌کردووه. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنمان بڵاو ده‌که‌ینه‌وه. پێمان وایه به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنمان له ئاستی خواستی خه‌ڵکدایه."
زۆر دانیشتوان وتیان سیستمی لیستی کراوه به په‌سه‌ند داده‌نێن به‌راورد به لیستی داخراو چونکه ده‌توانن ده‌نگ به‌و کاندیدانه بده‌ن که متمانه‌یان پێده‌که‌ن.
سیروان ئه‌حمه‌د، 29 ساڵ، دانیشتویه‌کی سلێمانی، وتی "پێشتر ده‌نگمان ده‌دا به ژماره‌یه‌ك [لیست] و ئیتر ته‌واو، به‌ڵام ئه‌مجاره خۆمان ده‌توانین ده‌نگ بده‌ین به‌و که‌سه‌ی که ده‌مانه‌وێت و متمانه‌مان پێیه‌تی."
سیروان هه‌روه‌ها وتی "ئه‌و که‌سه هه‌ڵده‌بژێرین که ده‌توانێت له په‌رله‌مانی داهاتوودا به‌رگری له مافه‌کانمان بکات و داواکارییه‌کانمان جێبه‌جێبکات و له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا بگونجێت."
وێنه: [سه‌فین حه‌مید/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] کۆمیسیۆن خه‌ریکی دامه‌زراندنی کارمه‌نده له سه‌رتاسه‌ری عێراقدا.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران