
[ویسام ئه‌لعقێلی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] خانویه‌کی روخاو له شاری سه‌در، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که ئه‌مانه‌تی به‌غدا به‌نیازه 150,000 یه‌که‌ی نیشته‌جێبوونی تیا دروستبکات.
ئێدوارد حه‌مید له به‌غدا – 2/02/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
ئه‌مانه‌تی به‌غدا به‌نیازه چه‌ندین کۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون له پایته‌خت دروستبکات له پاره‌ی بودجه‌ی فیدراڵی ساڵی 2010، هه‌روه‌ها له‌ڕێی وه‌به‌رهێنانی کۆمپانیا عێراقی و عه‌ره‌بی و بیانییه‌کانه‌وه.
سابیر ئه‌لعیساوی، ئه‌مینداری به‌غدا له‌م باره‌یه‌وه وتی "ئه‌مانه‌تی به‌غدا چه‌ند کۆمپانیایه‌کی جیهانی با‌نگهێشت کردووه بۆ پێشکه‌شکردنی ته‌نده‌ر له‌ماوه‌ی 45 ڕۆژدا. پاش ئه‌مه ژماره‌یه‌ك له‌و کۆمپانیانه با‌نگهێشت ده‌کرێن بۆ ئه‌نجامدانی یه‌که‌م قۆناغی پڕۆژه‌که که پێکهاتووه له دروستکردنی 30,000 یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون".
ئه‌مانه‌تی به‌غدا دارایی پێویستی له بودجه‌ی ئه‌مساڵ ته‌رخانکردووه بۆ دروست کردنی 150,000یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون له شاری سه‌در. کۆمپانیای برۆدوێی به‌ریتانی ئێستا سه‌رقاڵی ئاماده‌کردنی سه‌رجه‌م دیزاینه‌کانی پڕۆژه‌که‌یه که له‌سه‌ر ڕوبه‌ری 17 کیلۆمه‌تر چوارگۆشه جێبه‌جێ ده‌کرێت.
پڕۆژه‌ی شاری سه‌در ته‌نها یه‌کێکه له پڕۆژه‌کانی په‌ره‌پێدان که ئه‌مساڵ ده‌ستپێده‌کات.
عیساوی وتی "ئه‌مانه‌تی به‌غدا پڕۆژه‌ی دیکه‌شی هه‌یه بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵگای نیشته‌جێبوون که له‌لایه‌ن کۆمپانیا عیراقی و عه‌ره‌بی و بیانییه‌کانه‌وه جێبه‌جێ ده‌کرێن و وه‌به‌رده‌هێنرێن".
هه‌ره‌وها وتی به‌غدا له‌قۆناغی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی دانوستاندایه له‌گه‌ڵ گروپێك کۆمپانیای ئیماراتی بۆ دروستکردنی 65،000 یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون له‌جۆری تێچوونی که‌م و مامناوه‌ندی، هه‌روه‌ها دروستکردنی شاره وه‌رزشی و بازرگانییه‌کان له‌چه‌ندین ناوچه‌ی جیاوازی به‌غدا.
هه‌روه‌ها دروستکردنی 1,000 یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون له‌گه‌ڵ خزمه‌تگوزارییه بازرگانی و گه‌شتوگوزاریه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی به‌غدا له‌پلاندایه. ئه‌م پڕۆژه‌یه میوانخانه‌یه‌کی پێنج ئه‌ستێره‌یی و دوو کۆمه‌ڵگای بازرگانی و خزمه‌تگوزاری و پانتایی سه‌وز له‌خۆده‌گرێت.
عیساوی وتی که ئه‌مانه‌تی به‌غدا به‌نیازه کۆمه‌ڵگایه‌کی نیشته‌جێبوونی تر دروست بکات له ناوچه‌ی دیاله له باکوری به‌غدا. ئه‌م پڕۆژه‌یه پێکهاتووه له 20,000 یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون، هه‌روه‌ها 15,000 یه‌که‌ی تر له‌نزیك فڕۆکه‌خانه‌ی موسه‌ننا.
وتیشی که هه‌ندێك کۆمپانیای جیهانی ته‌نده‌ریان پێشکه‌ش کردووه بۆ دروستکردنی "شاری دوارۆژ" له غه‌زالیه. ئه‌م پڕۆژه‌یه کۆمه‌ڵگای نیشته‌جێبوون و مۆڵێکی بازرگانی و شوێنی گه‌شتوگوزاری له‌خۆده‌گرێت.
عیساوی هه‌روه‌ها وتی "هه‌ندێك پڕۆژه‌ی بچوکی نیشته‌جێبوون هاوکات له‌گه‌ڵ پڕۆژه گه‌وره‌کاندا ئه‌نجامده‌درێن به‌جۆرێکی وه‌ها که بگونجێن له‌گه‌ڵ دیزاینی بنه‌ڕه‌تی شاری به‌غدا".
شاکر ئه‌لزاملی سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی وه‌به‌رهێنان له به‌غدا وتی "ده‌سه‌ڵاتی وه‌به‌رهێنان پێنج مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانی به‌خشیوه بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵگای نیشته‌جێبوون له‌به‌غدا وه‌ك به‌شێك له‌و 23 مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانه‌ی به‌خشراوه به وه‌به‌رهێنه‌ران، ئه‌مه‌ش سه‌رجه‌م بواره خزمه‌تگوزاری و ئابورییه‌کان ده‌گرێته‌وه".
وتیشی "پڕۆژه‌یه‌کی نیشته‌جێبوون بۆ دروستکردنی 5,000 یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون له که‌مالیه و عوبه‌یدی به‌خشرا به کۆمپانیایه‌کی که‌نه‌دی. ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌سه‌ر روبه‌ری 544 دۆنم بنیاتده‌نرێت به گوژمه‌ی 247 ملیۆن دۆلار".
شاکر وتی "ده‌سه‌ڵاتی وه‌به‌رهێنان پڕۆژه‌ی تریشی هه‌یه که له‌هه‌ر شه‌ش شارۆچکه‌که‌ی سه‌ر به‌پارێزگای به‌غدا جێبه‌جێ ده‌کرێن. ئه‌م پڕۆژانه به‌مه‌به‌ستی با‌شترکردنی بارودۆخی نیشته‌جێبوون و که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌ی له‌سه‌ر شاری به‌غدا دروست بووه، جێبه‌جێ ده‌کرێن".
بۆ 10ساڵی داهاتوو، ئه‌مانه‌تی به‌غدا ساڵانه 1 ملیار دۆلار ته‌رخانده‌کات بۆ بنیاتنانی کۆمه‌ڵگای نیشته‌جێبوون و گه‌شتوگوزاری له به‌غدا.
وێنه: [ویسام ئه‌لعقێلی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] خانویه‌کی روخاو له شاری سه‌در، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی که ئه‌مانه‌تی به‌غدا به‌نیازه 150,000 یه‌که‌ی نیشته‌جێبوونی تیا دروستبکات.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه















سه‌رنجی خوێنه‌ران