
[نه‌سیر ئه‌لعه‌بباسی] پارێزگاکه وه‌به‌رهێنانی که‌رتی تایبه‌ت به‌کارده‌هێنێت بۆ بنیاتنانی یه‌که‌ی نیشته‌جێکردن و ئوتێل و کارگه.
نه‌سیر ئه‌لعه‌باسی له به‌غدا – 7/2/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
نه‌جه‌ف زیاتر له 200 داواکاری پێگه‌یشتوه له کۆمپانیا عه‌ره‌بی و بیانییه‌کان و عێراقییه‌کانی تاراوگه‌وه بۆ وه‌به‌رهێنان له پڕۆژه‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌دا.
به وته‌ی دکتۆر فازڵ ئه‌لفه‌زڵ، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له نه‌جه‌ف، پڕۆژه‌کانی وه‌به‌رهێنان له بواری جۆراوجۆردا پێشکه‌شکراون، وه‌ك گه‌شتیاری و کشتوکاڵ و نیشته‌جێکردن.
دکتۆر فازڵ وتی "تا ئێستا به فه‌رمی 35 پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان په‌سه‌ندکراون. ده پڕۆژه‌ی تریش له چه‌ند رۆژی داهاتودا په‌سه‌ندده‌کرێن."
پڕۆژه په‌سه‌ندکراوه‌کان بریتین له حه‌وت کۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبون و 16 ئوتێلی مۆدێرن و 11 وێستگه‌ی پیشه‌سازیی جۆراوجۆر و سێ پارک و یه‌ک شاری یاری. هه‌روه‌ها پارێزگاکه رێککه‌وتننامه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌کی ئه‌وروپیدا ئیمزاکردووه بۆ دامه‌زراندنی سیستمی شه‌مه‌نده‌فه‌ری هه‌ڵواسراو له نێوان نه‌جه‌ف و کوفه‌دا.
به وته‌ی دکتۆر فازڵ، یه‌کێك له هه‌ره پڕۆژه گرنگه‌کان بریتییه له شاری نوێی نه‌جه‌ف، که له لایه‌ن کۆمپانیای بلوم بۆ گه‌شه‌پێدانی خان‌و و زه‌ویوزاره‌وه ئه‌نجامده‌ردێت، که بنکه‌که‌ی له ئیماراته، به گوژمه‌ی 18 ملیار دۆلار له ماوه‌ی 16 ساڵدا.
ناوبراو وتی "گرێبه‌سته‌که له 10 ی شوباتدا له ئیماراتی عه‌ره‌بیی یه‌کگرتوو ئیمزا ده‌کرێت. کاره‌که به چوار قۆناغ جێبه‌جێده‌کرێت و هه‌ر قۆناغێكیان چوار ساڵ ده‌خایه‌نێت."
پڕۆژه‌که بریتییه له دروستکردنی 10,000یه‌که‌ی نیشته‌جێبوون له هه‌ر ساڵێکدا، سه‌ره‌ڕای بازاڕ و نه‌خۆشخانه و گۆڕه‌پانی گشتی و قوتابخانه و زانکۆیه‌ك و چه‌ند ده‌زگایه‌کی تر.
ئێستا نه‌جه‌ف به ده‌ست زۆری ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه ده‌ناڵێنێت دوای ئه‌وه‌ی له‌م دواییه‌دا ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی به رێژه‌ی 10% زیادیکرد.
"بۆیه، شاره‌که له پێش هه‌ر شتێکی تره‌وه هانی ئه‌م پڕۆژانه‌ی نیشته‌جێکردن و ئوتێله گه‌شتیارییانه‌ی دا."
پارێزگاکه له‌م دواییه‌دا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کی وه‌به‌رهێنانی ته‌واوکرد، وه‌ك فڕۆکه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف، که کۆمپانیای ئه‌لعه‌قیقی کوێتی بڕی 50 ملیۆن دۆلار ده‌خاته وه‌به‌رهێنانییه‌وه له ماوه‌ی پێنج ساڵدا.
زوهێر شه‌ربه، سه‌رۆکی ژوری بازرگانیی نه‌جه‌ف، وتی "وه‌به‌رهێنان کورتترین رێگه‌یه بۆ گه‌شه‌سه‌ندن و ئاوه‌دانکردنه‌وه. پێویسته ژینگه‌یه‌کی ئارام دروستبکرێت بۆ راکێشانی سه‌رمایه‌ی عه‌ره‌بی و بیانی."
ئه‌نوه‌ر ئه‌لحه‌بوبی، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌کان له ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که له نێو پڕۆژه‌کانی وه‌به‌رهێناندا کارگه‌یه‌کی ده‌رمانسازی تێدایه له نزیک قه‌زوینییه له باکوری نه‌جه‌ف و کارگه‌یه‌ک بۆ دروستکردنی محه‌ویله‌ی کاره‌بایی و کارگه‌یه‌کی تر بۆ ئاوی کانزایی.
ناوبراو وتی حکومه‌تی خۆجێی مانگی رابردو 14 پارچه زه‌وی دابه‌شکردوه به‌سه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ره‌کاندا تا پڕۆژه په‌سه‌ندکراوه‌کانیانی له‌سه‌ر بنیات بنێن. له چه‌ند رۆژه‌ی داهاتودا، 15 پارچه زه‌وی تریش ده‌درێت به وه‌به‌رهێنه‌ران.
به وته‌ی پارێزه‌ر ئه‌حمه‌د ئه‌لفه‌تلاوی، نه‌جه‌ف خۆی رزگارکردوه له یاسایه‌ک که له 1986 دا ده‌رکراوه و ده‌بێته مایه‌ی خاوکردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان چونکه ره‌زامه‌ندیی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به مه‌رج داده‌نێت بۆ ته‌رخانکردنی زه‌وی بۆ بنیاتنانی پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانکرده‌نه‌وه.
ئه‌حمه‌د فه‌تلاوی وتی "یاساکه‌ی 1986 له بواری فرۆشتن و به‌کرێدانی زه‌ویوزاری ده‌وڵه‌تدا شاره‌وانییه‌کان پابه‌ند ده‌کات به راگه‌یاندنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی به‌کرێ ده‌درێن بۆ ماوه‌ی زیاتر له 25 ساڵ له مه‌زادێکی گشتیی‌دا، ئه‌مه‌ش بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران ناگونجێت."
هه‌روه‌ها وتی "ئه‌م یاسایه به گوێره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئابوریی سۆشیالیستی داڕێژراوه به‌ڵام یاساکانی وه‌به‌رهێنان بریتین له یاسای بازاڕی ئازاد و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رمایه‌داری."
پارێزگاری نه‌جه‌ف، عه‌دنان ئه‌لزه‌رفی، وتی پارێزگاکه "زاڵبوو به‌سه‌ر ئه‌م گرفته‌دا و زه‌وی به‌سه‌ر چه‌ند وه‌به‌رهێنه‌رێکدا دابه‌شکرد به به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی دوای دواخستنی په‌سه‌ندکردنه رۆتینییه‌کان له لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌کانه‌وه."
دانیشتوانی نه‌جه‌ف پێشوازییان له‌و کۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره نێوده‌وڵه‌تییانه کرد که ده‌توانن سه‌رمایه‌ی دارایی و پسپۆڕیی ته‌کنیکی بهێننه ناو نه‌جه‌فه‌وه.
عیماد عه‌لی، بازرگانێک، وتی "ئه‌و بڕه پارانه‌ی ده‌وڵه‌ت ته‌رخانیده‌کات به‌س نیین و پێویستییه‌کانی شاره‌که ئێجگار زۆرن. پێویسته پردێكی په‌یوه‌ندی هه‌بێت له نێوان هه‌ردوو لایه‌ندا و ئه‌وه‌ش بریتییه له وه‌به‌رهێنان."
حه‌سه‌ن ئه‌لکوفی، قوتابی زانکۆ، وتی "نه‌جه‌ف شارێکی گه‌شتیاریی ئاینییه. فڕۆکه‌خانه‌که چه‌ندین ده‌روازه‌ی بۆ کردۆته‌وه. پێویسته ژێرخانی شاره‌که باشتربکرێت چونکه ئه‌مه ئابوری ده‌گه‌شێنێته‌وه."
وێنه: [ناسر ئه‌لعه‌بباسی] پارێزگاکه وه‌به‌رهێنانی که‌رتی تایبه‌ت به‌کارده‌هێنێت بۆ بنیاتنانی یه‌که‌ی نیشته‌جێکردن و ئوتێل و کارگه.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران