print thisemail this
photo

]ئەحمەد ئەلڕوبەیعى/ ئەى ئێف پى/ گێتى ئیمجیز] عێراقیەکان لە دەرەوەى دادگاى تاوانەکان لە بەغدا راوەستاون.

عێراقیەکان متمانەیان بە دادوەرى هەیە

موحەمەد ئەلقەیسى لە بەغدا – 8/ 2/ 10

بۆ سایتی مه‌وتنی

زۆرێک لە خەڵکى عێراق پێیان وایە کە دادوەریى عێراقى بووە بە فاکتەرێکى سەرەکى بنیاتنانى ئاسایش و سەقامگیرى لە سەرتاسەرى وڵاتدا.

دادوەر عەبدولقادر بەیره‌قدار، ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراقى، وتى "ئەمڕۆ دادوەریى عێراقى بووە بە بەهێزترین و سەربەخۆترین دەزگاى دەوڵەتى نوێى عێراقى. هیچ دەسەڵاتێکى باڵاتر نیە بتوانێ فشاری بخاتە سەر."

سەربەخۆیى دادوەری لە دەستوردا پارێزراوە، کە دەڵێت دادوەری سەربەخۆیە و هیچ دەسەڵاتێک لە سەرەوەى ئەودا نیە جگە لە یاسا.

دادوەر بەیره‌قدار وتیشى عێراقیەکان متمانەیان بە دادوەرى هەیە چونکە سەربەخۆیە و هەروەها "لە کاتى حوکمداندا جیاوازى لە نێوان مەزهەب و ئاینەکاندا ناکات و عێراقیەکان بەیەک چاو سەیر دەکات."

بەیره‌قدار وتیشى دادوەر و کارمەندانى سیستەمى داد زۆرجار دەبنە ئامانجى هێرشە تیرۆریستیەکان،" بەڵام ئەندامانى دادوەرى عێراقى گوێ بەو مەترسیانە نادەن کە روبەرویان دەبنه‌وه‌ و دەتوانن تاوانکارە ترسناکەکان و ئەوانەى دەستیان لە کارى گەندەڵیدا هەیە له‌ زیندان توندبکەن."

دادوەر میدحەت ئەلمەحمود، سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى دادوەریى عێراقى، بە مەوتنى راگەیاند" دادوەریی عێراقى بووە بە یه‌کێک له‌ چاکترین دەزگاکانی دادوەرى لە ناوچه‌که‌دا، چونکە هیچ فشار و کاریگەرییەکى سیاسى له‌سه‌ر نییه‌."

لە سێ مانگى رابردودا، دادوەریى عێراقى لە کۆى 10,419 کەیسدا حوکمى لە 7,481 کەیسدا داوە، کە ئەمەش، بە گوێرەى قسەکانى بەیره‌قدار، دەسکەوتێکى مەزنە.

دادوەریى عێراقى بە بەردەوامى لە هەوڵى رۆشنبیرکردنى ئەندامانیدایه‌ بە پێشکەوتوترین رێباز و تیۆرى یاسایى جیهانى. بە گوێرەى ئامارەکانى وەزارەت، زیاتر لە 1,200 دادوەرى عێراقى بۆ راهێنان رەوانەى ئەو وڵاتانە کراون کە دەزگاى دادوەریى پێشکەوتویان هەیە.

وەزارەتى دادى عێراقى، کە دادوەران دادەمه‌زرێنێت، خولی راهێنانیان بۆ دەکاتەوە تا دڵنیابێت لەوەى تەواو ئامادەن بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان.

فەرحان عەبدوڵڵا، راوێژکار لە وەزارەتى دادى عێراقى، وتى " پاش ئەوەى هۆڵەکانى دادگا زۆر قەرەباڵغ بوون بە تاوانەکانى تیرۆر و گەندەڵى دارایى و کارگێڕى و هەروەها کێشە کۆمەڵایەتیه‌کان و ناکۆکی خێڵه‌کی، پەیمانگاى باڵاى دادوەرى لە بەغدا هەوڵیدا دادوەرى نوێ و گەنج بۆ سیستەمى دادوەرى لە عێراقدا پێبگەیەنێت."

زۆر جار دادوەر و داواکارى گشتى و کارمەندانى دادگاکان چەندین کاتژمێرى زیاده‌ کاردەکەن تا ته‌واو بن له‌ وردبونه‌وه‌ له‌ که‌یسه‌کان.

فەرحان عەبدوڵڵا وتیشى " ئەمەش وایکردوە کە ئەم پەیمانگایە خول و تاقیکردنەوەى قورس بۆ دادوەرەکان دابنێت تا متمانەى جەماوەر به‌دەست بێنن."

دادوەر سەعد ئەلبەغدادى بە مەوتنى راگەیاند کەوا لە رابردودا دادوەریى عێراقى به‌ هه‌وه‌سی رژێمى دەسەڵاتدار ده‌جوڵایه‌وه‌.

ئەو وتى" ئەوان بەبێ بوونى بەڵگە حوکمى لە سێدارەدان و گرتن و دورخستنەوە و هەتا گوێ بڕینیشیان دەردەکرد، بەبێ گوێدانە مافەکانى مرۆڤ و هەتا بەبێ ئەوەى رێگە بە داواکراو بدەن پارێزەریش بۆ خۆى بگرێت."

ئەلبەغدادى وتیشى" بەڵام ئەمڕۆ بە گوێره‌ی دادوەریى سەربەخۆى عێراقى و دەستور، کە جیاوازى لە نێوان سونە وشیعە و عەرەب و کورددا ناکات، تاوانبارکردن و بێتاوانکردن بەبێ دانیشتنى یاسایى ئەنجام نادرێت. داواکراوانیش رێگەیان پێدراوە کە پارێزەرێک بۆ خۆیان بگرن بۆئەوەى بەرگریان لێ بکه‌ن، ئەگەر نەشتوانن، دادگا بۆیان دەگرێت."

محەمەد ئەلکەردوش، پسپۆڕ له‌ یاسا و دەستورى عێراقدا، بە مەوتنى راگەیاند کەوا ئێستا عێراقیەکان بە شێوەیەک سەیرى دادوەرى دەکەن کە کێشەکان چارەسەردەکات و داد به‌رقه‌رارده‌کات.

ئەلکەردوش وتیشى" ئێستا کە یەکێک داوایەکى هەبێت، بیر لە هیچ ناکاتەوە تەنها پەنا بردنە بەر دادگا نەبێت. لە رابردودا وا نەبوو. لە هەندێ حاڵەتدا، عێراقیەکان هەر نه‌یانده‌وێرا بچنە دادگا و داوا تۆماربکەن لە ترسى ئەوەى نەوەکو لایەنەکەى تر خزمێکى نزیکى سەدام یان بنەماڵەکەى بێت، لەو حاڵەتەشدا داواکە بە پێچەوانەوە لە دژى داواکار دەشکایەوە."

لەم ساڵانەى دواییدا، دادوەریى عێراقى حوکمى بەسەر 6,579 تیرۆیستدا سەپاندوە و زیاتر لە 2,300 کەسیشى لەوانەى بەشداریان لە کەیسى دزین و گەندەڵى داراییدا کردوە رەوانەى زیندان کردوه‌.

موحەمەد فەیسەڵ، 43 ساڵان، شوفێرى لۆرى، وتى "بە راشکاوانە دەیڵیم، دەبێ شانازى بە دادوەرى عێراقىه‌وه‌ بکەین. تەنها دەزگایەکە کە ناکرێت تاوانبار بکرێت بە تایه‌فەگەرى و لایەنگرى بۆ کەس. زۆر بە باشى بەشداریکردوە لە بنیاتنانى ئاسایش لە عێراقدا بە حوکمدانى تاوانباران و تیرۆریستان و دزه‌کان."

سوندس فازڵ، 23 ساڵان، قوتابى زانکۆ، وتى "چەند ساڵێک لەمەوبەر، هەندێ لە شارەکانى عێراق لە ژێر کۆنترۆڵى توندڕەو و تیرۆریستاندا بوون. ئەوانە خۆیان بە حاکم و بڕیاردەر دانابوو و دادگاى به‌ناو شه‌ریعه‌یان دامه‌زراندبوو. ئەمڕۆ هیچ کەسێک لە پێش دادوەریدا بێدادى لە بەرامبەردا ناکرێت. ئەمەش وامان لێدەکات گەشبین بین بە داهاتوى عێراقى دیموکراتى نوێ."

وێنە: ]ئەحمەد ئەلڕوبەیعى/ ئەى ئێف پى/ گێتى ئیمجیز] عێراقیەکان لە دەرەوەى دادگاى تاوانەکان لە بەغدا راوەستاون.

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌ڵسه‌نگێنه‌  0/5 (0   ده‌نگه‌کان)

بیخه‌ لیستی خوازراوه‌کان
print thisemail this

سه‌رنجی خوێنه‌ران

عێراق ئه‌مڕۆ | زانیاری/پاداشت | گۆشه‌ی خێزان | وه‌رزش | هه‌مه‌ڕه‌نگ | ئه‌رشیف | ه‌رباره‌ی ئێمه‌ | ه‌یوه‌ندیمان پێوه ‌بکه‌ | خشته‌ی ماڵپه‌ر




verification image, type it in the box
ژماره‌کان داخڵ بکه‌

ليس بامكانك روية الارقام أعلاه؟

*بامكانك الأرسال بالبريد الالكتروني لخمسة أشخاص فقط في آن واحد