
[سه‌فین حامید/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] خۆبه‌خشان هانی هاوڵاتیان ده‌ده‌ن که بڕیارێکی تێگه‌یشتوانه بده‌ن له رۆژی هه‌ڵبژاردندا.
محه‌مه‌د ئه‌لقه‌یسی له به‌غدا – 10/2/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی عێراقی و گروپی خوێندکاران هه‌ڵمه‌تێکیان رێکخستووه بۆ هاندانی گوندنشین و دانیشتوانی ناوچه دوره‌کان بۆ به‌شداریکردن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتوودا.
هه‌ڵمه‌ته‌که که له‌ژێر دروشمی "عه‌لمانیه‌ت چاره‌سه‌ره" به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دووشه‌ممه (8 شوبات) له به‌غدا و شاره‌کانی با‌کور و ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌ستی پێ‌کرد و تا 27 شوبات درێژه‌ی ده‌بێت.
ئه‌م هه‌ڵمه‌ته هاوکات له‌گه‌ڵ چالاکیه‌کانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی قه‌واره سیاسیه‌کان بۆ په‌رله‌مان ئه‌نجام ده‌درێت که 7 شوبات ده‌ستی پێ‌کرد و تا رۆژی هه‌ڵبژاردن که 7 ی مارسه به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ی له‌هه‌ڵمه‌ته‌کانی هۆشیارکردنه‌وه‌دا به‌شدارده‌بن، هه‌رله سپێده‌وه به درێژایی رێگاوبان و شه‌قامه سه‌ره‌کیه‌کانی گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری به‌غدادا ده‌سوڕێنه‌وه و قسه بۆ دانیشتوان ده‌که‌ن و وه‌ڵامی پرسیاره‌کانیان سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که ده‌ده‌نه‌وه. هه‌ڵمه‌تی هاوشێوه له‌لایه‌ن خۆبه‌خشانی تره‌وه له شاره‌کانی ئه‌نبار و حله و موسڵ به‌ڕێوه ده‌چێت.
وه‌ك به‌شێك له چالاکی هه‌ڵمه‌ته‌که، خۆبه‌خشان داوایان کردووه له هاوڵاتیان به‌شداری ده‌نگدان بکه‌ن، هه‌روه‌ها داوایان له پیاوان کردووه فشار نه‌خه‌نه سه‌ر ژن و کچه‌کانیان بۆ ده‌نگدان به کاندیدێکی دیاریکراو.
رێکخه‌ری هه‌ڵمه‌ته‌که عه‌لی ئه‌لقه‌یسی وتی "هه‌ڵمه‌ته‌که که زیاتر له 500 که‌س له گه‌نجان به کوڕان و کچانی زانکۆکانه‌وه وه‌ك خۆبه‌خش به‌شداریان تێداکردووه، به‌مه‌به‌ستی قسه‌کردن بۆ هاوڵاتیان و رونکردنه‌وه‌ی گرنگی روکردنه سندوقه‌کانی ده‌نگدان وده‌نگدانیان به‌و کاندیده گونجاوانه‌ی له‌تونایاندایه وڵات یه‌کبخه‌ن".
خۆبه‌خشه‌کان سه‌ردانی زیاتر له 300 گوند و شارۆچکه له سه‌رانسه‌ری عێراقدا ده‌که‌ن به‌مه‌به‌ستی رونکردنه‌وه‌ی گرنگی هه‌ڵبژاردنه‌کان و عه‌لمانیه‌ت.
عه‌لی وتی "ئێمه له‌و بڕوایه‌داین ده‌بێت سیستمی عێراق عه‌لمانی بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق له‌باوه‌ش بگرێت به موسڵمان و مه‌سیحی و عه‌ره‌ب و کورده‌وه، هه‌روه‌ها نابێت ته‌نها ئاینێك یان ره‌گه‌زێك فه‌رمانڕه‌وایی بکات".
هه‌ڵمه‌ته‌که به‌بڕی 10,000 دۆلار له‌لایه‌ن ڕێکخراوه به‌شداربووه‌کان و هه‌ندێك که‌سایه‌تی عێراقی سه‌ربه‌خۆوه کۆمه‌ك کراوه. ئه‌م پاره‌یه له چاپکردنی ئه‌و وێنه‌و پۆسته‌رانه‌دا سه‌رف ده‌کرێت که له چالاکیه‌کانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا له لایه‌ن خۆبه‌خشه‌کانه‌وه به‌کارده‌هێنرێت.
عه‌بدولجه‌بار ئه‌لمه‌حمود سه‌رۆکی "عێراق وڵاتمه" که ڕێکخراوێکی به‌شداربووه له هه‌ڵمه‌ته‌که‌دا ئه‌نجامه‌کانی راپرسییه‌کی خسته‌ڕوو که له‌گه‌ڵ 3,000 هاوڵاتی عێراقیدا له شاره جیاوازه‌کان هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نجامدرا.
عه‌بدولجه‌بار وتی ڕاپرسییه‌که ده‌ری خستووه که 71% ی عێراقیه‌کان پشتگیری له دروستبوونی حکومه‌تێکی عه‌لمانی ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا 15% هاوڵاتیان پشتگیری پارته ئاینییه‌کان ده‌که‌ن و 14% یش هێشتا بڕیاریان نه‌داوه به‌شداری بکه‌ن له هه‌ڵبژاردندا.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ده‌خاته روو که ژماره‌ی ئه‌و عێراقیانه‌ی پشتگیری پارته عه‌لمانیه‌کان ده‌کان روو له هه‌ڵکشانه و رێژه‌ی پشتگیریکردنی پارته ئاینیه‌کان روو له داکشانه.
عه‌بدولجه‌بار وتیشی "راپرسییه‌که به‌هه‌مان شێوه ده‌ری خست که رێژه‌ی 87% ی عێراقیه‌کان ده‌ستێوه‌ردانی ئێران له‌کاروباری نا‌وخۆی عێراق ره‌تده‌که‌نه‌وه و به کارێکی نه‌رینی و دژ به‌ئه‌زمونی دیموکراسی ده‌زانن که پاش ساڵی 2003 له‌عێراقدا هاته کا‌یه‌وه".
خوێنداکارانی به‌شداربووی هه‌ڵمه‌ته‌که وتیان که ده‌یانه‌وێت به‌شداربن له دامه‌زراندنی داهاتوویه‌کی گه‌شه‌دار بۆ عێراق.
سه‌یف جه‌زائی که خوێندکارێکی خۆبه‌خشی هه‌ڵمه‌ته‌که‌یه وتی "ساکارترین شت ئه‌وه‌یه هه‌مووان تێبگه‌یه‌نین که ده‌نگه‌کانیان له‌زێڕ به‌هادارترن و ده‌توانن به‌م ده‌نگانه تیرۆر و ئه‌لقاعیده له‌ناوبه‌رن بێ ئه‌وه‌ی ته‌نها فیشه‌کێکیش بته‌قێنن". هه‌روه‌ها وتی "به‌م شێوه‌یه ده‌توانین عێراقێکی وه‌ها بنیات بنێین که له‌داها‌توویه‌کی نزیکدا شانازی پێوه‌بکه‌ین"
مریه‌م فارس 22 ساڵ که‌خۆبه‌خشێکی هه‌ڵمه‌ته‌که‌یه وتی که زۆرێك له هاوڵاتیان به‌تاسه‌وه‌ن بۆ به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا.
مریه‌م وتی "باشی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته له‌وه‌دایه که به‌شداربووان بیرته‌سکی و لایه‌نگیری ره‌گه‌زیان به‌لاوه‌ناوه و خۆیان وه‌ها ئاماده ده‌که‌ن که‌سانێك هه‌ڵبژێرن که له‌و بڕوایه‌دان نیشتیمانین بێ گوێدانه باکگراوندی ره‌گه‌زی و خێڵه‌کییانه‌وه".
دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌که ده‌یانگرێته‌وه به‌رسڤێکی کارایان هه‌بوو بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵمه‌تکاران.
فه‌ندی ئه‌لکوبه‌یسی 67 ساڵ، دانیشتوی ئه‌لتاجی، که ناوچه‌یه‌کی دوره‌ده‌ستی باکوری شاری به‌غداده، وتی "من هه‌ستم به زیندوێتی گیانی ئه‌و گه‌نجانه ده‌کرد. ئه‌وان وایان لێ‌کردین گه‌شبین بین. بۆیه خۆم و ژنه‌که‌م هه‌رچه‌نده نه‌خۆشیشه بڕیارمانداوه ده‌نگ بده‌ین به‌و که‌سه‌ی به‌بڕوای ئێمه ده‌توانێت وڵات بنیات بنێت".
وێنه: [سه‌فین حامید/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] خۆبه‌خشان هانی هاوڵاتیان ده‌ده‌ن که بڕیارێکی تێگه‌یشتوانه بده‌ن له رۆژی هه‌ڵبژاردندا.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران