
[عه‌لی ئه‌لسه‌عدی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمجز] ئه‌بو ریشه پێی وایه حزبه ئاینیه‌کانی عێراق له داکشاندان.
محه‌مه‌د ئه‌لقه‌یسی له ئه‌نبار – 11/2/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
مه‌وتنی دانیشتنێکی سازکرد له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د ئه‌بو ریشه، سه‌رۆکی سه‌حوه (رابون)ی عێراق، بۆ تاوتوێی سه‌حوه، هه‌ڵبژاردن، ئێران و شه‌ڕی قاعیده
مه‌وتنی: ده‌توانیت باسی پێکهێنانی سه‌حوه‌مان بۆ بکه‌یت له عێراق؟
ئه‌حمه‌د ئه‌بو ریشه: ئه‌وه‌ی له رابردوودا کردمان بریتی بوو له سه‌رهه‌ڵدانێكی خۆبه‌خۆیی له دژی قاعیده. وه‌ک ده‌زانیت، قاعیده بێبه‌زه‌ییانه خه‌ڵکی ئێمه‌ی ده‌کوشت و خوێنی خه‌ڵکی بێتاوانی ده‌ڕشت. لێره‌وه راپه‌ڕینی خه‌ڵکی عه‌شایه‌ر و ئه‌و عێراقیانه ده‌ستیپێکرد که دژی بیرۆکه‌ی ته‌کفیریه‌کان و تیرۆر بوون، نه‌ته‌نها له ئه‌نبار، به‌ڵکو له سه‌رتاسه‌ری عێراق.
پاش ئه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتنمان له دژی قاعیده و وێرانکاریه‌کانی له پارێزگای ئه‌نبار راگه‌یاند، چه‌کدانان و گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ ناو پرۆسه‌ی سیاسی راگه‌یاند – بۆ ئه‌وه‌ی کاروباری ئاسایش بۆ کارمه‌ندانی هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق به‌جێبهێڵین که دلێری خۆیان سوربوونیان له‌سه‌ر شه‌ڕی تیرۆریستان سه‌لماندوه. ئه‌م کارمه‌نده‌کانه ئه‌و کوڕانه‌ی سه‌حوه‌ش له‌خۆده‌گرن که چوونه ریزه‌کانی پۆلیس و سوپاوه.
ئێستا، ئێمه قه‌واره‌یه‌کی عه‌لمانی و سیاسین که رێز له هه‌موو ئاینه‌کان و ئازادیه‌کان ده‌گرین، و له گۆشه‌نیگایه‌کی لیبراڵ و نائیسلامیه‌وه کارده‌که‌ین. ئامانجی هه‌ره گه‌وره‌مان بریتییه له کۆتاییهێنانی یه‌کجاره‌کی به تیرۆر له وڵات‌دا له رێی پشتگیریکردنی سوپا و پۆلیس، بۆ به‌دیهێنانی ئاشته‌وایی نیشتمانی له نێوان هه‌موو عێراقیه‌کان، بۆ ده‌ستکردن به ئاوه‌دانکردنه‌وه به زووترین کات، بۆ دانانی پێشه‌نگێتی بۆ تۆڕی ئاو، ئاوه‌ڕۆ و کاره‌با له یه‌که‌م ساڵی حکومه‌تی داهاتوودا و بۆ داڕشتنی سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی عێراق به شێوه‌یه‌ک بوار بۆ عێراق بڕه‌خسێنێت ببێت به هیزێکی گه‌وره له ناوچه‌که‌دا بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی تری هه‌رێمه‌که سود له ئه‌زمونی دیموکراسی عێراق وه‌ربگرن.
مه‌وتنی: سه‌حوه کاندیدی هه‌یه بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو. پێشبینیت چیه بۆ په‌رله‌مانی داهاتوو؟
ئه‌حمه‌د ئه‌بو ریشه: ئه‌مه سندوقه‌کانی ده‌نگدان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، و بڕیاره‌که‌ش به ده‌ست هاوڵاتیانه. به هه‌رحاڵ، پیشبینی ده‌که‌م ئاستی جه‌ماوه‌ریی حزبه ئایینیه‌کان دابه‌زێت و حزبه عه‌لمانی و نیشتمانییه‌کان زۆرترین ژماره‌ی کورسی به‌ده‌ست بهێنن. چونکه عێراقییه‌کان هێنده‌ی پێویستیان به که‌سێكه ژیانێكی باش و سه‌قامگیریان بۆ دابین بکات، هێنده پێویستیان به که‌سێك نییه باسی کاروباری ئایینیان بۆ بکات.
سه‌ره‌رای ئه‌مه‌ش، ئێستا عێراقیه‌کان ده‌یانه‌وێت واز له بیرۆکه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ئایینی بهێنن و بۆ ژیانێکی به حورمه‌ت بگه‌ڕێن که رێز له مافه‌کانی ئایین و که‌مینه‌کان بگرێت. بۆیه، پێم وایه له په‌رله‌مانی ئاینده‌دا زۆرینه بۆ نیشتمانپه‌روه‌ران ده‌بێت، نه‌وه‌ك زۆرینه‌ی ئایینی، وه‌ك ئێسته ده‌یبینین. خه‌ڵکانی باشی تێدا ده‌بێت که خزمه‌تی هاوڵاتیان ده‌که‌ن.
مه‌وتنی: ئایا پێشبینی به‌شدارییه‌کی به‌رفراوانی ده‌نگده‌ران ده‌که‌یت له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا.
ئه‌بو ریشه: بێگومان. ئێمه پێشبینی ئه‌مه ده‌که‌ین. پێداگیری و ویست ده‌بینم له چاوی عێراقییه‌کاندا بۆ چوون بۆ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان و به‌شداریکردن له‌م پرۆسه دیموکراسیه‌دا. بۆیه، ده‌ڵێم به‌ڵێ، هه‌ڵبژاردن وه‌ک ئاهه‌نگ ده‌بێت. خه‌ڵکی باش و به‌ڕێز هه‌ن که شایسته‌ن عێراقیه‌کان متمانه‌ی خۆیانی بده‌نێ.
مه‌وتنی: چۆن باسی په‌یوه‌ندی نێوان خۆت و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان ده‌که‌یت له ئێستادا؟
ئه‌بو ریشه: هه‌ڵمه‌تی ئێمه له دژی قاعیده هێشتا ته‌واو نه‌بووه، ئێمه وازمان له کاری چه‌کداری هێناوه و ده‌ستمان کردووه به کاری سیاسی، به تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی سه‌حوه چوونه ناو سوپا.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان ئێمه و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان ده‌توانین بڵێین هه‌موو که‌س ئه‌و قوربانیانه‌یان له یاده که ئه‌مریکییه‌کان له ئه‌نبار، و به گشتی له عێراق داویانه، بۆ رزگاربوون له قاعیده و تیرۆر. ئه‌وان و ئێمه له هه‌مان به‌ره‌ی یه‌کگرتووین بۆ به‌زاندنی تیرۆر. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، سه‌رۆک ئۆباما پێش ماوه‌یه‌ک پێی وتم ئه‌مریکیه‌کان هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ بۆ یارمه‌تی ئازادی و بنیاتنانی عێراق. بۆیه، ئه‌وان دۆستی ئێمه‌ن، رۆڵی ئێستایان له دابینکردنی پشتگیری و رێنمایی بۆ هیزه‌کانی عێراق رۆڵێکی پڕبایه‌خ و کاریگه‌ره.
مه‌وتنی: شتێکی تر هه‌یه حه‌ز بکه‌یت باسی بکه‌یت؟
ئه‌بو ریشه: عێراق به‌م زوانه رزگاری ده‌بێت له تیرۆر و گه‌نده‌ڵی دارایی، کاریگه‌ری ئێران له ره‌گه‌وه هه‌ڵده‌کێشێت و سه‌روه‌ریه‌کی پارێزراوی ده‌بێت. عێراق به‌م زوانه گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی له هه‌نده‌رانه‌وه ده‌بینێت. ئه‌مه شتێکی دور نیه - عێراق خاوه‌ن خه‌ڵکی که‌سانی دڵسۆزه بۆ وڵات.
وێنه: [عه‌لی ئه‌لسه‌عدی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمجز] ئه‌بو ریشه پێی وایه حزبه ئاینیه‌کانی عێراق له داکشاندایه
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران