
[که‌ریم ساحیب/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] هێزه‌کانی پۆلیسی ئه‌نبار سێ تیرۆریست له کرده‌وه‌یه‌کی پێشده‌ستیدا ده‌ستگیرده‌که‌ن.
سه‌یف ئه‌حمه‌د له ئه‌نبار –14/2/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
فه‌رمانده‌یی پۆلیسی ئه‌نبار چوارشه‌ممه (10 شوبات) ده‌ستگیرکردنی سێ تیرۆریستی راگه‌یاند که یه‌کێکیان رابه‌رێکی باڵای ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی عێراقه.
رائید ره‌حیم زبن، وته‌بێژی پۆلیسی عێراق له ئه‌نبار، وتی"دوای گه‌یشتنی چه‌ند زانيارییه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تیرۆریستی داواکراو، ئه‌بو جه‌عفه‌ر، له نێوان قه‌زا و شارۆچکه‌کانی ئه‌نباردا دێت و ده‌چێت و گه‌یشتۆته ناوچه‌ی ئه‌لزه‌غریید، باکوری فه‌لوجه، هێزێکی تایبه‌ت له وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێکهێنرا. هێزه‌که شاڵاویان برده‌سه‌ر ئه‌و حه‌شارگه‌یه‌ی تیرۆریسته‌که خۆی تێدا مه‌ڵاس دابوو، به بێ هیچ به‌رگرییه‌ک ده‌ستگیریان کرد."
له ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌دا، هێزه تایبه‌ته‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر جبه‌خانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی چه‌ک و بۆمب و بۆمبی له‌زگه‌یی و موشه‌کدا گرت له‌و خانوه‌ی ئه‌بوجه‌عفه‌ر خۆی تێدا شاردبۆوه.
ره‌حیم وتی لێپێچینه‌وه‌کان به‌ڕێوه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌بو جه‌عفه‌ر "که ده‌ستی هه‌یه له کوشتنی ژماره‌یه‌کی زۆر هاوڵاتی مه‌ده‌نی و په‌لاماردانی هێزه‌کانی ئاسایشی عێراقدا."
هه‌ر چوارشه‌ممه، هێزه‌کانی ئاسایشی ئه‌نبار دوو گومانلێکراویان له ناحیه‌ی که‌رمه ده‌ستگیرکرد، که ده‌که‌وێته خۆرهه‌ڵاتی فه‌لوجه‌وه، کاتێك ده‌ورییه‌کانی پۆلیس پشکنینی ئاساییان ئه‌نجامده‌دا.
رائید یاسین محه‌ممه‌د له پۆلیسی فه‌لوجه وتی هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق چاودێری چه‌ند جموجوڵێکی گومانلێکراوه‌که‌یان ده‌کرد له گوندی فوحه‌یلات، له ناوه‌ڕاستی که‌رمه.
یاسین وتی "یاخیبوه‌کان خه‌ریکی چاندنی چه‌ند بۆمبێك بوون له ده‌وروبه‌ری ماڵی ئه‌ندامێکی هێزی پۆلیس. دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس یاخیبوه‌کانی دۆزییه‌وه و سه‌ره‌ڕای ئاگادارکردنه‌وه‌کانی ئه‌ندامانی ئاسایش بۆ یاخیبوان که خۆیان به‌ده‌سته‌وه بده‌ن، به‌ڵام هه‌وڵیاندا به‌رگری بکه‌ن و ده‌ستیانکرد به ته‌قه‌کردن له ده‌ورییه‌کانی ئاسایش."
به وته‌ی یاسین دوای نزیکه‌ی نیو کاتژمێر له شه‌ڕ، چه‌کداره‌کان بۆ ناوچه‌یه‌کی دووری سه‌ر به گونده‌که هه‌ڵهاتن. هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق داوای پشتگیری‌یان له فه‌وجی فریاکه‌وتنی فه‌لوجه کرد.
نه‌قیب مه‌حمود ئه‌لعیساوی له فه‌وجی فریاکه‌وتنی به‌په‌له وتی "دوای ئه‌وه‌ی له هێزه‌کانی پۆلیسه‌وه ته‌له‌فۆنمان بۆ کرا بۆ پشتگیریی به‌په‌له، حه‌وت ده‌ورییه‌ی پۆلیس، که هه‌ر ده‌ورییه‌ک له حه‌وت پۆلیس پێکهاتبوو، رویانکرده شوێنی پێکدادانه‌که."
"هه‌موو ئه‌و رێگه‌وبانانه‌ی به‌ره‌و شوێنی روداوه‌که ده‌چوون، هه‌موویان داخران. چه‌ند بۆسه‌یه‌کمان دانا بۆ دۆزینه‌وه‌ی یاخیبوه‌کان و توانیمان دووانیان ده‌ستگیربکه‌ین. لێپێچینه‌وه‌کان به‌رده‌وامن له‌گه‌ڵیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنی ئه‌وانی تریش
هاوڵاتییه‌کی مه‌ده‌نی که له نزیک شه‌ڕه‌که بوو کوژرا و ئه‌فسه‌رێکی پۆلیس برینداربوو.
مه‌حمود عیساوی وتی "تیرۆریزم دوا په‌له‌قاژه‌یه‌تی. ده‌بینیت هه‌وڵده‌ده‌ن له نزیک ماڵی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بۆمب بچێنن چونکه ناتوانن روبه‌ڕوی هێزه‌کانی ئاسایش ببنه‌وه که له پێگه‌ی به‌رگریکارییه‌وه چۆته پێگه‌ی هێرشبه‌رانه."
سه‌لیمه عه‌بدوڵڵا، 39 ساڵ، خاوه‌نی یه‌کێك له‌و خانوانه‌یه که چه‌کداره‌کان کردبوویان به ئامانج.
سه‌لیمه وتی "کاتێک له‌و ماڵه بووم که چه‌کداره‌کان به بێ هیچ بیانویه‌ک کردبویان به ئامانج، هه‌ستم به هیچ ترسێک نه‌کرد. چونکه دڵنیام پاسه‌وانانی عێراق ده‌توانن خۆم و خێزانه‌که‌م له‌و تاوانبارانه بپارێزن."
هه‌روه‌ها وتی "زۆر شادمانم به ده‌ستگیرکردنی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی ره‌مزی شه‌ڕانگێزی که عێراقیان به شه‌ڕانگێزی و به نیازه گڵاوه‌کانیان کوشت و وێران کرد."
هانی ره‌شید، 33 ساڵ، هاوڵاتییه‌کی ناوچه‌که، وتی "ئێمه نه‌ترساین کاتێك گوێمان له ته‌قه بوو که پێکدادان رویدا له‌گه‌ڵ چه‌کداره‌کاندا. کاتێك بینیم هێزه‌کانی ئاسایش به هه‌موو ناوچه‌که‌دا بڵاوده‌بنه‌وه، رامکرد بۆ لایان و لێم پرسین ئاخۆ هیچ یارمه‌تییه‌کیان پێویسته. خۆشحاڵ بووم که بینیم ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه ئه‌ندامانی پۆلیس ماچ ده‌که‌ن دوای ئه‌وه‌ی له بۆمبه‌که رزگاریان کردن."
حه‌یده‌ر فه‌زاعی، جوتیارێك، وتی "زه‌حمه‌ته تیرۆریسته‌کان زۆر له شوێنه‌که دوور که‌وتبێتنه‌وه. بینیم پۆلیس دوو که‌س له نزیک گونده‌که‌مان ده‌ستگیرده‌کات وه‌ك ئه‌وه‌ی جرجی شه‌رمه‌زار بن به ده‌ستی ئه‌ندامانی هێزه‌کانی ئاسایشه‌وه، که له جاران به‌هێزتر و دلێرترن."
وێنه: [که‌ریم ساحیب/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] هێزه‌کانی پۆلیسی ئه‌نبار سێ تیرۆریست له کرده‌وه‌یه‌کی پێشده‌ستیدا ده‌ستگیرده‌که‌ن.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران