
[مات کاردی/گێتی ئیمیجز] به‌رپرسانی به‌سره به هیوان گه‌شتیاریی پارێزگاکه په‌ره‌بسێنێت.
حوسام حه‌داد له به‌سره - 22/2/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
حکومه‌تی ناوخۆیی له به‌سره هه‌وڵده‌دات وه‌به‌رهێنانی که‌رتی گه‌شتیاری رابکێشێت له رێی کردنه‌وه‌ی ته‌نده‌ری بۆ دروستکردنی پارک، هوتێل و شاری یاریی له چه‌ند شارۆچکه‌یه‌کی پارێزگاکه‌دا.
حکومه‌تی ناوخۆیی پارێزگاکه چه‌ند مۆڵه‌تێكی بنیاتنانی پرۆژه‌ی کات به‌سه‌ربردنی به‌خشیوه به وه‌به‌رهێنه‌ران، وه‌ك شارێكی یاری له گه‌ڕه‌کی ئه‌لمه‌عقه‌ل (20 ملیۆن دۆلار)، پارکێك له ئه‌لخوڕه (3 ملیۆن دۆلار)، و پارکێکی تر له ناوه‌ڕاستی به‌سره (18 ملیۆن دۆلار).
حه‌یده‌ر عه‌لی فازڵ، سه‌رۆکی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له به‌سره، وتی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌م دواییه‌دا چه‌ندین مۆڵه‌تی وه‌به‌رهێنانی به کۆمپانیای عه‌ره‌بی و بیانی داوه بۆ بنیاتنانی چه‌ند پرۆژه‌یه‌ک، که بریتییه له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی گه‌شتیاری و پارکێك له نزیک کۆشکه سه‌رۆکایه‌تییه‌کانی جارانه‌وه له به‌سره به بڕی 107 ملیۆن دۆلار.
له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ مه‌وتنی، حه‌یده‌ر عه‌لی وتی "کۆمه‌ڵگه‌که خزمه‌تگوزاری جۆراوجۆر له خۆ ده‌گرێت، هه‌ره گرنگترینیان بریتییه له هوتێل، دوکان، له‌گه‌ڵ خزمه‌تگوزاریی کات به‌سه‌ربردن، یاری منداڵان، باخچه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئاژه‌ڵان و شارێکی ئاوی."
به هه‌رحاڵ، وه‌به‌رهێنان له که‌رتی گه‌شتیاریی به‌سره‌دا رووبه‌ڕووی چه‌ند گرفتێک بۆته‌وه، گه‌وره‌ترینیان بریتییه له نه‌بوونی هوتێلی دیلۆکس بۆ گه‌شتیاران. تاکه هوتێلێکی دیلۆکسی شاره‌که، هۆتێل شیراتۆن، له ساڵی 2003 دا تاڵان کرا و سوتێندرا و تائێستا ئاوه‌دان نه‌کراوه‌ته‌وه.
پارێزگاری به‌سره، شه‌ڵتاغ عه‌بود ئه‌لمایه به مه‌وتنی وت "هوتێله‌که یه‌کێکه له نیشانه‌کانی به‌سره و شاره‌که پێویستی په‌له‌ی پێیه‌تی، به تایبه‌تی چونکه شاره‌که خۆی ئاماده ده‌کات بۆ میوانداریتی کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌ران، پێویسته شوێن هه‌بێت بۆ حه‌وانه‌وه‌یان."
شه‌ڵتاغ وتی، حکومه‌تی ناوخۆیی پرۆژه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی هوتێله‌که‌ی به چه‌ند کۆمپانیایه‌کی ناوخۆیی داوه، به‌ڵام هێشتا کاره‌کان ته‌واو نه‌بوون چونکه ناکۆکی هه‌یه له نێوان کۆمپانیاکان و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی به‌سره.
حه‌یده‌ر عه‌لی به مه‌وتنی وت گرێبه‌ستی به‌رایی له‌گه‌ڵ کۆمپانیای ئه‌لجابر ئیمزا کراوه، که کۆمپانیایه‌کی گه‌وره‌ی بواری زه‌ویوزاره له دوبه‌ی، بۆ بنیاتنانی دوو هوتێلی گه‌وره له نزیک شاری وه‌رزشیی به‌سره، که تێیدا پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی که‌نداو- خه‌لیج 21 - ئه‌نجام ده‌درێت.
زه‌هره حه‌مزه ئه‌لبه‌جاری، سه‌رۆکی لیژنه‌ی گه‌شتیاری و شوێنه‌وار له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره له لێدوانێکدا بۆ مه‌وتنی وتی "ئه‌نجومه‌نه‌که بایه‌خ ده‌دات به هاندانی گه‌شتیاری له رێی پشتگیریکردنی بریکاره‌کانی گه‌شت وگوزاره‌وه."
زه‌هره هه‌روه‌ها داوای کرد به وردی پشکنینی ئه‌و گرفتانه بکرێت که رووبه‌ڕووی که‌رتی گه‌شتیاریی به‌سره ده‌بنه‌وه. ناوبراو وتی خاوه‌نه‌کانی هوتێله بچوکه‌کانی پارێزگاکه به‌ڵێنیان داوه توانای هوتێله‌کانیان چاکتر بکه‌ن و خزمه‌تگوزاریی باشتر پێشکه‌ش به میوانان بکه‌ن.
وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی چه‌ند پارک و گازینۆیه‌کی خێزانییان دروست کردووه له به‌سره، وه‌ك پارکی بازرگانیی به‌شائیر، باخچه‌ی ئه‌لجه‌زائیر و زوبێر لاند.
که‌شتییه‌کی سپیی گه‌وره‌ی کۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌کان به ناوی "ئه‌لسه‌لام" ئێستا بۆته مایه‌ی سه‌رسامی میوانان له کۆرنیشی شه‌تولعه‌ره‌ب، که تێیدا پێش دوو ساڵ چه‌ند چێشتخانه‌یه‌کی سه‌ر رووی ئاوی لێ دروست کرا و پێشتر ته‌نها ئه‌و به‌له‌مه کۆنانه‌ی تێدا ده‌بینرا که ماوه‌یه‌کی زۆر بوو له‌نگه‌ریان له‌وێ گرتبوو.
"ئه‌لسه‌لام" چێشتخانه و هۆڵی کۆنفرانس و زه‌ماوه‌ند له‌خۆده‌گریت و رۆژانه گه‌شتێكی چوار کاژێری ده‌کات به‌ناو ئاوی شه‌تولعه‌ره‌بدا. نرخی گه‌شتێكی ئه‌م که‌شتییه 10,000 دیناری عێراقییه بۆ یه‌ک که‌س.
هودا جاسم، 23 ساڵ، دانیشتوویه‌کی شاری به‌سره، وتی "پێش کردنه‌وه‌ی ئه‌م پارک و باخانه له به‌سره هێنده پارکی خێزانی لێ نه‌بوو. ئه‌مانه ده‌رفه‌تێکن بۆ خه‌ڵک له ماڵ بێنه ده‌ر و کاتێكی خۆش ببه‌نه سه‌ر."
وێنه: [مات کاردی/گێتی ئیمیجز] به‌رپرسانی به‌سره به هیوان گه‌شتیاری پارێزگاکه په‌ره بسێنێت.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران