
[ئه‌حمه‌د مازن] هه‌ندێك پاڵێوراو له زیقار له شوێنه رێپێنه‌دراوه‌کاندا پۆسته‌ره‌کانیان هه‌ڵده‌واسن.
ئه‌حمه‌د مازن له زیقار – 26/2/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
له‌و کاته‌وه‌ی بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا ده‌ستیپێکردوه، نوسینگه‌ی پارێزگای زیقاری کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان ژماره‌یه‌ك پێشێلکاری له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا تۆمارکردوه.
قاسم محه‌مه‌د شوه‌یل، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن له نوسینگه زیقاری کۆمسیۆنی باڵا، وتی "سێ رۆژ پاش ده‌ستپێکردنی چالاکیه‌کانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، نوسینگه‌ی زیقاری کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان ژماره‌یه‌ك پێشێلکاری تۆمارکرد. زۆربه‌ی ئه‌و پێشێلکاریانه له جۆری به‌کارهێنانی ماده‌ی چه‌سپی رێپێنه‌دراو یان هه‌ڵواسینی پۆسته‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردن بوو له‌سه‌ر دیواری ده‌زگا حکومی و خوێندنگاکان، یا‌خود له ده‌ره‌وه‌ی سنوری ئه‌و ناوچانه‌ی بۆ ئه‌نجامدانی بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردن دیاریکراون".
به‌گوێره‌ی وته‌کانی قاسم، له رۆژی ده‌ستپێکردنی هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه تا ئێستا زیاتر له 50 حاڵه‌تی پێشێلکاری تۆمارکراوه. ئه‌م پێشێلکاریانه به راپۆرتی دورودرێژ و به به‌ڵگه و وێنه‌ی فۆتۆگرافیه‌وه دۆکیومێنتکراون و ره‌وانه‌ی لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌کانی نوسینگه‌ی نیشتیمانی کۆمسیۆن ده‌کرێن.
قاسم وتی "نوسینگه‌ی نیشتیمانی کۆمسیۆنی باڵا له رێگه‌ی نوسینگه‌ی هه‌رێمی کۆمسیۆنه‌وه قه‌واره پێشێلکاره‌کانی ئاگادارکردۆ‌ته‌وه بۆ لابردنی پێشێلکارییه‌کان".
ئه‌گه‌ر لایه‌نه پێشێلکاره‌کان به‌ده‌م داواکا‌رییه‌که‌ی کۆمسیۆنه‌وه نه‌چن، ئه‌وا به‌پێی یاسا مافی خۆکاندیدکردنیان لێ ده‌سه‌نرێته‌وه.
هاوکات، نوسینگه‌ی زیقاری کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان با‌نگهێشتی سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نوسانی کردوه رۆژی 28 شوبات سه‌ردانی نوسینگه‌ی کۆمسیۆن بکه‌ن بۆ وه‌رگرتنی باجی تایبه‌ت که ئاسانکاریان بۆ ده‌کات به‌شێوه‌یه‌کی ئازادانه کێو‌ماڵی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن.
عه‌لاء عه‌بد عه‌وده، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی زیقاری کۆمسیۆن، وتی "رۆژنامه‌نوسان و په‌یا‌منێرانی ئاژانسه‌کانی هه‌واڵ و رۆژنامه‌کانی پارێزگا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه سه‌ردانی سه‌رجه‌م وێستگه‌کانی ده‌نگدان بکه‌ن و چاودێری ره‌وتی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که بکه‌ن و کێو‌ماڵی رۆژنامه‌گه‌ری بۆ بکه‌ن". هه‌روه‌ها وتی "ئه‌مجاره وه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان نابێت که رۆژنامه‌نوسان بۆیان هه‌بوو ته‌نها هه‌ندێك له وێستگه‌کانی ده‌نگدان به‌سه‌ربکه‌نه‌وه".
له پێشهاتێکی تر و له میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌گه‌ری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ نوسینگه‌ی زیقاری کۆمسێۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی زیقار و سه‌رۆکی لیژنه‌ی باڵای ئاسایشی هه‌ڵبژاردن لیوا روکن سه‌باح ئه‌لفه‌تلاوی، وتی "پلانێک بۆ پاراستنی ره‌وشی هه‌ڵبژاردن داڕێژراوه به جۆرێكی ئه‌وتۆ بواره‌کانی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی دا‌به‌شکراون و سه‌رجه‌م هێزه‌کانی ئاسایش به شێوه‌یه‌کی دروست ئاماده‌ن، هه‌روه‌ها ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی هه‌واڵگری چالاكکراوه و پڕۆسه‌که به پشتیوانی هێزه‌کانی سوپای عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت. زیاد له‌مه، هێزه فره‌ڕه‌گه‌زه‌کانیش ئاماده‌ن بۆ یارمه‌تیدان ئه‌گه‌ر داوایان لێبکرێت که بێنه ده‌ست ".
سه‌باح به‌رده‌وام بوو و وتی "بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆکردن له رۆژی هه‌ڵبژاردندا نادرێت بۆئه‌وه‌ی هاوڵاتیان بتوانن به‌ئاسانی له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی تر ها‌توچۆ بکه‌ن".
له پارێزگای زیقار، 950,000 ده‌نگده‌ر هه‌یه، که دابه‌شبون به‌سه‌ر 20 یه‌که‌ی کارگێڕیدا و ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی به 1.8 ملیۆن که‌س مه‌زه‌نده‌ده‌کرێت. پارێزگاکه 18 کورسی په‌رله‌مانی هه‌یه که 324 کاندید و 21 قه‌واره‌ی سیاسی کێبڕکێی له‌سه‌رده‌که‌ن.
له‌کاتێکدا با‌نگه‌شه‌کان له‌گه‌رمه‌یدایه، هه‌ندێك هاوڵاتی به‌کارهێنانی پاره بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه.
نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس ئه‌میر دوشی وتی "هه‌فته‌ی رابردو، چه‌ندین به‌رپرسی باڵای حکومی سه‌ردانی شاری ناسریه‌یان کرد به مه‌به‌سته‌کانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و پڕوپاگه‌نده‌کردن بۆ لیسته‌کانیان. ئه‌و ملیۆ‌نه‌ها دیناره‌ی له کاتی سه‌ردانه‌کاندا سه‌رفیان کرد ده‌بوایه له دابینکردنی خزمه‌تگوزاریدا بۆ هاوڵاتیان سه‌رفیانبکردایه که به‌ده‌ست خراپی خزمه‌تگوزارییه‌کان و بێ‌کاری و نه‌بونی متمانه به کاندیده‌کان ده‌ناڵێنن".
نور سه‌باح، که شۆفێری ته‌کسیه، وتی "به‌ته‌نها سه‌یرکردنێکی وێنه‌کانی پاڵێوراوان که له زۆربه‌ی شه‌قامه‌کانی شاردا هه‌ڵواسراون، بۆت ده‌رده‌که‌وێت که پاره رۆڵێکی گه‌وره ده‌گێڕێت له قه‌باره‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م یان ئه‌و پاڵێوراودا. ده‌بینیت قه‌باره‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ندێك له پاڵێوراوان لاواز و هه‌ندێکی تریان تێروته‌سه‌له".
ریاز خزر، که خاوه‌نی سه‌رتاشخانه‌یه‌که، وتی "زۆربه‌ی بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردنی پاڵێوراوان هه‌مان ئه‌و دروشمه سه‌رنجڕاکێشانه به‌رزده‌که‌نه‌وه که پاڵێوراوانی هه‌ڵبژاردنی پێشوو هه‌یانبوو، بۆ نمونه بنه‌بڕکردنی گه‌نده‌ڵی، لێدانی تیرۆریزم، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌کان، هه‌روه‌ها که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌ژاری و بێ‌کاری"
ریاز وتیشی "هیوادارم به‌ڵێنه‌کانی پاڵێوراوه نوێیه‌کان هه‌روه‌ك به‌ڵێنه‌کانی پێش‌و با نه‌یبات".
وێنه: [ئه‌حمه‌د مازن] هه‌ندێك پاڵێوراو له زیقار له شوێنه رێپێنه‌دراوه‌کاندا پۆسته‌ره‌کانیان هه‌ڵده‌واسن.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران