
[عیسام ئەلسودانى/ئەى ئێف پى/گێتى ئیمیجز] نزیکەى 26,000 کارمەندى هێزەکانى ئاسایش پارێزگارى لە دەنگدەرانى پارێزگاى ئەنبار دەکەن.
سەیف ئەحمەد لە ئەنبار – 3/3/10
بۆ سایتی مهوتنی
پارێزگاى ئەنبار ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى 7 ى ئازار. 26,000 کارمەندى ئاسایش لە دەزگاکانى ئاسایشى عێراقى و هێزەکانى پاسەوانى سنور و کارمەندانى بەرگرى مەدەنى ئامادەن بۆ پاراستنى هاوڵاتیان و بنکەکانى دەنگدان بەر لە دەنگدان و لە رۆژى دەنگدانیش.
رائید رەحیم زبن، بەڕێوەبەرى راگەیاندن لە فەرماندەى پۆلیسى ئەنبار، بە مەوتنى راگەیاند "فەرماندەى پۆلیسى ئەنبار پلانێکى ئەمنى داناوە بۆ پاراستنى هەڵبژاردن بە هاوکارى سوپاى عێراقى و فەوجەکانى فریاکەوتن کە لە شارەکانى سەر بەم پارێزگایە بڵاوکراینەوە. فەرماندەى پۆلیس رێوشوێنەکانى تەواوکردووە و 26,000 کارمەندى ئاسایش بڵاوکراونەتەوە بۆ ئەوەى ئاسایش بۆ دەنگدەران دەستەبەربکەن."
رائید رهحیم وتى لە رۆژى هەینیەوە ئوتومبێل، بە پایسکیل و ماتۆریشەوە، قەدەغە دەکرێن لە هاتنە ناو شارەکانى سەر بەم پارێزگایە و هێزەکانى ئاسایش بە گوێرەى ژمارەى دانیشتوان و رادەى مەترسیە ئەمنیەکان لە شار و شارۆچکە و گوندەکاندا بڵاودەکرێنەوە.
وتیشى "ئەمە سەرەڕاى یەکە هەواڵگرییەکان کە لە نزیک بنکەکانى دەنگدان بڵاودەکرێنەوە. هەموو دەروازەکانى هاتنە ژوورەوەو چوونە دەرەوەى شارەکان دادەخرێن تا هەڵبژاردنەکە تەواو دەبێت."
وتى "هێزەکانى پاسەوانى سنور چاودێرییەکى توندیان خستۆتە سەر هێڵە سنوریەکانى رۆژئاواى ئەنبار و هەموو ناوچەکانى پەڕینەوە سنوریەکانى هەر سێ وڵاتى عەرەبى – سوریا و سعودیاى عەرەبى و ئوردنیان - خستۆتە ژێر چاودێرییەوە لە ترسی دزهکردنی تیرۆریستان لەو رێیانەوە .
بۆ ئەوەى سندوقەکانى دەنگدان لە هێرشى تیرۆریستى و ساختهکاری بپارێزرێن، فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەنبار ئەرکى گواستنەوەى سەندوقەکان پاش تەواوبوونى دەنگدان بۆ بنکەى سەرەکى لە بەغدا بە هێزەکانى سوپا و پۆلیس سپاردووە.
موقەدەم عەباس ئەلدلێمى لە فەرماندەیى ئۆپەراسیۆنەکانى ئەنبار بە مەوتنى راگەیاند "هەموو بنکەکانى دەنگدان لەسەر نەخشە بۆ ئێمە دیاریکراون. بە بەردەوامى شوێنە گومانلێکراوەکانى هەموو شارەکانى سەر بەم پارێزگایە دەپشکنین. ئەرکى هێزە ئاسمانیەکانى عێراق و یەکەکانى هێزى ئاسمانى ئەمریکا بریتى دەبێت لە پشکنین و چاودێریکردنى زەمین و لە کاتى پێویستدا یارمەتیدانى هێزە زهمینیهکان.
وتیشى "هاوکارى پێویستیش لەگەڵ دەزگانى ئاسایشى پارێزگاکانى ترى هاوسێ و نزیک لە ئەنبار دەکرێت بۆ ئەوەى ئەگەر پێویست بوو شوێنپێى تاوانباران و گومانلێکراوان هەڵبگیردرێت و راوەدوو بنرێن."
ئەرکان جابر، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى ئۆفیسى ئەنبارى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، بە مەوتنى راگەیاند کە کۆمسیۆن هەموو ئاسانکارییە پێویستەکانى بۆ هێزەکانى ئاسایشى عێراقى کردووە بۆ ئەوەى دەنگدەران و سەندوقەکانى دەنگدان بپارێزن.
ئەحمەد غانم کە سەربازێکى تەمەن 33 ساڵه وتى "لە هەڵبژاردنەکەى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاکان من بەشداریم کردووە لە پاراستن و دابینکردنى ئاسایش بۆ بنکەکانى دەنگدان. ئەمڕۆش لە بەردەمى یەکێک لە بنکەکانى دەنگدان رادەوەستم بۆ ئەوەى دەنگدەرانى عێراقى بپارێزم."
هاشم عەبد ستارى تەمەن 29 ساڵایش وتى "هیوادارین عێراقێک بەرەو ئارامى و هێمنى ببەین کە تێیدا ئەو خزمەتگوزارییانەى خەڵکى عێراق پێویستیانە دەستەبەر بێ. بۆ ئەمە هەڵبژاردنى پەرلەمان هۆکارێکى یەکلاکەرەوە دەبێت."
وتیشى "هەموو ئەندامانى خێزانەکەم بەشدارى لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن. ئێمە دەبینین هەموو پێداویستیەکان دابینکراون، لەوانە هۆکارەکانى گواستنەوە کە هاوڵاتیان لە ماڵەکانیانەوە بۆ بنکەکانى دەنگدان دەبەن و لەوێشەوە دەیانهێننەوە."
ئەحلام ئەمیرى تەمەن 34 ساڵ وتى "هەموو کەسێک پێویستە ئەوانە هەڵبژێرن کە لە پەرلەمانى عێراقى نوێنەرایهتیان دەکەن. ئێمە دەبێت لە نێو ژنەکانى ئەنبار ئەوانە هەڵبژێرین کە ئەزمون و توانایان لەم بوارەدا هەیە."
فەیسەل ئەلزەوبەعى، سهرهک هۆزێک لە ئەنبار وتى "ئەم هەڵبژاردنەى پەرلەمان بەشدارییەکى فراوانى خەڵکى ئەنبار و هۆزهکانی بەخۆوە دەبێنێت. هەروەکو هەموو دەبینن، بەرپرسانى حکومەتى عێراقى ئاسایش و پێداویستیەکانیان بۆ سەرکەوتنى هەڵبژاردنەکە دەستەبەر کردووە."
وێنە: [عیسام ئەلسودانى/ئەى ئێف پى/گێتى ئیمیجز] نزیکەى 26,000 کارمەندى هێزەکانى ئاسایش پارێزگارى لە دەنگدەرانى پارێزگاى ئەنبار دەکەن.
ئهم بابهته ههڵسهنگێنه
تکایه تێبینیهکانت دهربارهی ئهم بابهته بخهره ڕوو بۆ ئهوهی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وهرگرین بۆ پهرهپێدان به ماڵپهڕهکه
- رێساكانی مهوتنی لهبارهی سهرنجهكانهوه














سهرنجی خوێنهران