
[عه‌لی ئه‌لسه‌عدی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] زیاتر له 9,000 سه‌ربازی سوپای پێشوو ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه ناو سوپای عێراق.
خالید ئه‌لتائی له به‌غدا – 6/3/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
حکومه‌تی عێراق فه‌رمانێکی ده‌رکرد بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌زاران سه‌ربازی سوپای پێشوو بۆ ناو ریزه‌کانی هێزه چه‌کداره‌کانی ئێستا.
به‌رپرسیاران هیوادارن فه‌رمانه‌که رێگه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی زیاتر له 9,000 سه‌ربازی پێشوو بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی خۆش بکات.
قه‌یس مه‌حمود، 43 ساڵ و ئه‌فسه‌رێکی پێشوو، وتی "بڕیاری گه‌ڕاندنه‌وه ده‌بێته مایه‌ی به‌ره‌وپێشبردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و چه‌سپاندنی مافه‌کانی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی چه‌ندین ساڵ خزمه‌تی عێراقیان کرد و رۆڵێکی شه‌ره‌فماندانه‌یان هه‌بوو له به‌رگری له خاکی وڵات."
ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕینه‌وه ناو هێزه چه‌کداره‌کان ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ خزمه‌ت یان ره‌وانه‌ی خانه‌نشینی بکرێن.
ناوبراو وتی "زۆر له‌و سه‌ربازانه‌ی له هێزه چه‌کداره‌کاندا بوون خاوه‌نی شاره‌زای و ئه‌زمونێکی درێژن،به‌ڵام بڕیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوپا دوای روخانی رژێمی پێشوو زۆر که‌سی بێکار کرد، یان وای لێکردن بچن کاری ئه‌وتۆ بکه‌ن که له‌گه‌ڵ کارزانی و تواناکانیان ته‌با نه‌بوون."
حکومه‌تی عێراقی فه‌رمانێکی ده‌رکرد، بڕیاری ژماره 34 له 25 شوبات. وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق محه‌مه‌د عه‌سکه‌ری داوای له ئه‌ندامانی پێشوو کرد ئه‌وانه‌ی فۆڕمی داواکاریی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ خزمه‌ت پێشکه‌شکردوه تا له ماوه‌ی 45 رۆژدا بچنه‌وه ریزه‌کانی سوپا.
به وته‌ی عه‌سکه‌ری، بڕیاره‌که ته‌واوکه‌ری بڕیارێکی تری هاوشێوه‌یه که حکومه‌ت له حوزه‌یرانی 2008 ده‌ریکرد، که هه‌روه‌ها داوایده‌کرد سه‌ربازانی سوپای پێشوو بگه‌ڕێندرێنه‌وه. له‌و کاته‌وه، 20,000 سه‌رباز و ئه‌فسه‌ری پێشوو له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی عێراق داواکارییان پێشکه‌شکردوه.
به‌ڵام به وته‌ی عه‌لی ئه‌لده‌باغ، وته‌بێژی حکومه‌تی عێراق، له‌به‌ر که‌می بودجه، حکومه‌ت نه‌یتوانیوه هه‌موو ئه‌و ئه‌فسه‌رانه بگه‌ڕێنێته‌وه که ده‌یانویست.
ده‌باغ وتی "حکومه‌ت پێشتر زیاتر له 13,600 ئه‌فسه‌ری خسته‌وه سه‌ر کاره‌کانیان. دوای ئه‌وه‌ی بڕه دارایی ته‌رخانکرا، حکومه‌ت بڕیاریدا ئه‌وانه‌ی تریش بگه‌ڕێنێته‌وه، که نزیکه‌ی 6,400 که‌سن، تا به‌شداریبکه‌ن له به‌دیهێنانی ئاسایش و سه‌قامگیری له وڵاته‌که‌یاندا."
لیوا روکن ره‌عد ئه‌لتائی، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌فسه‌ران له وه‌زاره‌تی به‌رگری، وتی حکومه‌ت ده‌ستیکردوه به وه‌رگرتنی فۆڕمی نوێ له ئه‌فسه‌ران و پله‌دارانه‌وه له عێراق له 28 ی شوباته‌وه و به‌رده‌وام ده‌بیت له وه‌رگرتنی فۆڕمی داواکاری تا 1 ی نیسان.
سه‌باره‌ت به‌و ئه‌فسه‌ر و پله‌دارانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن، دواین به‌روار بۆ پێشکه‌شکردنی فۆڕمی داواکاری ناوه‌ڕاستی نیسانه.
وه‌زاره‌ت 12 بنکه ده‌کاته‌وه بۆ وه‌رگرتنی فۆڕمی داواکاریی ئه‌فسه‌ران له‌ناو عێراق و پێنج دانه‌ی تر له ئوردن و میسر و سوریا و ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌کگرتوو و یه‌مه‌ن ده‌کاته‌وه.
لیوار روکن ره‌عد وتی "بنکه‌کان هه‌مان ئه‌و بنکانه‌ن که له هاوینی 2008 دا فۆڕمی داواکاری وه‌رگرت و له هه‌مان ئه‌و شوێنانه‌ن چونکه به ئاسانی کارمه‌ندانی سوپای پێشوو ده‌گه‌نه ئه‌و شوێنانه".
ته‌ها داری ته‌ها، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانی له په‌رله‌مانی عێراق، وتی "ئه‌گه‌رچی هه‌نگاوی ده‌رکردنی بڕیاره‌که هه‌ندێک دواکه‌وت، به گشتی قسه بکه‌ین، هه‌نگاوێکی گرنگ و پێویسته بۆ سودوه‌رگرتن له ئه‌زمون و پسپۆڕیی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی سوپا له بنیاتنان و گه‌شه‌پێدانی تواناکانی سوپای ئێستا و په‌له‌کردن له ئاشته‌وایی نیشتمانی."
زۆر هاوڵاتی عێراقی هه‌مان بۆچونیان هه‌بوو.
قاسم عه‌بدولغه‌نی، شۆفێری تاکسی له به‌غدا، وتی "ئێمه خۆشحاڵین به چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م بابه‌ته بۆئه‌وه‌ی چیتر شتێک نه‌بێت به ناوی سوپای کۆن و سوپای پێشوو. به‌ڵکو، یه‌ك سوپای عێراقی ده‌بێت که له ریزه‌کانیدا ئه‌و که‌سانه له‌خۆده‌گرێت که بڕوایان به پڕۆسه‌ی سیاسی و دیموکراتیه و ئه‌وانه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م وڵاته کارده‌که‌ن."
ئه‌میره کازم، دانیشتویه‌کی به‌غدا، وتی "عێراق پێویستی به هه‌موو رۆڵه‌کانیه‌تی، به تایبه‌تی سه‌ربازانی سوپای پێشوو، ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان به خوێنی خه‌ڵکی عێراق سور نه‌بووه و ئه‌وانه‌ی په‌نا بۆ زه‌بروزه‌نگ نابه‌ن."
جاسم عه‌تییه، 56 ساڵ، سه‌ربازێكی خانه‌نشین، ده‌یه‌وێت سه‌ربازانی پێشوو ببینێت زانیاریه‌کانیان به‌ش بکه‌ن له‌گه‌ڵ هێزه چه‌کداره‌کانی ئێستادا.
ناوبراو وتی "بڕیاره‌که هانی هه‌زاران ئه‌فسه‌ر ده‌دات،ئه‌وانه‌ی چونه‌ته وڵاتانی دراوسێ، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ عێراق و بچنه‌وه ریزی سوپا. زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه تامه‌زرۆن بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ زێدی خۆیان، به‌شداری بکه‌ن له‌گه‌ڵ براکانیان له خزمه‌ت و یارمه‌تی ئه‌فسه‌رانی نوێ بده‌ن به مه‌شق و فێرکاری."
وێنه: عه‌لی ئه‌لسه‌عدی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] زیاتر له 9,000 سه‌ربازی سوپای پێشوو ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه ناو سوپای عێراق
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران