
[عیسام ئه‌لسودانی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] پیاوانی ئاسایش هاوڵاتیان ده‌پشکنن که بۆ ده‌نگدان ریزیان گرتووه.
محه‌مه‌د ئه‌لقه‌یسی له به‌غدا – 8/3/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
کاژێر 7 ی سه‌رله‌به‌یانی یه‌كشه‌ممه (7 ئازار) کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدانی به‌ڕووی عێراقیه‌کاندا کرده‌وه.
جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی عێراق بوو یه‌کێک بوو له یه‌که‌مین ده‌نگده‌ره‌کان، کاتێک پێنج خوله‌ك پێش کردنه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌نده‌که‌ی گه‌یشته جێ.
پاش ئه‌وه‌ی ده‌نگیدا، تاڵه‌بانی وتی "من خۆشحاڵم به‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی له‌عێراقدا له بواره‌کانی پێشکه‌وتن و سه‌ربه‌ستی و دیموکراسیدا به‌ده‌ستهاتوون".
هه‌روه‌ها وتی "هه‌ڵبژاردن تاکه ڕێگایه‌که بۆ هێنانه‌کایه‌ی ژیانێکی ئاشته‌بایی و ئاسوده". هه‌روه‌ها وتی "پێویسته له‌سه‌ر عێراقیه‌کان له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنی که‌سانی شایسته‌وه له پرۆسه‌ی بنیاتنانی وڵات‌دا به‌شداربن".
به‌گوێره‌ی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان، ئه‌نجامه به‌راییه‌کان واده‌رده‌خه‌ن که سه‌ره‌ڕای ئه‌و هێرشه تیرۆرستیانه‌ی له‌ساته وه‌خته‌کانی سه‌ره‌تای کردنه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌نده‌کانه‌وه چه‌ند گه‌ڕه‌کێکی عێراقی هه‌ژاند، ئاماده‌بوونێکی جه‌ماوه‌ری ئه‌وتۆی ده‌نگده‌ران به‌رچاوکه‌وت.
له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا، فه‌ره‌ج حه‌یده‌ری سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان وتی "له‌سه‌ره‌تای کردنه‌وه‌ی مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدانه‌وه کاژێر 7 سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌تا نیوه‌ڕۆ، رێژه‌ی ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ران به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو بوو. ئێمه پێشبینی ئه‌وه ده‌که‌ین رێژه‌ی ده‌نگده‌ران هه‌تا واده‌ی داخستنی ده‌نگدان له به‌رزبوونه‌وه‌دا بێت".
فه‌ره‌ج وتی به‌هۆی ئه‌و رێژه زۆره‌ی ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ری که له‌یه‌که‌م ساته‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه هاتبوون بۆ ده‌نگدان، کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان ناچار بوو مه‌ڵبه‌ندی ده‌نگدانی ئیزافی بکاته‌وه.
فه‌ره‌ج هه‌روه‌ها وتی "هه‌موو عێراقیه‌کان، ته‌نانه‌ت که‌سانی به‌ته‌مه‌ن و که‌مئه‌ندامیش له‌ده‌نگداندا به‌شداری ده‌که‌ن، بێ سڵ کردنه‌وه له‌و هێرشانه‌ی کرانه سه‌ر ناوچه جیاوازه‌کانی عێراق". هه‌روه‌ها وتی "کاری توندوتیژی کاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ری هاوڵاتیان له مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدان".
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هێرشه تیرۆرستیانه‌ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌سه‌رانسه‌ری به‌غدادا روویدا و بوونه مایه‌ی کوژران و برینداربوونی عێراقیه‌کان، هاوڵاتیان سڵیان نه‌کرده‌وه و ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانیان هه‌بوو.
له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ مه‌وتنی که له هۆتێل ره‌شید له ناوه‌ڕاستی به‌غدا ئه‌نجامیدا، وه‌زیری ناوخۆ جه‌واد ئه‌لبۆلانی وتی "بارودۆخی ئه‌منی عێراق له‌ژێر کۆنترۆڵی ده‌زگاکانی ئاسایشدایه. ئه‌و رووداوه ئه‌منیانه‌ی سه‌رله به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان روویاندا به پێشیلکاری ئه‌منی ناژمێردرێن له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌زگاکانی ئاسایش توانیان رووبه‌رووی ئه‌و ململانێیانه ببنه‌وه که ئه‌م به‌یانیه روویاندا و کۆنترۆڵی بارودۆ‌خه‌که بکه‌ن. ئه‌م جۆره کارانه پێشبینی کراون و مه‌به‌ستیشیان ترساندنی ده‌نگده‌ره عێراقیه‌کانه".
سه‌ره‌ڕای هێرشه تیرۆرستیه‌کان، زۆرێك له عێراقیه‌کان سوربون له‌سه‌ر چوونیان به‌ره‌و مه‌ڵبانده‌کانی ده‌نگدان.
فازل عه‌لی 77 ساڵ که دانیشتوی به‌غدایه وتی "سه‌ره‌ڕای ته‌قینه‌وه‌کان، بڕیارمداوه ده‌نگ بده‌م ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تیرۆرستان ئاگر ببارێنن به‌سه‌رماندا، ته‌نها ئێمه‌ی عێراقی ده‌توانین له‌ناویان به‌رین". هه‌روه‌ها وتی "بڕیارمداوه ده‌نگی خۆم بده‌م به که‌سێك هه‌ستی پێ بکه‌م وه‌ك باوکێك وایه بۆ هه‌موو عێراقیه‌کان".
عه‌بدوڵا سه‌عید 30 ساڵ که دانیشتوی فه‌لوجه‌یه وتی "بڕیارمدا ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی ساڵی 2005 کردبووم که نه‌چووم بۆ ده‌نگدان، دوباره‌ی نه‌که‌مه‌وه و ئه‌مجاره به هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت بچم بۆ ده‌نگدان. ته‌قینه‌وه‌کان وایان لێکردم یه‌کسه‌ر پێناسه‌که‌م هه‌ڵگرم و له ماڵ ده‌رپه‌ڕێم و بچم بۆ ده‌نگدان".
وه‌فاء عامر 45 ساڵ که هاوڵاتییه‌کی شاری موسڵه وتی "له ساته یه‌که‌مه‌کانی ده‌نگداندا هه‌وڵیاندا بمان ترسێنن ورێگریمان لێبکه‌ن له چوون به‌ره‌و ده‌نگدان، به‌ڵام ئێمه بێزار بووین له خۆیان و هه‌ڕه‌شه‌کانیان. ئێمه بێ هیچ ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌ك به‌ره‌و مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدان چووین و ده‌نگی خۆماندا به‌وانه‌ی هه‌ڵمان بژاردبوون. عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ر ده‌نگ نادات، به‌ڵکو به‌ره‌و به‌رزی ده‌ڕوات".
وێنه: [عیسام ئه‌لسودانی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] ئه‌فسه‌رانی ئاسایش هاوڵاتیان ده‌پشکنن که بۆ ده‌نگدان ریزیان گرتووه.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران