
[جۆزێف عید/ ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] چاودێرانی یه‌کێتی ئه‌وروپا له مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدانی عێراق چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان کرد.
موعته‌ز ئه‌لمه‌شهه‌دانی له که‌ربه‌لا – 9/3/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
چاودێره نێوده‌وڵه‌تیه باوه‌ڕپێکراوه‌کانی هه‌ڵبژاردنی عێراق سه‌رپه‌رشتی ده‌نگدانی پارێزگای که‌ربه‌لایان کرد، بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا ببنه‌وه له‌وه‌ی پرۆسه‌که به ڕێك وپێكی و بێ ساخته‌کاری به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
سه‌باح حه‌سه‌ن عه‌بدولئه‌میر که رێکخه‌رێکی چاودێری هه‌ڵبژاردن بوو وتی "چاودێران به‌دواداچوون ده‌که‌ن بۆ پرۆسه‌ی ده‌نگدان و نوسینی راپۆرته‌کان و ناردنیان بۆ مه‌ڵبه‌ندی گشتی تۆڕه‌که. پاشان، ئه‌م زانیاریانه کۆده‌کرێنه‌وه و به راپۆرتێك ده‌نوسرێنه‌وه. پاشتریش، ئه‌نجامه‌کانی پرۆسه‌ی چاودێریکردنه‌که ئاشکرا ده‌که‌ین و به‌پێی ئه‌م راپۆرتانه ده‌توانین بڵێین ئایا هه‌ڵبژاردنه‌که سه‌رکه‌وتوو بووه یان نا".
سه‌باح وتی تۆڕی چاودێری پێکهاتووه له 520 چاو‌دێر و روماڵی زۆربه‌ی مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدانی که‌ربه‌لا ده‌که‌ن که بریتییه له 217 مه‌ڵبه‌ند.
تۆڕه‌کانی چاودێری هه‌ڵبژاردن له که‌ربه‌لا 4 ئازار کۆبونه‌وه‌یه‌کیان سازکرد بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و هاوکاری و گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری. تۆڕی شه‌مس و تۆڕی عه‌ین بۆ چاودێری هه‌ڵبژارده‌کان و ئه‌لموسته‌قبه‌ل و تۆڕی نه‌زاهه له‌پێناوی دیموکراسیدا، هه‌روه‌ها عه‌لی که‌مونه به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی)؛ ئه‌مه‌و نوێنه‌رانی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ماهه‌نگی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی فوراتی ناوه‌ڕاست ئاماده‌ی کۆبوونه‌وه‌که بوون.
حسێن ئه‌لئیبراهیمی، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی تۆڕی شه‌مس وتی کۆبوونه‌وه‌که به‌مه‌به‌ستی "پته‌وکردنی هه‌ماهه‌نگی بوو له‌نێوان تۆڕه‌کانی چاودێری سنوری پارێزگای که‌ربه‌لا و به‌شداریکردنیان له پرۆسه‌ی چاودێریکردنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان".
ئیبراهیمی هه‌روه‌ها وتی "ئێمه گفتوگۆمان کرد سه‌باره‌ت به گۆڕینه‌وه‌ی زانیاری له کاتی پرۆسه‌ی چاودێریدا بۆ دڵنیابوونه‌وه له‌وه‌ی روماڵکردنێکی هه‌تا بتوانرێت به‌رفراوانی هه‌ڵبژاردنه‌که له پارێزگاکه‌دا بکرێت له‌لایه‌ن ئه‌و چاودێرانه‌وه که نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م رێکخراوانه ده‌که‌ن".
تۆڕه‌کانی چاودێری زیاتر له 1,000 چاودێریان له پارێزگای که‌ربه‌لا دامه‌زراندوه. ئه‌م چاودێرانه له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه راهێنراون و پێشتریش چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانیان کردووه که کانونی دووه‌می ساڵی رابردوو ئه‌نجامدرا.
ئیبراهیمی وتیشی "ئێمه له رێگه‌ی چاودێره‌کانه‌وه که له رۆژی ده‌نگداندا ئاماده‌ی مه‌ڵبه‌ند و وێستگه‌کانی ده‌نگدان ده‌بن، ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆمان ده‌ده‌ین بۆ دڵنیابوونه‌وه له ئه‌نجامدانی چاودێریه‌کی وردی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که".
چاودێره‌کان به درێژایی رۆژه‌که ئاماده‌ی وێستگه‌کانی ده‌نگدان بوون و کاتێکیش پرۆسه‌ی ژماردن و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان ده‌ستیپێکرد، چاودێریان ده‌کرد.
به‌گوێره‌ی وته‌کانی ئیبراهیمی، چاودێران په‌یوه‌ندی مۆبایل و کورته‌نامه‌یان به‌کارده‌هێنا بۆ راپۆرتکردنی هه‌ر پێشێلکاریه‌ك له‌کاتی پرۆسه‌کانی ده‌نگدان و ژماردن و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان روویبدایه" بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌خێرایی و له‌کاتی خۆیدا چاره‌سه‌ری بکه‌ن و نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌که بپارێزن".
عه‌لی که‌مونه وتی "ئێمه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین یارمه‌تی کۆمیسۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان بده‌ین هه‌ڵبژاردنه‌که به سه‌رکه‌وتوویی ئه‌نجام بدات. له‌هه‌مان کاتیش‌دا، هه‌ماهه‌نگی ئه‌و یارمه‌تیانه ده‌که‌ین که به‌و تۆڕانه ده‌درێت و هه‌موو ئه‌و زانیاریه پێویستانه‌یان ده‌ده‌ینێ که یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا".
چاودێرانی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و یه‌کێتی ئه‌وروپا، هه‌روه‌ها باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکاش به‌شداریانکرد له چاودێریکردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا.
موحسین ئه‌لتائی له سه‌نته‌ری هه‌ماهه‌نگی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی فوراتی ناوه‌ڕاست وتی "سه‌نته‌ره‌که پشتگیری هه‌موو پلانه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌کات که له‌سنوری پارێزگاکه‌دا کارده‌که‌ن، به‌جۆرێکی ئه‌وتۆ که له‌خزمه‌تی پرۆسه‌ی دیموکراسیدا بێت و کاری ئه‌م رێکخراوانه په‌ره‌پێبدات و پسپۆرییان له‌سه‌رجه‌م بواره‌کاندا زیادبکات".
عه‌لاء ئه‌لئه‌سه‌دی، رێکخه‌ری تۆڕی عه‌ین وتی "سه‌رجه‌م چاودێره‌کانمان خۆبه‌خشن. راپۆرته‌کانی چاودێری هه‌ردوو ده‌نگدانی تایبه‌ت و گشتی ره‌وانه‌ی مه‌ڵبه‌ندی گشتی تۆڕه‌که ده‌کرێت له به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی پرۆسه‌ی چاودێریکردنه‌که ئاشکرابکه‌ن".
زیاتر له 230 پاڵێوراو، له‌وانه 67 ژن، پێشبڕکێ له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی 10 کورسی په‌رله‌مانی پارێزگای که‌ربه‌لا ده‌که‌ن.
وێنه: [جۆزێف عید/ ئه‌ی ئێف پی/ گێتی ئیمیجز] چاودێرانی یه‌کێتی ئه‌وروپا له مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدانی عێراق چاودێری پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیان کرد.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران