
[ئاوات عه‌لی] هاوڵاتیان له سلێمانی ده‌نگیاندا و ئاهه‌نگیان گێڕا به بۆنه‌ی ساڵیادی راپه‌رینی شاره‌که له هه‌مان رۆژدا.
ئاوات عه‌لی له سلێمانی – 9/3/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
7 ئازار هه‌ر ته‌نها رۆژی هه‌ڵبژاردن نه‌بوو بۆ دانیشتوانی سلێمانی، ئه‌مه هه‌روه‌ها ساڵیادی راپه‌ڕینی شاره‌که‌یه له دژی رژیمی به‌عس.
پیش نۆزده ساڵ، به‌یانی زووی 7 ی ئازاری 1991، دانیشتوانی سلێمانی به ده‌نگی ته‌قه له خه‌و رابوون. ئه‌مساڵ، دانیشتوانی سلێمانی به ئازادی چوون بۆ وێستگه‌کانی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ره‌کانیان.
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان یه‌کشه‌مه‌ی به پشووی فه‌رمی دانا، و خێزانه‌کان پێکه‌وه کۆبوونه‌وه بۆ نانی به‌یانی پێش ئه‌وه‌ی جلوبه‌رگی کورده‌واری له‌به‌ر بکه‌ن و بچن بۆ وێستگه‌کانی ده‌نگدان.
نه‌سرین محه‌مه‌د، 51 ساڵ، کاتێك له وێستگه‌ی ده‌نگدان ده‌هاته ده‌ره‌وه، وتی "ئه‌مڕۆ لێمان بووه به دوو جه‌ژن. جه‌ژنی راپه‌ڕین و جه‌ژنی ده‌نگدان، نوێنه‌ره‌کانی خۆمان هه‌لبژارد بۆ ئه‌وه‌ی له به‌غدا به‌رگری له مافه‌کانمان بکه‌ن."
هه‌روه‌ها وتی "ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌مان پێکه‌وه کۆبووینه‌وه و وه‌ک جه‌ژن له‌سه‌ر یه‌ک سفره نانی جه‌ژنی راپه‌ڕین و هه‌ڵبژاردنمان خوارد."
چه‌ندین منداڵ له‌گه‌ڵ که‌سوکاریان چوونه ناو وێستگه‌کانی ده‌نگدان و به‌خۆشییه‌وه په‌نجه‌ی خۆیان ده‌خسته ناو بتڵی مره‌که‌به‌وه وه‌ك ده‌نگده‌ره‌کان، ئه‌مه‌ش به مۆڵه‌تی به‌رپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن.
هۆنیا عه‌لی، 10 ساڵ "منیش له‌گه‌ڵ دایکم چووم بۆ ده‌نگدان و په‌نجه‌م مۆر کرد."
به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له وێستگه‌یه‌کی ده‌نگدان له سلێمانی ده‌نگی خۆیدا.
له کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا، به‌رهه‌م ساڵح وتی "با له یادی رزگارکردنی شاری سلێمانی و له یادی راپه‌ڕیندا هاوڵاتیانی شار به ئازادانه به‌ره‌و سندوقه‌کانی بچن و نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵبژێرن."
هه‌روه‌ها وتی "داواکارم له سه‌رجه‌م لایه‌ن و قه‌واره سیاسیه‌کان پرۆسه‌که له‌که‌دار نه‌که‌ن و به‌هێمنی و بێگه‌ردی پرۆسه‌که به‌ڕێوه بچێت."
سه‌رۆکی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانییش له سلێمانی ده‌نگیدا و وتی "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نووسسازه بۆ گه‌لی عێراق و هیوادارم هاوڵاتیانی کوردستان و عێراق ئازادانه به‌شداری بکه‌ن."
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان مه‌سعود بارزانی له هاوینه‌هه‌واری سه‌ڵاحه‌دین ده‌نگیدا.
له په‌یامێکدا بۆ هاوڵاتیان بارزانی وتی "ئه‌مڕۆ رۆژێکی پیرۆزه له مێژووی خه‌باتی گه‌له‌که‌ماندا، رۆژی راپه‌ڕینه مه‌زنه‌که‌ی به‌هاری ساڵی 1991، ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی که وه‌رچه‌رخانێك بوو له مێژووی خه‌باتی گه‌له‌که‌ماندا، ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی که وه‌ڵامێك بوو بۆ هه‌موو ئه‌و زوڵم و زۆردارییه‌ی له گه‌لی کوردستان کرا و وه‌ڵام بوو بۆ ئه‌نفال و وه‌ڵام بوو بۆ کیمیاباران و وێرانکردنی هه‌زاره‌ها گوندی کوردستان، له‌و رۆژه‌دا گیانی ته‌بایی و برایه‌تی و هاوکاری دابه‌زییه نێو هه‌موو ماڵێکی کوردستان، بۆیه توانیمان ئه‌و سه‌رکه‌وتنه مه‌زنه تۆمار بکه‌ین."
هه‌روه‌ها وتی "ئێستاش من ئومێده‌وارم ئه‌و گیانی لێبورده‌یی و پێکه‌وه ژیان و ئه‌و لاپه‌ڕه تازه‌یه‌ی که ئه‌و سه‌رده‌مه کردمانه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناومان و به‌و گیانی ته‌بایی و برایه‌تییه پێکه‌وه کار بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی گه‌له‌که‌مان به‌خته‌وه‌رتر و سه‌رفرازتر و سه‌رکه‌وتوتر بێت."
بارزانی هه‌روه‌ها داوای له هێزه‌کانی ئاسایش کرد ئازادییه‌کانی هاوڵاتیان بپارێزن و خواستی خۆی ده‌ربڕی بۆ هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و بێگه‌رد.
هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیسی هاتووچۆ تا راده‌یه‌کی زۆر کۆنترۆڵی هاتوچۆ و ئاسایشی شاریان کردبوو.
به وته‌ی تاهیر محه‌مه‌د ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی کۆمیسیۆن له سلێمانی، وتی 482 بنکه‌ی ده‌نگدان هه‌بووه بۆ 1 ملیۆن ده‌نگده‌ر له پارێزگاکه‌دا. کۆمیسیۆن مه‌شقی به 17,000 کارمه‌ند کردووه بۆ هاوکاری و چاودێریی ده‌نگده‌ران له رۆژی هه‌ڵبژاردندا.
وێنه: [ئاوات عه‌لی] هاوڵاتیان له سلێمانی ده‌نگیاندا و ئاهه‌نگیان گێڕا به‌بۆنه‌ی ساڵیادی راپه‌ڕینی شاره‌که له هه‌مان رۆژدا.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران