
[عیسام ئه‌لسودانی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] به‌شداری ده‌نگده‌ران زیاتر بوو له به‌سره دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبیلیان لابرد.
حوسام حه‌داد له به‌سره - 9/3/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
سه‌عید ئه‌لحلوه و خێزانه‌که‌ی کاژێر 6:30 ی سه‌رله‌به‌یانی ماڵیان به‌جێهێشت و زیاتر له یه‌ک کیلۆمه‌تریان به پێ بڕی تا بنکه‌ی ده‌نگدانه‌که له ناوه‌ڕاستی به‌سره، و ده‌نگیان به نوێنه‌ری خۆیان بۆ په‌رله‌مانی داهاتوو دا.
سه‌ره‌ڕای دووری رێگاکه، به خێرایی به‌ره‌و ئامانجه‌که‌یان ده‌ڕۆیشتن.
سه‌عید وتی "ده‌مه‌وێت یه‌که‌م که‌س بم له به‌سره ده‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بده‌م، خۆم و خێزانه‌که‌م."
حکومه‌تی عێراق قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبیل، پاسکیل، و ماتۆڕی راگه‌یاند له ئێواره‌ی شه‌ممه‌وه (6 ئازار) بۆ رێگه‌گرتن له هێرشتی تیرۆریستی و پاراستنی ده‌نگده‌ران و بنکه‌کانی ده‌نگدان.
بنکه‌کانی ده‌نگدان له به‌سره کاژێر 7:00 ی به‌یانی یه‌کشه‌ممه (7 ئازار) کرانه‌وه. چاودێرانی سه‌ر به پارته سیاسیه‌کان، کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن، و نوێنه‌رانی رێکخراوه عێراقی و نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ئاماده بوون بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌که.
به‌هجه‌ت حه‌سه‌ن غه‌زبان، به‌ڕێوه‌به‌ری بنکه‌ی ده‌نگدانی ئه‌لزه‌هاوی له ئه‌لعه‌باسییه، به مه‌وتنی وت "ئێمه له کاتی خۆیدا بنکه‌ی ده‌نگدانه‌که‌مان کرده‌وه. هه‌موو سندوقه‌کانی ده‌نگدان و وێستگه‌کانی ده‌نگدان پشکێنران، و ئێمه ئاماده‌بووین بۆ پێشوازی له ده‌نگده‌ران.'
عامر سه‌لمان، 55 ساڵ، وتی "چوم بۆ هه‌ڵبژاردن چونکه ده‌مه‌وێت حکومه‌تێکی نوێ ببینم که بتوانیت ره‌وشی خزمه‌تگوزاریه‌کان له وڵات‌دا چاکتر بکات، وه‌ک تۆڕی کاره‌با، ئاو، ئاسایش و ئابوری."
ئه‌سیل مه‌حمود، 23 ساڵ، به په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی رۆژی هه‌ڵبژاردنی ده‌کرد، وتی "ده‌نگمدا چونکه هه‌ستێکی نیشتمانپه‌روه‌ریم به‌رامبه‌ر وڵاته‌که‌م هه‌یه. هه‌ست ده‌که‌م شتێکم له پێناوی ئایینده‌دا کردووه، که ده‌مه‌وێت جیاواز بێت له‌وه‌ی ئێستامان."
کاژێر 10:30 ی به‌یانی، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی به‌سره بڕیاریدا قه‌ده‌غه‌کردن له‌سه‌ر هاتوچۆی ئۆتۆمبیل هه‌ڵبگرێت بۆ ئاسانکاری گه‌یشتنی ده‌نگده‌ران به بنکه‌کان.
موقه‌ده‌م خزه‌ییر ئه‌لبه‌سری له فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی به‌سره به مه‌وتنی وت، "بڕیاری لابردنی قه‌ده‌غه‌کردنه‌که له‌به‌ر چاکبوونی ره‌وشی ئاسایش بوو و هیچ روداوێک رووی نه‌دابوو."
هیبه مه‌جید، 19 ساڵ، وتی له پلانیدا نه‌بووه به‌شداری له هه‌ڵبژاردندا بکات. "به هه‌رحاڵ، دیمه‌نی ته‌قینه‌وه له هه‌ندێک بنکه‌ی ده‌نگدان له به‌غدا وای لێکردم بچم ده‌نگ بده‌م بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵین که‌سێکی تر بڕیار له‌سه‌ر ئایینده‌ی من بدات."
به وته‌ی سه‌رچاوه‌کانی ئاسایش و کۆمیسیۆن، له به‌سره له هه‌موو ناوچه‌کانی پارێزگاکه ده‌نگده‌ران به‌شدارییه‌کی به‌رفراوانیان هه‌بووه، به تایبه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌که.
باوکی عیرفان، 59 ساڵ، وتی "چووم بۆ ده‌نگدان به هیوای بینینی گۆڕانێکی راسته‌قینه‌ی سیاسی له وڵات، دوور له تایه‌فه‌گه‌ری."
پێش داخستنی بنکه‌کانی ده‌نگدان کاژێر 5:00 ئێواره، ژوری هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆن بۆ هه‌ڵبژاردن رایگه‌یاند هیچ روداوێکی ئاسایش رووی نه‌داوه له شاره‌که له ماوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا.
عه‌قید که‌ریم ئه‌لزه‌یدی، له نوسینگه‌ی میدیا له فه‌رمانده‌یی پۆلیسی به‌سره، وتی "نه هیچ هێرشێکی تیرۆریستی و نه هیچ روداوێکی ئاسایش له هیچ ناوچه‌یه‌کی پاریزگاکه‌دا رووی نه‌داوه به درێژایی رۆژی هه‌ڵبژاردن."
ده‌نگده‌ر له‌یتف نه‌جم حه‌سه‌ن، 33 ساڵ، وتی "ویستم به‌شداری له هه‌ڵبژاردن بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداربم له زاڵبوون به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی ئیداریدا و ئه‌و که‌سانه هه‌ڵبژێرم که هاوکار ده‌بن له کۆتایی هێنان به گرفتی بێ‌کاری و دروستکردنی هه‌لی کار که ببنه مایه‌ی ئه‌وه‌ی گه‌نجه‌کانمان خه‌وه‌کانیان بهێننه دی."
ئیهاب ئه‌لرکابی، 34 ساڵ، وتی "به‌شداریم له هه‌ڵبژاردندا کرد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگم به فیڕۆ نه‌چیت یان ساخته نه‌کرێت."
وێنه: [عیسام ئه‌لسودانی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] به‌شداری ده‌نگده‌ران زیاتر بوو له به‌سره دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبیلیان لابرد.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران