
[ئه‌حمه‌د ئه‌لروبێعی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] سه‌رکرده‌کان له سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه ستایشی هه‌ڵبژاردنه‌کانی یه‌کشه‌ممه‌ی عێراق ده‌که‌ن.
له لایه‌ن مه‌وتنییه‌وه – 10/3/ 10
بۆ سایتی مه‌وتنی
دوای رۆژێک له‌ئاماده‌بوونێکی به‌رفراوانی ده‌نگده‌ران و که‌مترین توندوتیژی، سه‌رکرده‌کان له سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه پیرۆزباییان له عێراقیه‌کان کرد به بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌ی یه‌کشه‌ممه (7 ئازار).
ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان لێدوانێکیان بڵاوکرده‌وه که تێیدا هاتووه: "ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایی له خه‌ڵکی عێراق ده‌که‌ین بۆ پیشاندانی پابه‌ندیی به‌رده‌وامیان به پرۆسه‌یه‌کی سیاسی ئاشتیخوازانه، هه‌مه‌گیر و دیمۆکرات.'
هه‌روه‌ها له لێدوانه‌که‌دا هاتووه، "هه‌ڵبژاردنه‌که بریتییه له هه‌نگاوێکی تری گرنگ له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا به مه‌به‌ستی پته‌وکردنی یه‌کێتی، سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی عێراق."
له وتارێكی تایبه‌تیدا له کۆشکی سپی، باراک ئۆبامای سه‌رۆکی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان وتی، "ده‌نگدانی ئه‌مڕۆ راشکاوانه ده‌ریده‌خات که ئایینده‌ی عێراق به ده‌ست گه‌لی عێراقه‌وه‌یه."
له کاتێکدا سه‌رۆکی ئه‌مریکا ئاماژه‌ی به هه‌وڵه‌کانی گروپه توندڕه‌وه‌کاندا بۆ شێواندنی هه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ها ستایشی هێزه‌کانی عێراقی کرد، وتی "ئاستی ئاسایش و رێگیری له هێرشه‌کان بۆ ناسه‌قامگیری ئاماژه‌یه به گه‌شه‌ی توانا و پیشه‌یێتی هیزه‌کانی ئاسایشی عێراق، که پێشه‌نگ بووه له دابینکردنی پارێزگاری بۆ وێستگه‌کانی ده‌نگدان."
له ئه‌وروپا، سه‌رکرده‌کان وتیان به‌شداری به‌رفراوانی ده‌نگده‌ران، که به 62.4% مه‌زه‌نده ده‌کرێت، به‌ڵگه بوو له‌سه‌ر پابه‌ندێتی خه‌ڵكی عێراق به گه‌شه‌ی دیمۆکراسییه‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا دێڤید میلباند وتی، "خه‌ڵکی عێراق، به ده‌نگدانیان به ملیۆنان، ئه‌وه‌یان به روونی پیشاندا که حکومه‌تێکی کارا، به‌رپرسیار، و هه‌مه‌لایه‌نیان ده‌وێت، حکومه‌تێك که به راستی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی کاربکات – نه‌ک تایه‌فه‌گه‌ری."
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا بیرناد کۆشنه‌ر وتی ده‌نگدانی یه‌کشه‌ممه "شایه‌تییه بۆ ویستی عێراقییه‌کان بۆ تێپه‌ڕاندن له مه‌ینه‌تیه‌کانی رابردوو، ره‌تکردنه‌وه‌ی تیرۆر، و سوربوونیان پیشان ده‌دات بۆ بنیاتنانی عێراقێکی دیمۆکراتی بۆ ئایینده."
کۆشنه‌ر وتی فه‌ره‌نسا و وڵاتانی ئه‌وروپا "له ریزی عێراقیه‌کان ده‌بن له خه‌باتیان بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه و دیمۆکراسی."
له کاتێکدا حکومه‌ته بیانییه‌کان به‌ڵێنیاندا پشتگیری له عێراق بکه‌ن، هه‌روه‌ها جه‌ختیان کرده‌وه له متمانه‌یان به توانای عێراقیه‌کان له چه‌سپاندنی گه‌شه‌ی دیمۆکراسیدا.
وته‌بێژی حکومه‌تی ئه‌ڵمانیا ئولریخ ویلهێلم وتی "هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که بریتییه له ده‌ربڕینی ئازایه‌تی و خۆڕاگری ده‌نگده‌رانی عێراقی بۆ بنیاتنانی دیمۆکراسییه‌ت له عێراق و دیاریکردنی چاره‌نووسیان به ده‌ستی خۆیان."
هه‌روه‌ها وتی، "به هه‌ڵبژاردنه‌کان، هه‌لومه‌رجه‌کانی عێراقی دیموکرات و یاساپارێز زیاتر چه‌سپا."
وه‌زیری ده‌ره‌وی نه‌رویج جۆنس ستۆیر وتی، "ئایینده‌ی عێراق پشت ده‌به‌ستێت به گه‌شه به‌ره‌و دیمۆکراسی و ئاسایشێکی باش. بۆیه مایه‌ی ئه‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه که خه‌ڵکێکی ئاوا زۆر چوون بۆ ده‌نگدان، سه‌ره‌ڕای هێرشی پڕمه‌ینه‌تی تیرۆر له کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و له رۆژی هه‌ڵبژاردنیشدا."
سه‌رانی روسیاش ستایشی سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنیان کرد.
وته‌بێژی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا ئه‌ندرێ نیسترینکۆ دووشه‌ممه وتی "ئه‌مه هه‌لێکه بۆ درێژه‌دان به پرۆسه‌یه‌کی سیاسی راسته‌قینه به به‌شداری هه‌موو لایه‌نه‌کان که پێویسته بۆ... به‌دیهێنانی مافی چاره‌یخۆنووسین و کۆنترۆلکردنی سه‌رچاوه سروشتییه‌کانیان به سه‌ربه‌خۆیی"
وێنه: [ئه‌حمه‌د ئه‌لروبێعی/ئه‌ی ئێف پی/گێتی ئیمیجز] سه‌رکرده‌کان له سه‌رتاسه‌ری جیهانه‌وه ستایشی هه‌ڵبژاردنه‌کانی یه‌کشه‌ممه‌ی عێراق ده‌که‌ن.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران