
[مو‌هه‌ننه‌د باسم] پیاوان و ژنان و منداڵان له مه‌ڵبه‌ندێکی ده‌نگدان ریزیان به‌ستووه و چاوه‌ڕێی ده‌نگدانن.
مو‌هه‌ننه‌د باسم له موسڵ – 10/3/10
بۆ سایتی مه‌وتنی
ئه‌حمه‌د حسێن و ژن و منداڵه‌کانی له‌ریزێکی دورودرێژدا له‌به‌رده‌م مه‌ڵبه‌ندێکی ده‌نگدان له موسڵ وه‌ستابوون، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان ده‌کرد نۆره‌یان بێت و له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌نگ بده‌ن.
ئه‌حمه‌د وتی "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه خزمه‌تی عێراق ده‌کات و داهاتوویه‌ك بۆ خۆمان و منداڵه‌کانمان زامن ده‌کات. ئێمه هیوامان وایه عێراقی دوای هه‌ڵبژاردن عێراقێكی ئارام و دوور له توندوتیژی بێت".
ئه‌حمه‌د یه‌کێك بوو له‌و زیاد له یه‌ك ملیۆن عێراقیه‌ی که رۆژی یه‌كشه‌ممه (7 ئازار) له نه‌ینه‌وا ده‌نگیاندا به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و پاڵێوراوانه‌ی که به‌گوێره‌ی ئاماره‌کانی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان، 31 کورسی پارێزگا له په‌رله‌مانی داهاتوودا پڕده‌که‌نه‌وه.
پاش نزیکه‌ی زیاتر له کاژێرێك چاوه‌ڕوانی له‌ریزدا، ئه‌حمه‌د ده‌نگیدا، پاشان وتی "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه نه‌خشه‌یه‌کی نوێ بۆ عێراق داده‌ڕێژێت و سیاسه‌ته‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌دا‌هاتوودا دیاریده‌کات. له‌به‌رئه‌وه پێویسته له‌سه‌رمان به‌شداری تێدا بکه‌ین".
هه‌رچه‌نده هه‌ندێك پێشێلکاری ئه‌منی له‌پارێزگاکه‌دا روویدا، ده‌نگده‌ران به‌رده‌وام بوون به‌کۆمه‌ڵ به‌ره‌و مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدان ده‌چوون. به‌گوێره‌ی ئۆفیسی نه‌ینه‌وای کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کان، رێژه‌ی ئاماده بوونی ده‌نگده‌ران 67% بوو.
له‌سه‌ر رێگا‌ی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی که ئه‌حمه‌د نازمی 22 ساڵان ده‌نگیدا، پێش ئه‌وه‌ی بگاته شوێنه‌که بۆمبێك ته‌قیه‌وه به‌ڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنه‌که‌وته‌وه.
ئه‌حمه‌د نازم وتی "هێرشه تیرۆرستیه‌کان نه‌یانتوانیوه و ناتوانن رێگریمان لێبکه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه هیواخوازی عێراقێکی دوور له توندوتیژیین؛ عێراقێك که‌باوه‌شی بۆ هه‌مووان بکاته‌وه بێ جیاوازی. ئه‌م خه‌ونه‌ش ته‌نها له‌رێی دیموکراسیه‌وه دێته‌دی، ئه‌ویش ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه".
چاودێران له قه‌واره سیاسیه‌کان و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌سه‌رجه‌م مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدان ئاماده‌بوون.
یاسر عه‌بدولجه‌واد ئه‌لحه‌مدانی، رێکخه‌ری تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردن له نه‌ینه‌وا وتی ژماره‌ی ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ری زۆر باش بوو، هه‌رچه‌نده جیاوازی هه‌بوو له رێژه‌کاندا له مه‌ڵبه‌ندێکه‌وه بۆ مه‌ڵبه‌ندێكی تر.
له‌لێدوانێکدا بۆ مه‌وتنی، یاسر وتی له‌به‌ر نیگه‌رانی ئه‌منی، رێژه‌ی به‌شداریکردن له‌ماوه‌ی سه‌رله به‌یانیدا که‌متر بوو.
هه‌روه‌ها وتی "به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت پاش ئه‌وه‌ی بارودۆخی ئه‌منی له پارێزگاکه‌دا سه‌قامگیر بوو، کاژێره‌کانی کۆتایی پرۆسه‌که به‌شداریکردنێکی به‌رچاوی هاوڵاتیانی به‌خۆ‌وه بینی".
کاتێك بارودۆخی ئه‌منی کۆنترۆڵکرا، پیاوان و ژنان له‌هه‌موو ته‌مه‌نێکدا به‌ره‌و مه‌ڵبه‌نده‌کانی ده‌نگدان چوون به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانیان.
مسته‌فا قاسم 34 ساڵ، که یه‌که‌مجاره له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا ده‌نگ بدات وتی "وێڕای بارودۆخی ئه‌منی، هه‌ڵبژاردنه‌که به رێک‌وپێکی و بێ کێشه به‌رێوه‌چوو".
حه‌سنه سه‌لمان، 57 ساڵ، له‌مه‌ڵبه‌نده‌که هاته ده‌ره‌وه و په‌نجه‌ی شایه‌تمانی به‌رزکردبووه‌وه و ره‌نگه مۆره‌که‌ی سه‌ر په‌نجه‌ی پیشان ده‌دا.
حه‌سنه وتی "هیوامان وایه ئه‌نجامه‌کانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه فریادڕه‌سی عێراقیه‌کان بێت له‌و مه‌ینه‌تیانه‌ی به‌درێژایی ساڵانی رابردوو پێیدا تێپه‌ڕین".
حه‌سنه داوای‌کرد له‌وانه‌ی له نه‌ینه‌وا هه‌ڵبژێرران "خزمه‌تی ئه‌م شاره و خه‌ڵکه‌که‌ی بکه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م شاره له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا زۆری له‌ده‌ستداوه".
یۆحه‌ننا به‌حودی که مه‌سیحیه و خه‌ڵکی قه‌ره‌قۆشه وتی "پێویسته له‌سه‌ر هه‌موو عێراقیه‌کان خۆشی ببینن له‌م به‌شداریکردنه‌یان له پرۆسه‌ی بنیاتنانی عێراقێکی یه‌کگرتوودا و بڕیاردانیان له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی عێراق ده‌که‌ن".
نادیه سامی 22 ساڵ، وتی "من لێره‌م بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاربده‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کێ له په‌رله‌مانی عێراقیدا نوێنه‌رایه‌تیم بکات". هه‌روه‌ها وتی "هیوادارم ئه‌ندامه نوێیه‌کانی په‌رله‌مان گرنگی بده‌ن به چینی لاوان له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وانن داهاتووی عێراق دیاریده‌که‌ن".
ئاواره‌کانیش له‌و مه‌ڵبه‌نده تایبه‌تیانه‌ی له‌سه‌رانسه‌ری پارێزگا‌دا بۆیان دیاریکرابوو، ده‌نگی خۆیاندا.
وه‌عده‌ڵا موباره‌ك که خه‌ڵکی شاری موسڵه و بۆ چه‌ند ساڵێك ده‌بێت له قه‌زای حه‌مدانیه ئاواره‌یه، وتی "ئای چه‌ند حه‌ز ده‌که‌م بگه‌ڕێمه‌وه بۆ شاره‌که‌م! هیوادارم پاش ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ئه‌م خه‌ونه بێته‌دی و هیوام وایه به‌رهه‌می باشی هه‌بێت".
وێنه: [مو‌هه‌ننه‌د باسم] پیاوان و ژنان و منداڵان له مه‌ڵبه‌ندێکی ده‌نگدان ریزیان گرتووه و چاوه‌ڕێی ده‌نگدانن.
ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵسه‌نگێنه
تکایه تێبینیهکانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته بخه‌ره ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سوود له تێبینیهکانت وه‌رگرین بۆ په‌ره‌پێدان به ماڵپه‌ڕه‌که
- رێساكانی مه‌وتنی له‌باره‌ی سهرنجهكانهوه














سه‌رنجی خوێنه‌ران